کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی ٩٥ میلیارد دۆلاری سامان هەیە و سەدا ٩٥ی خەڵکی ئێرانیش هەژارن

14:34 - 30 خەزەڵوەر 2717

لە ئێران شۆڕش کرا بۆوەی مەودای هەژار و دەوڵەمەند نەمێنێ، شۆڕشگێڕەکان نووکەی پەلاماریان لە "شا" بوو. دەیانگوت شا بۆ خۆی لە کەشکەڵانی ئاسمان و لە کۆشکەکانیدا دانیشتوە و ئاگای لە خەڵکی بێ ئەنوا نییە کە لە قەراغ شارەکان بەسەر یەکتریدا مەڵاس بوون. شۆڕش سەرکەوت و شۆڕشگێڕەکان و یەک لەوان جەنابی خامنەیی کە ئێستا ڕێبەری ڕێژیمە، بناغەی نیزامێکیان داڕشت کە دروشمیان بۆ دەدا و خەڵک بۆ ئەو دروشمانە حەمەڕەزاشای پەهلەوییان لە تەختی شایەتی هێنایە خوارێ. چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیوە و کۆشکەکان هەر لەجێی خۆیانن، تەنیا خەڵکەکەی ناویان گۆڕاون، شای پێشوو جلوبەرگی ڕازاوە و خەمڵاو بە میدال و نیشانی شایەتیی دەبەر دەکرد و ئەوەی ئێستا عەبا و مەندیلی هەیە و ئەنگوستیلەی نقیمداری لە دەست دایە... خەڵکی ئێران هەژارتر و بێ ئەنواتر بوون و مەودای دارا و نەدار لەو وڵاتەدا قەت هینده‌ی ئێستا نەبوە، بەو جیاوازییە کە ئەوانەی دەوڵەمەندن و هەیانە، بەشی کەمی کۆمەڵگەن و هەژار و بەشمەینەتەکەش زۆرینەی ڕەهان. ئێستا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئەرکە و خراوەتە سەر شانی کە دەبێ سەروەت و سامانی عەلی خامنەیی و ٨٠ کاربەدەستی دیکەی ڕێژیمەکەی، بە تایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران ئاشکرا بکا. کۆمیتەی کاروباری ماڵیی کۆنگرەی ئەمریکا لەسەر وەزارەتی خەزێنەداریی کردوە کە دەبێ ڕوونی بکاتەوە خامنەیی، حەسەن ڕوحانیی سەرکۆمار، ئەندامانی شوڕای نیگابان، ئەندامانی مەجلیسی خیبرەگان و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، وەزیری ئیتلاعات، حوسێن تائیب سەرۆکی بەشی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و زیاتر لە ٨٠ کاربەدەستی گەورەی ئەو ڕێژیمە چەندەیان سەروەت و سامان لەسەر یەک داناوە. بڕیاریش وایە دوای تەواوبوونی کارەکە ڕاپۆرتەکەی ئاشکرا بکرێ و لەسەر ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دابندرێ و خەڵک هەموو بیبینن. قسە ئەوەیە کە نەک ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا، بەڵکوو ئیدی هەمووان دەزانن کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە بەشی سیاسی و ئەمنیەتی و چەکداریدا هەتا بینەقاقا لە گەندەڵی تێوەگلاون و هیندەیان سامانی ئەو وڵاتە بە تاڵان بردوە کورد گوتەنی ڕەنگبێ بە حیسێبی خۆشیان نەزانن.  وەک چۆن ڕۆژ نییە هەواڵی گەندەڵییەکی چەند میلیارد تمەنی کە هیچ، چەند هەزار میلیارد تمەنی لەو وڵاتەدا ئاشکرا نەکرێ و ئەوانەش کە کردوویانە و دەیکەن هەمووی کاربەدەستی هەرە درشت و گەورەی ڕێژیمن کە تازە بەشێکی زۆر کەمی ئەو گەندەڵییانە ئەویش لە سایەی ڕکەبەریی نێوخۆیاندا ئاشکرا دەبن و بەشی هەرە زۆری لەبەر لایەنی ئەمنیەتی! و پاراستنی ڕیژیمه‌که‌یان پووشبەسەر دەکرێن و بێدەنگەیان لێ دەکەن. بروس پۆلیکوین، نوێنەری کۆماریخواز لە کۆنگرەی ئه‌مریکا و