کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئەخلاق لە درێژەی کۆماری کوردستاندا

19:24 - 1 سەرماوەز 2717

بەپێی قسه‌ی بەرپرسان و کارناسانی بوومەلەرزە، یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەر  کاتژمێر ٩ و ٤٨ خولەکی شەو بەکاتی ئێران، لە ٣٠ کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای سەرپێڵی زەهاو و ٣٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە، بوومەلەرزەیەک ڕووی دا کە ١٥٠ ملیۆن نەفەر لە ئێران و عێراق هەستیان پێ کرد. پیرحسێن کولیوەند سەرپەرشتی فریاگوزاریی ئێران لە سەرەتای ڕووداوەکەدا ڕایگەیاند ٤٣٠ کەس کوژراون و حەوت هەزار و ١٥٦ کەسیش بریندار بوون. لە عێراقیش بەپێی ئاماری خاچی سوور 9 که‌س کوژران. سبەی ڕۆژی بوومەلەرزەکە، ڕاپۆرتەکانیی مەیدانی ئاشکرایان کرد کە زۆربەی زیانەکە لە ناوچەکانی پارێزگەی کرماشان بەتایبەت سەلاسی باوەجانی و سەرپێڵی زەهاوە و داوای بەهاناوەهاتنی بەپەلەیان کرد و ئاماری کوژراوەکان بەردەوام خۆی لە هەڵکشان دەدا و بەرپرسانی دەوڵەتیش هیچ دەنگێکیان نەبوو تەنانەت ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانیش دۆخەکەی نەدەگواستەوە و ماتەمینیی پێوە دیار نەبوو. دەنگۆی ئەوەی ئایا بەڕاستی بوومەلەرزە بووە یان نا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا بڵاو بووەوە و وەکو هەمیشە ئەم بێباوەڕییە بە دەسەڵات وایکرد کە هەر کورد پشتی کورد بگرێ. بۆیە سەرانسەری ڕۆژهەڵات هەڵمەتێکی بەرفراوانی یارمەتی کۆکردنەوەیان دەست پێکرد و لە بواری گواستنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتیشەوە سەبارەت بە وەزعی ژیانی لێقەوماوان، ڤیدیۆ و وێنەکان لە هەموو شوێنێکەوە بڵاو دەکرایەوە. ئێران نەیهێشت ڕۆژنامەنووسانی بیانی سەردانی پارێزگەی کرماشان بکەن و لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکاندا بەشیان هەبێ؛ بۆیە تەلەفزیۆنەکانی خەبەریی لە ئەورووپا بۆ نموونە فەڕانسه‌ کە باسی بوومەلەرزەکەی ئێرانیان دەکرد هەر وێنەی باشووری کوردستانیان دادەنا. تەنانەت لە پێشاندانی یارمەتیی خەڵک بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەش تەلەفزیۆنی ئێران، وێنە و ڤیدیۆکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی بڵاو نەدەکردەوە و هەر گرنگی بە شارەکانی دیکه‌ دەدا. کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەستی بە بێزاری هەرچی زیاتری خەڵک لە دەسەڵات کرد، ڕوحانیی سەرکۆماری نارد بۆ نێو خەڵکی بەڵالێدراو و ئەویش هەر لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێ ئەوەی دابەزێ لەکاتێکدا هەوڵی دەدا لەم دەرفەتە بۆ شەڕی دەسەڵاتی خۆی کەڵکوەربگرێ و ڕەخنە لە پڕۆژەی «مسکن مهر»ی ئەحمەدینەژاد بگرێ –کە دیارە بەشێکی بەرچاو لە زیانەکان و کوژراوەکان هی ئەو بینایانەن-؛ دەستی کرد بە وەسفی هێزەکانی سەرکوتکەری سپای پاسداران کە بەهوتافکێشانی خەڵک بەناچاری شوێنەکەی چۆڵ کرد.   