کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە کڵپەی تەقینەوەدا

19:19 - 1 سەرماوەز 2717

لوبنان زۆر دەمێکە ئاوێنەی خۆرهەڵاتی ناوینە. یاریکەرە بەهێزترەکانی ناوچە، ئەوێ وەک مەیدانی شەڕە بە وەکالەتەکانیان بەکار دێنن، مەیدانێک کە گەمەی ناکۆکیی عەڕەب _ - ئیسڕائیل تیایدا بەڕیوە چووە و شوێنی تاقیکردنەوەی پێکەوە ژیانی سعودی _ ئێرانیش بووە. ئەوێ شوێنێکە کە ناوچەکە شەڕەکان و ئاگربەسە کاتییەکانیان لەوێ بەڕیوەدەبەن. حەوتووی ڕابردوو، وەک زۆر حەوتووی پێشووتر، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ لوبنان میهرەبان نەبوو. هەواڵەکان چواری نۆڤەمبەر لە توێی سێ ڕووداوی بەیەک گرێدراوەوە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێر بڵاو بوونەوە. یەکەم، سەعد حەریری، سەرۆک وەزیری لوبنان دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. ئەوەی کە حەریری لێدوانەکەی لە ڕیاز ڕا نارد زۆر شت دەڵێ، ئەوەش کە لێدوانەکەی وەک کەسێک کە ناچار بکرێ حوکمی زیندانی خۆی بخوێنێتەوە، باقی شتەکان دەڵێ. بڕیارەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕاگەیەندرا بەڵام عەڕەبستانی سعودی دابووی. موحەممەد بین سەلمان، شازادەی جێنشین و ڕێبەری ڕاستەقینەی عەڕەبستانی سعودی، دەلیلی هەبوو کە بیهەوێ ئەو شتە ڕوو بدا. گرژیی نێوان سعودی و ئێران ڕوو لە زیاد بوونە و بین سەلمان سوورە لەسەر ئەوەی کە تاران وەک سەرچاوەی گشت بەدکارییەکانی ناوچە بناسێنێ. بۆ حەریری سەرۆکایەتیی دەوڵەتێک کە حیزبوڵڵاشی تێدابێ لە بنەڕەتدا لاواز کردنی کاکڵی ئەو پەیامەیە: ئەوە بەو مانایە بوو کە یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ڕیاز لە گەڵ وەفادارترین هاوبەشی ئێران هاوکاریی بکا. حەریری وەک سەرۆک وەزیر ئەو بۆچوونەی دروست کرد کە پێکەوە ژیان لە گەڵ حیزبوڵڵا و بە واتایەکی تر لەگەڵ ئێران مومکینە، لەکار لادانی بۆ ئەوەیە کە هەر جۆرە شک و گومانێک لەوبارەوە بڕەوێتەوە. ئەو ساڵێک لەوە پێش بۆ پاراستنی لوبنان لە کێبڕکێی نێوان سعودی _ ئێران، داوای لێکرابوو ببێتە سەرۆک وەزیر؛ ئێستا کە ئەو ڕۆیشتووە، لوبنان بە تەواوی گیرۆدەی ئەو بووە. ئێستا لوبنان چۆتە ناو بەرەی دوژمنانی عەڕەبستانی سعودییەوە. پەردەی دووهەم ئەو هەواڵە بوو کە عەڕەبستانی سعودی موشەکێکی شوێنگیریی کردووە کە لە یەمەنەوە پێوەی نراوە کە ئامانجەکەی فڕۆکەخانەی ڕیاز بووە. ئەوە یەکەم موشەکی حوسییەکان_ کە لە لایەن ئێران و حیزبوڵڵا پشتیوانیی دەکرێن_ نەبوو کە بە جیرانی باکووری خۆیانەوە نابێ، بەڵام کاتەکەی و مەودا چاوەڕواننەکراوەکەی کاردانەوەیەکی جیاوازی لێکەوتەوە. ڕادەی یارمەتیی دەرەکی بۆ حوسییەکان جێگای مشتومڕە، هەرچەند نە کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و نە هی عەڕەبستانی سعودی گومانیان لەوەدا نییە کە پێشکەوتنی بەرچاوی بەرنامەی موشەکی بالیستیکی حوسییەکان بەبێ ڕاهێنانی بەرچاوی دوو یاریدەدەرەکەی مومکین نەبووە. وەک لە ئاکاری خۆفیداکەری حەریریدا، بەرپرسانی سعودی خێرا و بە ئاشکرا هێڵێکیان پەیڕەو کرد کە لەودا هێرشەکەیان بە ئێران و حیزبوڵڵا بەستەوە، ئەو هێرشە وەک ڕاگەیاندنی شەڕ پێناسە کرا و هەردووکیان وەک بەرپرسیار دەبێ چاوەڕوانی وەڵام بن. پەردەی سێهەم ڕاماڵینە بەربڵاوەکەی سعوودی بوو کە لەودا ١٠ شازادە و دەرزەنێک بازرگان و کاربەدەستی پایەبەرز دەستبەسەر کران. ئەوە