کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوەی لەم چەند رۆژەی رۆژهەڵاتی کوردستان رووی‌‌دا

13:56 - 29 خەزەڵوەر 2717

ئەوەی لەم ماوەیەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووی‌ دا، لە نەوعی خۆی‌دا بێ‌وێنە بوو. هەر دوای چەند سەعات تێپەڕین بە سەر بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان‌دا کە چەند شارێکی بە خەستی گرتەوەو وبە سەدان هەزار ئینسان تیایدا بە شێوەی جۆراوجۆر زەرەرمەند بوون و زیانیان لێ کەوت، هەڵمەتێکی بێ وێنە لە هاوکاری و بەهاناوەچوون لە لایەن خەڵک لە شارو ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. لەوە بوگزەرین کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕاستی زۆر کەمتەرخەم بوو بە نیسبەت ئە کارەساتەوەو بەهانای خەڵکەوە نەچوو کە بۆ هەموو کەس و بەتایبەت بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوان روون و ئاشکرایە کە بۆچی پشت گوێ خران، بەڵام ئەوەی لەم پێوەندییەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەو دوو حەوتوویەدا رووی‌دا لە ڕاستی‌دا شیاوی لێ‌وردبوونەوە و قسە لەسەر کردنە. "هەمگەرایی نەتەوەیی" و "بەرزیی ئاستی شعووری نەتەوەیی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێک‌ دایە کە بە روونی دەکرێ لە هەموو ئەم رووداوانەدا ڕاشکاوانە بیبینی و هەستی پێ بکەی. هەر دوای کەمتر لە چەند کاتژمێرێک کە خەڵکی چەند شاری پارێزگای کرماشان ئەم کارەساتەیان بەسەر هات، دەستبەجێ و زۆر خێرا خەڵکی تەواوی شارو ناوچەکانی کوردستان بە پێی هەست و شعووری بەرزی نەتەوەیی خۆیان، دەستیان دایە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستیە پێویستەکان بۆ خوشک و براکانیان لە پارێزگای کرماشان. ئەوان کە دەیانزانی و هەر لە یەکەم ساتەکانەوە بۆیان روون بووەوە رێژیم کەمتەرخەمی دەکات، بە شێوەیەکی رێک و پێک و رێکخراو، خۆیان دەستبەکار بوون. لەم نێوەدا چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی کە جێی متمانەی کۆمەڵگان، بە شێوەیەکی رێکخراو مودیرییەتی وەزعەکەیان بەدەستەوە گرت و کەوتنە سازماندانی ئەم ئیرادە ئینسانی و نەتەوەییەی خەڵک. پێش هەموو شتێک شوێنیان بۆ کوکردنەوەی یارمەتییەکان یاری کرد و، پاشان داوایان لە خەڵک لە هەموو شارو ناوچەکانی کوردستان کرد کە لەو شوێنانەی بۆیان دیاری کراوە یارمەتییەکانیان کۆبکەنەوە و دواتر مودیرییەتی چۆنیەتی بەڕێکردنی ئەم یارمەتیانەیان بە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو کرد. لایەنێکی دیکەی ئەم پرسە، پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی رێژیم بوو کە خەڵک و چالاکانی مەدەنی بە کەڵک وەرگرتن لە فەزای مەجازی دەستبەجێ یەکتریان ئاگادار دەکردەوەو بەرپەرچیان دەدانەوە. رێژیم هەر لە سەرەتاوە دەیهەویست لە رێگای رێکخراوی هیلالی ئەحمەرەوە دەست بە سەر یارمەتییەکانی خەڵک‌دا بگرێت و بە کەیفی خۆی دابەشیان بکات کە بێ‌گوومان بەشی زۆری دەدزران. بەڵام خەڵک بە متمانەکردن بە چالاکانی مەدەنی و نەتەنیا یارمەتییەکانیان تەحویکی دام ودەزگاکانی رێژیم نەدا، بەڵکوو تەنانەت لە گەیاندن و دابەشکردنیشیان‌دا نوێنەرانی خۆیان ڕاستەوخۆ چاودێری پرۆسەکەیان دەکرد. رێژیمی زۆری هەوڵ‌دا بە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە، ئاستی زیانی ئەم کارەساتە زۆر کەم نیشان بدات، بەڵام خەڵک و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی بە حزووری مەیدانییان دەسبەجێ ڕاستییەکانیان بڵاو دەکردەوە. لە جەریانی ئەم پرسەدا، کەسێک لە خێرخوازان، کاک ئەبووبەکر مەعرووفی بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لە دەست‌دا. خەڵک مەرگی ئەم پیاوەیان کردە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بۆ جارێکی دیکە هەمگەرایی و هەستی نەتەوەیی خۆیان نیشان بدەن. بۆیە بە شکۆیەکی بەرزەوە تەرمی شەهید ئەبووبەکر شار بەشار و دێ‌بەدێ لە کرماشانەوە بۆ بۆکان بە نێو ئاپۆڕای دەیان هەزار کەسیی ئەم نیشتمانەدا بەڕێ کرا. ئەوەی لەم چەند رۆژەدا رووی دا، دەریخست کە کۆمەلگای رۆژهەڵاتی کوردستان لیپاولیپ لە هەست و شعووری بەرزی نەتەوەی و ئینسانی‌یە، دەریخست کە ئەم میللەتە سەرەڕای سیاسەتی داپلۆسین و سەرکوتی دەیان ساڵەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران، هەروا لە سەر پێ و بە ئیرادەیە، دەریخست کە ئەم میللەتە خاک و خەڵکی خۆی خۆش دەوێ، دەریخست کە کۆمەڵگای مەدەنی لە نێو ئەم میللەتەدا خاوەن کاریگەری و قابیلی قبووڵە، دەریخست کە خەبات و بەرەنگاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروا بەگوڕ و تینە.