کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی سووریە و پێگەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستاندا

16:55 - 3 سەرماوەز 2717

ئەوە بۆ حەوت ساڵ دەچێ قەیرانی سووریە درێژەی هەیە و شەڕ و ماڵوێرانی لەو وڵاتە کۆتایی نەهاتوە. سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی تێرۆڕیستیی داعش پێگەیەکی ئەوتۆی لە سووریەدا نەماوە، بەڵام بە کۆتایی شەڕ لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیەش، ئاسۆی ئاشتیی نێوان لایەنە نێوخۆییە دژبەرەکان و سازان و ڕێککەوتنی ئەکتەرە دەرەکییەکان و دامەزراندنەوەی قەوارەیەکی سیاسی گشتگیر کە نوێنەری هەموو کۆمەڵانی خەڵکی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بێ، ناڕوون و لێڵە و، ناکرێ پێشبینیی ئەوە بکەین کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا دانیشتووانی وڵاتی سووریە، ڕووی ئاسوودەیی بەخۆیانەوە ببینن و ئەو قەیرانە چارەسەر بکرێ. بەتایبەت کە سەرەڕای ئەوەی لە دیداری ئەو دواییانەی نێوان دوناڵد ترامپ و وێلادیمیر پۆتین سەرۆکی دوو وڵاتی زلهێزی ئەمریکا و ڕووسیە لە وڵاتی وییەتنامدا باس لە ڕێککەوتنی دوو لەیەن لەسەر درێژەدانی شەڕ لەگەڵ داعش لە سووریە کراوە و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کێشەی ئەو وڵاتە ڕێگەچارەی سەربازیی نییە، دەبینین ئەو دوو زلهێزە ناکۆکیی قووڵیان لەسەر داهاتووی سووریە هەیە و دوورەدیمەنی ڕێککەوتن لەنێوانیاندا، لانیکەم جارێ بەدی ناکرێ. هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، سەرەڕای ڕخنەی توندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، نوێنەری ڕووسیە لە شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرنووسی بڕیارنامەی درێژکردنەوەی کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدی «ڤێتۆ» کرد. ئەوە لەحاڵێکدایە کە هەتا ئێستا چەند جاران لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە باس لە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لەلایەن دەوڵەتی سووریەوە کراوە کە دوا نموونەش بەهاری ساڵی ڕابردوو لە شاری «خان‌شەیخوونە» کە بوو بەهۆی کوژرانی هەشتا کەسی مەدەنی. لەلایەکی دیکەش ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیە لە دوایین لێدوانی لە کۆبوونەوەی کادەرکانی پارتی دەسەڵاتداری «داد و گەشەپێدان»دا لە ڕۆژە هەینی ٢٦ی خەزەڵوەر، وێڕای ڕخنەی توند لە سیاسەتی ئەمریکا و پێدانی چەک بە هێزەکانی سووریەی دێمۆکڕات کە زۆرینەی پێکهاتەکەی شەڕڤانانی کوردی یەکینەکانی پاراستنی گەل «یەپەگە»ن، هەڕەشەی توندی لە پارتی یەکیەتیی دێمۆکراتیک «پەیەدە» کرد و ڕایگەیاند دەڤەری عەفرین لە ژێر دەستی کوردەکان دەردێنین. هێزەکانی تورکیە و دەستە و تاقمە هاوپەیمانەکانی وەک ئەرتەشی ئازادی سووریە و گرووپە دەسکردە عەرەب و تورکەمانەکان، لە درێژەی عەمەلیاتی «مەتاڵی فورات»دا بەتەمان سەرەتا لەهەموولایەکەوە پارێزگای عەفرین گەمارۆ بدەن و پاشانیش هێرشی بکەنە سەر و داگیری بکەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە ڕووسەکان کردوە هێز و پێگە نیزامییەکانیان لەو ناوچەیە ڕاگوێزن. ڕەنگە ئێستا سیاسەتی تورکیە لە داهاتووی سووریەدا لە هەموو ئەکتەرەکانی دیکە ڕوونتر بێ، چونکە ئەو حکومەتە کە لەسەرەتادا زۆر بە ڕژدی پێداگر بوو لە سیاسەتی لەسەرکارلادانی بەشارئەسەد و لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانەکانی تێچووی زۆریان بۆ ڕێکخستنی ئەرتەشی ئازاد و ئۆپۆزسیۆنی سووریە کرد، پاش هاتنەکایەی بەکردەوەی ڕووسەکان و گۆڕانی باڵانسی هێز لە قازانجی بەشار ئەسەد و ڕێژیمی