کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵای پڕ به باڵای شکۆی نیشتمانێک

21:00 - 16 سەرماوەز 2717

«داری ئاڵاکەم وەکوو چقڵێکە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ ڕەببی وەبەر خه‌نجەر کەوێ ڕەببی هەرکەس دوژمنی ئەو میللەتە دڵپاکەیە ژێر کەوێ کۆستی کەوێ ڕەببی سه‌عاتێک نەسروەێ»   ئەو دوو بەیتە شێعرەی سەرەوە بەشێکن لەو هۆنراوەیەی کە مامۆستا هەژار لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤دا لە مهاباد، پێتەختی کۆماره‌که‌ی کوردستان لە بەردەم جەماوەر و پێشەوای مەزن قازی محەممەد، یەکەم سەرۆککۆماری کوردستاندا خوێندیەوە. هەروەک لە هۆنراوەکەشدا دەخوێنرێتەوە ئاڵا یەکێک لەو هێمایانەیە کە بۆ ناساندنی گەلان لە دنیادا کەڵکی لێوەردەگیرێ و وەک باس کرا ئەو ئاڵایە بەڕەسمی لە کۆماری کوردستان لە مهاباد هەڵکرا. لە نێو گەلاندا جودا لە ئاڵای نیشتمان هەندێ هێمای دیکەش هه‌ن که‌ سیمبولی نه‌ته‌وه‌یین وەکوو سپایەکی نەتەوەیی و سروودی نەتەوەیی که‌ به‌ سیمبولی سەربەخۆیی و سەروەریی گەلان داده‌نرێن کە ئەو دووەش لە کۆماری کوردستاندا بۆ کورد له‌ شکڵی سروودی «ئه‌ی ڕه‌قیب»و هێزی «پێشمه‌رگه‌«دا چێ کران و، پێشمه‌رگه وه‌ک هێزی به‌گریکاری کورد دوای 7 ده‌یه‌ ئێستاش هه‌ر ئه‌و نازناوه‌ی هه‌یه‌ له‌ کۆماردا پێی به‌خشرا و میراتگری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پاشخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌یه‌. لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤دا شارەوانیی مهاباد وەکوو دوایین شوێنی هێما و شکۆی ڕێژیمی پەهلەوی لەو شارە دەستی بەسەردا گیرا و ساڵەها دواتر لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ئەم ڕۆژە بە ناوی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کرا و خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا وەکوو وەفایەک لە فیداکاری و گیانبازیی پێشمەرگە، ڕێزی تایبەتی لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان دەگرن. لە پاش ڕووخانی کۆمارە کەم تەمەن بەڵام پڕ دەسکەوتەکەی کوردستان پێشەوای مەزن لە کاتێکدا بە سەربەرزی بۆ مانەوەی نەتەوەکەی چووە سەردار کە ڕەنگە نە دۆست و نە دوژمن بیریان لەوە نەدەکردەوە کە ئەو بناغە پتەوەی پێشەوای نەمر بۆ داڕشتنەوەی نەتەوەکەی داینابوو بە ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی سەرکۆمارەکەی لە بن نایە و ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرتاسەری کوردستان داده‌گرێ. بە درێژایی ئەم حەوت دەیە که‌ لە ڕووخانی کۆمار ڕابردووه‌ و بڕگه‌یه‌کی دی له‌ داگیرکردنەوەی کوردستان لە لایەن حکوومەتی مەرکەزی تاران و سه‌پاندنی شەڕێکی بێبڕانەوە بۆ بە چۆکداهێنان و لە بەینبردنی ئەم گەلە مافخوازه‌، بەڵام ئەم گەلە هەر له‌سه‌ر پێ مایەوە و ئێستا هێما نەتەوەییەکانی نەک هەر لە هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان بەڵکوو لە ئاستی دنیاییدا دەناسرێتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێ. ئەوڕۆ ئیتر ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە لە جیهاندا دەدرەوشێنەوە و ڕەقیبیش نەیتوانیوە ئەم گەلە لە ناوبەرێ و هەر ماوە قەومی کورد زمان. هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو شوێنەی کە یەکەم کۆماری کوردستانی لێ دامەزرا، ده‌ره‌نجامی حەوت دەیە مافخوازی و بەرگریی کورد لە مان و مەوجوودیەتی خۆی و سەرکەوتن بە سەر ئەو هەموو پیلان و زەبر و زەنگەی حکوومەتی ناوەندی لە تاران بۆ لە نێوبردنی گەلی کورد، بە جۆرێک خۆی نواند و وەها بە هێزەوە خۆی نیشان دا کە بە خەیاڵی هیچ داگیرکەرێکدا نەدەهات. ڕووداوی بۆمەلەرزەکەی ئەوساڵی پارێزگای کرماشان نموونەیەکی زیندوویە بۆ سەلماندنی  یەکگرتوویی نەتەوەیەک کە حەفتا ساڵ لەوەپێش پێشەوا قازی محەممەد بناغەکەی بە پیشکەشکردنی گیان و ژیانی خۆی دانا. لە هەموو دنیادا باوە کە لە کاتی کارەساتی سروشتیی له‌و چه‌شنه‌دا ئەوە دەوڵەتی ئەو وڵاتە و لە پێشیاندا ئەرتەش و سپای ئەو وڵاتەیە کە بە هانای لێقەوماوانەوە دەچێ، بەڵام لە بوومەلەرزەکەی کرماشاندا دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی کوردستان بە هی خۆی نازانێ و سپای پاسدارانەکەشی دوای بوومه‌له‌رزه‌که‌ تەنیا بۆ دزی و ڕاوڕووت ڕوویان کردووه‌ته‌ ئەو ناوچەیە. لە بەرانبەردا خەڵکی کوردستان بە تێکڕا بە ژن و پیاو و بە هەموو چین و توێژێکەوە لە هەموو ناوچە و شار و گوندێکەوە وەها پیشمەرگەئاسا بە هانای خوشک و برا و هاونیشتمانییانی خۆیانەوە لە پارێزگای کرماشان چوون کە ئەو کارەساتە سروشتییەیان کردە حەماسەیەکی نەتەوەیی. ئەگەر حەفتا ساڵ لەوەپێش و لەبەر هەلومەرجی سیاسی ئەو کاتی کوردستان ئاڵای کوردستان تەنیا لە ناوچەیەکی بەرتەسکی کوردستان هەڵدرا، ئەوا ئێستا هەموو کوردستانی گرتووتەوە و لە ڕوودانی گیان لەدەستدانی یەکێک لە یارمەتیدەرانی خۆبه‌خش «ئەبووبەکری مەعرووفی» کە لە بۆکانەوە چووبوە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو، چۆناوچۆن لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی شارەکانی سەر ڕێگای جوانڕۆ بۆ بۆکان بە ئاڵای کوردستان و وتنەوەی سروودی نەتەوەیی کورد تەرمی ئەو پیاوەیان بۆ زێدەکەی خۆی بەڕێ کردەوە. ئەوەی کە باس کرا تەنیا نموونەیەک بوو لە بەرخودان و بەرگریی نەتەوەیەک کە نەک دەیان ساڵ بەڵکوو سەدان ساڵە هەوڵی تواندنەوە و لە نێوبردنی دەردێ، بەڵام زیندووتر لە هەمیشە بە ڕێبازی پێشمەرگە و ئاڵا و پێشەوا نەمرەکەی وەفادارە. سڵاو لە یەکگرتوویی خەڵک و سڵاو لە پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان!   ( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)