یەک لە ئامادەکارانی ئەو پڕۆژە یاسا و بڕیارە دەڵێ چوونەسەرێی هەژاریی هەوسارپچڕاو لە ئێران پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ گەندەڵیی بەلێشاو و سیستماتیک لە نێو توێژی دەسەڵات و بڕیاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەدا. خەرمانانی ئەمساڵ دامەزراوەی ناحکومیی "بورگێن" کە بە کاری بەربەرەکانی لەگەڵ هەژاری لە دنیادا خەریکە، ڕایگەیاند ئاستی هەژاری لە ئێران بەهۆی فەساد و گەندەڵیی دەوڵەتی و دەستبەسەرداگرتنی توێژی دەسەڵاتدار بەسەر هەموو جومگە ئابوورییەکانی ئێران بە شێوەی سەرسووڕهێنەر زیادی کردوە. ئامارەکان دەڵێن تەنیا سەدی 5ی خەڵکی ئێران کە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و بنەماڵە و بازنەیەک لە خزمان و کەسوکاری ئەو دەگرێتەوە هەر هەموو سامان و سەروەتی وڵاتیان لە بن چنگی خۆیان ناوە و سەدی 95ی خەڵکیش هەژار و ئاتاج و بێ ئەنوان. به‌ تۆزێک سەرنج و وردبوونەوە لە سەر چندراوەکانی هێز و دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا بۆمان دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی رێژیمێکە گەندەڵی لە هەناویدا دروست دەبێ. ڕێژیم بازنەیەکە لە کۆمەڵێک کاربەدەست کە بەشی زۆریان خزمایەتییان لەگەڵ یەکتری دروست کردوە و بەردەوام لە شوێنێک و بەشێکی رێژیمەوە دەچن بۆ شوێنێکی دی. ئەو کۆمەڵە کەس و بنەماڵەیە لەو بازنەیەدا سەرەڕای هەموو جیاوازیی بیرو بۆچوونەکانیان، بەڵام لە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی بنەماڵە گەورەکە! واتە ڕێژیمەکەیان و سفرە ڕاخراوەکەی بەردەمیان بۆ هەڵڵوشینی سەروەت و سامانی گشتیی وڵات هاوهەڵوێستن. لە مەجلیسی هەشتەمدا نیزیک بە ١٨٠ نوێنەری مەجلیس بەرتیلیان لە جێگری یەکەمی سەرکۆمار وەرگرت، دەیان ئیسکەلە و بەندەر هەیە کە لەژێر دەسەڵات و چاوەدێریی گومرکدا نین و لە پاوانی سپای پاسداران دان. سیستەمی بانکی ‌و کۆمپانیا هەڵسووڕەکان لە بورس و پەیمانکارە دەوڵەتییەکان هەموو لە بازنەیەکی ئاڵۆز و تێکگیراو دان کە هەم وەک دامودەزگا گشتییەکان دەردەکەون، هەم بودجەی دەوڵەتییان دەدرێتێ و هەم لە ڕێگەی ڕانت ‌و دەستوپێوەندییەکانیان ڕێ لە هەر گرووپێکی دیکە دەگرن و، هیچ بەشێکی ئابووریی ئێران نەماوە لەلایەن بونگا و دەستوپێوەندییەکانی رێبەرانی حکومەتەوە پاوان نەکرابێ. ژوورەکانی بازرگانی، یەکیەتییە سینفییەکان، پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بازرگانیی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات هەمووی لە پاوانی ئەو ئاڵقەیە دایە و ناوەندە بەستراوەکانی دیکەش لە ڕێگەی فرۆشی نەوت ‌و هەڵڵوشینی ئەو داهاتەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زەبەلاحتر دەبن. بە کورتی لە سیستەم ‌و رێژیمێکدا کە گەندەڵی پێکهاتەیەکی بەهێزی هەیە و لە دەوڵەت ‌و ناوەندێکەوە بۆ دەوڵەت‌ و ناوەندێکی دیکە دەگوازرێتەوە؛ تەنیا رێگه‌ی بنەبڕکردنی گەندەڵی، بنەبڕکردن ‌و هەڵتەکاندنی هەموو مافیا و بنیاتەکانی گەندەڵی نێو سیستم‌ و خودی دەوڵەت‌ و حکومەتێکە کە ماکە و سەرچاوەی گەندەڵییەکانە.