کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلێنێکی گەورە

16:08 - 16 خەزەڵوەر 2717

(بەبۆنەی کۆچی دوایی عەلیئەشڕەفی دەرویشیان) جاروبار بنیادەم هەقیەتی گلەیی لە ڕۆژگار و ئاسمان بکا و ساڵێک لە ساڵان بە ساڵی نەهامەتی بژمێرێ. ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (٢٠١٧ی زایینی) بۆ ئێمەی کورد یەکێک لە ساڵە بەرلۆمەکانە. ئەو هەموو غەدر و ناهەقییەی لەم ساڵەدا لەلایەن دەوڵەتەکانەوە لە کورد کرا و ئەو شەڕ و مەرگ و ماڵوێرانییە کە بەسەریدا سەپا بەس نەبوو، مەرگی هەڵکەوتە و دەستەبژێرەکانیشی لێبوو بە سەربار. ئاسان نیە هەموو ئەو خەسارە ئینسانییانە کە لەم ساڵەدا لە کورد کەوتوون لە کاتێکی پڕکەسەری وەک ئێستادا وەبیر بێنەوە. بەڵام هەر بۆ نموونە دەڵێین ئەمساڵ لەنێو ڕێبەران و بیرمەندانی دنیای سیاسەتدا ئێمە لە غەمی لەدەستدانی دەستەبژێرانی وەک نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان؛ عەزیز محەممەد، کەسایەتیی گەورەی سیاسی و سکرتێری پێشووی حیزبی شیووعیی عێڕاق و مام جەلال، سەرکۆماری پێشووی عێڕاق و سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستاندا دانیشتین. دوایەش نۆرە گەیشتە گەورەگەورەکانی دنیای ئەدەب و لەوەشدا دوێنێ کەریم زەند، ئەدیب وگەڕێدە و مێژووناسی ناسراو و ئەمڕۆ گەورە نووسەر و توێژەری بەتوانای ئەدەبی، عەلیئەشڕەفی دەرویشیانمان لەدەست چوو. عەلیئەشڕەفی دەرویشیان گەورەنووسەری کوردی کرماشانی بۆ ئۆگرانی ئەدەب و زمان و کەلتووری کوردی لەوە ناسراوترە پێویستیی بە ناساندن هەبێ و لەوەش زۆر گەورەترە لە وتارێکی کورتی قەڵەمێکی کولدا هەقی خۆی بدرێتێ. ئەوەی لێرەدا دەنووسرێ تەنیا هەڵڕشتنی دڵۆپێک لە دەریای کەسەری لەدەستدانی ئەو و باس لە پەراوێزی توانا ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەو بلیمەتەیە. هەوڵ بۆ دەرخستنی قووڵایی ئەدەبی و سیاسیی دەرویشیان کاری توێژەر و لێکۆڵەرێکی وەک خۆیەتی کە لە بەرهەمێکی سەدان لاپەڕیدا (ئەگەر نەڵێم هەزاران لاپەڕی) هەقی خۆی بداتێ. عەلیئەشڕەف لەدایکبووی کرماشان و پێگەیشتووی ئەو گەورەشارەی کوردستانە. دەگەڵ ئەوەی وەک هەموو ڕۆڵەکوردێکی ئەو سەردەمە و تەنانەت ئێستای خۆرهەڵاتی کوردستانیش لەمافی خوێندن بە زمانی کوردی بێبەش بووە، بەداخەوە بۆی نەڕەخساوە ببێتە نووسەرێکی کوردی کوردینووس. بۆیە بەرهەمەکانی لەباری فۆڕمەوە بەشێکن لە ئەدەبی فارسی و چبەشێکیش! بەڵام لەبواری نێوەرۆکدا لە هەربارێکەوە لێیان بڕوانی لە خزمەتی زمانی کوردی، مێژووی کورد، خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد و خەباتی مافخوازانەی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵی کوردەواریدان. ئەو لە ناساندنی کەلەپووری ئەدەبیی کوردیدا بە کۆکردنەوەی پەند و مەتەڵ و ئەفسانە کوردییەکان بەڕاستی ڕەنجی فەرهادی کێشاوە و کوردی وەک نەتەوەیەکی خاوەنزمان و ئەدەب و حیکمەت و مێژوو بە جیهانییان نیشان داوە. بە حوکمی ئەوەی چەند ساڵێک وەک مامۆستای قوتابخانە لە گوند و لەنێو چەوساوەترین چینەکانی کۆمەڵ خزمەتی کردوە و دەگەڵ غەم و ئێشوئازاری خەڵکی بێبەشی لادێ ژیاوە، لە بەرهەمە بەهێز و بەپێزەکانیدا توانیویەتی پانۆڕامایەک لە ژیانی پڕمەینەتیی چەوساوەکان بەتایبەتی گوندنشینە هەژار و بێدەرەتانەکان بخاتە بەر چاوی خوێنەران و ئۆگرانی نووسینەکانی خۆی. جگە لەمانە ئەندامەتی یان