کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی ڕۆژنامه‌ی "کوردستان" له‌گه‌ڵ سه‌عید به‌گزاده‌

16:28 - 16 خەزەڵوەر 2717

سەعید بەگزادە: کورد یان دەبێ ئەوەندە بەهێز بێ بەرژەوەندییەکان بپارێزێ یان ئەوەندە بە پلان کە بتوانێ مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکان دروست بکا   ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و ئەم ڕۆژانەی ناوچە گرینگ و هەستیار و چارەنووسسازن. لەلایەک بزووتنەوەی کورد لەبەر دەم تاقیکارییەکی مێژوویی دایە و، لەلایەکی دیکەش دەستێوەردانی سەربازی و قەیرانخوڵقێنیی ئێران دۆخێکی نالەباری بەسەر ڕەوشی کورد لە باشووری کوردستاندا سەپاندوە. لەو نێوەدا ستراتیژیی ناڕوونی ئەمریکاش کە زۆر گومان و پرسیاری دروست کردوە. «کوردستان» ئەم بابەتانە و چەند باسێکی دیکەی کردۆتەوە تەوەری وتووێژێک لەگەڵ کاک سەعید بەگزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان. کاک سەعید با لە گۆڕانکارییە گرینگەکانی ناوچەڕا دەست پێبکەین. بە پیلانێکی نێودەوڵەتی بەشی زۆری دەسکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستان لەبار چوون. بۆ وای لێهات؟ کۆمەڵێک فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی بوونە هۆکاری ئەو کشانەوە گرانە. بە ڕووی دەرەوەدا پشتیوانیی دەرەکیی باشی بۆ ئامادە نەکرابوو. لەو ماوەیەدا زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیان کردوە و حکومەتەکان گۆراون؛ دەگەڵ ئەوەشدا کە هەتا ئیستاشی دەگەڵ بێ زلهێزەکان سیاسەت و پلانی ڕوونیان بەرامبەر بە ڕۆژهەڵات، بە تایبەت وڵاتانی دەوروبەری کوردستاندا نییە. سەرکردایەتی کورد زیاتر لەسەر هەڵوێستی کاربەدەستانی پێشووی وڵاتانی دەرەوە، کاری کردبوو. بەتایبەت پاش ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە واشینگتۆن، لەسەر ئیدارەی نوێ، بەمجۆرەی دەرکەوت بە قەرا چاوەڕوانییەکان کاری پێویست نەکرابوو. پشتیوانانی ئورووپاش زیاتر ئەو کەسایەتییانە بوون کە ئیستا لە دەسەڵاتدا نین. بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە کوردستان زیاد لە پێویست، حیسابی لەسەر کرابوو. دەور و پیلانی وڵاتانی جیرانیش خوێندنەوەی دروستی بۆ نەکرابوو و، کەمتر لە ڕادەی خۆی گرینگی پێدرابوو. بەتایبەت نەخشی کۆماری ئیسلامی کە ڕابردوویەکی درێژ و جێ پێی قایمی لە عێڕاق و کوردستاندا هەیە، بەرادەی پێویست ئەم مەترسییە کاری لەسەر نەکرابوو. بەڕووی نێوخۆدا، بڕیاری بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم کۆدەنگیی لەسەر نەبوو. دەسەڵاتی هەرێم یەکدەست نەبوو. ناوەندی بڕیار لە هێزی پێشمەرگە یەک نەبوو. پێشمەرگە وەک تەنیا باسکی بەرگری و پاراستنی دەسکەوتەکان، دەبوو زۆر