کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارتی "شیعە"ی دەست کۆماری ئیسلامی و داهاتووی ئیران

19:37 - 20 خەزەڵوەر 2717

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە "کارتی شیعە"، دەیان ساڵە سەرقاڵی پەلهاویشتن بۆ وڵاتانی دەورووبەری خۆیەتی. هەموو ئەم پڕۆژەیەیشی لە ژێر درووشمی "ناردنە دەرەوەی شۆڕش" درێژە پێ داوە. لە هەر کوێی ئەم جیهانەدا تاقم یان گرووپێکی شیعە مەزهەب هەبێ، ئەوە دەست و ڕۆڵی ئێران بوونی هەیە. ئێران خۆی بە قەییوم و خاوەنداری کۆمەڵگەی شیعە مەزهەب لە هەموو جیهان دەزانێ و لەم پێناوەشدا هەر جۆرە یارمەتی و پشتیوانێک بۆ تاقم و گرووپە توندڕەوەکانی سەر بەم مەزهەبە درێخی نەکردوە. لە بەرانبەریشدا توانیویەتی جیا لە کایەکردنێکی مەیدانی بەم کارتەوە، سەرنجی زۆربەی زۆری شیعە مەزهەبەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لای خۆی ڕاکێشی و خۆی لەم پرسەدا بکاتە کانونێک لە پشتیوانی و مەرجەعییەت. حزووری بەرچاو و مەیدانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە وڵاتانی سووریە، عێراق، یەمەن، لوبنان و.... هەر لە رێگەی کەلکوەرگرتن لەم کارتەوە بووە. ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتی شیعەی سەفەوی و تەنانەت خودی خومەینیش لەم دواییانەدا خەونی پێوە دەبینی، ئێستا تا ڕادەیەک هاتوونە دی. شارەکانی کەربەل او نەجەف کە ناوەندی تاریخی و فکریی ئەم مەزهەبە بوون، ئێستا بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵات و هژموونیی ئێران دایە. بەڵام ئەوەی لەم پێوەندییەدا مەبەستمانە قسەی لە سەر بکەین، داهاتووی ئێران بە پێکهاتەی فرە مەزهەبییەوەیە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ناوچەکەدا خۆی بە خاوەنداری کۆمەڵگەی شیعە مەزهەبی جیهان دەزانێ، لە وڵاتەکەیدا لە گەڵ چالشێکی گەورەی جیاوازیی مەزهەبیی بەرەوڕوویە کە ڕاستەوخۆ لە داهاتوودا دیاری دەکا کە ئەم کارتە (شیعە) دەتوانێ چ بەرهەمێکی بۆ ئەم وڵاتە لێ بکەوێتەوە. زۆربەی خەڵکی پەراوێزی ئێران لە ڕووی جوغرافیاییەوە سەر بەو نەتەوانەن کە لە ڕووی مەزهەبییەوە جیا لە جیاوازییان لە گەڵ مەزهەبی رەسمیی وڵات، بە جۆرێک دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەمەیش چالشە گەورەکەی بەردەمی ئەم نیزامەیە. زۆربەی پێکهاتەی نەتەوەیی وڵاتی ئێران لە ڕووی مەزهەبییەوە سوننین و بە هیچ شێوەیەکیش موافقی ئەو زێدەڕەوییانەی دەسەڵاتی سیاسی _ مەزهەبیی تاران نین کە ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەدا دەیکا. بەتایبەت کە هێندێک لە سوننی مەزهەبەکانی ئێرانیش لە ڕووی هاوپێوەندی مەزهەبییەوە، پێوەندییەکی ڕۆحی و تا ڕادەیەکیش تەشکیلاتییان لە گەڵ وڵاتانی وەک عەرەبستانی سعوودی و پاکستان هەیە. هەمووی ئەمانە دەتوانن بۆ ئێران مەترسی و چالشی قووڵ بن. بۆیە ئەم فراوانخوازیانەی ئێران لە ناوچەکە بە کەڵکوەرگرتن لە کارتی شیعە و ڕاوەستان لە بەرانبەر دەوڵەتانی وەک عەرەبستانی سعوودی لە یەمەن و لوبنان و شوێنەکانی دیکە، دەتوانێ مەترسییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا بۆ رێژیم جیدیتر و گرانتر و پڕتێچووتر بکا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە هاتنە سەر کارییەوە خەریکە لە پێناو وەدیهاتنی ئیمپراتۆرێکی شیعەدا لە ڕێگەی درووستکردنی هیلالی شیعەوە کار دەکا، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ خەریکە بە دیوێکی دیکەدا، کار بۆ لێکبڵاوکردنی پێکهاتەکانی ئێران و لە مەترسی خستنی "تەواویەتی ئەرزی"ی ئەم وڵاتە دەکا. هەرچەند ئێرانییەکان ئەم مەترسییانە زۆر باش هەست پێ دەکەن و ناڕازیین بەرانبەر بەوەیکە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئەم وڵاتەیدا دەهێنێ، بەڵام کارکردنی ئەم رێژیمە لە سەر هەستی مەزهەبیی ئەو بەشە لە دەمارگرژانی خۆی کە تا ئێستا بە دەوریانەوەن، قودرەتی بڕیاردانی درووستی لە کوللی کۆمەڵگای ئێران سەندۆتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەناوی پشتیوانی لە تاقم و گرووپە شیعەکانی ناوچەکە دەیهەوێ قەیرانخوڵقێنی لە ناوچەکەدا بکا و بە قەولی خۆی کێشە ناوخۆییەکانی پێ پەردەپۆش بکات، بە سەرنجدان بە بافتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێران لە رووی جۆراوجۆری مەزهەبی و بیروڕای دێموکراتیکەوە، بە پێچەوانە دەشکێتەوەو ئەم وڵات و نیزامە لە ناوخۆ‌دا تووشی لێکترازان دەکا.