کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەیەک بۆ پێشمەرگە!

20:51 - 16 سەرماوەز 2717

هۆی کاکی پێشمەرگەی فیداکار! لەڕێگایەکی دوورەوە ئەم نامەیەت بۆ دەنێرم. نازانم چۆن و کەی بەدەستت دەگا بەڵام من وای دادەنێم بەم زووانە دەی بینی و دی خوێنییەوە. باوەڕ بکە دڵم هێندە پڕە نازانم دەگەڵ کێ قسە بکەم و دەردی دڵ لای کێ هەڵڕێژم. تەنیا کەسێک کە پێم شک دێ و تێی ڕادەبینم تۆی ڕاستگۆ و جوان ڕەوشت و دڵ پڕ لەخەمی گەل و نیشتمانی کە بتوانم دەردی خۆم و گەلەکەمی بۆ هەڵڕێژم. کەوابوو تکایە گوێم لێ بگرە و وەک پیشەی هەمیشەییت بەسەبرو تەحەممول بە. ئەی هاوڕێی دڵپاک و لەخۆبوردوو، هێندەم دەردی دڵ هەیە نازانم لەکوێڕا دەست پێ بکەم و کام بەشیانت بۆ باس بکەم. دەزانم بیری تۆ هەر لای سەنگەری بەرگرییە و پێت خۆشە دوندی چیاکانت وەبیر بێنمەوە. ئای کە بیر لەمەیدانی قارەمانەتی و فیداکارییەکانت دەکەمەوە چ هەستێکی پڕ لەغروور و سەربەرزی ڕووم تێ دەکا؟ ئای کە سیمای جوامێرانەت دێنمەوە بەرچاو ولە قەڵافەتی پڕ هەیبەتت دەڕانم چۆن شاگەشکە دەبم و دەپێستی خۆمدا جێم نابێتەوە؟ بەڵام هەزار حەیف و داخ کاتێک دەبینم دوندی چیات لێ زەوت کراوە و لەنێو دڵی گەرمی خەڵکەکەت دوور خراویەوە کوڵی گریانێکی بەکوڵ دەمگرێ و هەموو ئازای لەشم دادەگیرێ. نازانم لەمەو دوا ئازادیی کورد چەندە پێویستیی بە بوونی تۆ دەبێ و تۆی «پێشمەرگ»ی خەڵکەکەت چەندە بۆت هەیە دڵی دوژمن وەلەرزە بخەی، بەڵام سوێندت بۆدەخۆم ناوی تۆ و فیداکاریی تۆ لای من و میلیۆنان کەسی وەک من هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە. هۆ ڕۆڵە قەت نەسرەوتەکەی گەل، ئەی کاکی پێشمەرگە! دەزانم لەمنت زیاتر ئاگا لەوەزعی کوردستان و پیلانی دوژمنان و هەرکەس هەرکەسیی نێوماڵی کورد هەیە. دەشزانم بە پێی ئەرک و مەقامت زۆر لەمن زیاتر دەخەمی داهاتووی خەڵکەکەت دای. من لەڕێگای ئەم نامەیەوە هەر ئەوەندەت داوا لێ دەکەم تۆ وەک پێشمەرگەی خەڵک بمێنەوە و هەوڵ بدە لە ئوبووهەتی خۆت بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد کەڵک وەرگری. تکات لێ دەکەم مەکەوە نێو ململانێی سیاسییەکەن و توانا و ئینڕیژیی خۆت لەڕێگایەکدا سەرف بکە کە دوژمن پێی بتاسێ. دەزانم تۆ هەروەک چۆن لەمەیدانی بەرگریی قارەمانانەتدا دوژمن تۆقێن بووی و دڵی خەڵکت شاد دەکرد، ئێستاش دەتوانی ڕۆڵی کاریگەری خۆت بۆ پتەو ڕاگرتنی هەستی خەباتکارانە و ئازادیخوازنە بەباشی بگێڕی. تکات لێ دەکەم دریغی مەکە و ناهومێدی ڕووت تێ نەکا. چاوی خەڵک لەسەر تۆیە و ناوی تۆ وەک هەمیشي دەتوانێ ورەبەخشمان بێ. کاکی خۆم، ئەی چەکهەڵگرە ڕزگاریدەرەکەی نیشتمان! تۆفانی ڕووداوەکان وا دەوروبەرمانی تەنیوە هەربینا گەیشتە سەر سەری ئێمەش. ئەوەی من و ڕەنگە تۆی پێشمەرگەش داخ و حەسرەتی پێوە دەخۆین ڕۆژهەڵاتە ناز لێ شێواوەکەی خۆمانە کە نازانین ئەو تۆفانە چۆنی دەگرێتەوە و بەرەو کوێی ڕادەماڵێ. خۆت لەمن چاکتر دەزانی ئەگەر ئاوا بچینە پێش نە تۆی دوژمن بەزێن دەتوانی دەوری خۆت بگێڕی و نە پێش سوارەکانمان دەزانن کاروانەکەمان بە باشترین ڕێگای ڕزگاریدا جڵەوکێش بکەن. من زۆر دەترسم بەرهەمی ڕەنجی دەیان ساڵەت بەفیڕۆ بچێ و ئەو هەموو ئازارەی لەپێناو ڕزگاریدا چێشتووتە ببێتەوە هیچ. بۆیە لەبەرت دەپاڕێمەوە وشیاریی خۆت بپارێزە. تەنیا بیر لەنیشتمان و ئازادیی گەل بکەوە. مەکەوە نێو بازاڕی سیاسەتی ڕۆژ و، بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل بەهیچ مەگۆڕەوە. خۆ دەزانم تۆی دڵپاک و بێ گرێوگۆڵ هەموو فکروزکرت خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادییە، بەڵام وشیارت دەکەمەوە کە ئەوەت لە سیاسییەکانیش بوێ و فشاریان بۆ بێن نەوە هەنگاویان شل نەبێتەوە. ئاخر هەر تۆی کەدەزانی تەنگانە بەری کورتە و ئەوەی ئیرادە و هیوای هەبێ سەرئەنجام سەر دەکەوێ. ئەی ڕۆڵە بە ئەمەگەکەی نیشتمان! هەرچەند دڵم گیراوە و خەمی ئەسیریی نیشتمان بڕستی لێ بڕێوم، بەڵام کەبیر لەتۆ دەکەمەوە تەکان دەدەمە خۆم و هیوا دەلەشم دەگەڕێ. بەخۆم دەڵێم چۆن دەکرێ بە بوونی ئەو گەنجینە نایابە کە ناوی پێشمەرگەیە ناهومێدی دات بگرێ؟ باوەڕ بکە هەر ناوهێنانت زیندووم ڕادەگرێ و وەجووڵەم دەخا. تۆ هێندە مەزنی بە هیچ چووک نابیەوە. تۆ ورەبەخشی ئێمەمانانی بێ ورەی. تۆ دەتوانی جووڵە بخەیە نێو وڵات و نەزم بگۆڕی. تۆ دەتوانی هەناسەمان وەبەر بێنی و زیندوومان بکەیەوە. ورەی تۆ، ئیرادەی تۆ، نەترسیی تۆ، دڵپاکی و ڕووڕاستیی تۆ هەمووی سەرچاوەی وەخەبەر هێنانی ئێمەن. تکات لێ دەکەم ئاگات لەخەڵکەکەت بێ. چونکە تەنیا ناوی تۆ ئەی کاکی پیشمەرگە، دوژمن دەخاتە لەرزە. قوربانی خاکی بەرپێت بم. ( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)