پێشتر تێکەڵ کرابا و ناوەندێکی بڕیاردانی هەبا، ئەو ڕێکخستن و دەسەریەک کەوتنە نەکرابوو و ناوەندی فەرمانیش فرە بوون و ئەو هێزە لە چەندین جێگا و کەس و شوێنەوە فەرمانی پێ دەدرا. قەراری  پەیمان و سازان دەگەڵ ناوەندی عێراق و وڵاتانی جیران، لە جیاتی ئەوەی یەکدەست و ئەویش بە حکومەت بێ، لە دەست حیزبەکان و کوتلەی حیزبەکاندا ماوەتەوە، ئەوەش هەروەک دیترا مەترسیدارە. کێشەی ئیداری و کەڵکی نادروست لە دەسەڵات و گەندەڵێ، گوێی نەدرایە. حکومەت و ئیدارەی وڵات، سەرەڕای جیاوازیی زۆر و باشتری دەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، دیسانیش، ناڕەزایەتی زۆری لەسەر بوو. هەروەها بەرژەوەندییەکان جێگۆرکێیان پێکرا و قازانجە کاتی و حیزبی و تاکی و کوتلەییەکان لەسەرووی بەرژەوەندی نەتەوەیی دانران.   دەنگێک هەیە و لە نێو کوردستان و لە زمان کوردیشەوە دەبیسترێ کە بڕیاری ڕیفراندۆم لە جێدا نەبوو، یان ئەوەی لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان لە سۆنگەی ڕیفراندۆمەوە بوو. ئێوە لەو بارەوە دەڵێن چی؟ من ئاوای بۆ ناچم. پێموایە رێفراندۆم، مافی ڕەوا و قانوونی و سروشتیی ئەو میللەتەیە و لەهەمانکاتیشدا کورد لەم پارچەدا، بە دێموکڕاتیکترین شێوەی ڕاستەوخۆی دەنگ، ئیرادەی  سیاسیی خۆی بە گوێی هەموو جیهان دادا.  بە ڕێژەیەکی زۆر لەسەرێ، ڕایگەیاند کە دەیهەوێ چ  داهاتوویەکی سیاسی بۆخۆی بنیاد بنێ. هیچ لەو بڕوایەشدا نیم کە ئەم هێرشانە بە هۆی ئەم رێفراندۆمەوە کرابن. ناشاردرێتەوە کە ئەم گشتپرسیە، پرۆسەی هێرش بۆسەر دەستکەوتەکانی کوردستانی خێراتر کرد، بەڵام ڕێفراندۆم نەشکرابا، ئەم پیلانانە بۆسەر کوردستان هەر دەئارادا بوون.  ڕەنگبێ ئەوکات، ڕادەی دەستئاواڵایی حکومەتی عێڕاق و هاوپەیمانە ئیقلیمیەکانی، ئاوا بەرین نەبا و بەجۆرێکی  دیکە دەرکەوتبان. پێشتر باسی رێفراندۆم و سەربەخۆیش نەبووە و، زۆر خەراپتریان بەسەر هێناوین.   ئەگەر بێینە سەر ڕۆڵی چالاک و بەرچاوی ئێران لەو دەستێوەردان و هاوکێشەیەدا. ئێران لە چی دەگەڕێ، ئایا مەبەستی هەر دژایەتیی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بوو، یان ئامانجی گەورەتر و گرینگتری لە پشت بوو ئەم دەستێوەردانە؟ ئەوەی کە ئێران دەسەڵاتی کوردی، لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بە زیانی دەسەڵاتی خودکامەی خۆی دەزانێ، هیچ جێگای شک نییە. بەڵام لەم گێژاوەی سیاسەت و بازاڕی شێواوی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئێران زۆر گەمەی دیکەشی هەن. ئێران یەکێک لە کایەکەرانی زیرەک و بێ پرێنسیپی ناوچەیە و بەشوێن بەرینترکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی. لەم بوارەدا لەهەموو ئامرازەکانی مەزهەب، تێرۆر، فریو و  پارە، بۆ بەهێزترکردنی بازنەی دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەردەگرێ. ئەوان دەخوازن، ئیمپراتۆرییەکی بەرین لەسەر بنەمای ئایدیاکانیان لە بازنەیەکی بەرینتر لە ئێراندا  لە هەموو ناوچەکەدا، پێک بێنن.  