کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ئەردۆغان و داهاتووی کورد لە سووریە

13:54 - 29 خەزەڵوەر 2717

لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشێک لە کادر و بەرپرسە پلەبەرزەکانی حیزبی داد و گەشەپێدان، زۆر بە ڕقەوە هەڕەشەی بە وتەی خۆی ئازادکردنی دەڤەری "عەفرین" لە رۆژاوای کوردستانی دەکرد و شیروتیری لە نەتەوەی کورد و یەپەگە دەسوو. ناوبراو وێڕای ڕەخنەی توند لە ئەمریکا سەبارەت بە پشتیوانی لە هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە) کە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" زۆرینەی پیک دێنن، نەیشاردەوە بەتەمان بە هاوکاریی هێزەکانی بەناو ئەرتەشی ئازادی سووریە و دەستەوتاقمە دەسکردە تورکەمانەکان، سەرەتا عەفرەین گەمارۆ بدەن و پاشانیش ڕادەستی خەڵکی ڕەسەنی ئەو دەڤەرەی بکەن! تورکیە هەر بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە ڕووسەکان کردووە هێز و پێگە نیزامییەکانیان لەو ناوچەیە راگوێزن. دیارە ڕووسەکان هەر زوو هاتنە دەنگ و ڕایانگەیاند هێز و پێگەکانیان لەو ناوچانە ڕاناگوێزن و لەگەڵ هەرچەشنە هێرشێک بۆ سەر عەفرین ناکۆکن. جگە لەوەش دەوڵەتی ئامریکاش بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە کە درێژە بە پشتیوانی لە هەسەدە دەدات و ئەولەوییەتی ئەوان لە ئێستا دا لەناوبردنی داعشە و لەگەڵ ڕووسیەش بۆ ئەو مەبەستە ڕێککەوتوون. سەرەڕای ئەمانە ناکرێ بوونی بەهێزی تورکەکان لە سووریە نادیدە بگرین و چاو لە پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە بنووقێنین. لەراستی‌دا هێڵی گشتی سیاسەتی تورکیە لە پاش هاتنەکایەی ڕووسەکان لە سووریەدا بەتەواوی گۆڕانی بەسەرداهات.  ڕەنگە ئێستا سیاسەتی تورکیە لە سووریەدا لە هەموو ئەکتەرەکانی دیکە ڕوون‌تر بێ، چونکە ئەو حکوومەتە کە لە سەرەتادا زۆر بەڕژدی پێداگر بوو لەسیاسەتی لەسەرکارلادانی بەشارئەسەد و لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانەکانی تێچووی زۆریان بۆ ڕێکخستنی بەناو ئەرتەشی ئازاد و ئۆپۆزسیۆنی سووریە تەرخان کردبوو، پاش هاتنەکایەی بەکردەوەی ڕووسەکان و گۆڕانی باڵانسی هێز بە سوودی بەشار ئەسەد و ڕێژیمی کۆماری  ئیسلامی و هەروەها لەدوای ئەوەی تورکیە تێگەیشت هێزە کوردییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان خەریکن جێ پێی خۆیان خۆش دەکەن و ئەمریکاش لەو دووساڵەی ڕابردوودا سەرەڕای پێناخۆشبوون و ڕەخنەی توندیان، لە شەڕی داعش‌دا پشتیوانی و هاوکارییان دەکات، زوو هەستی بە مەترسیی دەسەڵاتێکی کوردی لە چەشنی حکوومەتی هەرێم کوردستان کرد و ئیستراتێژی و سیاسەتی خۆی لە سووریە بە ئاراستەی دژایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد لەو بەشە لە کوردستان‌دا بەهەر چەشن و شێوەیەک و بەهەر تێچوویەک داڕشتەوە. هەربۆیەش دەبینین لە لێدوانەکانی ئەو دووساڵەی ئەردۆغان و باقی کاربەدەستانی تورکیەدا کەمتر لە پێشوو باس لە سیاسەت و کردەوە دژی گەلیەکانی بەشار ئەسەد دەکرێ و ئەگەر ڕەخنەیەکیشیان هەیە، لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی کە بەپێچەوانەی ویست و ئیرادەی تورکیە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان دەکەن. جگە لەوەش ڕوون و ئاشکرایە، ئەردۆغان و پارتە ئیسلامییەکەی هەمیشە خەون بە خەلافەتی عوسمانییەکانەوە دەبینن و بە حەسرەتەوە باس لە هێز و دەسەڵات و پانتایی جوغرافیایی ئەو وڵاتانە دەکەن کە سەردەمانێک لەژێر دەستی تورکە عوسمانییەکاندا بوون، هەر بۆیەش دوور نییە ئەردۆغان بیر لە داگیرکردنی دەڤەری عەفرین بکاتەوە و وەک "ئەنتاکیە" کە لە ساڵی ١٩٣٩ لەلایەن ئەو وڵاتەوە داگیر کرا و پاشان لە ساڵی ١٩٤٦ دوای ڕاپرسییەکی گوماناوی بە فەرمی خستییە سەر پارێزگای "خەتایی"، ئەو خەونەش بۆ عەفرین ببینێ. بەتایبەت کە لەلایەک لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەردەوام باسی رێژەی بەرزی تورکەمەن  و عەڕەبەکان لەو پارێزگایە دەکات و باڵادەستیی ڕێژەی نەتەوەی کورد دەخاتە ژێر پرسیار. ئەوە لەحالێک دایە کە ڕێژەی کورد لە عەفرین کە لە ڕابردوودا و لە نووسراوە و بەڵگە مێژووییەکان‌دا بە "چیای کوردان" و بەعەرەبیش "جەبەلول ئەکراد" ناسراوە، زیاتر لە سەدا نەوەدی دانیشتوانەکەی کوردن و کەمایەتی وەک عەڕەب و تورکەمان و دەرووزیشی لێ دەژین. هەر بۆیەش پرسیار ئەوەیە ئەردۆغان دەیەوێ پاش وەدیهێنانی خەونەکەی، واتە بە وتەی خۆی ئازاد کردنی ئەو دەڤەرە ڕادەستی کام خەڵکی ڕاستەقینەی بکاتەوە. لەهەر حال‌دا دەبێ کورد لەو بەشە لە کوردستان لەگەڵ ئەوەی دەبێ نێوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە و واز لە تەفرەقە و دووبەرەکایەتی بێنێ، دەبێ ئەو هەڕەشانە بە جیددی وەرگرێ؛ بەتایبەت کە هەر لەو سەرووبەندەدا بەشار ئەسەد و کۆماری کوردکوژی زاڵ بەسەر ئێراندا ڕایانگەیاندوە کە لەگەڵ هیچ جۆرە فێدێڕاڵی و لامەرکەزیی نەتەوەیی نین و سووریە "عرووبە"یە و لە داهاتووش دا هەر وا دەبێ و لە پاش دەسبەسەرداگرتنی پارێزگای دێرەلزوور بەرەو شاری ڕەققە دەڕۆن و بە وتەی خۆیان ئازادی دەکەن. ئەوە نیشان دەدا سووریەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بە هیچ چەشنێک دان بە مافی کورد دانانێ و دەبێ کوردەکان بۆ پاراستنی دەسکەوتە نەتەواییەتیەکانیان بەوریاییەوە مامڵە لەگەڵ هەڕەشەی داگیرکەرانی کوردستان و ڕووداوەکانی داهاتوو بکەن.