ماڵ خاوێنکردنەوەی بین سەلمان بۆ نەهێشتنی هەرچەشنە ڕەقیبی چاوەڕوانکراوی سەربازیی، سیاسی، ئابووریی و مێدیایی بوو. لەگەڵ هەنگاوەکانی دیکه‌ی، ئەوە بەو بەمانایەیە کە ئەو چۆتە سۆراغی گشت کۆڵەکە نەریتییەکانی ڕێژیم. هەندێک ئەو پرسیارە لەخۆیان دەکەن، ئاخۆ ئەو بێئەزموون و کرچوکاڵە، لەوانەیە زۆر دوژمنی لە یەک کاتدا ورووژاندبن. بەڵام ئەو تۆڵەی کەم ئەزموونیی بە بڵندخوازیی قەرەبوو دەکاتەوە و ئێستا لە هەمان پلە دایە کە خۆی حەزی لێ بوو: توانایی نەهێشتنی سستی چەندین ساڵەی سعودی و داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی نێوخۆیی و دەرەوەی پاشایەتیی بە کەیفی خۆی، بە تایبەتی بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی کاریگەرتر ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە. ئەو سێ ڕووداوانە ئاماژە بە یەک ئاراستە دەکەن: کە ڕێبەرایەتیی جەسوور و خاوەن بڕوای سعودی زۆر خوازیاری هاوکاریی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی ئێران کە پێی وایە بە دوای ڕووداوەکانی ئەو دواییانەی یەمەن بەهێزتر بووە. لوبنان و ناوچەکه‌ پێشتر ئەوەیان دیتووە، بۆشایی ڕێبەریی لە توێی تەشەنەکردنی گرژییەکان شتێکی نوێ نییە. بەڵام ئەوەی کە نوێیە، ئیسڕائیلێکی نیگەران، ڕێبەرایەتییەکی باوەڕ بەخۆ و نەترسی سعودی و بێگومان سەرکۆمارێکی نائاسایی ویلایەتە یەکگرتووەکانە. لە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسڕائیل: ئەو چەندین مانگە کە زەنگی خەتەری لەبارەی بەربڵاویی نفوزی حیزبوڵڵا و ئێران لە سورییە و بەتایبەتیی توانایی حیزبوڵڵا بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی هەنگێوی لێ داوە، ڕووداوێک کە کاربەدەستانی ئیسڕائیل وەک فاکتەری تێکدانی باڵانس سەیری دەکەن کە دەبێ دژی بوەستنەوە. بۆ ڕێبەریی نوێی سعودی؛ بین سەلمان دڵنیایە کە ئێران زۆر دەمێکە وەک کیسە بۆکسێک سەیری عەڕەبستانی سعوودی دەکا و عەڕەبستانی سعودیش زۆر دەمێکە ناچار بە قبوڵی ئەو ڕەوتە کراوە. ئەو دەبینێ کە ئێران پارەیەکی زۆر کەمتر، چەکوچۆڵی کەمتر و هاوپەیمانی بەهێزی نێونەتەوەیی کەمتری هەیە، سەرەڕای ئەوە لە بەرزبوونەوە دایە و دەسەڵاتی خۆی بە سەر بەغدا، دیمەشق، بەیروت و سەنعا پەرە پێداوە. ئەو پێی وایە تەنیا لە ڕێگای بەرپەرچدانەوەی بەهێزتر و شەڕانییتر، جا لە یەمەن، عێراق یا لوبنان بێ، عەڕەبسانی سعودی و هاوپەیمانەکانی دەتوانن ئێران بوەستێن و ئاراستەکە بگۆڕن. تا ئێستا، لە هێرشە سەربازییە ناسەرکەوتووەکەی لە یەمەن ڕا تا هەڵە سیاسییەکەی بۆ تەریکخستنەوەی قەتەر، زۆرتر دەرخەری مەیلی خۆ تووشی قەیران کردن دەگەیەنن تا کۆتاییهێنان بە قەیران. لە پەیوەندی لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ پێشبینی نەکراویی و پڕ دژایەتی بوون لە زۆر بوارەوە، سەرکۆمار ترامپ لانیکەم لە یەک مەسەلە دا یەک هەڵوێست بووە، ئەویش شەڕانیی بوون لە دژی ئێران کە بۆتە مۆرکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ویستی ترامپ بۆ هەڵسوکەوت دژی ئێران و بۆ گەڕاندنەوەی ئیعتیبار و ئوبوههەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە ئەو پیی وایە سەرکۆماری پێشوو(کە من بۆ پرسەکانی خۆرهەڵاتی ناوین پێم باشبوو) لەناوی بردبوو، کەڵک وەردەگرن. بۆ ئەو کارە، وێدەچێ هەڵوێستی ئەو زۆر وەک هی بین سەلمان بچێ: وەلانانی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران و دڵنیا لە پێویستیی باڵانسێکی نوێی دەسەڵات، وا دەکا کە لە جیاتی کۆنتڕۆڵ کردنی غەریزەکانی بین سەلمان، ئەوان هان بدا. کەم کەس لە لوبنان پێیان وایە کە شەڕێکی گشتگیر بەو زووانە ڕوو دەدا، چونکە هەر سێ دژبەرەکان هۆی خۆ کۆنتڕۆل کردنیان هەیە. هەمان هۆ کە وا دەکا ئیسڕائیل بخوازێ هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا، دەبێتە هۆی ددان بەخۆ داگرتن، واتە ئەگەری هێرشی موشەکیی بۆ سەر شارەکانی. ئیسڕائیل تواناییەکی گەلێک زۆرتری بۆ زەرەر گەیاندن هەیە بەڵام حیزبوڵڵا تواناییەکی زۆرتری بۆ تەحەممول کردنی ئەو هەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەر هێرشێکی بەربڵاوی ئیسڕائیل، مەترسیی ئەوەی هەبێ کە براوەکەی نادیار بێ. عەڕەبستانی سعوودی توانایی سەربازیی شەڕی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران نییە و دەبێ بیر لە هەڕەشەی تۆڵەی ئێران لە نێو خاکی خۆیدا بکاتەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەگەری وەستانەوە بە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی، ویلایەتە یەکگرتووەکان درێژە بە حیساب کردن لە سەر نزیکی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە هێزەکانی ئامریکا و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان دەکا. دیسانیش لوبنانییەکان، چ ئەوانەی لایەنگری حیزبوڵڵان و چ ئەوانی دیکه‌، وێدەچێ دڵنیا بن کە شتێک هەر دەقەومێ. هێرشە موشەکییەکەی حوسییەکان زۆر بێبەزەییانە بوو، هۆشداریی دانی سعوودییەکان زۆر دەقیق، نیگەرانیی ئیسڕائیل زۆر مەزن و دوژمنایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە ئێران و حیزبوڵڵا زۆر لەوە ئاشکراترە کە چاوەڕوانی شتێکی دیکه‌ بین. دەکرێ شتی دیکه‌ش بەو لیستەوە زیاد بکەین: بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانی بردۆتە ژێر پرسیار و بەتەمای زیاترکردنی ئابلۆقەکان بۆ سەر تارانە، کە گرژییەکان بە شێوەیەکی ناپێویست زیاتر دەکا، هاوکات لەگەڵ نەبوونی پەیوەندیی ئاسایی لە ئاستی بەرزدا لە نێو ئەو دوو وڵاتە تا بتوانێ گرژییەکان کەم بکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتیی وێدەچێ کە دژبەرەکانیان هەنگاو بنێن و ئێران و حیزبوڵڵا دژکردەوە بنوێنن: ڕەنگبێ هەر دوو لا بەو ئاواتە بن کە پێش بە بەریەک کەوتنی جیددی بگرن، بەڵام هیچکامیان نایانهەوێ ئەوە بنوێنن. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لەو هەلومەرجە دا هەنگاوی سنوورداری لایەک بە پەرچەکرداری لایەنەکەی تر کۆتایی پێدێ یا قەیرانەکە قووڵتر دەبێ؟ ئەوەی کە لێرەدا بوونی نییە، دیپلۆماسییە، لە نێوان ئێران و عەڕەبستانی سعوودی،  ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، یا عەڕەبستانی سعودی و حوسییەکان، لە جیاتان ناوچەکە بەرەوڕووی دۆخێک بووە کە هەر کەس ئازادە کە لەوێدا تەنیا بەربەست بۆ هەنگاونان دڵەڕاوکێ لەوەیە که‌ نازانن چ دەورووژێنن. ئەوە هیچ دڵنیاکەر نییە. لێرە لە لوبنان خەڵک دڵنیا نین کە کێ یەکەم هێرش دەکا، کێ (ئێران یا حیزبوڵڵا) لەوانەیە ببێتە ئامانج، کەنگێ و لە کوێ (لە لوبنان، سورییە یا ئێران) ئەوە ڕوو بدا و چۆن دەبێ؟ بەڵام ئەوان هەست دەکەن کە شتێک دەقەومێ و لەوە دەترسن کە ئەوجاریش، بێگومان ئاوێنەی لوبنانی دەشکێ.   ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)