دەگەڵ ئەوەش کە هەموو ڕۆژئاوا دەزانن، کۆماری ئیسلامی، چ مەترسییەکە بۆ داهاتوی ئەوان و ناوچە،  هەتا ئێستا بەرنامەیەکی ڕوونیان بۆی نییە. هەرلەبەر ناڕوونی سیاسەت و پلانەکانی رۆژ ئاوا بەتایبەت ئەمریکا، هەتا ئیستا رۆژ بەرۆژ  کۆماری ئیسلامی جێگا و پێگەی خۆی  لە ناوچەدا قایمتر کردوە.   ئێران و کاربەدەستانی سەرووی کۆماری ئیسلامی لە مێژ ساڵە لافی دۆستایەتیی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان لێ دەدەن، وەک حاڵەتی موشەخەس باشووری کوردستان. خۆ دەبینین کۆمەڵێک کەس کە خۆیان وەک ڕوناکبیر و نووسەر و ئالیتی کوردی باشوور دەناسێنن، باس لە دۆستایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، یانی بۆیان بۆتە باوەڕ. تۆ بڵێی ئێستا ڕوخساری راستەقینەی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا دەرکەوتبێ؟ ئێڕان و کاربەدەستانی ئێران، سیاسەت دەکەن، دە سیاسەتی ئەم  جۆرە سیستمانەشدا دۆست بوونی نییە، بەڵکوو بەرژەوەندی لە پێش هەموو شتێکەوەیە. ئەوەی کە زۆر فریودەرانە و هەڵخەلەتێنەرە، بەیانی نەرم  و ڕاکێشەری ئەو کاربەدەستانەیە کە بەداخەوە بۆ ئەوانەی باشیان ناناسن، زۆر سەهل و ئاسان دەداوی زمانی لوس و هەڵخەڵەتێنەریان دەکەون.  دەسەڵاتدارانی ئێران لە هیچ سەردەمێکی مێژوودا دۆستی کورد نەبوون، هەتا ئیستا دۆست بن. زۆر سەیرە بەچاوی خۆت ببینی، بەشێک لە میللەتەکەت لەمبەری سەد کیلۆمێتریی تۆ، بە دڕندانەترین شێوەی مومکین سەرکوت بکرێ، ڕێبەرانی تێرۆر بکرێن بە سی و چەند ساڵ دەسەڵات، زیاتر لە شەست هەزار کەسی بەدەستی ئەم ڕێژیمە کوژرابێ، بەڵام ئیستاش تۆ لەمبەری سنور بە دۆستی خۆتی بزانی! ئەوەش کە هێندێک روناکبیر و نوسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دۆستی خۆیان دەزانن، دەبێ لەم ڕوناکبیرییە ورد ببینەوە، کە ئایا بەڕاستی ڕوونی دەبینن؟! زۆر بەداخەوە ئێمەی کورد، زۆر جار لەبەر ڕق و توڕەیی و کینە، بەرچاومان تەواو تاریک دەبێ و ڕاستییەکانمان لێ دەشێوێن، بۆیە ئیستاش بەگومانم کە هەموو لایەک باش دە سیاسەت و وێرانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی گەیشتبن. ئەوەش کە وەک حکومەت و دەوڵەت بە هۆی جیرانەتی، کۆمەڵێک پەیوەندیی ئابووری  و موناسباتی سیاسی دادەمەزرێ، زۆر ئاسایی، و  پێویستیشە ببێ. بەڵام کردنەوەی دەرگای پەیوەندیی دیپلۆماتیک نابێ قەت ڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتی دیکە بەتایبەت کە سیاسەت و پیلان و نییەتیشی دەزانێ، خۆش بکا. کۆماری ئیسلامی چ وەک دەوڵەت، چ وەک دۆست کە نییە،  دروستە لەبەر جیرانەتی پەیوەندی سیاسی و بازرگانیت دەگەڵی هەبێ، بەڵام قەت نابێ ئیزنی ئەو هەمووە ڕایەڵکەی پێ بدرێ.   