کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەم ڕۆژانە...

17:26 - 17 خەزەڵوەر 2717

بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەی کورد دوای تێپەڕاندنی کۆمەڵێک قۆناغی پڕ لە شانازی و نسکۆ، خەریکی ئەزمونکردنی قۆناغێکی نوێی پڕ لە ئاڵۆزییە. پێویستە بەردەوام ئەوەمان لە بیر بێ کە هەرچەند کوردەکان بە سەر چوار وڵاتی جیاوازدا دابەش کراون، بەڵام خەون و ئارەزوو و دەرد و مەینەتیی هاوبەش و وەک یەکیان هەیە و، سەرەڕای جیاوازییان لە شێوەی خەبات و چۆنیەتیی بەرنامە و پلانی سیاسییان بۆ ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ دەسەڵاتانی داسەپاو بەسەریاندا، لە سەر ئاستی گشیی مافی چارەنووسدا هەر هەموویان سەودای سەربەستی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نیشتمانیان لە سەردایە. بە دەرفەتێک کە بۆ کورد لە باشووری کوردستان هەڵکەوت و رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەم بەشە لە نیشتمان بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە هەستی ئاگرینی شوناسخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێرناوی پشتیوانی لە رێفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا بڵێسەی سەند و بوو بە داخوازییەکی گشتی کە خرۆشانی خەڵکی شار و ناوچەکانی  بۆ پشتیوانی لە ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستانی لێ کەوتەوە. بۆ جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان قۆناغێکی دیکەی پڕ لە هیوا و هومێدیان دوای کۆماری کوردستان ئەزموون کردەوە، ئەو کۆمارەی کە دەکرێ بڵێین لە ڕووی گەشەسەندنی بیروباوەڕ و شعووری نەتەوەییەوە، بە دەیان ساڵ بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێش برد. هەر بۆیەش باس و خواسی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان  توانی گوڕوتینێکی بەهێز بە گوتاری شوناسخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەیەک بوو بە هۆی سیاسەتی سەرکوتکارانەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران سەرکوت کرابوو، ببەخشێ و هیوا و هومێدێکی نوێ لە باوەڕ و ئیرادەی نەتەوەیی بە خەڵک بدا. هەروەها توانی نێوەرۆکێکی پڕ ڕەنگتر لە شوناسخوازی بە بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات ببەخشێ و ئەوەی کە تێپەڕی و گوزەرا، سەلماندی کە گوتاری سیاسی و خەباتکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان گوتاری نەتەوەیی و شوناسخوازانەیە. دەتوانین ئیدیعای ئەوە بکەین کە هاوکات لە گەڵ دانی دەنگی ی خەڵکی باشووری کوردستان بە خواستی سەربەخۆیی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هاتنە سەر شەقام و خرۆشانیان، ویست و داخوازی و ئیرادەی خۆیان بۆ سەربەستی نیشان دا. خۆنیشاندان و میتینگێک کە هەر وەک ئاکامی رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، هیچ ئیرادەیەک ناتوانێ حاشای لێ بکا. بەداخەوە کۆمەڵێک هۆکاری وەک نەبوونی پشتیوانی نێونەتەوەیی، چاونووقاندنی وڵاتانی دۆستی کورد و لەبەرچاو نەگرتنی ڕادەی دوژمنایەتیی و حەساسییەتی وڵاتانی دراوسێ، دەستێوەردان و دەخاڵەتی ناوچەیی و بێ‌دەنگیی زلهێزەکان، چەسپاندنی ئاکامی رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان بۆ ماوەیەکی نادیار کرد و، هێرشێکی ناڕەوا و دوژمنکارانەی گەلەکۆمەکیی وڵاتانی دراوسی و دەوڵەتی عێراق بە هاوکاریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سپای قوردس و هێندێک دەستی ناوخۆیی، کرایە سەر هەرێمی کوردستان. هاوکات لە گەڵ گەلەکۆمەکیی دەوڵەتانی دژ بە کوردی ناوچەکە و پشتیوانییان لە حەشدی شەعبی بۆ هێرشکردنە سەر شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی ئەم گەلە، تەنیا بە تاوانی بەرزکردنەوەی دەنگی خۆی بۆ بەسەبەستی ژیان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەسەڵاتی سەرکوتکەری تاران بە گرتنە پێشی چەند هەنگاوێکی وەک؛ گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، تەعقیب و لێپرسینەوە و گرتنی کۆمەڵێک لە خۆپێشاندەرانی جێژنی ڕێفراندۆم، هێنانی هێزێکی زۆری سەرکوتگەری سپای پاسداران بۆ ناوچەکانی کوردستان و کۆمەڵێک جموجۆڵی دیکەی سەرکوتکەرانە، دەیهەوێ تۆڵە لە خەڵک بکاتەوە. بەڕێوەبردنی دوو مانۆڕی سەربازی، جموجۆڵی بەربڵاوی هێزە سەرکوتکەرەکانی لە نێو شارو ناوچەکانی کوردستان، لێدانی سەنگەر لە گۆڕەپانەکانی زۆرێک لە شارەکانی کوردستان، پێکهێنانی کۆمەڵێک کاناڵ بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەدا  بۆ نانەوەی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان و هەمووی ئەمانە، بەشێک لەو پیلانە سیستماتیکەی ڕێژیمن بۆ حەزفی چالاکانی مەیدانیی و پێکهێنانی فەزایەک لە ترس و تۆقاندن. ڕۆژی سێشەممەی رابردوو(١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی)، باقری، یەکێک لە بەرپرسانی سەربازیی رێژیم لە سپای پاسداران لە شاری ورمێ ڕایگەیاند کە لە تەواوی پارێزگاکانی رۆژاوای وڵات _ کە هەر چوار پارێزگەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە _ لە دام‌ودەزگا ئیدارییەکانەوە بگرە تا دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، لەمەو بەولا بە فەرمان و  تەشخیسی شورای ئەمیەتی میللی ئێران، لە ژێر چاودێریی و سەپەرەستیی سپای پاسداراندا دەبێ. دەستئاوەڵاکردنی سپای پاسداران لە کوردستان و خستنی شار و سنوورەکان بۆ ژێر دەسەڵات و چاودێریی ئەم هێزە سەرکوتکەرە بە شێوەی ڕەسمی، پێش هەموو شتێک دژکردەوەیەکی دوژمنکارانەی تێکەڵ بە ترسە دەرحەق بە ئیرادەی میللەتێک کە جیا لە ئازادیخوازی هیچ تاوانێکی نیە. لەوانەیە بە پێکهێنانی فەزای ئەمنیەتی و سەرکوت و تۆقاندن، دوژمن بتوانێ بۆ ماوەیەکی کورت خۆی بە براوەی مەیدانەکە بزانێ، بەڵام بارودۆخی ناوخۆی وڵات و ناوچەکە و بە گشتی ڕووداوەکانی تایبەت بەم وڵاتە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەریدەخەن کە ئەم قۆناغە زۆر ناخایەنێ و ئیرادەی مافخوازانەی ئەم میللەتە زۆر لەوە گەورەترە کە بەم سیاسەت و پیلانە ترسەنۆکانە بەچۆک‌دا بێ. دڵنیا بین لەوەی سبەی ڕۆژ لە دڵی هەموو ئەو نەهامەتی و تێکشکانەدا ژیلەمۆی سەربەستی و ڕزگاری دەگەشێتەوە شنەی سەربەخۆیی هەڵ دەکا و چریکەی ئازادیمان هەموو ئەو کەوشەنە دادەگرێ. ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)