کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی باشووری کوردستان و پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران

15:38 - 29 سەرماوەز 2717

ئەم ڕۆژانە هەرێمی باشوور کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و لە هەمان کات‌دا مەترسییدار‌دا تێ‌دەپەڕێ. دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبر و ئەو گەلەکۆمەکییەی لەم حکوومەت و میللەتە کرا، سناریۆکان بە ناروونی و لێڵی دەردەکەون. لە گەڵ ئەوەیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بە نەفەسێکی دیکەوە خەریکە هەوڵی ڕاستکردنەوەی دۆخەکە دەدات، بەڵام گرژی و ئاڵۆزییەکان رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر لە پەرەسەندن دان. نایەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک، مەجالی بۆ کۆمەڵێک مەترسی سیاسی و ئەمنیەتی لەم هەرێمە هێشتۆتەوە کە بێ‌گومان لە نێو هەموو دەستە ناحەزەکان‌دا، دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەم مەبەستە درێژترە. ئێران چ لە رووی سیاسی و چ لە ڕووی سەربازی و ئەمنیەتییەوە حزوورێکی بەرچاوی بڕیاردارانەی لە عێراق‌دا هەیە کە گومانی تێدا نیە ئەم حزوورە دەتوانێ بۆ هەرێمی کوردستان کێشەساز بێت. لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە بەشێک لە شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک خۆپێشاندان و نارەزایەتی جەماوەری روویان‌دا کە بەداخەوە دەتوانن بە روویەکی دیکەدا پڕمەترسیدار بن. ئەگەر خۆ لە قەزاوەتکردن لە سەر ویست وداخوازیی خۆپێشاندران و جۆری شێوازی نارەزایەتی دەربڕینەکە بپارێزین، بی‌گومان لایەنە مەترسییدارەکانی ئەم دۆخە جێی سەرنج و وردبوونەوەیە. لەم بارودۆخەدا کە بەداخەوە بەشێک لە دام و دەزگا ئەمنی و ئیدارییەکانی هەرێم بە هەر هۆیەک بێت، ناکارامە و ناوڵامدەر خۆ نیشان دەدەن، مەجال بۆ ڕۆڵی دەستە خراپ و رەشەکان زیاتر دەڕەخسێ کە دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی ئەمنیەتی و مەترسیدار پاڵ پێوە بنێن. رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دژ بە کورد کە هەمیشە هەوڵی داوە دووبەرەکی و ناکۆکییەکان لە نێو ریزەکانی کورد و هێزە سیاسییەکانی‌دا پەرە پێ بدات، زۆر باش لەوەدا شارەزایی هەیە کە لەم بۆشاییە ئەمنیەتییەی کوردستان‌دا دەستێوەردان بکات و پیلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەم رێژیمە هەر وەک لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا و لە مەجالی شەڕی براکوژی باشووری کوردستان‌دا نیشانی‌دا، دەتوانێ لەم بۆشاییە ئەمنیەتی و بشێوییەی دۆخی هەرێمی کوردستان‌دا، جیا لە پەرەپێدان بە ناکۆکیی نێوان هێزەکانی باشووری کوردستان، دژ بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە بنکەو بارەگایان لە هەرێمی کوردستان دا هەیە، پیلانگێڕی بکات. بۆ ئەم مەبەستەیش بێ‌گومان لە هەر رێگایەکەوە بۆی بکرێ بە تێرۆر و تەقینەوەو رفاندن و نانەوەی شەڕی ڕەوانی، دەتوانێ زەربەی خۆی بوەشێنێ. بۆ نموونە ساڵی پار و ڕاست لەم رۆژانەدا بوو کە رێژیم بە دانانەوەی دوو بۆمب لە یەکێک لە بنکەکانی نزیک بە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تەقاندنەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی شەوی یەلداو ساڵرۆژی لە دایکبوونی شەهید دوکتور قاسملوودا، دژ بەم حیزبە پیلانگێڕی کرد. لەم تەقینەوەدا کە هەر لە یەکەم ساتەکانی‌دا گومانی تێدا نەما کە دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پشتە، پێنج تێکۆشەری حیزبی دێموکرات و دوو پێشمەرگەی  سەر بە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست دا و شەهید بوون. بۆیە لە یەک کەلام‌دا پێویستە هەم دەزگا ئەمنیەتییەکانی هەرێمی کوردستان و هەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارودۆخەی هەرێم‌دا چاویان لە پیلانگێڕییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران غافڵ نەبێ.