کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی عەلی عە‌بدوڵڵا ساڵح و لێڵتر بوونی ئاسۆی یەمەن

14:59 - 14 سەرماوەز 2717

ڕۆژی دووشەممە، علی عەبدوڵڵاساڵح سەرۆک‌کۆماری پێشوو و ڕێبەری حیزبی کۆنگرەی یەمەن، لە دەرەوەی سەنعا پێتەختی ئەو وڵاتە لە لایەن حووسییە بەرهەڵستکارەکانەوە کوژرا. ناوبراو کە لە گەڵ حووسییەکان بە دژی سەرۆک‌کۆماری ڕاکردوو عەبد ڕەبە مەنسوور هادی و بەرەی وڵاتە هاوپەیمانەکانی عەڕەبی بە سەرکردایەتی عەڕەبستانی سعوودی لە بەرەیەکدا دەجەنگا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەنعا لەگەڵ حووسییەکان تووشی ناکۆکیی و شەڕ و پێکدادان هات و لە ئاکامدا گیانی لەسەردانا. عەلی عەبدوڵڵا ساڵح هەڵوێستی گۆڕی و هاتەسەر ئەو باوەڕە کە بۆ پاراستنی خەڵک و پێشگرتن لە ماڵوێرانی و کوشتاری خەڵکی بێتاوان و کۆتایی‌هێنان بەو شەڕە، دەبێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ نەیارانی هەڵداتەوە و واز لە هاوبەندی لەگەڵ حووسییەکان بێنێ کە لەلایەک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی جیهان دەسەڵاتەکەیان بەفەرمیی نەناسراوە و لەلایەکی دیکەش هەتا بینەقاقایان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسراونەتەوە. هەر بۆیەش ڕایگەیاند ئامادەیە لەگەڵ سەرۆک‌کۆماری ڕاکردوو عەبد ڕەبە مەنسوور هادی و عەڕەبستانی سعوودی لەسەر کۆتایی‌هێنان بە شەڕو پێکدادان وتووێژ بکات. علی عەبدوڵڵا ساڵح وەک ژێنێڕاڵێکی ئەو وڵاتە، ماوەی ٣٠ ساڵان لە دەسەڵات دابوو، ناوبراو لەو کۆتاییانەدا چەند جاران ڕایگەیاندبوو کە لەلایەک کێشە و ناکۆکیی خەڵکی یەمەن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە شەڕ چارەسەر ناکرێ و لەلایەکی دیکەش دژی دەستێورردانی دەرەکی، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. هەربۆیەش زۆر جاران لە وتووێژەکانی‌دا باسی لە ئاشتی نەتەوەیی و دوورکەوتنەوە لە وڵاتانی دەرەوە دەکرد و بەو ئاکامە گەیشتبوو کە کێشەی یەمەن لە گرێژنە چۆتە دەرێ و ئەو وڵاتە بۆتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعوودی و، ئەوان واتە حووسییەکان و بەشیی زۆری سپای یەمەن کە بە عەبدوڵڵا ساڵح وەفادار ماونەتەوە و نەیارەکانی، واتە هێزەکانی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، لەڕاستی‌دا شەڕی نیابەتی دەکەن و بوونەتە کارتی گەمەی زلهێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران بە نوێنەرایەتی شێعەکان و عەڕەبستانی سووننە مەزهەب. ناوبراو پاش هاتنەکایەی هاوبەندیی وڵاتانی عەڕەبی لەلایەک و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئاگری شەڕەکەی خۆشتر دەکرد لەلایەکی دیکە و لە پاش پێکانی چەند شوێنێک لە عەڕەبستانی سعوودی بە مووشەکە دوورهاوێژەکانی دەسکردی ئێران لەلایەن حووسییەکانەوە بەو ئاکامە گەیشتبوو کە شەڕی نێوخۆیی یەمەن ئیتر نێوخۆیی نییە و هەر بە یەمەنەوە نەبەسراوەتەوە، بەڵکوو بۆتە شەڕێکی ناوچەیی و ئەگەری زۆری هەیە کە تەشەنە بستێنێ و ببێ بە شەڕێکی ناوچەیی کە نەک هەر وڵاتی یەمەن، بگرە هەموو وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. تەنانەت ئەگەر بەو ئاستەش نەگا ئەوە لە یەمەندا هیچ لایەک براوە نین و لەو بەینەشدا زەرەرمەندی سەرەکی، خەڵکی هەژار و لێقەوماو و شەڕلێدراوی یەمەنە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بەرچاو ناکەوێ. بەهەرحاڵ پاش کوژرانی علی عەبدوڵڵا ساڵح کێشەی یەمەن نەک هەر کۆتایی نایەو شەڕ بە هەموو لێکەوتەکانییەوە بەردەوام دەبێ، بەڵکوو دەبێ چاوەڕوانی کوشتار و ماڵوێرانی زۆرتر بین لەو وڵاتە؛ چونکە یەمەن وڵاتێکە کە هۆز و تایفەکان هەموویان چەکدارن و عەبدوڵڵا ساڵحیش لە سەرۆکەکانی یەکێک لە بەهێزترین هۆزەکانی یەمەنە و بەدڵنیاییەوە ئەوان بە هەموو هێزەوە هێرش دەکەنە سەر سەنعا و شەڕی دەستەویەخە لە پێتەختی یەمەن گەرمتر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەبێ. جگەلەوەش سپای یەمەن هەر چۆنێک بێ بێلایەن نابێ و بۆ تۆڵەسەندنەوەی ڕێبەرەکەیان، هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی حووسیی و شیمانە دەکرێ، حووسییەکان ناچار بکرێن لە سەنعا پاشەکشە بکەن. لەلایەکی دیکە هەر ڕۆژی دووشەممە بە مووشەک هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی و ئاگری تێبەردرا، دەسەڵاتدارانی تاران سەرەتا ئەو هەواڵەیان وەدرۆخستەوە، بەڵام پاش ئەوەی ویدیۆی لێدان و سووتانی بنکەی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەواڵدەرییەکان بڵاو کرایەوە، رێژیم ناچار دانی‌پێداناو هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە. شەڕی یەمەن لەحاڵێک‌دا ڕوو لە پەرەسەندن دەکات کە هاوبەندییە ناوچەییەکان و هاوتەریب بوونەکان لەئاستی ناوچە و جیهاندا ئاشکراتر دەبن و ئەوەی دیارو حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە هەتا دێ بەرەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرینتر و پتەوتر دەبێ و دونیای دەرەوە و ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە دەبێ ئاستێک بۆ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی دابنێن، دەنا ئەو ڕێژیمە هەوسارپچڕاوە کە بە کەیفی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکی تەراتێنە، لەوە زیاتر بە قازانجی خۆی کەڵک لەو قەیرانە خوێناویانە وەردەگرێ و پەل داوێژێ.