کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیایەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵات

17:21 - 17 خەزەڵوەر 2717

لەم کۆمەڵگە مۆدێڕنەی کە تەکنۆلۆژیا زاڵە بەسەر زۆربەی بەشەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا، میدیا یەکێکە لەو کەرەستانەی کە هەر تاکێک بەپێی سەلیقە و حەزی خۆی بەرنامەیەکی دیاریکراو لە تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ یاخود ستوونێک لە لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەیەکدا دیاریی کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکا. ئیتر ناچمە سەر سۆشیالمێدیا کە بەهۆی ئەپڵیکەیشێنە جۆراوجۆرەکانی نێو موبایلەکانمانەوە، کەسمان نییە بتوانێ دوورەپەرێز بێت لە بەداواداچوونی هەواڵ و بابەتەکانی ڕۆژ لە ڕێی مۆبایلەکەیەوە. هەرچەند «کاغذ اخبار»ی میرزای شیرازی پاش 260 ساڵ ئێرانی بردە نێو جیهانی ڕاگەیاندن، بەڵام هەنووکە ئەم وڵاتە بەهۆی تەرخانکردنی بووجەیەکی خەیاڵی بۆ کاری میدیایی بە زۆربەی زمانەکانی دنیا، زیاتر لە دەیان تەلەفزیۆنی دەوڵەتی و سەدان ئاژانسی هەواڵ و ڕۆژنامە و گۆڤاری هەیە کە یارمەتیی دەوڵەتی وەردەگرن و سیاسەتی هیلالی شیعەی ئێران بەڕەنگ و ڕوویەکی فریودەرانەوە لەبەر چاوی بینەر، سەرنجڕاکێش دەنوێنن. میدیا ڕووبارێکی بەردەوام و هەمیشەیی لە زانیاریی دەبەخشێتە خوێنەر و بینەر و بیسەری خۆی و کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر جۆر و شێوازی هەڵوێستوەرگرتنی تاکی کۆمەڵگە بەرامبەر دەسەڵات و چین و توێژەکان دادەنێ و هەم دەتوانێ شەپۆلخوڵقێن بێ و هەمیش دەتوانێ شەپۆلەکان دابمرکێنێتەوە. من لەم پێناسەیەدا «ڕووبار»م بەکار هێنا، ڕووبار دەکرێ ئاوی خاوێنی هەبێ و بەپێچەوانەکەشی دروستە. میدیا دەتوانێ ڕۆڵی هەبێ لە ڕوونکردنەوەی بەردەنگەکەی لەو دۆخەی کە تێیدایە و هەروەها دەشتوانێ  بەردەنگەکەی بە لاڕێ ببا و لە ڕاستییەکان دووری بخاتەوە. ئەوەی لێرەدا نابێ لێی خافڵ بین سەرچاوەی ئەم ڕووبارەیە کە سیاسەتداڕێژەری ئەسڵییە و کلیلی وشیاریی و زانیاری وەرگرتنی کۆمەڵگەی لایە. تایبەتمەندیی سەرەکیی میدیا ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێک هەیە و فرێکانسێکی تەلەفزیۆنێکی ئاسمانی یاخود پەخشە ئانلاینەکەی دەتوانێ میلیۆنان کەس لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بینەری هەبێ و شەپۆلی خوازراوی خۆی، ڕێک بخا. ستوارت هال Stuart Hall (١٩٣٢ کینگستۆن، جامائیکا. ٢٠١٤ لەندەن بریتانیا) لە تیۆریسیەنە بەناوبانگەکانی بواری کولتوور سەبارەت بەکاریگەریی میدیا لەسەر کۆمەڵگە، کۆمەڵگە بە بازنەیەکی داخراو وەسف دەکا کە ڕاگەیەنە گشتییەکان وەکو شاڕێیەک لە پڕۆسەی دانی شوناس بە کۆمەڵگە ڕۆڵ دەگێڕن. نەبوونی میدیایەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێگومان بوونی جۆرەها میدیای سەردەمیانە و تەلەفزیۆنی ئاسمانی و وێبلاگ و ماڵپەڕ ئەو کۆسپەی بەردەم دەسەڵاتێکی پاوانخوازی وەکوو ئێران هێناوەتە ئاراوە کە ئەو جۆرەی دەیەوێ، نەتوانێ لەم بوارەدا ڕمبازێن بکا و بیروڕای گشتیی بەدڵی خۆی هەڵسووڕێنێ؛ ئەمما ئەوەی لەم نێوەندەدا بۆشاییەکەی دیارە نەبووی میدیایەکی نەتەوەییە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند لایەنەوە میدیاکان بەهەموو شێوەیەک هەوڵی بەلاڕێدابردن یاخود کەمتر زانیاری گەیاندیان دەدەن کە ئەگەر بمەوێ بەپێی دەرفەتی ئەم وتارە بەکورتی باسیان بکەم بەم جۆرە دابەشیان دەکەم:   1) میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئەو تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەی ناوەندەکەی لە تارانە و بەهەموو ئێراندا پەخش دەبێتەوە، بێگومان سیاسەتی ئێران بەجۆرەها فیلم و سریال و کارتۆن و شانۆ بڵاو دەکەنەوە و هەروەها لە بواری هەواڵ و ڕاپۆرتیشدا ئەو داڕشتنە لە فیلتەر دەردەچێ کە سەرکوتگەرانیی ئێران دەیانەوێ. سەبارەت بە سیاسەتی سانسۆر لە دەسەڵاتی ئێران هەر ئەوندە بەس کە دەتوانن سەرنجی ئەو ئیدانەکردنە بەدوای یەکانەدا بدەین کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانیی نێودەوڵەتی لە بواری میدیاییدا ڕایدەگەیەنن.   2) میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران ئەم بەشە لە میدیا بە چەند بەش دابەش دەکرێن کە بەکورتی باسیان دەکەم: ئا: ئەو تەلەڤیزیۆنە ئاسمانیانەی کاری هەواڵ و ڕاپۆرت دەکەن و هەرچەند بەڕواڵەت خۆیان وەکوو میدیایەکی سەربەخۆ و پرۆفێشناڵ پێناسە دەکەن، بەڵام بووجەی دەوڵەتێکیان لەپشتەوەیە و زۆربەی کارمەندانی بەشی هەواڵ و سیاسەتیشی هەر ئەوانەن کە تا دوێنێ لە دامودەزگەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێراندا بوون و سەلیقەی شەخسیی خۆیان زاڵ دەکەن بەسەر کاری ڕۆژنامەگەریاندا و؛ بەنیسبەت کوردەوە مانشێتەکانیی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ دەستکاری، دەگوازنەوە. ئەگەریش لەو میدیایانەدا کەسێک پشتگیریی کورد یان هەر نەتەوەیەکی ستەملێکراوی ژێردەستیی ئێران بکا بەجۆرەها تاوان گوناهباری ئەکەن بەڵام ڕوتووشکردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ئێران بۆیان شتێکی ڕەوایە و هیچ گوناهێکیان نەکردوە! ب: ئەو تەلەڤیزیۆنانەی کە سیاسی نین، فیلم و ئاڵقەی بیانی و بەتایبەت تورکی و ئەمریکای لاتین دۆبلاژی فارسی ئەکەن و لەگەڵ کولتووری نەتەوەکەماندا زۆر ناتەبان و دیتنی سوودێکی بۆ خەڵک تێدا نییە و بەس بۆ ئەوەی خەڵک لە واقعی ڕۆژ و سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی ئێران دوور بکەنەوە؛ ئەو کاناڵ و تەلەڤیزیۆنانە دەورێکی کارایان گێڕاوە.   3) میدیا کوردییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەو تەلەڤیزیۆنە ئاسمانییە کوردییانەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان پەخشیان دەگاتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت کوردەکانی خوراسانیش سەیریان دەکەن، لە زۆر بابەتەوە توانیویانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بینەر دابنێن. بێگومان میدیاکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەوانیش بە دوو بەشی سیاسی و ناسیاسیدا دابەش دەکرێن کە ناسیاسییەکان هەر هیچ نەبووبێ بەهۆی بەرنامە تەفریحی و کولتوورییەکانیەوە توانیویەتی ڕۆڵی هەبێ لە پێشگرتن بە لەنێوچوونی زمانی کوردی (هەرچەند هەڵەوپەڵەی زۆری تێدا دەبینرێ) و ئەوەی لای من گرنگە و دەمەوێ باسی بکەم میدیا سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بێجگە ڕۆژهەڵاتە. ئەو میدیایانە کە هەرکامەیان میدیای حیزب و کۆتلەیەکی سیاسین و لە خەوشدارکردنی لێکدانەوەی ڕاستییەکانی ڕۆژەڤدا ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕن. ئەو میدیا سیاسییانە چونکە باوەڕیان بەهێزی پشتیوانی جەماوەریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بۆیە بەشێکی هەواڵ و ڕاپۆرتیان بۆ ئەو بەشەی کوردستان تەرخان کردوە. دیارە هەموویان وا نین چونکە بەشێکی بەرچاویان زیاتر ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانە بڵاو دەکەنەوە کە دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران دەیەوێ و دژی جووڵانەوەی کوردن لە ڕۆژهەڵات بەڵام بەشێکیان ڕووداوەکانی ڕۆژهەلات دەگوازنەوە ئەمما بەو داڕشتنەی کە خۆیان مەبەستیانە و چونکە دەسەڵاتێکی گەورەی ئابووری لەپشت ئەم میدیانەی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوەیە هەموو هەوڵێک دەدەن سەرنجی بینەری ڕۆژهەڵاتی بۆ پڕکردنەوەی جەماوەری سیاسی خۆیان ڕاکێشن. میدیایەکی نەتەوەیی بۆ درێژەی خەباتەکەمان زۆر پێویستە لە بواری سۆفتوێرەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داینەمۆی خەباتێکی بەرین بووە بۆ کوردستانی گەورە و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، پارچەکانی کوردستان لە هەردوو بواری سۆفتوێر و هاردوێرەوە شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتیان بۆ درێژەی خەباتەکەی خۆیان پەلکێش کردوە و میدیاکانی ئەو پارچانەش لە بۆشایی نەبوونی میدیایەکی گشتگیریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات هەلیان قۆستووەتەوە و تەنانەت هەندێ جار ڕێگەیان بەخۆیان داوە ببنە دەمڕاستی ئەو پارچەیە و زیانیشی پێ بگەیەنن. هەنووکە لە بواری تەلەفزیۆنی ئاسمانیی ئۆپۆزیسیۆنەوە بەس کورد کاناڵ هەیە کە دەنگی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵات دەگوازێتەوە و ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیانەوێ دەنگی خۆیان بگەیەننە جەماوەریان زۆر پێویستە پلانێکی تۆکمە دابڕێژن بۆ هەبوونی ئاژانسێکی هەواڵی بێلایەن و هەروەها تەلەڤیزیۆنێکی سیاسیی گشتگیر کە پەیامی نەتەوەیی پێ بێ و خەڵکیش لە ڕۆژهەڵات ئیتر لەم پرش و بڵاویی میدیاییە ڕزگاریان دەبێ و بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست و هەڵوێستی شیاو دەزانن ڕوو لە کوێ بکەن و بۆ بەرەوپێشچوونی خەباتەکەیان کام تیڤی یان هەواڵنێریی هی ئەوانە و بەڕاستی خەمخۆریانە. ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)