لایەنگری لە حیزبی توودەی ئەو سەردەمەدا کە بە حیزبی چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵی ئێران دەژمێردرا ئەوی بۆ هەمیشە کردە نووسەرێکی چەپ و زمانحاڵی چەوساوانی دەستی سەرمایەداری و فیئۆدالیزم و ڕێژیمی پاشایەتی، نوێنەری بەرهەقی جیهانخۆران لە ئێراندا. خوێندنەوەی ڕۆمانی چواربەرگی و هەزاران لاپەڕیی (سالهای ابری) «هەورە ساڵەکان» کە بەجۆرێکی شیرین و دڵگیر مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران لەو ڕۆژگارەدا دەگێڕێتەوە، ئەم ڕاستییە بە جوانی نیشان دەدا. بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی عەلیئەشڕەفی دەرویشیانیش مرۆڤ کەموزۆر دەتوانێ پەی بە گەورەیی و توانا و زانایی ئەو ئینسانە بەرێ. بەڵام ئەوکاتە دەتوانی بزانی عەلیئەشڕفی دەرویشیان کێیە کە بەخت یارت بووبێ لە نیزیکەوە لەگەڵی ئاشنا بی (خۆزگەم بەو کەسانە کە بۆیان ڕخساوە زۆرتری ببینن و بدوێنن). نووسەری ئەم دێڕانە تەنیا سێ جار (جارێک لە باشووری کوردستان و دووجار لە ئورووپا) شانسی ئەوەی هەبووە لە نزیکەوە بیدوێنێ، ئەویش هەر جارە بۆ سێچوار سەعات و دواجاریشیان دوای تووشبوونی بەو نەخۆشییە کە بەداخەوە سەرەنجام بەچۆکیدا هێنا. بەهەق ئەم چەند سەعاتە بۆ من دەرفەتی تەمەن بوون و تا ماوم لەبیریان ناکەم، چونکە تەنیا لەو دەرفەتانەدا بوو کە بنیادەم دەیتوانی بزانێ ئەو پیاوە چدەریایەکە لە زانست و ئاگایی و مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی. ڕەنگە هەر نەبێ بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد بزانن کە ئەمن کۆمەڵە چیڕۆکی (از این ولایت)ی مامۆستام لەژێر ناوی «هەتاو»دا کردە کوردی و چاپ و بڵاوم کردەوە. یەکێک لە خۆشییەکانی ژیانم بوو کە هەم بە نووسین هەم لەکاتی دیدارماندا ئەم وەرگێڕانەی پەسند کرد. لە دوادیدارماندا ئەو پێشنیاری کرد و بۆخۆشم دەمێک بوو حەزم دەکرد ڕۆمانی (سالهای ابری)یش بکەمە کوردی. بەڵام گیروگرفتی من ئەوە بوو کە پەند و مەتەڵ و گۆرانییە کوردییەکانی نێو ئەو ڕۆمانەی کردبوونە فارسی و ئەمنیش نەمدەویست لە فارسییەوە بیانکەمەوە کوردی چونکە پێم وابوو ڕەسەنایەتییەکەیان دەچێ. بۆیە داوام لێکرد کە بە هاوکاریی شاناز خانمی هاوسەری هەموو دەقە کوردییەکانم بە ژمارەی لاپەڕەوە بۆ بنێرێ تا وەرگێڕانەکەم بەکەلک و بێئیراد بێ. هەرچەند پێشنیارەکەمی پەسند کرد بەڵام بەداخەوە پێموایە بەهۆی نەخۆشی و گرفتارییەوە نەیانتوانی بۆم بنێرن و ئەمنیش ئەو دەرفەتەم لەدەست چوو. بە هەموو پێوانەیەک لەدەستچوونی عەلیئەشڕەفی دەرویشیان بۆ زمان و ئەدەب و مێژووی کوردی خەسارێکی گەورەیە و کەلێنێکی بەجێ هێشتوە کە پڕکردنەوەی وەختێکی درێژ دەخایەنێ. بەوبۆنەیەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی لەبنەماڵە بەڕێزەکەی بەتایبەتی شانازخانمی هاوسەری و کاکە بێهڕەنگی کوڕی دەکەم و لەوەش زیاتر سەرەخۆشی لە کۆڕی ئەدیبان و ئەدەبدۆستان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەکەم. دڵنیام ناو و یادی ئەو گەورە نووسەرە بۆ هەمیشە لە کاناڵی بەرهەمە ناوازەکانیەوە لە دڵی دڵسۆزانی زمان و ئەدەب و مێژووی کوردیدا دەمێنێتەوە. ڕووحی مامۆستای نەمر شاد و تەمەنی ئازیزانی درێژ، رێگاکەی ڕێگای ژیاندنەوە و بووژاندنەوەی کەلەپووری نەتەوەیی کورد بەردەوام بێ و سەبووری بۆ هەمووان. ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)