کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قووڵتربووبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست!

14:06 - 18 خەزەڵوەر 2717

لەو چەند ڕۆژەدا جارێکی دیکە بۆ هەموان دەرکەوت گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا چ ڕادەیەک قووڵ بوونەوە. لەلایەک سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە هەنگاوێکی چاوەڕوان‌نەکراودا و تەنیا ڕۆژێک دوای دیدار لەگەڵ عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی بۆ سیاسەتی دەرەوە، لە عەرەبستانی سعوودی، وێڕای مەحکووم کردنی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان، وازی لەدەسەڵات هێنا و دەس لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاندوو و لەلایەکی دیکەش حووسییەکانی یەمەن مووشەکێکی دوورهاوێژیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی "ڕیاز" پێتەختی عەرەبستان کردو نیشانیان دا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک پەلی هاویشتۆتە وڵاتی شەڕلێدراوی یەمەن. ئەو دوو ڕووداوە بەتایبەت هەڵدانی مووشەکی دوورهاوێژ و بە ئامانج گرتنی شوێنێکی زۆر هەستیار لە پێتەختی عەرەبستانی سعوودی وەک جەمسەری وڵاتانی سوننەی جیهانی، هەم تەنگژە و بەربەرەکانی نێوان ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لەبەرەیەک‌دا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی قووڵتر کردەوە و گەیاندیە ئاستێک کە عەڕەبستانی بڵێ ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و هەم زەنگی مەترسییەک بوو بۆ ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی هاوپەیمانی کە ئەو ڕێژیمە هەوسارپچڕاوە، جێی باوەڕ نییە و دەتوانێ ناوچەکە بشێوێنی و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، هەموو هێڵە سوورەکان ببەزێنێ. هەر دوابەدوای هەڵدانی ئەو مووشەکە، سەرەڕای ئەوەی دەمڕاستەکانی ڕێژیم، دەستهەبوونی کۆماری ئیسلامییان وەدرۆ خستەوە، بەڵام ڕۆژنامەی کەیهان کە لە ژێر چاودێری خامنەیی و بە سەرنووسەری پاسدار حوسێن شەریعەتمەداری دەردەچێ، هەڕەشەی لێدانی وڵاتی ئیمارەتە یەکگرتوەکان و ئەمیرنشینی "دوبەی" کرد کە زۆر لە خاکی یەمەن دوورە و نیشان دەدا، سپای پاسداران مووشەکی دوورهاوێژ و مەودادرێژی زۆری لە یەمەن کۆکردۆتەوە و زەڕادخانەکەی ئاخنیوە. لەپێوەندی لەگەڵ دەسلەکارکێشانەوەی سەعد حەریریش‌دا هەروەک لە وتارە تەلەفیزیۆنییەکەیدا دەرکەوت، ناوبراو دەستی تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی و باسکی نیزامیی ئەو ڕێژیمە لە لوبنان، واتە حیزبوڵڵای لوبنان ڕادەکێشی کە لە ڕاستی‌دا دەستیان بەسەر ئەو وڵاتەدا گرتووە و بەتایبەت باشووری لوبنان بۆتە یەکێک لە پارێزگاکانی ئێران. سەرۆک وەزیرانی دەسلەکارکێشاوەی لوبنان و کوڕی "ڕەفیق حەریری" کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن دەست و پێوەندەکانی حیزبوڵڵا تیرۆر کرا، وێڕای باس لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران و سپای پاسداران، دەڵێ بارودۆخەکە لە لوبنان زۆر هەستیارە و پیلان هەبووە بۆ تیرۆرکرانی لەلایەن نەیارە سیاسییەکانی کە سوور دیارە مەبەستی حیزبوڵڵایە. ئەو دوو ڕووداوە لە لایەک و لەلایەکی دیکە ڕۆڵ و نەخشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سپای پاسداران لە سووریە و عێراق و نائارامییەکانی وڵاتانی ناوچە وەک بەحرەین و ئەفغانستان و پێداگریی ئەو ڕێژیمە لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییە دوورهاوێژەکانی، ڕاستی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئارامی و ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەردەخەن. بێگومان بۆ هەوسارکردنی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و ئاژاوەگێر و شەڕخوازە، ئیرادەیەکی نێونەتەوەیی و هاوپێوەندییەکی هەمەلایەنە لە ئاستی وڵاتانی ناوچە و جیهان پێویستە. ئیرادەیەک کە لە دوای هاتنەسەرکاری دەوڵەت و ئیدارەی نوێ لە ئەمریکا و بەتایبەت لەپاش ڕاگەیاندنی ستراتێژی درێژخایەنی ئەمریکا لە ئاست کۆماری ئیسلامی‌دا لە لایەن دۆناڵد تڕامپەوە دەبیندرێ و لە ئاستی ناوچەکەش‌دا بەڕوونی دیارە، "کاسەی سەبری" وڵاتانی نەیاری کۆماری ئیسلامی لێوڕێژ بووە و ئیدی ئامادە نین لەبەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا کە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبوون‌دایە، بێدەنگ بن. ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژە و لێکەوتەکانی و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو لە ناوچەدا بەهەرلایەک دا بڕۆن، ئەوەی هەر لەئێستاوە دیارە ئەوەیە لەلایەک لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەدا لە نێوان کۆماری ئیسلامی و‌ بەرەی عەڕەبستانی سعوودی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی زۆر لەجاران زیاترە و شک لەوەدا نییە ئەمریکاش لەو نێوەدا بێ‌هەڵوێست نابێ و دێتە سەر خەت و لە لایەکی دیکەش کۆماری ئیسلامی ناتوانێ وەک پێشوو لە وڵاتە قەیراناوییەکان و لەو ناوچەدا تەراتێن بکات و ببێت بە هەڕەشە لەسەر ئارامی و ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و سەرەڕای هەزاران مووشەکی دوورهاوێژی ئەو ڕێژیمە کە لە قووڵایی زەوی شاردونیەوە، ئاکامی هەر پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ ئەوەی خەسارەتی قەرەبوونەکراوەی زۆری گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە، ئەوەی دۆڕاوی سەرەکی دەبێ رێژیمی سەرەڕۆی زاڵ بەسەر ئێرانە.