کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتننامەی ئەنجوومەنی دیمۆکراسیخوازانی ئێران

14:21 - 11 سەرماوەز 2717

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پێکهاتەی سیاسی ـ مەزهەبی و نێوەرۆکی چاکسازیهەڵنەگریەوە، دوای سی و هەشت ساڵ دەسەڵاتدارەتیی سەرەڕۆیانە و تاقمگەرایانە و سەپاندنی هەڵاواردنی جۆراوجۆر و بڕەوپێدان بە گەندەڵی و بێمتمانەیی گشتی لە کۆمەڵگەدا و گێچەڵخوازییەکانی لە ئاستی نێونەتەوەیی، وڵاتی ئێرانی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە خستۆتە بارێکی نالەبار و بنبەستەوە. تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لەم دۆخە قەیراناوییە تێپەڕین لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، کە لە ڕێگای لێکتێگەیشتن و یەکیەتیی هێزە دیموکرات و سێکولارەکان و بە دوور لە سنووربەندییە ڕێکخراوەیی و تاکەکەسییەکان و بە لەبه‌رچاوگرتنی ڕاستیینە مێژوویی و هەنووکەییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانەوە دێتە دی. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە لە نەتەوە و گەلە جۆراوجۆرەکانی وەک تورک، کورد، عەرەب، بلووچ، تورکمەن، لوڕ و فارس و ... پێکهاتوە، کە پێوەندیی مێژوویی نێوان ئەوان و دۆخی ئێستایان چارەنووسێکی هاوبەشی بۆ دیاری کردوون. بە پێی ئەزموونە مێژووییەکانی ئێران و جیهان، سەقامگیربوونی دیمۆکراسی  بە واتای ئازادییە دیمۆکراتیکییەکان و یەکسانیی حوقووقی( تاکەکەسی و کۆیی)، مەدەنی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری و جیایی کۆی باوەڕە ئیدیۆلۆژیکیەکان لە ڕێژیمی سیاسی (لە پێناوی رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوە سووڕی سەرەڕۆیی) کارێکی پێویست و بێئەملاو ئەولایە. ئێمە واژۆکەرانی  ئەم بانگهێشتنامەیە وێڕای بڕواهەبوون بە بنەما و هەنگاوە هاوبەشکانی خوارەوە، خوازیاری پێکهاتنی هاوپێوەندییەکی گەورە لە ئوپۆزیسیۆنی دیمۆکرات و سیکولار لە  بەرەیەکی بەریندا لە دژی هەرچەشنە سەرەڕۆییەک، یەک لەوان سەرەڕۆیی مەزهەبیی باڵادەست بەسەر کۆمەڵگەی ئێرانین. لەم سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی ئێرانێکی یەکگرتوو و فرەگەرا لە حیزب و ڕێکخراوەگەلی بڕوادار بە دیمۆکراسی( ئازادی و یەکسانی و سێکولاریسم) و مافەکانی مرۆڤ  بانگهێشت دەکەین، کە بە نواندنی ڕوانگە و هەنگاوی شوێندانەری خۆیان لە دەوری ئەم بنەما و پرنسیپانەدا، لە شکڵگرتنی ئەم هاوپێوەندی و یەکگرتنەدا، بەرپرسانە هاوهەنگاو بنێن: ١ـ پشتگیریکردنی هەمەلایەنە لە بزووتنەوەگەلی داخوازگەراکان و ناڕەزایەتییە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵکی وڵات، پێکهاتوو لە بزووتنەوە یەکسانیخوازانەکان کە ئامانجیان دابینکردنی مافی نەتەوە و ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان و ژنانە لە ئێران،  بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی کرێکاران، وەرزێڕان، مۆمۆستایان، خوێندکاران، لاوان(بزووتنەوەی دژ بە بێکاری)، پارێزەرانی ژینگە، پارێزەرانی مافەکانی منداڵان، بزووتنەوەی داکۆکی لە بەندییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی سڕینەوەی سزای سێدارە، داکۆکیکارانی ئازادیی رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، سەندیکاکان و یەکیەتییە پیشەییەکان لە سەرانسەری وڵات. ٢ـ تێپەڕین لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە شێوازە دیمۆکراتیک، ئارام و (به‌ له‌به‌رچاوگرتنی مافی بەرەنگاریی رەوا) بە ئامانجی دامەزراندنی سیستمێکی دەسەڵاتداریی دیمۆکراتیک و فیدرال کە لەودا دەسەڵاتی سیاسی و سەرچاوە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران دا دابەش بکرێ. ٣ـ بڕوامەندی بە دابێنکردنی ئازادیی سیاسی، مەدەنی، بڕوا و ئایینەکان لەسەر بنەمای جاڕنامه‌ی  نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ. ٤ـ جیایی دامەزراوەی ئایین لە دەوڵەت و کۆی ئۆرگانە دەوڵەتییەکان. ٥ـ بڕوامەندی بە دابینکردنی یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاو و بەرەوژووربردنی توانایی ژنان لە تەواوی بیاڤە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، مەدەنی، ئابووری و سیاسییەکاندا. ٦ـ بەکارهێنانی زمانی فارسی وەک زمانی سەرانسەری و پێوەندی لە نێوان بیاڤە زمانییە جۆراوجۆرەکانی وڵات، لە هەمان کات دا کە زمانی نەتەوەکان لە ئاستی وڵات و ناوچەکانی ئەوان بە فەرمی دەناسرێ. ٧ـ پاراستنی یەکپارچەی خاکی وڵاتی ئێران بە پێی پێبەندی بە بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و گرووپە ئیتنیکییەکانی ئێران. ٨ـ کۆی خاڵ و داخوازەکانی سەرەوە لە پێکهاتەی دەوڵەتی دیمۆکراتیکی فیدراڵدا، لەلایەن هێزە سیاسییە بەشدارەکانەوە، بە پشتبەستن بە جاڕنامه‌ی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامە نێونەتەوەییەکان و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆنوانسیۆنگەلی پێوەندیدارەکان و دەقە حقوقوقییە کۆتاییەکان لە کۆڕی دامەزرێنەرانی بناخەدانەردا پەسند و قانوونی دەکرێن. ناوی حیزب و ڕێکخراوە واژۆکەرەکانی بڕوامەند بە بنەماو پرنسیپەکانی سەرەوە بە پێی ریزبەندیی ئەلفابێ: بەرەی دیمۆکراتیکی ئێران بەرەی یەکگرتووی بەلوچستان بزووتنەوەی ستەملێکراوانی دادخواز ڕێکخراوی فەرهەنگی و سیاسیی گەلی تورکمەن حیزبی یەکیەتیی بەختیاری و لوڕستان حیزبی دیمۆکراتیکی تزامین ئەهواز حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران حیزبی خەڵکی بلوچستان ڕێکخراوی فەرهەنگی و سیاسیی ئازەربایجان