کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاولاشەکانی دوای بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان

02:50 - 23 خەزەڵوەر 2717

لە کۆتاییدا بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کەزۆرێک لە شارو شارۆچکە و ئاواییەکانی سەر بە پارێزگای کرماشانی بە خەستی گرتەوە، نزیک بە ٥٠٠ کوژراو و نزیک بە ٨٠٠٠ کەس بریندار و هەروەها ئاوارەیی و بێ ماڵەولانیی سەدان هەزار کەسی لێ کەوتەوە. ئەوەندەی پێوەندی بە لایەنی سرووشتیی ئەم کارەساتەوە هەیە، لە گەڵ ئەوەیکە شتێکی ئەوتۆی لە گەڵ ناکرێ، قسە لەسەر کردنی تەخەسووس و شارەزایی کەسانی تایبەت بەم بوارەیە. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا جێی تێڕامان و قسە لە سەرکردنە، کۆمەڵێک لایەنی دیکەی وەک؛ نائیستانداربوونی باڵەخانە دەوڵەتییەکان و سستیی دام و دەزگا پێوەندیدارەکانە بە پێڕاگەیشتنی زیاندیتووان. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە خودی سەرچاوەکانی تایبەت بە دام و دەزگاکانی رێژیم بڵاو بوونەتەوە؛ زۆربەی خەساردیتووانی ئەم بوومەلەرزەیە ئەو کەسانەن کە لە باڵەخانەکانی ناسراو بە "مسکن مهر"دا نیشتەجێ بوون. مەسکەنی مێهر، پڕۆژەیەکی دەوڵەتی بوون کە لە سەردەمی سەرکۆماریی مەحموودی ئەحمەدینژاد‌دا هاتنە ئاراوە و ٤ ساڵ پێش ئێستا ئامادەی نیشتەجێبوون کران. هەر ئەو کاتیش دژبەرانی ئەم پڕۆژەیە، بەتایبەت کارناسانی مەسایلی عومرانی، زۆریان هاوار کرد و رەخنەیان لەم پرۆژەیە گرت و بە نائیستانداریان ناو برد و باسیان لە کەموکوڕییەکانی ئەم پرۆژەیە لە رووی خەسارهەڵگرییەوە کرد. بەڵام بەداخەوە کەس گوێی لێ نەگرتن و لە کۆتاییدا وێڕای گەندەڵییەکی زۆر ماڵی لەم پڕۆژەیەدا، باڵەخانەکان بە دنیایەک کەمووکوڕییەوە تەواوکران و کلیلەکانیان لە بەرانبەر پۆڵ و پارەیەکی زۆردا تەحویلی هاووڵاتیان درا. بەڵام وەک دیتمان و دەرکەوت، زۆربەی خەساردیتوانی بۆمەلەرزەکەی پاریزگای کرماشان، نیشتەجێبووانی ئەم باڵەخانانە بوون. لایەنێکی دیکەی ئەم بوومەلەرزەیە، سستیی ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانە لە پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی بوومەلەرزە لێدراوان و کەمتەرخەمیی لە بەهاناوە چوونیان. دوای ٢٤ کاتژمێر تێپەڕبوون بەسەر کارەساتەکەدا، نەتەنیا زۆربەی زیان دیتوان لە پێڕاگەیشتن و بەهاناوەچوون بێبەش بوون، کەچێ هێشتا تیم یان ستادێکی تایبەت بۆ پێڕاگەیشتن بە زیاندیتووان و کۆنترۆڵکردنی کارەساتەکە پێک نەهاتبوون. زۆربەی زیان لێکەوتووان بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی و دابینکردنی شوێنێک بۆ نیشتەجێکردنیان و، تەنانەت چادرێک بۆ حاوانەوەیان، ئاوارە و وەیلانی پارک و کووچەو کۆڵانەکان بوون. دابیننەکردنی ئیمکانات و پێداویستیی پێویست و زەرووری بۆ تیمەکانی پێڕاگەیشتن، کە ئەویش زۆربەیان سەربە هێزەکانی سپای پاسداران بوون، لایەنێکی دیکەی کەمووکوڕییەکان بوون کە جیا لە کەمتەرخەمیی بەرانبەر بە گیان و ماڵی هاووڵاتیان ناتوانێ هیچ پاساوێکی دیکەی هەبێ. وەک لە وێنە و گرتە ویدیۆییەکاندا دەردەکەوێ، ئەم هێزەی کە وەک تیمی پێڕاگەیشتن بە زیان لێکەوتووان دیاری کراوە، بە بێ ئەوەی سەرەتاییترین ئیمکانات و پێداویستیی ئەرکە پێڕاسپێردراوەکانیان پێ بێ - هەر وەک خەڵکە ئاساییەکە - دەستەوەستان تەنیا چاولێکەرن و، وەک خۆیان باس دەکەن تەنانەت نازانن بۆچی لەوێن و دەتوانن چ بکەن!. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەگەر لە وڵاتانی سووریە و لوبنان و بۆ هێزە توندڕەوە تێرۆریستییەکانی سەربە خۆیان هەر ڕووداوێکی ناخۆش بێتە پێش، ئەوە هێزە تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە بە ئیمکاناتی تەواوەوە حزووری دەستبەجێ و فەورییان دەبێ! وەک باس دەکرێ بە هۆکاری سستی نواندن لە پێڕاگەیشتنەکان و نەبوونی ئیمکانات و پێداویستیی تایبەت بە مەبەستی هەوڵدان بە رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی ماڵە ڕووخاوەکاندا بەجێ ماون و هەروەها بە هۆی نەبوونی شوێنی تایبەت و نزیک بۆ پێڕاگەیشتن بە بریندارانی ئەم بوومەلەرزەیە، بەداخەوە لەوانەیە ئاماری کوژراوان روو لە زیادبوون بکا کە ئەمەیش تەنیا و تەنیا رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێی بەرپرسیارە. بەڵام دیسانیش هاونیشتمانیانی کوردستان لە هەموو شارو ناوچەکان، پێویستە لەم پێوەندییەدا بە ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی خۆیان هەستن و بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ و دەگونجێ، یارمەتیی خوشک و براکانی خۆیان لە شار و ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان بکەن. ئێستا کە وەرزی سەرماو سۆڵە، بێگومان زیان لێکەوتووان پێویستیان بە شوێنێک بۆ حەوانەوە و دوور ڕاگرتنی ماڵ و منداڵیان لە سەرما و نەخۆشی‌یە. بۆیە هاونیشتمانیانی هەمیشە بە هەڵوێستی کوردستان، پێویستە بە پێکهێنانی تیمی جیاجیا، هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی و پێداویستیی تایبەت بۆ خوشک و براکانیان لە شارو ناوچەکانی پارێزگای کرماشان بدەن. بە پێی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانی، هەموو هاونیشتمانانی ئازیزی کوردستان پێویستە لەم دەرفەتە‌دا بە هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی برا و خوشکەکانیان لە و شار و ناوچە و گوندانەی پارێزگای کرماشان کە بە هۆی بوومەلەرزەوە زیانیان لێ کەوتووە، بیسەلمێنن کە لە تەنگانەدا پشت و پەنای یەکترین و، بە یەکریزییەوە رووبەرووی هەموو پێشهاتێکی سرووشتی و ناسرووشتی دەبنەوە.