کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شینایی ئاسمان و تینی زەوی چۆن دەفرۆشرێ؟

20:15 - 1 سەرماوەز 2717

وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی: ناسر حیسامی ساڵی ١٨٥٤ «فرانکلین پێرس» سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا نامەیەکی نارد بۆ سەرۆک هۆزی هیندییە سوورەکان لە «سیاتێل» و داوای لێکرد زەوییەکانیان بە حکومەتی ئامریکا بفرۆشن. سەرۆک هۆزەکە وەڵامی بۆ سەرۆکی ئامریکا ناردەوە، وەڵامێک کە نیشاندەری شێوەی ڕوانینیان بۆ مرۆڤ و جیهان بوو. نامەکەی سەرۆکی ئامریکا لەبیر نەماوە، بەڵام نامەی سەرۆک هۆزەکەی هیندییەسوورەکان لەوانە نییە لەبیر بچێتەوە. بۆ سەرۆکی گەورە لە واشنگتن! شینایی ئاسمان و تینی زەوی چۆن دەفرۆشرێن؟ ئێمە خاوەنی پاکیی هەوا و زوڵاڵیی ئاو نین، چۆنیان بە ئێوە بفرۆشین؟ ئەم خاکە و هەرچی تێیدایە بۆ ئێمە پیرۆزە. گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان، لمی کەنار ڕووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و ڕەنگی مارومێروو، هەموویان لە بڕوا و بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن. ئەو شیلەیەی بە نێو دەماری داراندا دەگەڕێ خولیا و خەونی ئێمەی تێدا مەیوە. خاک لە ناخی ئێمەدایە. ئێمە بەشێک لە خاکین و خاک پارچەیەک لە ئێمەیە. گوڵان بە بۆن و بەرامەیانەوە خوشکی ئێمەن. کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆ برامانن. ڕەوەزەبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ ومەزرا و تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لە خێزانێکن. ئەو زوڵاڵەی بە جۆبار و ڕووبارەکاندا دەڕوا تەنیا ئاو نییە، خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە. ئەو زەوییانەشتان پێ بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ ئێرە بۆ ئێمە پیرۆزە و ئەو سێبەر و تارماییانەی بەو ئاوە زوڵاڵەدا دێن هەموویان بیرەوەری و بەسەرهاتی ژینی ئێمە دەگێڕنەوە. زەمزەمەی ئاو، دەنگی باووباپیرانی ئێمەیە. ڕووبارەکان پشتمانن، تینوێتیمان دەشکێنن، بەلەمەکانمان بە شانەوە دەگرن و بژیوی منداڵەکانمان دەدەن. ئەگەر زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین دەبێ لە بیرتان بێ و منداڵەکانیشتان فێر کەن ئەم ڕووبارانە برای ئێمە و برای ئێوەن و لەوەدوا، ئەو نەرمی و بەزەییەی بە برای خۆتانی ڕەوا دەبینن، بەو ڕووبارانەشی ڕەوا ببینن. لە شارەکانی ئێوەدا شوێنێک نییە مرۆڤ ئارام و ئەرخەیان تێیدا بژی. جێگایەک نییە مرۆ گوێ بداتە لەرەی گەڵای سەرەبەهاران و ویزەویزی مێروو. ڕەنگە ئەوانە هەر بۆ ئێمە گرنگ بن کە لەو دەشت و کێوانە ژیاوین، بەڵام مرۆ ئەگەر شەوان دەنگی تاقتاقکەرە نەبیستێ و قیڕەی بۆقی گۆماوەکانی نەیەتە گوێ، لە ژیان چی بۆ دەمێنێتەوە؟ شنەبا ئەو کاتی بەسەر تەنکاواندا دەڕوا و وردەشەپۆل دەبزێوێ، شەماڵ ئەوکاتی بۆنی بارانی نیوەڕۆیانی تێدەگەڕێ و، بۆنی گەڵای تەڕوبڕی دارکاژەکان ڕووح و گیانی ئێمەی سوورپێست دەلاوێننەوە. هەوا بۆ ئێمە بایەخدارە، چونکە هەموومان بە هەناسە هەڵیدەمژین. ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ ئێمە شوکرانەبژێری ئەو هەوایەین هەڵیدەمژین و ژین بە دەماری زیندەوەردا دێنێ. باپیرەگەورەی من ئەو هەناسەیەی لە سنگدا بوو هەتا لە گەڵ دوایین ئاهـ لە لێوی هاتەدەر و ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین، ئێوە دەبێ لە گەڵ ئاژەڵی ئەم خاکە وەک برای خۆتان بجووڵێنەوە. بەڵێ! ئێمە کێویین! لەو دەشت و کێوانە گەورە بووین و تێناگەین بۆچی هەزاران کەڵەکێوی دەبێ قڕ بکرێن. ئێوە دەبێ مندالەکانتان فێر کەن کە زەویی بن پێیان، خۆڵەمێشی باب و باپیرانیانە، دەبێ ڕێزی زەوی بگرن، گەورەیی زەوی لە چاویاندا بێ و بە منداڵەکانیان بڵێن خاک دایکیانە. ئەوەی بەسەر زەوی بێ، بە سەر ڕۆڵەکانی زەوییش دێ. مرۆ تف لە زەوی بکا، تف لە خۆی دەکا. لە بیرتان بێ مرۆ ژێیەکانی سازی ژین وەدەنگ ناهێنێ، خۆی هەودایەکی ژێی ژیانە. ئێوەش یاوەری زەوی بن. ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)