کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئێران لە بەریەککەوتنی یەکتردا

16:20 - 16 خەزەڵوەر 2717

ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا و بەردەوامی و درێژەکێشانی لە دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکاوە لە تاران دەستی پێکرد. دەورەی دەسەڵاتداریی ٨ ساڵەی باراک ئۆباما لە کۆشکی سپی، بە هۆی سیاسەتی سزا و دیالۆگ دەورەیەکی ئارامتر لە دەورەکانی پێشووتری سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پڕ دەسکەوت بوو بۆ ئەو بەشە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا بیر لە دەسەڵاتەکەی خۆیان و دەربازبوون لەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە ژیانی خەڵکی ئاسایی ئێراندا دروست بکا. جگە لەوە، لە دەورەکانی پێشووتری سەرۆکایەتیی ئەمریکادا چ دێمۆکرات چ کۆماریخواز، جارجارە گرژی و هەڕەشە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی دەبیندرا و زۆر جار باسی ئەوە دەکرا کە نەقشەی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران لەسەر مێزی کاری سەرۆک کۆماردا داندراوە و چاوەڕوانی دوابڕیارن. دواجار لە دەورەی سەرۆکایەتیی بووشدا ئێران کەوتە هێڵی «مێحوەری شەرارەت» و هەڕەشەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تاران زەقتر بوونەوە. ئەوەی ئیستا لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵ دەسەڵاتداریی سەرۆک تڕامپیش بە گوێی دنیادا دەدرێ، دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتەکانی پێشووە  کە بە هەڕەشەیەکی سەرزارەکی زیاترەوە لەسەر ئێران دەگوترێ. هەرچەند لە دوابڕیاری گەمارۆخستنە سەر سپای پاسداران و هێنانی ناوی بەشێک لە فەرماندەرانی دیاری ئەو هێزە لەم پڕۆژە نوێیەی سزادانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە جۆرێک مەبەستی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەدا دەردەخا. ئەوانەی شارەزاییان لە ستراتێژییەکانی ئەمریکا هەبووە و لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ورد دەبوونەوە، کەمتر باوەڕیان بە جێبەجێکردنی سیاسەتی هێرش بۆ سەر ئێران دەهێنا. ئەوان زیاتر ڕایان وایە کە هەروەک ئیستاش دەیڵێن ستراتێژیی گۆڕانی سیاسەتی ئێران زیاتر گرینگی پێدەدرێ و لە پاڵ ئەوەشدا لە زەقکردنەوەی مەترسییەکانی ئێران وەک کارتێکی فشار بۆسەر وڵاتانی ناوچە بە تایبەت وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کەڵکی لێوەردەگرن. بەڵام داخۆ ستراتێژیی نوێی کۆشکی سپی، بێدەنگییەکانی دەورەی ٨ ساڵەی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی سپای پاسداران لە ناوچە دەشکێنێ و وەک تیلێرسون دەڵێ نیزام دەکرێتە ئامانج؟ نزیک چوار دەیە لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێ. هەر زۆر زوو سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە نوێیە بەڕووی دەرەوە ڕێک خرا و بەکردەیی کرا. ستراتیژیی نوێی ئێران لە دژایەتی لەگەڵ ڕۆژاوا و بە تایبەت ئەمریکا و لەسەر کورتکردنەوەی دەستی ئەمریکا لە داگیرکاری و تاڵانی سەرمایەکانی وڵاتانی هەژار و بەتایبەت وڵاتانی موسوڵمانی ناوچەدا داڕێژرابوو. خومەینی کە ڕێبەریی شۆڕشی ئیسلامیی دەکرد، «ناردنە دەرەوەی شۆڕش» و یارمەتیدانی خەڵکی «مستضعف» لەو وڵاتانەی کە بە قسەی ئەو لە ژێر دەسەڵاتی «استکبار جهانی»دا بوون وەک ئەرکێک بۆ موسوڵمانانی شۆڕشگێر دیاری کرد. ئەمە ئەو دروشمە جوانانە بوون کە تەنانەت بەشێک لە هێزە کۆمۆنیست و چەپەکانیشی تووشی خۆفریودان کرد. ئەوان بە بیانووی خەبات لە دژی ئیمپریالیزم پشتگیریی ئەم سیاسەتەیان دەکرد. بەمجۆرە هێزێکی نوێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵات نێوەڕاست بەرامبەر ئەمریکای بە هێزی بەرژەوەندیخوازدا سەری هەڵدا. لێرەوە دوو ستراتێژی جیاواز بەرامبەر یەکتر درێژەیان بە شەڕ و سازشەکانیان دا، ئێران و ئەمریکا. ستراتێژییەکی بەهێزی جیهانی خاوەن زۆرترین سەرمایە و بەهێزترین