کورد دیسان بەسەر هەواری خاڵیدا کەوت. پشتیوانیی نێودەوڵەتی کە کورد هیوای لەسەر هەڵچنیبوو نەک وەدی نەهات، بگرە باڵانسەکە خەریکە بەولادا دەشکێتەوە. کورد لە کوێدا هەڵەی کرد؟ من پێموایە خوێندنەوەمان لەسەر پشتیوانی نێودەوڵەتی، دروست نەبووە. کەس هەتا ئیستاشی دەگەڵ بێ، بەمجۆرە کە ئیمە ئیشتیای دەکەین پیشتیوانیی لە ئێمە نەکردوە. دەگەڵ ئەوەش، کورد نسکۆ و شکانی زۆری بەخۆوە دیوە. ڕاستە ئەمجار زۆر لە ئامانجەکانی نزیک ببۆوە، بەڵام ئەمن هەواری کورد بە خاڵی نابینم. هەڵەمان هەبوون، گرینگ ئەوەیە، بە هەڵەکانی خۆمان بزانین و لێیان دوور بکەوینەوە.  گەمەکانی  ئەم ناوچەیە هەم زۆرن و هەم زۆر ئاڵۆز و بەشێکی زۆریشی نادیارن. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە، ئەگەری ڕووداوی چاوەڕواننەکراو فرەن. کورد هەڵدەستێتەوە. جارێ هیچ باڵانسێک بەتەواوی نەگۆڕاوە و بۆ بڕیاری کۆتایی زووە.   باشە خۆ ئەگەر لە ڕوانگەی بەرژەوەندیشەوە چاوی لێبکەین، دەوڵەتی کوردستان بەو ئەزموونە باش و تاقیکارییە سەرکەوتووەی لە چارەگە سەدەی ڕابڕدوودا دەیتوانی باشترین دۆست و هاوپەیمان بۆ دنیای دەرەوە بێ. چۆنە ئەوان ئەمە نابینن؟ بەشێکی ئەم بۆچوونە ڕاستە. حکومەتی کوردستان، لە بەرانبەر حکومەتەکانی ئەم ناوچە و جیرانەکانیدا، لە هەمووان باشتر و دێمۆکراتیکتر ئیدارە کراوە و، نمونەیەکی باشی ئازادی و دێمۆکراسیی دەرخستوە. پێشی بە زۆر هێزی بناژۆ و مەترسیداری مەزهەبی و تێرۆریستی گرتوە و بۆتە شوێنێکی ئەمین بۆ حاوانەوەی خەڵکی دەروجیرانیش. سەرەڕای زۆر لە گرفتە چارەنەکراوەکانی خۆی، پێشکەوتنی باشیشی هەبووە،  بەڵام ئەمە بۆ پشتیوانی نێونەتەوەیی بەس نییە. لە دونیای ئەمڕۆدا زۆر زۆر گرینگە یان ئەوەندە بەهێز بی کە  بەرژەوەندیی زلهێزەکان بپارێزی، یان ئەوەندەت توانا هەبێ و ئەوەندە بە پلان و وشیار بی کە مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکان دروست بکەی. ئەوکات دەکەوییە نێو بازنەی موعادلاتەوە، بەڵام ئێمە  نەگەیشتوینێ. هیچ وڵاتێک لەبەر چاوی جوانی ئەم و ئەو لەسەدان هەزار کیلومێتر ئەولاترە، نایا بە هەزاران سەرباز لە وڵاتێکی وێرانی وەک عێڕاق بەکوشت بدا، لەبەر مافی مرۆڤ و دێمۆکراسیش ئەم کارە ناکا. ئەوان بەدوای قازانجی خۆیانەوەن، لە کام لا زیاتری دەست بکەوێ، ئەو هەڵدەبژێرێ. ئێمەش نابێ بەوە توڕە بین. دەبێ بزانین، چۆنی خۆدەگەڵ ڕێک دەخەین، یان چۆنی مەترسی بۆ دروست دەکەین. هیچ فاکتۆرێکی دیکە غەیری ئەم دوو حەرەکەتە، دروست دەرنایا وبێجگە لەم گەمە سیاسیە،  تەنیا چەکی ئێمە بۆ وەدەستخستنی  ویستی ڕەواو و بەحەقی خۆمان،  یەکدەنگی و یەک هێزی و بڕوای قایم  بە ڕزگاری و دەمەیداندا بوونی هەموو جەماورەکەمانە، بێ ترس و سڵەمینەوە لە هەزینەکانی.   