کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنی و متمانەی کۆمەڵگا

19:55 - 1 سەرماوەز 2717

(ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان وەک نموونە)   بە پێی نیشانە و دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، جموجۆڵ و چالاکیی مەدەنیی تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕەهەندە لە خەبات لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەریکە لە ڕووی «ئەرزش»ی و «بایەخ»ەوە شوێن و پێگەی خۆی وەدەست دەهێنێ. بەو مانایە کە ئەم شێوازە لە خەبات و، چالاکان و هەڵسووڕێنەرانی ئەم بزاڤە، خەریکە دەبنە جێی متمانەی کۆمەڵگا و بەلای خەڵکی کۆمەڵگاوە وەک «بەها» و «ئەرزش» چاویان لێ دەکرێ. بێگومان ئەم دەسکەوتە پڕبەها و بەنرخەش هەروا بە ئاسانی وەدەست نەهاتوە. بەڵکوو پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە ئیرادە، هەزینە‌دان، تەسلیم‌نەبوون، بەردەوامی و دانەبڕان لە ناخی کۆمەڵگه‌ی لە پشتە کە، لە قۆناغبەندیی ئەم بزاڤەدا شیاوی ئەوەیە بە وردی قسەی لە سەر بکرێ. بە پێی تەبیعەتی نیزامی زاڵ بە سەر کوردستاندا، سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک بەربەستی سیاسی و ئەمنیەتی لە بەردەم تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی لە هەموو بوارەکانی فەرهەنگی، ئەدەبی، ڕاگه‌یاندن، ژینگەپارێزی، شاخەوانی و هتد، بزاڤی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جووڵە نەکەوت و لە ڕووداوەکان دانەبڕا. ئه‌و بزاوته‌ نەتەنیا لە ڕووداوەکانی ناخی کۆمەڵگا دانەبڕا، بەڵکوو بەردەوام هەوڵی داوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕێ و ئاراستەیەکی «مەدەنی» بە ڕووداوەکان ببەخشێ. ئەم دانەبڕان و بەردەوام لە گەڵدابوونە، توانی ببێتە زەمینەیەکی باش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگه‌ بۆ لای خۆی و پاشان وەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگه‌. خەسڵەتی «خۆبەخشانە»ی هەڵسووڕاوان و چالاکانی ئەم بوارە لە درێژەی  کار و چالاکییەکاندا، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لە سەر متمانە‌پێکردنی کۆمەڵگه‌ لە سەر ئەم کەسانە و جۆری چالاکییەکانیان‌ دانا کە، سەڕەڕای ئەوەی کە «بەرژەوەندیی شەخسی» (چ لە ڕووی مادی و چ لە ڕووی پێگەی حقوقییەوە) لەم مەیدانەدا جێگەیەکی نیە، بەڵام دیسانیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئەم مەیدانە کەسانی زیاتر لە خۆی دەگرێ. ئەمەش ڕاست بۆ «بەئەرزش»بوون و «بەهادار»بوونی ئەم جۆرە لە تێکۆشان دەگەڕێتەوە کە تاکە چالاک و هەڵسووڕەکان تیایدا هەست بە «بوون» و «شانازی» دەکەن. بۆ سەلماندنی هەمووی ئەم ئیدیعایانە باشترین بەڵگە ئەوەیە کە پشت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە پێوەندیدار بە بوومەلەرزەکەی  ٢١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە پارێزگای کرماشان ببەستین. هەر دوای تێپەڕینی کەمتر لە چەند کاتژمێر بە سەر ئەم ڕووداوەدا کە بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانانمان لە چەند شار و ناوچەیەکی پارێزگای کرماشان بە هۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی قورسیان لە ڕووی ئینسانی و ماڵییەوە لێ کەوت، خەڵکی زۆربەی زۆری شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵمەتێکی ئینسانی و نەتەوەییدا بە هەزاران تۆن کەل وپەل و پێداویستیی زه‌رووریان بۆ خوشک و برا بوومەلەرزە لێدراوەکانیان کۆ کرده‌وه‌ و ناریانن. ئەوەی لەم نێوەدا جێی سەرنج و تێڕامان بوو، جۆری ڕێکخستنی ئەم ئیرادە ئینسانی و نەتەوەییەی خەڵک بوو کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چالاكانی مەدەنییەوە هەیە. ئەوان لە سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان بە دانانی بنکە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ئادرەسی بنکەکان، مەسیری کۆکردنەوەی یارمەتییەکانیان دەسبەجێ بە خەڵک نیشان‌ دا. ئەوە بوو کە خەڵک لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان یارمەتییەکانیان گەیاندە ئەو شوێنانە، کە ئەمە بۆ جۆرێک متمانەپێ‌کردن دەگەڕێتەوە کە وەک باسمان کرد هەروا لە خۆڕا وەدەست نەهاتوە. بۆ ئەوەی وردتر قسە لەم «متمانە»یە بکەین، پێویستە