سپا و جبەخانە لە جیهاندا، و ستراتێژییەکی بەناو شۆڕشگێڕانەی پشتبەستوو بە ئایین و هێز و توانای خەڵکی ناوچە و دژبەرانی ئەمریکا لە جیهاندا. ئەم دوو ستراتێژییە هەرکام بە شیوەی خۆی لەو ماوەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. ئێران لە ڕیگەی پەرەپێدان بە هێزە نیزامییەکانی خۆی و دروستکردن و یارمەتیدان بە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە ناوچەدا بۆ دژایەتی و لێدانی بنکە نیزامییەکانی ئەمریکا، وەک ئەوەی لە لوبنان، ئەفغانستان، عێراق، یەمەن و تەنانەت وڵاتانی ئەفریقا وەک کینیا و تانزانیا ڕوویان دا و، ئەمریکاش بە ڕێگەی هەڕەشە و سەپاندنی سزای ئابووری و فرۆشتنی چەک و چۆڵێکی زۆر بە وڵاتانی عەڕەبیی ناوچە بۆ بەهێزکردنی توانای خۆپاراستنیان، ڕێگەی خۆیان بڕیوە. بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە کامیان لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانیاندا سەرکەوتوو بوون. کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ناردنە دەرەوەی شۆڕش دوو مەبەستی سەرەکیی هەبوە، لە یەکیاندا بە تەواوی سەرکەوتوو بووە. ئەوان کە هەمیشە ئەمریکایان وەک دوژمنی سەرەکیی خۆیان لە قەڵەم داوە و مەترسی هێرشی ئەمریکایان بۆ سەر ئێران زەق دەکردەوە، بە شەڕفرۆشییەکانیان لە دەرەوە و دوور لە سنوورەکانی خۆیان، لەلایەک ئەمریکایان ئازار دەدا و بەو ڕێگەشەوە خەڵکیان هان دەدا کە بۆ خەبات لە دژی داگیرکاری ئەمریکا پشت بە ئێران ببەستن. ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی بتوانن بەرەبەرە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سیاسیی هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پەرە بە نفووزی خۆیان بدەن. بەمجۆرە ئیران نەتەنیا بە هۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە، لەو خەڵکەی کە بەکاری دێنێ دانەبڕا بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئیران بە توانایەکی بەهێزترەوە ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمریکا بووەتەوە. ئیستا ئێرانی ئیسلامی لە پانتاییەکی بەرینی جۆغرافیاییدا لە ئێرانەوە تا لوبنان، بە حوزوری ڕاستەوخۆی نیزامی، خاوەن پێگەیەکی بەهێزە کە شوێندانەریی لەسەر گۆڕانکارییەکان هەیە. هەرچەند بە هۆی سیاسەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئیمپراتۆری شێعە لە ڕۆژهەڵاتدا کە زۆرترین سەرمایەی ماڵی و ئینسانی ئێرانی هەڵلووشیوە، ئابووریی وڵات داڕماوە و خەڵکی ئێران لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتد خراپترین ڕۆژەکانی تەمەنیان تەجروبە دەکەن. ئەمریکا لە بەرامبەردا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، ستراتێژیی خۆی لەسەر دوو کۆڵەکەی پێشگرتن لە نفووزی ئێران لە ناوچە و لاوازکردنی میلیشیاکانی سەر بەئەوان و لەو لاشەوە هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی دەسەڵاتداری لە ئێران دامەزراندوە، کە هەتا ئیستا لە هیچیاندا دەسکەوتێکی نەبووە. بۆ ئەم مەبەستانە و لەبەر ناڕوونی ستراتێژییەکی بەردەوام، لەلایەک بە پشتگیری لە هاوپەیمانە عەرڕەبەکانی لە ناوچەدا و فرۆشتنی چەکوچۆڵێکی زۆر بەوان و ڕاگرتنی هێزێکی زۆروزەوەندی هێزە دەریاییەکانی لە کەنداو و دەریاکانی نزیک ویستوویەتی چاوزەقکردنەوەی خۆی نیشان بدا و، لەلایەکی دیکەشەوە لەڕێگەی ئیمتیازدان بۆ وتووێژ لەسەر ئەو بابەتانەی هیچ گۆڕانێک لەژیانی خەڵکدا پێکناهێنن و بە هیوای ئەوەی لە تاران دەسەڵاتێک بە سیاسەتێکی نەرمتر بێتە سەرکار، خۆیان لە کێشە بنەڕەتییەکان دزیوەتەوە. ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو کە بە بەهانەی شەڕی دژی تێرۆر خەریکە لە عێراقیش دووبارە دەبێتەوە. دوایین بەرکەوتنی ئەم دوو ڕوانینە ستراتێژیکە لە ناوچەدا، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ بوو. لەم ڕۆژەدا و تەنیا دە ڕۆژ لە دوای بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە کۆردستانی باشوور،حەشدی شەعبی و سپای عێراق، بە پشتیوانی و فەرماندەیی ناسراوترین کەسەکانی سپای پاسداران و تەنانەت بوونی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان بە ئاڵای خۆیانەوە، لە کەرکووکەوە بە مەبەستی داگیرکردنەوەی کوردستان و بەبەرچاوی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانەوە هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە دەستپێکرد. زۆر ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی مەبەستییەتی لەو ناوچەدا نەتەنیا جێ پێیەک بۆ ئەمریکا نەهێڵێتەوە تەنانەت هەموو ئەو ناوچە بخاتە ژێر دەسەڵاتی سیاسی خۆیەوە و ئەمەش پێش هەموو شتێک لە ڕێگەی لێدانی ئەو هێزانەیە کە ئەمریکا وەک هاوپەێمانی خۆی نێویان دێنێ. کوردیش کە یەکێک لەو هێزانەیە لە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت لە شەڕی دژی تێرۆردا وەک هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی بەرەی دژی تێرۆر و هاوپەیمانی ئەمریکا دەوری باشی گێڕاوە، کەوتوەتە بەر ئەو ڕقە ستراتێژیکەی ئێران و ئەمریکاش ئەگەر ئاگاشی لێ نەبووبێ، بەرامبەری بێدەنگ مایەوە و تەنیا پێناخۆشبوونی خۆی ڕاگەیاند. ئیستا ئیتر بەڕوونی دیارە ئەمریکا لە هەموو ئەو ساڵانەدا وەک بەردەوام دەیڵێنەوە، بەدوای گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتداری لە ئێراندا نەبوون و تەنیا چاویان لەوە بڕیوە کە بەڵکوو هەڕەشە و سیاسەتی سزادانی بەردەوام ئەوان مەجبوور بکا کە سیاسەتەکانیان بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بە جۆرێک ڕێکبخەنەوە کە هەڕەشە و مەترسی ئاشکرای پێوە دیار نەبێ. لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەدا، خامنەیی لە دوا وتاریدا دەڵێ «ئازیزانم یەک شت بزانن ئەمریکا گەورەترین دوژمنی ئێوەیە و یەک هەنگاو پاشەکشە ئەوان هارتر دەکا». ئەمە قسەی ڕێبەری ئەو نیزامەیە کە چاوەڕوانی گۆڕانی تێدا دەکەن بەبێ ئەوەی فاکتەرەکانی گۆڕانکاری بخەنە بەرباس. داخۆ بە بوونی کەسێکی وەک خامنەیی لە سەرووی دەسەڵات و بە دەستەوەگرتنی هەموو جومگە سەرەکییەکان دەسەڵات لە بواری نیزامی، ئابووری، شەڕ، ئەمنییەتی و تیۆریکەوە وەک ئایین ئەمریکا دەتوانێ مەبەستەکانی خۆی بپێکێ؟ بەمجۆرە ئەمریکا بە ستراتێژییە نوێکەیشیەوە کەوتووەتە سەر دوو ڕێیانێک کە لەوانەیە هەڵبژاردنی هەر کامیان بۆ ئەوان گران تەواوبێ، شەڕو هێرش بۆ سەر ئێران یا لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکاندا چاوپۆشی لە سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی و پەرەگرتنی نفووزیان لە ناوچەدا. لەو وەزعەدا ئەمریکا دەتوانێ و دەبێ لە ڕێگەی پشتیوانی و یارمەتیدانی هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانیان، ئەوانەی کە گەیشتنی گۆمەڵگە بە ئازادی و دێموکراسی بە ڕێگەی دەربازبوون لە داوی کۆماری ئیسلامی دەزانن و بە دوای ژیانێکی باش وماف و ئازادییەکانیاندا وێڵن مەیدانی هەڵسووڕان و ڕمبازێنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرتەسک بکەنەوە و کورد کە نیشانی داوە دەتوانێ فاکتەڕێکی بەهێزبێ لە شوێندانان لەسەر ڕووداوەکانی ناوچە، وەک بەشێک لەو هێزانە ببینرێن کە لە چوارچێوەی بەرنامە ستراتێژییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە حیسابیان لەسەر دەکرێ. بێگومان لە نێوخۆی ئێرانیشدا و لە نێو خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە چنگ بێعەداڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، وزەیەکی زۆری دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە، کە ئەگەر هەست بە پشتیوانییەکی واقێعی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بکەن توانای خۆڕێکخستن و ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ پێکهێنانی هەر گۆڕانێک لە بەرژەوەندی خەڵک و بە مەبەستی دابینکردنی ماف و ئازادییەکانیان کەم نیە. ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)