یانی پەرەسەندنی دەسەڵات و نفووزی ئێران لە ناوچەیان لەوە پێ باشتر بوو؟ قسە لەسەر باشتر بوونی ئێران نییە. ئێران شەڕی دەسەڵات دەکا، دەتوانێ کێشە و ژانەسەر دروست بکا. چەکی مەزهەبی پێیە، پوڵی هەیە و بە هەرجۆرێک بێ، لەو بۆشیاییەی بێ بەرنامەیی ڕۆژئاوادا بۆ ئێران و داهاتوی ئەم وڵاتە، ئەو مەیدانە  باشتر بۆ کایەکانی ئەوان کراوەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، زلهێزەکان هەتا ئیستاشی دەگەڵ بێ بەرنامەیەکی ڕوونیان بۆ ئایندەی ئێران نییە. ڕۆژئاوا بەرنامەکانیان لەهەردووک وڵاتی عێڕاق و ئەفغانستان بەو جۆرەی دەیان ویست سەرکەوتوو نەبوو. تەنانەت لە عێڕاقدا زۆر ئاشکرا، کۆماری ئیسلامی هەتا ئیستا زیاتر براوەیە، تەئکید دەکەمەوە، هەتا ئیستا.  ڕۆژائاوا خوێن و هەزینەی ماڵی و ئینسانی دا، کۆماری ئیسلامی بەرهەمەکەی دەدروێتەوە.   پێتان وانییە ئەمریکا و دنیای دەرەوە خەریکی دوپاتکردنەوە و پێداگری لەسەر ستراتیژییەکی هەڵەن؟ سەرەڕای ناڕوونی سیاسەت و پلانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بۆ ڕۆژهەڵات، ئەمریکا و ڕۆژئاوا، ناتوانن، ئێران و تورکییە و ئەوهەموو وڵاتە عەربییە لەبەرچاو نەگرن. ئەگەر پێمانوابێ دونیا هەموو ئەو وڵاتانە بۆ بەرژەوەندیی  لەو ناوچە بەرتەسکەی ئێمەدا، کە تەنانەت کورد هەتا ئیستا خۆشی وەک ڕێبەرییەکەی سەرەڕای دەنگی بەهێزی سەربەخۆییخوازیی خەڵک، ویستەکانی ڕوون نین، فرێ دەدا، خۆمان فریو دەدەین و بۆچوونێکی هەڵەمان هەیە. ئێمە دەبێ پێش ئەوەی چاوەڕوانی پشتگیری و لێکگرێدانی بەرژەوەندیەکانمان دەگەڵ رۆژئاوا بین، خۆمان ساخ بکەینەوە، کە بە شوێن چییەوەین، چیمان دەوێ، دەمانهەوێ بگەینە کوێ و کام بەرژەوەندی دەگەڵ کام زلهێز لێک گرێ دەدەین؟ ئێمە ئیستاش هێزێکی زۆری نێونەتەوەییمان بە کێشەکانی خۆمانەوە خەریک کردوە. ئەوان جارێ هەر دەبێ کارمان لەسەر بکەن کە دەگەڵ یەکتر بەشەڕ نەیەین و شەڕی نێوخۆیی  دروست نەکەین، چ بگا بەوەی سەرمایەی گەورەمان لەسەر دابنێن.    وەک چاوەدێرێکی سیاسی کورد  باشوور چۆن خۆی دەگرێتەوە؟ کورد لە باشوور نەشکاوە، بە گەلەکۆمەکییەکی ئیقلیمی ودەرەکی تا ڕادەیەکی بەداخەوە زۆر، پاشەکشەی سیاسی و نیزامیی پێ کراوە. خۆشی یارمەتیدەری ئەم نەهامەتیە بووە، بەڵام ڕۆژی کۆتایی و، ڕۆژی ڕەشی  کورد نییە. سیاسەت لەم ناوچەدا، خەریکە گەرموگوڕتر دەبێ. نەتەنیا نابێ دەستەوئەژنۆ ببن، بەڵکوو، پێویستە زۆر بەبێ پەرواتر و قایمتر، تەنیا بەچەکی، یەکدەنگی و یەک ماڵی