کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەکەی کرماشان و شانازی و سەروەریی نەتەوەییمان

17:20 - 24 خەزەڵوەر 2717

بوومەلەرزەکەی کرماشان ماڵوێرانی و ئاوارەیی زۆری لەگەڵ خۆی هێنا، ئەویش بۆ نەتەوەی هەژار و لەپەراوێزخراوی کورد لە ئێران کە ئەو دەردەی لێ بوو بە دەردی سەرباری دەردان، بەڵام ئەو سیگناڵانەش گرینگن کە لەو بوومەلەرزەیە و ڕووداوەکانی پاش ڕوودانی پێمان دەگەن. هەر کە هەواڵ هات هەموو ڕاچەنین و تاساین بەڵام زوو کەوتینە خۆ؛ زۆر زووتر لە لایەنە بەرپرس و حکومەتی و دەوڵەتییەکان کە بەپێی یاسا و ڕێسای هەر دەسەڵاتێک و بەڕێوەبەرییەک ئەرکیانە دەست ببزێون؛ کەچی هەم بە درەنگەوە وەخۆ کەوتن و هەم کەمیان کردوە و تەنانەت دەبینین بەوەش ناوەستن و لە یارمەتییەکانی خەڵکی دەدزن و عەمبارەکانی خۆیانی پێ پڕ دەکەن هەتا دوایە بۆ غەززە و لوبنان و .... بنێرن. ئەوەی جێی تێڕامانە لەسەر هەستبوونی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. حیزبە سیاسییەکان دەسبەجێ بانگەوازی بەهاناوەچوونیان دا و هەموو ئیمکاناتی ڕاگەیاندن و تەشکیلاتیی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرد. لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتیش هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی کەوتنە گەڕ. پاڵەوانەکانی وەرزشیمان میداڵەکانیان دانا بۆ حەراج هەتا لە فرۆشیان خشتێک بنێنە سەر خشتی دیواری بەدەنگەوەچوون. منداڵانمان داخڵەکانیان شکاند و پاشکەوتی ڕۆژانەیان و بووکەڵە و گەمەی یاریکردنیان بەخشی بۆ ئەوەی لەو ناخۆشی و مەرگەساتەدا بزەیەک بخەنە سەر لێوی منداڵانی دڵشکاوی تازیەباری لێوبەباری زیاندیتووی نیشتمانیان. کەم نەبوون تازەبووک و تازەزاواکانمان کە نوێماڵی ژیانی هاوبەشییان دانا بۆ ئەوەی ماڵۆچکەیەک بۆ بنەماڵە ماڵ کاولبووەکانی کرماشان چی بکەنەوە. وێنەکانمان بینی و زۆر بوون ئەو کیژە دەسگیراندارانەی کە هەموو خەونی ژیانیان لەبەرکردنی جلی بووکێنییانە، هاتن فرۆشتیانن و پووڵەکانیان کردە حیسابەوە بۆ ئەوەی مەرهەمێک بێ بۆ دڵی برینداری خوشک و برا لێقەوماوەکانیان... زۆربوون ئەو ئەو دایکانەی لە هەموو شارەکانی کوردستان لە تەنیشت تەندوور و پەرەمێس دانیشتن و دەستیان کردن بە نان و کولیرەکردن و ناردنیان بۆ ئازیزانی لێقەوماویان. ئەو قوتابییانەی لە حەوشەی خوێندنگەکان ڕیزیان بەست و ڕۆژانەی خۆیان خستە سندووقەکان و، وەرزێڕ، بازاڕی، کارمەند، کچ و ژنی ماڵێ، قوتابی، کرێکار و مامۆستا و هەموو چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگەیە کە خرۆشان و وەخۆ کەوتن و هەر کەس بەپێی توانا هاتە پێشێ. کەمپینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی لە هەموو شار و تەنانەت گوندەکانی کوردستان وەڕێ خران و خێوەتیان بۆ هەڵدرا، ئەگەرچی لەلایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە کارشکێنیی زۆر کراون و لە زۆر جێ چەتیان خستووە نێو کار و بەرنامەکانیان، بەڵام کۆڵیان نەداوە و بەردەوامن.... کەس درێغی ناکا... ئێمە نەتەوەین و شایانی هەموو شتێکین، ئەگەر خۆمان بمانەوێ، بێگومان دەوڵەتیش ئەوە دەزانێ و بۆیە ئاوا جیاوازی دادەنێ، بۆیە بەوەخت بۆ هەڵمەتی فریاکەوتنی لێقەوماوان نەکەوتە خۆ، بۆیە شینی خەڵکی کرماشان بە خەمی هەموو وڵات نازانێ و ماتەمینیی گشتی ڕاناگەیەنێ، بۆیە کۆسپ دەخاتە بەردەم هاریکاریی خۆبەخشانەی خەڵک، بۆیە تەنانەت لە یارمەتییەکانی خەڵک دەدزێ و نایانگەیەنێتە دەستی ئاتاجەکانی ئەو کارەساتە، بۆیە هاواری لێقەوماوان و دەنگی بێدەرەتانی و بێ ئەنواییان کپ دەکا و سانسۆڕیان دەکا و نایەڵێ لە میدیای سەرتاسەریدا بڵا ببنەوە و زۆر بۆیەی دیکەش. ئەوەی لە بەهاناوەچوونی خەڵکی کوردستان لەو چەند ڕۆژەدا دەیبینین سامانی مەعنەویی بەنرخ و بەهای میللەتێکن کە شایانی هەموو شتێکن. بێگومان تا خاوەنی ئەو هەست و سەروەری و ئینتیما نەتەوەییە بین، دوژمن و نەیار ناتوانن زەفەرمان پێ ببەن و لە خەون و شکۆکانمان دوورمان خەنەوە.