بوومەلەرزەکە هێندە بەقووەت نەبوو لێکمان جیا بکاتەوە بوومەلەرزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا و کوژراو و بریندار و ماڵوێرانی زۆریشی بۆ ڕۆژهەڵات بەدواوە بوو بەڵام هەستی پاک و بێگەردی خەڵکی مرۆڤدۆست و کوردپەروەری ڕۆژهەڵاتی پتر بەیەکەوە نێزیک کردەوە و هەر دامودەزگە و قوتابخانە و گەڕەک و ماڵێک بۆ خۆی ناوەندێکی کۆکردنەوەی یارمەتی بوو کە نەیاندەویست هەوڵی خۆبەخشی نەتەوەی زوڵملێکراوی کورد، دوو دەستی تەحویلی دامودەزگەی حکوومەتی ئێرانی بدەن. بۆ نموونە ئەگەر لەسەر جادەی هەر شارێکی ڕۆژهەڵات دوو خێمە دەبینرا کە یەکیان هی ناوەند یان کەسێکی باوەڕپێکراوی شارەکەیە و ئەویتریان هی دامودەزگەیەکی حکوومەتە، خەڵک یارمەتیی خۆیان بە حکوومەت نەدەدا و دەچوونە لای ئەو خێوه‌ته‌ی کە بە هی خۆیانیان دەزانی و دڵنیا بوون یارمەتییەکەیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە نادزرێ و بەدەستی کەسێک دەگا کە پێویستی پێیەتی. ئیتر لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بابەتی بێسوود نەدەبینرا ئەوەی بوو بەپەلە پەیامناردنی کەسانی خێرخواز بوو کە فڵانەگوند یارمەتی بۆ نەچووە و بەڵکوو فریا کەون کە فڵانە شتومەکمان پتر پێویستە. ڕۆحی نەتەوەیی کورد ئیرادەی وەبەرخۆ کردبوو کە ئەمە نیشتمانی داگیرکراوی خۆیەتی و هەر خۆیشی دەبێ بەهانایەوە بچێ و سەروگیانی بۆ دابنێ. هەڵمەتی پشتیوانی مادی و مەعنەوی هەموو شار و گوند و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ورمێوە بگرە هەتا ئیلام و لوڕستان و کوردەکانی تاران و خوراسان و دەنگدانەوەی ئەم یەکدڵییە وایکرد کە مرۆڤدۆستانی نەتەوەکانی دیکه‌ی ئێرانیش لە هونەرمەندەوە بگرە هەتا وەرزشکار و مامۆستای زانکۆ و وەکیلی دادگوستەری و هتد، وەدوای یارمەتیدانی خەڵکی کوردی پارێزگەی کرماشان بکەون و بەچاوی خۆیان ببینن کە دەسەڵاتی ئێران چەندە درۆزنە و چۆن کۆسپ دەنێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتیی خەڵکی خۆبەخش و هەروەها ببینن کە بەهەموو شێوەیەک ئایەتوڵڵاکان ڕێگریی دەکەن لەوەی یارمەتی بگاتە دەست دانیشتووانی گوندەکانی کوردی سوننە و کوردی ئەهلی هەق. ئەم دۆخه‌ دەسەڵاتی ئێرانی زیاتر پەشۆکاند و ئیتر لەوە ترازابوو کە دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان پێش بەم هاودڵییە بگرێ و ئەوەی لەم نێوەندەدا خەمی زەوی لەرزەکەی کەم دەکردەوە ئەم شەپۆلی ئینساندۆستییە بوو کە حکوومەتی شەرمەزار کردبوو.   دووەم حەماسەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر دوو خێرخواز بەناوەکانی «ئەبووبەکر مەعرووفی» خەڵکی بۆکان و «میلاد ئەحمەدی» تازه‌لاوی ٢٠ ساڵەی خەڵکی داڵاهو، بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزە لێدراو چووبوونە ناوچەکانی سەرپێڵی زەهاو کە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دا. خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شار و گوندەکانی پارێزگەی کرماشانەوە بگرە هەتا پارێزگەی سنە و شاری بۆکان، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و نووسینی درووشمگەلی کوردایەتی و بەدەستەوەگرتنی گوڵ، هاتنە سەرجادە و ئەوپەڕی ڕێزی سەرکردەئاسایان لە کەسێک نا کە بۆ یارمەتیی خەڵکی کرماشان، گیانی فیدا کردبوو. ئەم دووبارە نواندنە مەدەنیانەی خەڵکی کوردپەروەر و ئەمەگداری ڕۆژهەڵات، دەسەڵاتی ئێرانی زیاتر وەزاڵە هێنا. هەردوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێران بەدرێژایی مێژوویان سەبارەت بەسەرکوتکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد سیاسەتی دووبەرەکیان پەیڕەو کردووە واتە هەوڵیان داوە بەناوی