خۆیانەوە، بێنەوە مەیدان. بۆ هەستانەوە و خۆ گرتنەوە، پێش هەموو شتێک پێویستە بەسەر کێشە نێوخۆییەکاندا زاڵ بن و دەسەڵاتی سیاسی بەرینتر بکرێتەوە. خەڵکی ئەم پارچە دە هەموو سەروەت و سامان و داهاتی وڵاتدا سەهیم کرێن. کۆمەڵگا لە  کۆمەڵێکی مەسرەفی ڕزگاری بێ. کار و بەرهەمهینان زیاتر هەمەگیر بکرێ. زۆر بە کورتی، ژیانی خەڵک ئەوەندەی دەکرێ و مومکینە خۆشتر بکرێ، شکاف و فاسیلەی ژیانی دەسەڵاتداران دەگەڵ خەڵکی دیکە کەمتر بکرێتەوە. جۆرێک کە خەڵک ڕێبەران و خۆیان وەک یەک ببینن. ڕێبەرانی وڵات باشتر ئەولەوییەتەکان لە جێگای خۆیان دابنێن و، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان فیدای حیزب و تاک و کوتلە نەکرێن. خەڵک و ڕێبەری زیاتر لێک نزیک بکرێنەوە، ئەوکاتەیە کە، سەرکردایەتیی کورد پشت ئەستور بە بڕیاری گشتی، دەتوانێ هەموو کارتێک بۆ رزگاری بەکار بێنێ.   ئەدی چۆن دەتوانێ قەرەبووی ئەو شکستە نیزامی و هەروەها دەرونییە بکاتەوە، بە تایبەت کە ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وازی هێناوە و بە کردەوە ئەو دەزگا شەرعی و ئیدارییە لە هەرێمی کوردستان نەماوە؟ بەداخەوە ئێمەی کورد، زۆر زوو بە کەمترین سەرکەوتن، لەخۆبایی دەبین و بە کەمترین پاشەکشەش، بۆ ماوەیەک هیوا بەردەدەین. بەڵام بەخۆشییەوە، زۆر زووش خۆدەگرینەوە. یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی و کەمکردنەوەی کێشەی هێزە سیاسییەکان دەتوانێ باری ڕەوانیی ئەم پاشەکشەیە کەم بکاتەوە. کەمکردنەوەی دەستی جیرانەکان کە ئیستا سیاسەت و بەرنامەکانیان بۆ هەموو لایەک باشتر و زیاتر دەرکەوتوون، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ. هەتا ئەو دەستە دەرەکیانە مەودای چالاکی و ئاژاوەنانەوەیان بمێنێ، ئیمکانی دڕدۆنگی دروستکردن، نائومیدی و دڵساردی هەر دەمێنێ. ئەوەش کە دەگەڕێتەوە بۆ کشانەوەی سەرۆکی هەرێم، کە دروستترە بڵێین قبوڵنەکردنی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، ڕاستە ئەوەش بۆشاییەکی گرانە کە دروست دەبێ. بەڵام واش نییە، کەدەردی بێ عیلاج بێ. بەهاوکاریی گشتی و دابەشکردنی دروستی دەسەڵاتەکان و هاودەنگی هێزە سەرەکییەکان، بەشێکی زۆری ئەم بۆشایەش دەکرێ چارە بکرێ. لە لایەکی دیکەشەوە، سەرۆکی هەرێم، لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کشاوەتەوە، بەڵام ئیستاش سەنگینترین کەسی کوردستان و سەرۆکی یەکێک لە هێزەسەرەکییەکانی ئەم پارچەی کوردستانە و لە گۆرەپانەکە نەچۆتەدەرێ. بۆیەش دەهەموو کایە سیاسیەکاندا قورسایی خۆی هەر هەیە. کەوابوو ڕۆڵ و جێگای بارزانی، لە ساحەی سیاسیی باشووری کوردستاندا هەر هەیە و، بەرچاویش دەمێنێ.   دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، واتە سڕکردنی ڕێفراندۆم، لەکیس چوونی بەشێکی زۆر لە خاک و دەسکەوتەکانی کورد کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەو بەشەی کوردستان وەسەریەک نرابوو، بە گشتی پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان چ شوێنکارێکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ؟ سڕکردن، یان دەکار نەخستنی ئاکامی رێفراندۆم، کە مافێکی زۆر سروشتی و دێمۆکراتیانەیە، هیچ لە حەقانیەت و ڕەسایی ئەو دەنگە کەم ناکاتەوە. ئەوەش لێرە زیاد بکەم کە  خەڵکی باشوری کوردستان بەم دەنگە ٩٣ لەسەدەی خۆیان بە سەربەخۆیی و، دروستکردنی کیانی کوردی، ئیرادە و ویستی خۆیان نیشان دا کە خوازیار نین دەگەڵ عێڕاق بمێننەوە. جا ئیستا کاتی دەکارکردنی ئەم بڕیارە بێ یان نا، هیچ لەم ڕەسایی ئەم ئیرادەیە، ناگۆڕێ. ئەگەر هەتا پێشتر بە بێ ویستی کورد  کوردستان بە عێڕاقەوە لکێندرابوو، ئیستا بۆ جاری دووهەم بە زۆر ئیرادەکەی دەشکێندرێ و دیسانەکەش دەکرێتە پینەیەکی ناڕێک. ئەوەش مەگەر  بە دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی هاوبەش، دەنا ئەم زوڵمە سەرناگرێ. بەڵام لەسەر شوێندانەریی کۆی ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتن و پاشەکشەکانیەوە، شوێنی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و کاریگەریشی هەر دەمێنێ. ڕۆژهەڵاتی کوردستان جاری یەکەمی نییە دەخۆشی و ناخۆشییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا،  بەتایبەت باشووردا، چالاکانە بەشدار دەبێ. ئەوەش ڕاست نیشانەی هەستی بەرزی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و زۆریش جێگای ڕێز و پێزانینە. لە لایەکی دیکەشەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە دەگەڵ ئەوەی کە هەر پارچەی کوردستان هێندێک سروشت و تایبەتمەندی و ڕێگەچارەی سیاسی جیاوازیان بە پێی هەڵکەوتی خۆیان هەیە، بەش و لەتی یەک نەتەوەی گەورەی  بێ وڵات و  یەک دەرد و خاوەنی یەک چارەنوسن. دەگەڵ ئەوەش ئەم ڕوواداوانە زۆر دەرسی بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی تێدابوو، کە ناکرێ لەبەرچاوانمان ون ببن.    کوردی ڕۆژهەڵات کەمی بۆ باشوور نەکرد. ئێستاش دەیان کەس لە ڕۆڵەکانی کورد بە تاوانی پشتیوانی دەربڕین بۆ ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان لە زیندان دان. لە ئێستادا ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵێک ئەرک پێناسە و دەستنیشان بکەین، خەڵکی ڕۆژهەڵات و حیزبەکانیان چییان دەکەوێتە ئەستۆ؟ پێشتریش کوتم، ڕاستە ئێمە یەک نەتەوەین، بەڵام دەبێ قبوڵ بکەین کە دابەش کراوین و جیاوازیمان دەبەیندا بە پێی هەڵکەوتی ئەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش کراوین تێدا پەیدا بووە. بۆیە ئەوەی دەبێ تەسمیمی نیهایی بۆ باشور بگرێ خەڵک و نوێنەرانی ئەم پارچەی کوردستانن، نەک ئێمەی ڕۆژهەڵاتی یان پارچەیەکی دیکە. لەسەر ئێمە پشتگیری، ئەگەر ویستیان هاوفکری و هاوکارییە. بەڵام ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر پارچەی خۆمان و  خەڵک و هێزە سیاسییەکانی، دەبێ زۆر وشیارانە ئەم ڕوواداوانەی باشور بکەین بەدەرس و لێیان فێر بین. ئەوەی دەرخەری ئیرادە باش و حەرەکەت و کردەوەی دروست بوون، بە باش وەری بگرین، ئەوەش کە ماڵوێرانکەر بوون، ڕێگای خۆدزینەوەیان پەیدا بکەین و، لە ئێستاڕا نەهێڵێن توشمان ببن. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر ئیستای خەڵکی ڕۆژهەڵات، دەگەڵ ئەوەی کە ئەم دەرکەوتن و ناڕەزایەتی و پشتیوانیانەی بۆ شوێنەکانی دیکە دەیکا، زۆر دروست و نیشاندەری هەستی بەرزی نەتەوەیین، نابێ بە پێی هەلومەرج  و، کاتە گونجاوەکان بۆ گەیاندنی داواکان و مافەکانی خۆیان، کەمتەرخەمی بکەن، کورد لە ئێراندا کێشەی کەم نین و دەهەر دەرفەتێکدا دەکرێ بەشێکیان بە پێی هەل و مەرجەکە بەیان بکرێن. وەک دواپرسیار، لە ئێستادا کە ئەو وتووێژە دەکەین هەرێمی کاتالۆنیا بڕیاری جیابوونەوە لە ئیسپانیای داوە و پاڕلمانی ئەو هەرێمە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندوە. پەیامەکانی ئەو بڕیارە چین؟ ئایا ئەوە نییە کە هێشتا کات بۆ سەربەخۆیی نەتەوەکان ماوە؟ هەتا کاتی وڵامی ئەم پرسیارە، کێشەی کاتالۆنیا و سپانیا، بەرەو ئارامی نەرۆیشتووە. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە کوردستان و عێڕاق، ئیسپانیا و کاتالۆنیا نین. ئەوان زۆر لە ئێمە لەپێشترن، سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییەش، چونکە ئیسپانیا بە دابڕانی کاتالۆنیا زۆر زیانمەند دەبێ، ئامادە نەبووە، قبوڵی دەنگ و ویستی ئەم خەڵکە بکا و لایەنی دێمۆکراتیکی ئەم ویست ڕەوایە و  کۆی پرۆسەکەی، گەلێک سەنگینتر کردوە، مەترسی زۆری بۆ ناوەتەوە. بۆیەش من پێچەوانەی پرسیارەکەی بەرێزتان، دەمهەوێ بڵێم کە هێشتا کاتی سەربەخۆیی نەتەوەکان نەهاتوە! ئەمن پێموایە خەبات بۆ سەربەخۆیی وەک جاران هاسان نەماوە. لێکدابڕانی سنوورەکان کێشەی زۆری لێ دروست بووە. پەیوەندی و بەرژەوەندییەکان زۆر بەرین و ئاڵۆز و تێکچرژاو بوون. ئێستا بۆ تێكدانی سنوری وڵاتێک، تەنانەت سنووری دەستکردیش بێجگە لەو هەموو بەند و تێکەڵاوی و پەیوەندییە نێوخۆییانە، دەبێ  کۆمەڵیک پارامێتری نێو نەتەوەییش دەنەزەر بگری و تان وپۆی زۆر وڵاتان لێک هەڵپچرێنی. بۆیە ئەمە مەسەلەی سەربەخۆیی میللەت و وڵاتێک و ، لێکدابڕانی سنور و میللەتانی زۆر ئاستەمتر کردوە. ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)