کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەی کرماشان و لێکەوتەکانی!

15:58 - 25 خەزەڵوەر 2717

چەند ڕوژ لە ڕوودانی بوومەلەرزەی شارەکانی کرماشان تێدەپەڕێ و خەڵکی ناوچە و شارە زیانپێگەیشتووەکان، هێشتا لەبەر کەمی و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک چادر و کەرەسەی خۆ گەرم‌کردنەوە و خواردەمەنی دەناڵێنن. ئەوە لەحاڵێک‌دایە کە لە دەیان گوندی ناوچە شاخاوییەکانی دەڤەری داڵاهۆ و سەرپێڵ و قەسری شیرین ئێستاش جگە لە خەڵکی ناوچەکان کەس بە هانای لێقەوماەوکانەوە نەهاتووە و زۆر لە قوربانیانی ئەو کارەساتە لەو گوندانە هەر لە ژێر دارو پەردووی کاولاشەکان‌دا ماونەتەوە. جگە لەوەش سەرما و سۆڵەی پاییزی بەتایبەت لە درەنگەشەوان و لە ناوچە شاخاوییەکان‌دا بڕستی لە خەڵکی لێقەوماو بڕیوە و تەنگی پێهەڵچنیون. لەو نێوەدا منداڵ و پیرو پەککەوتەکان زۆرتر ئازار دەبینن و دەچەوەسێنەوە. هەر لە سەرەتای ڕوودانی بوومەلەرزەکەوە، بە لەبەرچاوگرتنی گەورەیی  هێزیی وێرانکەرەکەی، چاوەڕوان دەکرا زیانەکانیشی لە هەموو بوارەکان‌دا زۆر و بەرچاوبن. ٣.٧ لەسەر دەی ریشتێر لەو بوومەلەرزە کارەساتبارانەیە کە دەتوانێ کاریگەری لە سەر ژیانی سەدان هەزار کەس هەبێ، هەربۆیەش چاوەڕوان دەکرا دەوڵەت و دامودەزگا حکوومەتییەکان و مانگی سوور و ئەوەی پێی دەڵێن "ستادیی بەڕێوەبەریی قەیرانەکان" زووتر وەخۆ بکەون و دەفریای لێقەوماوەکان بێن. بەڵام هەر وەک لەو چەند ڕۆژەدا دیتمان دەوڵەت و ئۆرگانە حکوومەتییەکان و ئەو ستادەش نەیانتوانی یان نەیانهەویست! لەئاست گەورەیی ئەو کارەساتەدا بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هەتا ئێستاش زۆربەی بوومەلەرزە لێدراوەکان بێ ئیمکانات و   بێ‌دەرەتان لە سەرماو سۆڵەدا ماونەتەوە. ئەوە لە حالێک‌دایە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و زۆربەی وڵاتانی ناوچە و جیهان هەر لە یەکەم ساتەکانی ڕوودانی بوومەلەرزەی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی لێقەوماو ڕاگەیاند، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم و یەک لەوان محەممەدجەوادی زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوە ڕایانگەیاند کە ئێمە پێویستمان بە هاوکاریی دەرەکی نییە و بۆخۆمان و بە ئیمکاناتی نێوخۆیی دەتوانین پێداویستییەکان دابین بکەین؛ ئەویش چۆن دابین‌کردنێک؟! دامودەزگاکانی ڕێژیم نەک هەر نەیانتوانی دەروەستی لێکەوتەکانی بوومەلەرزەی ناوچەکانی کوردستان ببنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی لێقەوماو دابین بکەن، بەڵکوو تەنانەت لە دابەشکردنی ئەو کەلوپەلانەی لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەکانەوە دابین کرابوون، یان ئەو یارمەتییە مرۆییانەی خەڵکی شارو گوندەکانی کوردستان و باقی ناوچەکان بۆ لێقەوماوەکانیان ناردبوون، هەڵاواردنیان کرد و زۆر لەو ناوچە و گوندانەی کە خەڵکی کوردی یارسانی ‌تێدا دەژین لە بێبەشی‌دا ماونەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پێ‌ڕەوا نەبیندراوە. جگە لەوەش بوونی سپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی دیکە، کەشێکی بەتەواوی ئەمنییەتی بەسەر ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان‌دا کێشاوە و لەڕاستی‌دا ئەو هێزانە لە بری ئەوەی یارمەتی خەڵکی ئاوارە و ماڵوێران بدەن، یان چاو لە خەڵکی سوور دەکەنەوە و هەڕەشە دەکەن، یان بوونەتە "سەگی(چێوداری) گورگەمێش" و خەریکی ڕاو و ڕووتن. هەر بۆیەش دیتمان لە سەردانەکەی ڕووحانی بۆ ناوچەکە، خەڵکی بەتێکڕای دەنگ بە دژی سپای پاسداران و کردەوەکانی دروشمیان دەدا و ناڕەزایەتی خۆیانیان لەو دەزگا داپڵۆسێنەرە دەردەبڕی. ئەو کارەساتە مرۆییە هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراو و نزیکەی دە هەزار برینداری لێکەوتۆتەوە، ئەوە لەحالێک دایە کە "ئەحمدی سەفەری" نوێنەری شائاباد دەڵێ زیاتر لە هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکان کوژراون و زۆر کەسیش هەتا ئێستا بێ‌سەر و شوێنن و ڕەنگە لەژێر دارو پەردووی بینا ڕووخاوەکان‌دا زیندوو مابن. ئەو کارەساتە لەگەڵ زیان و لێکەوتە گیانی و ماڵییەکانی کە لەئەژمار نایەن، لەلایەک نیشانی‌دا دەزگای گەندەڵ و داتەپیوی کۆماری ئیسلامی تونای ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتی لەم چەشنەی نییە و مەرگی هاووڵاتیانی کورد و ماڵوێرانیان، کاربەدەستانی ڕێژیم "ڕاناچڵەکێنێ" و بۆیان گرینگ نییە و لەلایەکی دیکەش گەلی کورد لە شارو گوندەکانی کوردستان  لە هەموو ئێران نیشانی‌دا تەنیا لە شایی و خۆشی‌دا لەگەڵ خوشک و براکوردەکانیان‌ نین و لە شین‌وشەپۆڕیش‌دا لە گەڵیانن و هاوخەمیانن و بە هەموو تواناکانیانەوە بە هانایانەوە دەچن. کاروانەکانی یارمەتی کە لە هەموو شارو گوندەکانی کوردستان بەرە و داڵاهۆ و سەرپێڵ و قەسری شیرین و کرماشانی کوردان دەچوون  بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژانی داهاتووشدا هەر بەردەوام دەبن و کۆی ئەوانە وێڕای سەدان میلیون تمەن هاوکاریی دیکە نیشاندەری ئەو ئینتما نەتەوەییەیە کە تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردی خاوەنداریی دەکات.