جیاوازیی مەزهەبییەوە لە نێوان کوردی ڕۆژهەڵات دووبەرەکی بنێنەوە. کورد لە ڕۆژهەڵات بەو شعوورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کە هەمیشە هەیبووە دوژمنی ڕنج بە خەسار و دڵسارد کردووە و سەلماندوویەتی کورد یارسان بێ یان سوننە، شیعە و... هەر کوردە و کرماشان و ئیلام بەشێکی دانەبڕاون لە کوردستان. لە گەڕاننەوەی تەرمی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی بۆ زێدەکەی خۆی واتە بۆکان، ئیتلاعاتی ئێران زۆر هەوڵ دا وا بکا ئاپۆرای خەڵک پەرتەوازە بکا و نەهێڵێ بەرخۆدانی مەدەنی پیلانەکانی دەسەڵات پووچەڵ بکاتەوە، چونکە ئێران لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی خەڵک دەترسێت و بە لەرزۆکبوونی ستوونەکانی دەسەڵاتی خۆی داده‌نێ؛ بەڵام هەر بەو جۆرەی کە مێژوو تۆماری کرد سەرکەوتن هەمیشە بۆ ئیرادەی گەلی وشیار و زیندووە و دووبارە توانیان پیلانەکانی دەسەڵاتی تیرۆر و داگیرکاریی ئێران، پووچەڵ بکەنەوە. وێنە و فیلمەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات کە لەسەر جادە وەستاون بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی شەهید ئەبووبەکر کاتێک دەیبینی هەرچەند چاو و دڵ لەو هەموو هەستە پاک و بێگەردە کە نموونەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگمەنە و دەتگریێنێ بەڵام باوەڕیشت پێ دێنێ کە هەموویان ماڵباتێکن و یەک خەمیان هەیە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دەرفەتێکدا پێویست بووبێ پشتیوانی باکوور بووە بۆ باشوور برای لفەدووانە بووە و بۆ ڕۆژاواش شەهیدی پێشکەش کردووە. شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی لە ڤیدیۆیەکیدا کە هی پێش دواسەفەریەتی، بەدەنگە خۆشەکەی باسی ئیرادە بۆ سەربەخۆیی نیشتمانەکەی دەکا خواستێک کە لە دڵی هەر کوردێکە وا خۆی بە درێژەدەری کۆماری کوردستان دەزانێ. پێشوازیی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە تەرمەکەی بە ڕۆحی ئەو نەمرە و شەهیدانی تری کوردستانی سەلماند کە کۆماری کوردستان لە دڵدا زیندووە و وەدیهاتنی نێزیکە.   «کرماشان ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە» لەو درووشمانەی کە لە شاری سنە بۆ پێشوازی لە تەرمی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی بەرز کرابۆوە و ئاپۆرای خەڵک لە دامودەزگە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نەترسان و بەشانازییەوە هەر دووبارەیان دەکردەوە و بەلامەوە گرنگن و دەکرێ کەم تا کورتێک دەروونناسیی سیاسی و کۆمەڵایەتی چین و توێژەکانی خەڵکی لێ بخوێنیتەوە؛ ئەو دوو درووشمەن: «مێژووی ئێمە سەلماندوویەتی کە کوردستان لانکی مرۆڤایەتییە» و «کرماشان ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە». هەفتا ساڵ پتر لە سێدارەدانی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات تێدەپەرێ و لە هەر دەرفەتێکدا و لە هەر گردبوونەوەیەکدا کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر باسی «دەوڵەتی جمهوریی کوردستان» دەکەن. زۆر جاریش کوردەکانی پارچەکانیتر و توێژەرانی ئەم بوارە دەپرسن ئەوە چۆنە کوردەکانی ڕۆژهەڵات وەها دڵپاکانە بەپیر نەهامەتی و خۆشی پارچەکانیترەوە دەچن و هەروەها بۆ باسە نەتەوەییەکانی خۆیشیان لە هەر دین و ئایین و حزب و لایەنێک بێ، یەکگرتوون؟ بۆیە منیش ناچار بووم بەدوای وەڵام و گەڕان بەدوای چەمکی دەوڵەتەوە بم. چەمکی دەوڵەت لە باس و خواسی توێژەرانی بواری سیاسەت و زانستی سیاسەتدا پێگەیەکی سەرەکی هەبووە چونکە دەوڵەت گرنگترین سەرچاوەی ڕێسا و جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی بایەخە مادی و مەعنەوییەکان دێتەهەژمار و کاری سەرەکیشی سەقامگیریی ئاسوودەیی و ڕێکخستنی ئەندامەکانی کۆمەڵگەی سیاسییە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە بەختەوەریدا بژین. لە زانستی سیاسەتدا بۆ ئەوەی کە دەوڵەت بگاتە ئەو قۆناغەی کە باسی لێوە کرا، بۆچوون و ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر وتراوە. بەشێکی بەرچاو لە بیرمەندانی زانستی سیاسەت بۆ دانانی کۆمەڵگەیەکی بەپڕەنسیب و سەرکەوتوو و شارستانیانە، بەدوای شێوازگەلی ئەخلاقییەوە بوون و هەندێ چەمکی وەکو ئەخلاق، بەهاکانی کۆمەڵایەتی و.. هێناوەتە نێو ئەدەبیاتی سیاسییانەوە. باروخ ئێسپینۆزا (١٦٣٢-١٦٧٧ز) فەیلەسووفی هۆڵەندی سەبارەت بە دەسەڵاتی دەوڵەت بەپێچەوانەی توماس هابز (١٥٨٨-١٦٧٩ز) فەیلەسووفی بەریتانی کە ڕای وابوو حکوومەت دەبێ دەسەڵاتی تەواوی هەبێ و خەڵک لە ترسا ئیتاعەتی لێ بکەن، ئێسپینۆزا باسی ئەخلاقی مرۆڤایەتی لە بەڕێوەبەریی حكوومەتدا دەکا و ڕای وایە کە خەڵک دەبێ ئازاد بن و ئیتاعەتیان لە دەوڵەت بەهۆی ئومێدەوە بێ بۆ داهاتوویەکی گەش، نەک لە ترسا بێت. ئەو بەرگرییەکی بەهێز لە کۆمەڵگەیەکی کراوە و بەدوور لە ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتەوە دەکات و دەربارەی ئامانجی حکوومەت دەڵێت: «حکوومەت دەبێ ڕێگریی بکات لەوەی کە خەڵک لەبەر نەفرەت، تووڕەیی، بێمتمانەیی و ڕق شەڕی یەکتر بکەن. ئامانجی حکوومەت دەبێ ئازادیی بێت». گێئورک ویلهێڵم فرێدریش هێگڵ (١٧٧٠-١٨٣١ز) فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی ڕای وایە، هەبوونی دەوڵەت بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، پێویستە. ڕەخنەگرانی هێگڵ ڕایان وایە ناوبراو بەقەدەر باروخ ئێسپینۆزا خۆی لە کراوەیی کۆمەڵگە نادا بەڵام ئەوە هێگڵ_ە کە ڕای وایە «مرۆڤەکان نەک کۆمەڵایەتی بەڵکو دەوڵەتمەند و سیاسیشن. بوونی دەوڵەت لەناکاو نییە و بەهۆی پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێژووییەوە کە بۆ سەردەمی یۆنان دەگەڕێتەوە، دروست بووە». هێگڵ، دەوڵەت لە سێ مانادا بەکاری دێنێ کە لە ڕاستیدا هەر سێکیان بەشێکن لە یەک حەقیقەت بەڵام لە سێ ئاستی جیاوازدا. ئەو سێ مانایە بریتین لە: دەوڵەتی دەرەوە «کۆی یاساکان»، دەوڵەتی سیاسی «دەوڵەت بەپێی ناوەندگەلی تایبەتی حکوومەتی»، دەوڵەتی ئەخلاقی «مانای تەواو و گشتگیری بیرۆکەی هێگڵ». چەمکی دەوڵەتی ئەخلاقیی هێگڵ، کامڵترین مانای دەوڵەتە و هەموولایەنەکانی ئەو دوو دەوڵەتەکەی تر لە بەرزترین ئاستدا لەخۆ دەگرێ. لەم دەوڵەتەدا ئینسان بەوپەڕی پێگەیشتوویی مێژوویی خۆی گەیشتووە و مانای ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و بەهاکانی ژیان و چوارچێوەی دەوڵەت و ئەخلاقی ناوەندەکان دەزانێت. لە دەوڵەتی ئەخلاقیدا ئینسانەکان بەوپەڕی وشیاریی و ئیرادەی تاکەکەسی گەیشتوون و ئەم تواناییەش لە کردەوەکانیان لە دامەزراوە و ناوەندەکاندا بەئاشکرا خۆ دەنوێنێ. نەریتەکان و ڕێساکانی بەهای مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی ناوەندەکاندا هەن و ئیتر بەشێکە لە ڕەفتاری ڕۆژانەی هاووڵاتییان کە بەئیرادەی خۆیانەوە هەڵیانبژاردووە و هیچ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەریش ناتوانێ پێش بەم ئیرادە و ڕەفتارە بگرێ چونکە ئیتر ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بووەتە نێوەڕۆکی ئیرادەی هاووڵاتی و هەڵسەنگاندنی ناوەندەکانیش هەر بەپێی ئیرادەی تاکەکەس بۆ ئامانجی ئازادی و پێکەوژیانە. ئەو دەوڵەتانەی کە مەبەستیان گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە زۆر هەوڵیان داوە بەم دەوڵەتی ئەخلاقە بگەن و پێناسەگەلی جۆراوجۆر و هەوڵی جیاوازیان بۆ داوە و بیرمەندانی سیاسیش لە قەیرانگەلی سیاسی وڵاتەکەیاندا هەندێ ڕێگەچارەیان بە سەرۆکانی خۆیان داوە. لە ئێرانیش هەندێ لە سیاسەتمەدار و بەرپرسانی سەرووی دەسەڵات ئەم چەمکەیان بەکار هێناوە و بەڵێنی وەدیهاتنیان داوە بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی تاران تەنیا کاتێک دژی مافی نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران شەڕی نەکردووە و بەدوای ئاشتیخوازییەوە بووە کە بێدەسەڵات بووە. دەوڵەتی دینی لە ئێران کە ڕێژیمی ویلایەتی فەقیە بانگەشەی نموونەیەکی ئاڕمانی لە دەوڵەتی ئەخلاقی دەکرد، کارنامەی ئەم ساڵانەی دەسەڵاتی ڕێک پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت و متمانەی نەک لای کورد بەڵکو تەنانەت لە تارانیش لەدەست داوە و دیتمان لە ڕووداوی یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزە لێدراوی پارێزگەی کرماشان ئەو خەڵکەی تاران کە یارمەتیان کۆکردبۆوە خۆیان یارمەتییەکانیان دەگەیاند و لە بەشی ڕاستەوخۆی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی باسی گوێنەدانی دەوڵەتیان بە وەزعی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکرد. بۆیە لە کۆتاییدا دەربارەی ئەو پرسیارەی کە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بەرخۆدانی مەدەنیاندا وەها دڵپاکانە بەبێ جیاوازیی لەگەڵ شایی و خەمی پارچەکانیتر و هەروەها شار و گوندەکانی خۆیشیانن، دەگەینە ئەو وەڵامی چونکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بەدرێژەدەری سەرکۆمار پێشەوا قازی محەمەد دەزانێ کە ئامادە بوو بۆ مانەوە و ژیانی نەتەوەکەی لە سێدارە بدرێت و بناخەدانەریی پەیامی مەدەنییەت و ئاشتیخوازیی لە نیشتمانەکەی بێ و بیسەلمێنێ کە لە سەردەمی درۆ و فرت و فێڵ لە سیاسەتی دەوڵەتاندا، دەکرێ لەگەڵ میللەتەکەی خۆت کە هەر ئەوانیش لە دواڕۆژی تەنگانەدا پەنا و پشتیوانتن؛ ڕاستگۆ و فیداکار بیت و ئەخلاق و دەوڵەت بەیەکەوە گرێ بدرێت. ئەگەر ساڵەهایە کۆماری کوردستان وەکو جوغرافیایەکی سیاسی نەماوە بەڵام بەرهەمەکەی واتە کۆمەڵگەیەکی هاودڵ و پشتیوانی یەکتر لە جوغرافیایەکی بەرینتر لە کۆماری کوردستانی ئەوکات کە هەموو ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە، زیندووە و وشیارە و هیچ دەسەڵاتێکی سەربازییش ناتوانێ سەرکوتی بکات و بەرخۆدانی مەدەنی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەگرتنەپێشی ئەخلاقێکی ئینساندۆستانەی بەرفراوان وەها لە گەشەدایە کە ڕووناکییەکەی کوێریی چاوی داگیرکەری پێوە دەبێ. ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)