کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«شاری جوان و کوردنشینم»

18:43 - 16 سەرماوەز 2717

کە بوومەلەرزەی ماڵوێرانکەر بەشێک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵتەکاند ئازارەکەی تەنیا ئەوانە نەیانچێشت کە ژیان و ماڵیان بەر بوومەلەرزە کەوت، ئەوە خەم و ژانی هەموو نیشتمان بوو. هەستی نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی، وای کرد کە لە سەرانسەری شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، کوردان بە هانای هاونەتەوەییە بوومەلەرزە لێدراوەکانیانەوە بچن. ئەم بەهانا چوون و بە فریا گەیشتنە حەماسەیەکی نەتەوەیی کەموێنەی لە نێو خەڵکی کوردستاندا خوڵقاند. لەم حەماسە نەتەوەییەدا، هیچ ناوچەیەکی کوردستان بێ خەم نەبوو و هیچ شارێکی کوردستان خۆی وەدوا نەدا. جیاوازییە ناوچەیی، زاراوەیی و ئایینییەکان، هیچ شوێنیان لە سەر هاوخەمی و ئاستی بەهاناوە چوونی ئەوان دانەنا. بەڵام لە ئاسمانی پڕ ئەستێرە و لە نێو ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی ئەو ڕۆژانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەستێرەیەک زیاتر درەوشاویەوە و ناوی شارێک زیاتر بەرگوێ کەوت. لە ڕەوتی کێشانەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی ناوچەی کرماشان، مام ئەبووبەکری مەعروفی، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن و کەمبوونەوەی تاقەتی سەفەر بۆ ڕێگای دوور، ماشێنەکەی لە یارمەتییە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ هاونیشتمانانی لێقەوماو، ئاخنی و لە بۆکانەوە بەرەو کرماشان وەڕێکەوت. گەرچی دڵ هەروا بە خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانەوە لێی دەدا بەڵام ڕێگا دوور، شەو تاریک و چاوەکانی شۆفیرە بە ساڵاچووەکەی ئێمەش سۆمایی ساڵانی لاوییان تێدا نەمابوو. لە نیزیک شاری جوانڕۆ ماشێن چەپی کرد و نەگەییە مەنزڵ. بەو هۆیە بە داخەوە کاک ئەبوبەکر مەعرووفی گیانی لە دەست دا. هەواڵی گیان لەدەستدانی کاک ئەبوبەکر مەعروفی لە ڕێگه‌ی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاونەتەوه‌ و هاونیشتمانانی، تۆمار بە تۆمار بڵاو بۆوە و خەڵکی کوردستانی پێ خەمبار بوو. خەڵک هەر زوو وەک قارەمانێکی نەتەوەیی ناویان برد و ناسناوی شەهیدی مرۆڤایەتییان پێ دا. دواجاریش مەرگی ئەو بوو بە هۆکار تا ئەو هاوسۆزییە نەتەوەییەی کە بۆ بەهاناوەچوونی بوومەلەرزەلێدروان لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بە جۆش و حەماسەی نەتەوەییەوە دەستی پێ کردبوو، ئەمجار لە پارێزگای بوومەلەرزە لێدراوەوە ڕەوتی پێچەوانەی وەربگرێ. دانیشتوانی پارێزگای کرماشان و پاشان سنە، بە هەمان حیماسەی نەتەوەییەوە، تەرمی کاک ئەبووبەکریان وەک قارەمانێکی نەتەوەیی بۆ بۆکان گەڕاندەوە. بەڵام ئەمە یەکەم جار نەبوو کە پێوەندیی و خۆشەویستیی نێوان دوو