کۆماری  ئیسلامیدا و هەروەها لەدوای ئەوەی تورکیە تێگەیشت هێزە کوردییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان خەریکن جێ پێی خویان خۆش دەکەن و ئەمریکاش لەو دووساڵەی ڕابردوودا_ سەرەڕای پێناخۆشبوون و ڕخنەی توندیان_ لە شەڕی داعشدا پشتیوانی و هاوکارییان دەکا، زوو هەستی بە مەترسیی دەسەڵاتێکی کوردی لە چەشنی حکومەتی هەرێم کوردستان کرد و ئیستراتێژی و سیاسەتی خۆی لە سووریە بە ئاراستەی دژایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا بەهەر چەشن و شێوەیەک و بەهەرتێچوویەک داڕشتەوە. هەربۆیەش دەبینین لە لێدوانەکانی ئەو دووساڵەی ئەردۆغان و باقی کاربەدەستانی تورکیەدا کەمتر لە پێشوو باس لە سیاسەت و کردەوەکانی دژی گەلیی بەشار ئەسەد دەکرێ و ئەگەر ڕخنەیەکیشیان هەیە، لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی کە بەپێچەوانەی ویست و ئیرادەی تورکیە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان دەکەن، ئەگینا ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی سەرەوان و بنەوان، باسی هەڕەشەی یەپەگە و پەیەدە و کوردەکان دەکەن و شیروتیر لە ڕۆژاوای کوردستان دەسوون. جگەلەوەش ڕوون و ئاشکرایە ئەردۆغان و پارتە ئیسلامییەکەی هەمیشە خەون بە خەلافەتی عوسمانییەکانەوە دەبینن و بە حەسرەتەوە باس له‌و هێز و دەسه‌ڵاته‌ له‌ ده‌ستچووه‌ ده‌که‌ن سەردەمانێک تورکە عوسمانییەکاندا بوویانه‌، هەر بۆیەش دوور نییە ئەردۆغان بیر لە داگیرکردنی دەڤەری عەفرین بکاتەوە و وەک «ئەنتاکیە» کە لەساڵی ١٩٣٩ لەلایەن ئەو وڵاتەوە داگیر کرا و پاشان لە ساڵی ١٩٤٦ دوای ڕاپرسییەکی گوماناوی بە فەرمی خستییە سەر پارێزگای»خەتایی»، ئەو خەونەش بۆ عەفرین ببینێ. بەتایبەت کە لەلایەک لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەردەوام باسی ڕێژەی بەرزی تورکمەن  و عەڕەبەکان لەو پارێزگایە دەکا و باڵادەستی ڕێژەی نەتەوەی کورد دەخاتە ژێر پرسیار و لەلایەکی دیکەش باش دەزانێ سووریە پێگەی جارانی نەماوە و ناتوانێ بگەڕێتەوە سەردەمی پێش ڕووداوەکانی بەهاری عەڕەبی و ڕەنگە چۆن ئیسرائیل توانی بەرزاییەکانی «گوڵان» لە دوای شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ داگیر بکا و بیکاتە «ئەمری واقع»، بەو شێوەیەش ئەوان دەتوانن لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و هەم ئەو دەڤەرە کوردستانییە داگیر بکەن کە زۆر بە پیت و بەرەکەتە و بە بۆچوونی ئەردۆغان میراتی عوسمانییەکانە و هەم بەرۆکی خۆیان لە بەشێک لە کێشەی ئەگەری دامەزراندیی دەسەڵاتی کوردی و گەیشتنی سنووری ڕۆژاوای کوردستان بۆ دەریای ئازاد بەکەنەوە. ئێستا و لەلایەکی دیکەوە، لە دوای شکانی داعەش لە پارێزگای دێرەلزوور و بەدەستەوەگرتنی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی سووریەوە، هەڕەشە لەو بەرەیەش لە ڕۆژاوای کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا بەشار ئەسەد و هاوپەیمانە سەرەکییەکەی، واتە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕاشکاوی ڕایانگەیاندوە دوای گرتنەوەی ئەو پارێزگایە، ئاراستەی هێزەکانیان بەرەو شاری»ڕەققە»یە بۆ بەناو ئازادکردنی ئەو دەڤەرە. بەشار ئەسەد وێڕای پێداگری لە نێوەورۆکی «عرووبە»ی سووریەی داهاتوو، دژایەتیی ئاشکرای خۆی بۆ هەرچەشنە سیستەمی فێدێڕاڵی و «لامەرکەزی» و دانپێدانانی مافە نەتەوەییەکانی کورد و باقی پێکهاتەکانی غەیرە عەرەبیی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندوە و نیشانی‌ داوە لە ئێستاوە بە هاوکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چ سیاسەتێک لە ئاست کوردەکان لە داهاتوودا پەیڕەو دەکا. دیارە شک