کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە کارەساتەوە بەرەو حەماسە

19:33 - 1 سەرماوەز 2717

شەوی ٢١ی خەزەڵوەر لە ڕۆژمیری ڕووداوە ناخۆشەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی خەڵکی پارێزگای کرماشاندا بۆ هەمیشە تاڵیادێکی لەبیرنەکراو و بەژان دەمێنێتەوە. شەوێک کە بەدوای چەند چرکە لەرینەوەی زەوی لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین، شائاباد و داڵاهۆ زیان و خەسارێکی گیانی و ماڵیی زۆری بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیاند و دەیان گوند و ئاوەدانیش چوونە نێو بیرەوەرییەکانی  خەڵکی ئەو دەڤەرە و بە تەواوەتی لە نێوچوون. کارەساتی بوومەلەرەزەکەی کرماشان لە ئاستێکی بەریندا دەنگدانەوەی هەبوو، یەکەم هۆی ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ پانتایی و بەرینایی ئەو بوومەلەرزە کە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و تەنانەت چەند شوێنکی دیکەی ئێرانی لەراندەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ناوەندی بوومەلەرزەکە زنجیرەکێوەکانی بەمۆ و پارێزگای کرماشان بوو، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی دڵی هەموو کوردستانی هەژاند، بەڵام زۆرترین خەسار و زیانەکانی بەر ئەو ناوچەیە کەوت. دوای دە ڕۆژ لەو ڕووداوە تا ئیستاش ناوەندە بەرپرسەکان ئامار و ژمارەی ڕاست و وردی قوربانیان و زیان وەبەرکەوتووانی ئەو کارەساتەیان بڵاو نەکردۆتەوە و، ئەوەش کە باس دەکرێ دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ماندووبوونی کەسانی خۆبەخش و خەمخۆر؛ دەنا بە قسەی یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ئێران «دەوڵەت لە کۆنترۆڵی قەیراندا خۆی تووشی قەیران بووە.» ئەگەر لەسەر ئەو قسەیە تۆزێک ڕاوەستین، بە دروستی قامکی لەسەر کەمتەرخەمی و ناکارامەیی حکومەتێک داناوە کە زۆر جار لە زمان سەرۆک کۆمارەکانی ئیدیعای مودیریەتی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیان کردوە، کەچی لە چارەسەر و ڕاگرتنی دۆخی خوڵقا لە ناوچەیەک ماوەتەوە. دوای ئەوەی بە هۆی ڕوخانی ماڵ و خانوو و بیناکانی خەڵکی شاری سەرپێڵ کە بەداخەوە زۆرترین زیان لەوشارە کەوتووە و زۆربەشی وەک ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئیڕان باسی دەکا دەگەڕیتەوە بۆ دانیشتووانی نێو خانووەکانی مێهر، کە بە هۆی گەندەڵیی ماڵی (سازنەکردنی خانووەکانی پرۆژەی مێهر لەسەر بناغە وبنەڕەتی پتەو وقایم) سەتا ٩٠ ی ئەو بینا و خانوویانە ڕووخان و بوون بە خانووەکانی مەرگ! لەلایەکی دیکەش لە هەموو وڵاتانی جیهان ناوەندگەلێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداوی هاوشێوە لە ئەوپەڕی ئامادەبووندا هەن کە لەکاتی پێویستدا بە هانای زیاندیتووان دەچن و فریای لێقەوماوان دەکەون، بەڵام ئەوەی کە لە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان غایب بوو، بەرپرسایەتی، لەسەر هەستبوون، ئامادەبوون و خەمخۆری و ئەرک وەخۆگریی دەوڵەت و دامودەزگا حکومەتییەکان بوو. ڕۆژی دوای ئەو ڕووداوە لە جیاتی ئەوەی  دەوڵەت بەهەموو هێزەوە و بە ڕاگەیاندنی (حاڵەتی نائاسایی) سەرجەم دامودەزگاکانی خۆی وەگەڕ بخا بۆ فریاکەوتن و خزمەتگوزاریی بەوەخت و پێویست، بەڵام سەرلەنوێ دەمڕاستەکانی نیزام کەوتنە یەکتر تاوانبار کردن و تەنانەت  دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی ڕاستییەکان هەواڵەکانی دەگواستەوە. لەم نێوانە ئەوەی جێگای سەرنجە و تەنانەت دەوڵەتمەردانی ئێرانی لە ئاستی رێبەریی نیزامیشدا ڕاچڵەکاند، خۆڕێکخستن و هاتنە مەیدانی ژیرانەی خەڵکی کورد بوو کە تابلۆیەکی بێ‌وێنە و جوانیان لە مرۆڤایەتی و هەستی نەتەوایەتی خولقاند. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکەم ساتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی دڵتەزێنی ماڵوێران ‌بوونی دەیان و سەدان کەس لە هاونیشتمانیانی بوومەلەرزەلێدراو، بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەکیان لە دەوڵەت و دامودەزگاکانی هەبێ، بە سازکردنی گرووپ و کەمپەین دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکان و ناردنیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشانی دڵ و، دڵیان لەگەڵ سەرجەم خەڵکی ئەو دەڤەرە کەوتە لێدان و بەتاڵی و بۆشایی دەوڵەتێکی بەپرسیان، بەجوانی پڕ کردەوە. ئەم بەهانەوەچوونەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە لە کۆڵبەرانی سەرسنوور کە بۆخۆیان بۆ پارووە نانێک دەست بە هەموو کونە مارێکدا دەکەن و دەچنە قوڕگی ئەژدیهاوە، تا منداڵانی بە سۆز و عاتیفە بارهاتوو و هەروەها کەسانی خۆنەویست وخەمخۆر کە نیشان لە ئاستی بەرزی شعووری ئینسانی و نەتەوەیی گەلێکی بندەست بوو کە بوو بەهۆی سەرسووڕمانی کەسانی غەیرە کورد. تەنانەت بەرپرسانی نیزامیش لە بەرانبەر ئەو حەماسە بێ وێنەیە قامکی سەرسووڕمانیان گەست! حەوتوویەک دوای ئەو کارەساتە عەلی خامنەیی، رێبەری نیزام لە ترسی زیاتر پەرەسەندنی بۆشایی نێوان خەڵک و دەوڵەت خۆی گەیاندە کاوڵاشەکانی سەرپێڵی زەهاو، بەڵام لە گەڵ کاولبوونی بیرۆکەی دابڕانی کرماشان لە کوردستان ڕووبەڕوو بۆوە هەتا ڕووداوێکی سروشتی. خامنەیی و رێژیمەکەی کە دەیان ساڵە لە ڕیگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵیان ‌دا پێناسەی کوردستانیبوونی ئەو دەڤەرە بسڕنەوە، بەڵام نەمردن و بەچاوی خۆیان دیتیان کە نەتەنیا سەرکەوتوو نەبوون؛ بەڵکوو هاوپێوەندیی نەتەوەیی گەلی کورد وایکرد کە بە پەلە پەل لە هەوڵی پیلانێکی دیکەدا بن و غافڵ لەوە کە گشت کوردستان بە ئازاری کرماشانەوە ناڵاندیان. دیمەنێکی دیکەی ئەو کارەساتەش جێی لێ وردبوونەوەیە. لە درێژەی کۆکردنەوە و یارمەتیگەیاندن بۆ خەڵکی لێقەومای پارێزگای کرماشان، شوفێرێکی خەڵکی بۆکان بەناوی ئەبووبکر مەعرووفی لە کاتی گەیاندنی یارمەتییەکان گیانی لەدەست ‌دا. ئەمە ڕووبەرگی ئەو ڕووداوەیە، بەڵام شێوەی بەڕێکردن و پێشوازیکردنی مانادار لە تەرمی ئەو مرۆڤە خۆبەخشە پەیامێکی دیکەی گەیاند بە دۆستان و دوژمنانی کورد کە دەبێ زیاتر سەرنجی بدرێتێ. رێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتنی تەرمی ئەو هاونیشتمانە بۆکانیە زیاتر لە بوڕکانیک دەچوو کە باسی لە گڕوتینی حماسەیەک دەکرد کە نەتەنیا کاڵ‌ نەبووتەوە بەڵکوو کۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە هەرەوەزی کۆکردنەوەی یارمەتی و تا ئەمەگناسی بەرانبەر بە کەسانی خۆبەخش و دڵسۆز باس لەوە دەکا کە لە  کۆمەلگەی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو بەربەستە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان؛ کلتوورێکی مەزن و داهاتوودار خەریکی شکلگرتنە و لە کارەساتەوە بەرەو حماسە و، لە حماسەوە بەرەو دواڕۆژێکی گەش و نزیک بەخێرایی هەنگاو دەنێ. ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)