شاری بۆکان و کرماشان ئاوا خویا دەبوو. ئەمڕۆژانە کە لاوانی بۆکان لە یاریی تیمی سەرداری بۆکاندا پلاکاردێکیان بە نێوەرۆکی «کرماشان بۆکان تۆ هیچکات لە بیر ناکا» بەرز کردبۆوە، هەستم دەکرد کە ئەم هاوسۆزییە چەندە سادقانە و چەندەش ڕەگی لە ڕابردووی خۆشەویستیی نێوان ئەو دوو شارە دایە. کارەساتی بوومەلەرزە و پاشان مەرگی کاک ئەبووبەکر، لە ڕاستیدا پێوەندیی عاتفی و خۆشەویستیی ئەم دوو شار و ئەو دوو ناوچە خۆشەویستەی کوردستانی جارێکی دیکە نوێ کردەوە. ئەگەر کرماشان لە دێرزەمانەوە بە هەڵکۆڵدراوە مێژوییەکانی بێستوون و ئەفسانەی فەرهاد و شیرین بە ناوبانگە، ئەوە هیچ شار و ناوچەیەکی کوردستان هیندەی بۆکان لە ژێر کارتێکەریی ئەم ئەفسانەیەدا نەبووە. سەرەڕای ناجیرانەتی و دووریی جوگرافیایی دوو ناوچە لە یەکتر، چیرۆکی شیرین و فەرهاد لە ناوچەی بۆکانیشدا بە هەمان شێوەی نەزم و هۆنراوە، چیرۆکێکی ئاشنا بوو. ئەگەرچی بە نەنووسرانەوەی، ڕەنگە بە داخەوە لە بیرچووبێتەوە و ئیستا نەمابێ. جگە لە چیرۆکەکە، هەر لە فەرهادتاشەکانی بی‌بی کەند و سماقانەوە تا پێمەڕەی فەرهادی پاڵ تەرەغە، ڕەنگە هیچ ناوچەیەک هیندەی بۆکان، ئیلهامی لە ئەفسانەی بێستوونی کرماشان وەرنەگرتبێ و ناوی فەرهاد و فەرهاد تاشی بۆ چیا و ئەشکەوتە تاشراو و هەڵکۆڵدراوەکانی خۆی بە کار نەبردبێ. تا ئاستێک کە فەرهادتاش ناوی ناوچەیەکی بەرینی هەرێمەکەیە. بەڵام ترۆپکی خۆشەویستیی بۆکان بۆ کرماشان، ڕەنگە لە ڕێی هونەرمەندی بە ناوبانگی بۆکان و کوردستاندا ڕەنگی دابێتەوە. ئەگەر بۆکان و کرماشان هەردوویان کوردستان نەبان، دەکرا بڵێین زیرەک سەفیری بۆکان لە کرماشان یان بە پێچەوانە بوو. کرماشانیەکانیش خۆشەویستیی بێسنووریان بۆ ئەو هونەرمەندە ئەفسانەییەی کوردستان و بۆکان هەبوو و هەیە بەڵام زیرەک ڕەنگە هیچ گۆرانییەکی تازەی خۆی هیندەی «کرماشان» نەگوتبێتەوە و دووپات نەکردبێتەوە. تەنیا ئەو جارانەی کە لە گەڵ گوتنەوەیدا توانیویەتی تۆماریشی بکا و ئەمن لە سەر یوتیوب توانیم گوێیان لێ بگرم، زیاتر لە چوار تۆمارکراوی جیاوازە. بە جیاوازیی موزیکەکانیشیانەوە دیارە کە زیرەک، بە میوانی یان ئاوارەیی، لە هەر دوو دیوی ئێران و عێراقدا گۆرانی و خۆشەویستیی کرماشانی لە گەڵ خۆی گێڕاوە. ئەوە سەرەڕای تێکستی پڕ لە هەستی نەتەوەیی نێو گۆرانیەکە لەوانە «شاری جوان و کوردنشینم» یان «کرماشان جێگای ئەژدادم» کە داکۆکیی ئاشکران لە کورد و کوردستانیبوونی کرماشان و هەوڵدان بۆ بڕینی چاوی تەماحی بێگانە لە سەر ئەم شارە خۆشەویستە. لە کۆتاییدا، هیوا دەخوازین شارەکەمان لە بەڵای سروشت بە دوور و لە دەست داگیرکەر ڕزگار بێ. بوومەلەرزە جارێکی دیکە ڕوو لەو ناوچە جوان و تەرزە نەکاتەوە لە گەڵ زیرەکی مەزن دەڵێین:   «کرماشان شارێکی بەرزە شارێکی بە نەزم و تەرزە دوور بی تۆ لە بوومەلەرزە» ( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)