لەوەدانییە لەهەلومەرجی ئێستادا هەرچەشنە پێکدادانێک لەنێوان هێزەهاوبەشەکانی بەشارئەسەد و سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەک و لە لایەکی دیکە هێزەکانی «یەپەگە» سوریەی دێموکرات کە هەروەک باسکرا لەلایەن ئەمریکاوە تەیار و پشتیوانی دەکرێن دەتوانێ شەڕی گەورەی لێبکەوێتەوە و ببێ بە شەڕی بەوەکالەتی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا و ڕووداوی چاوەڕواننەکراوی دیکەی لێ بکەوێتەوە. ئەو ڕووداوانە و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی داگیرکەرانی کوردستان لەلایەک سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هەروەک لەسەرەوە باسکرا، دوورەدیمەنی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریە زۆر ناڕوونە و دەبێ چاوەڕوانی پێشهاتەکانی داهاتوو و هەڵسووکەوتی ئەمریکا و ڕووسەکان لەهەمبەر ئەو قەیرانە بین و لەلایەکی دیکەش، کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان دەبێ باش ئاگاداری پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان، تورکیە و کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی سووریە بن کە هەڕەشەی گەورە و ئاشکرایە لەسەر دەسکەوتەکانیان. داگیرکەران نیشانیان داوە سەرەڕای ناکۆکییە ورد و درشتەکانیان، لە ئاست کێشەی نەتەوەی کورد و سەرکوتی جووڵانەوەی مافخوازانەکەی، کۆک و هاودەنگن. نموونەی هەرەزەق لەوپێوەندییەدا گەلەکۆمەگیی گەلەگورگەکان (فارس، عەرەب و تورک) و پیلانی هاوبەشیان بوو بۆ لەباربردنی ڕاپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی کەرکووک و بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی و سپای پاسداران و هێزەکانی دەوڵەتیی بەناو فێدێڕاڵی عیراق بوو کە بەداخەوە ئەو گەلەکۆمەگییە لەگەڵ چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ئەمریکایی و بێدەنگی شەرمێونانە و ناجوامێرانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتە باڵادەستەکانی جیهان بەڕەوڕوو بوو. هەر بۆیەش بۆ دووپات نەبوونەوەی ئەگەری پیلانی لەم‌چەشنە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، لەلایەک هێزە کوردییەکان لە ڕۆژاوا بە هەموو لقوپۆپەکانیانەوە دەبێ بەر لەهەموو شتێک نێوماڵی خۆیان ڕێک بخەن و خۆ لە پەرتەوازەیی و دووبەرەکیی هەتا ئێستایان  بەدوور ڕاگرن و لەلایەکی دیکەش وەک دەڵێن لە ئیستراتێژی و سیاسەتی درێژخایەنیان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان و پاراستنی دەسکەوتەکانیان وەک پۆڵا بن و لە هەنگاوە سیاسی و تاکتیکییەکانیشدا نەرم و نیان بن و وەک دەڵێن لە گەمەی سیاسیی هەستیار و چارەنووسسازیی هەنووکەی سووریە و ناوچەدا، هەموو «هێلکەکان» نەخەنە یەک «سەبەتە». هەرچەند داهاتووی سووریە ناڕوون و لێڵە، بەڵام هەروەک ئەمریکا و ڕووسەکان بەو ئاکامە گەیشتوون کە لە ڕێگەی سەربازییەوە ئەو گرێ کوێرەیە چارەسەر ناکرێ، دەبێ چاوەڕێی ساتوسەودا و سازان لە نێوان ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو کارەسات و قەیرانە بەتایبەت دوو زلهێزە سەرەکییەکە بین و بزانین ئەوان چۆن دەتوانن، هەم بەر بە خوێنڕشتنی لەوەزیاتری خەڵکی بێتاوان بگرن و هەم نەهێڵن ئەو قەیرانە بۆشوێنەکانی دیکە تەشەنە بستێنێ. لەهەمان کاتدا ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی نەهێڵن سووریە لە ئێستا و لە داهاتوودا لەوە زیاتر ببێ بە «پاشخانەی» ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە راستیدا لە پاش نەمانی سەرەتانی داعش، «لەڕەشە»ی ئەو ڕێژیمە جەستەی وڵاتی کاولکراوی سووریە دابگری. ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)