وەبیر بێنینەوە کە له‌ ڕه‌وتی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ خەڵکی زیاندیتووی بوومەلەرزەکه‌، رێژیم هەوڵی ‌دا لە ڕێگای هێندێک «ستادی بەسیجی گەڕەکەکان» و « ڕێکخراوی «هیلال ئه‌حمه‌ر»ەوە ئەم یارمەتیانە لە خەڵک وەربگرێ؛ بەڵام وەک دیتمان خەڵک هیچ متمانەیەکی پێ نەکردن و یارمەتییەکانی خۆیان ڕاده‌ست نه‌کردن و ڕوویان لەو شوێنانە کرد کە لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە چاودێری دەکران. لە نموونەی خۆیدا ئەم ڕەفتارەی خەڵک بەرانبەر بە متمانە پێکردن بە خەڵکانی چالاک و هەڵسووڕی خۆیان کە بە هەڵسووڕاوان و چالاکانی مەدەنی ناسراون، بێ‌وێنەیە. ئەم متمانەپێکردنەی خەڵک توانی جۆرێک لە ڕێکوپێکی بە پرۆسەی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بدا و بە واتایه‌کی دیکە توانی ڕەفتاری کۆمەڵگه‌ لەم نموونە جووڵە کۆمەڵایەتییەدا رێک بخا و رێک و پێکی پێ ببەخشێ. هەر لە کۆکردنەوەی یارمەتییەکانەوە بگرە تا جۆری جیاکردنەوەی شت و مەکەکان و ڕێک و پێکی لە بەرێکردنیان بۆ پارێزگای کرماشان و دابەشکردنی بە بەرنامەیان لە نێو زیاندیتواندا، هەر هەمووی نیشانی‌ دا کە لەگەڵ ئەوەیکە ئەم پرۆسەیە ڕێکخراوێکی دەوڵەتی لە پشت نەبوو، بەڵام «هەوڵ»ێکی رێکخراو و  پلانمەندی لە پشت بوو کە بە خۆشییەوە وێڕای کۆمەڵێک کەند و کۆسپ و بەربەستی مەیدانی کە دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران بۆی درووست دەکا، هیوابەخشە. جۆری پێشوازی و ڕەوانەکردنەوەی ته‌رمی نەمر ئەبووبەکر مەعرووفی، یەکێک لەو خێرخوازە خۆبەخشانەی کە بە ماشینەکەی خۆی یارمەتییەکانی خەڵکی لە بۆکانەوە بۆ کرماشان گواستبۆوە و بە هۆی وەرگەڕانی ماشێنەکەیەوە هەر لەو ڕێگایەدا گیانی لە دەست‌ دا، نموونەیەکی دیکەی ڕێکخراوبوونی ڕەفتاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە جێی خۆیەتی سەرنجی تایبەتی بدرێتێ. دوای گیان لەدەستدانی ئەم که‌سایه‌تییه‌ خۆبەخشە، خەڵکی ئەو شار و ناوچانەی کە جەنازەی ناوبراویان لە کرماشانەوە بۆ بۆکان پێدا تێپەڕ دەبوو، بە هەزاران کەسیان بە بەدەستەوەگرتنی پلاکارتی تایبەت و دەستە گوڵ و نوێژکردن لە سەر ته‌رمه‌که‌ی، وەک قارەمانێک رێزیان لێ گرت. خەڵکی ئەم شارانە بە «داب و دەستوور»ی تایبەت و بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی شیاو و لە هەمانکاتدا «ڕێکخراو» و بە بەرنامەی ڕێکوپێک کە نیشان لە «بەڕێکخراوبوونی ڕەفتاری کۆمەڵگە»یە، ڕێزو پێزانینی خۆیان نواند. بێگومان جیا لەوەیکە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی بزاڤی مەدەنی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ ڕۆڵی بەرچاویان لە جۆری ئەم ڕەفتارانەی خەڵکدا هەبووە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆیش هەر ئەم کەسانە و بزاڤەکەیان کاریگەریی بەرچاویان لە سەر ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگا داناوە. بە شێوەیەک کە ئیرادەی خەڵک لە هەڵوێست و دژکردەوەکانیاندا خودبەخود لە بازنەیەکی بەربەرینی گشتیدا خۆی دەنوێنێ و شێوازێک لە خۆڕێکخستن بەخۆوە دەبینێ. کە وابوو ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەریانخست کە «چالاکییە مەدەنییەکان»_ ئەگەر بە بزووتنەوەیشیان ناو نەبەین_ توانیویانە هەست و ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگا، لە بازنەیەکی بەربەرینی گشتیدا رێک بخەن و جۆرێک لە ڕێکخراو بوون بە رەفتاری کۆمەڵگا ببەخشن. دوا قسە ئەوەیە کە پێوستە چالاکانی مەدەنی ئەم متمانەیە بە هەموو قیمەتێک بپارێزن و زیاتری بچەسپێنن. متمانەی خەڵک بەو مانایە دێ کە کۆمەڵگا بە چاوی «ئەرزش» و «بەها»وە دەڕوانێتە جۆری تێکۆشانی ئەوان. بۆیە ئەم متمانەیە تەنیا بە ئەرزش و بەها ئینسانی و نەتەوایەتییەکانی ئەوانە کە دەتوانێ پارێزراو بێ. هەر وەک تا ئێستا ئەم بزاڤە نیشانی داوە، هاوکات لەگەڵ ڕێکاری مەدەنیانە، پێویستە جەوهەر و ناوەرۆکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی خۆی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بەهێز بکا و، وێڕای هەڵگرتنی گوتاری مەدەنی، بە تەبەعییەت لە پرسە گەورە نەتەوایەتییەکە، پێداگری لە سەر بەرژەوەندییەکانی خاک و خەڵکی کوردستان بکا. ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)