کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەیەلدای لەدایکبوونی قاسملوودا بەزیندوویی دەمێننەوە

03:22 - 30 سەرماوەز 2717

شەهیدانی یەلدای خوێنایی دێموکرات لەیەلدای لەدایکبوونی قاسملوودا بەزیندوویی دەمێننەوە شەوی یەلدای ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی کە هاوکات بوو لە گەڵ ٨٥ ساڵەی لەدایکبوونی شەهیدی رێبەرمان، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ رێبوارانی ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو، بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر سەرقاڵی جێژن و شادی و خۆشی بوون. تێکۆشەرانی دێموکرات کە هەموو ساڵێ لە شەوی یەلدا و بە بۆنەی ساڵرۆژی لەدایکبوونی شەهید قاسملووی ڕێبەریاندا ئەم یادەیان بە خۆشی و شادی تێدەپەڕاند، ئەمجاریان بە هۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن و تێرۆریستییەوە، کۆڕی شادی و خۆشییان تێکەڵ بە گرمە و دووکەڵ و خوێن کرا. لە دوایین ساتەکانی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا و جێژنی لەدایکبوونی شەهید دوکتور قاسملوو‌دا، بە هۆی کەسێکی خایین و نیشتمانفڕۆشەوە دوو تەقینەوە لە بەردەم قەڵای دێموکرات و نزیک لە شوێنی ڕێورەسمەکە ڕوویان‌دا کە، بەداخەوە لە ئاکامی ئەم کردەوە تێرۆریستییەدا، پێنج تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی؛ عەلی قۆیتاسی، وەهاب میرخزری، ئەرسەلان عەبباس‌نیا، سالار باقری، ناسر کەریمی  و هەروەها دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی باشووری کوردستان بە ناوەکانی عه‌دنان عه‌بدوڵڵا و سه‌نگه‌ر ستار شەهید بوون. ئەم کردەوە تێرۆریستییە کە هەر لە یەکەم ساتەکانی ڕوودانیەوە بۆ کەس گومانی نەهێشتبۆوە کە بێ ئەملاو و ئەولا دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتە، کۆمەڵێک پەیام و دەرەنجامی لێکەوتەوە کە جێی خۆیەتی ئاماژەیان پێ بدەین. پێش هەموو شتێک و بۆ جارێکی دیکەیش سەلمێندرایەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ماهییەتی دژی‌گەلی و تێرۆریستانەی خۆی هەر وەک هەمیشە پاراستوە و جیا لە زمانی تێرۆر و تۆقاندن ناکرێ چاوەڕوانییەکی دیکەت لەم نیزام و دەسەڵاتە هەبێ. بۆیە کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدای خوێناویی دێموکرات، زیندووترین و تازەترین بەڵگەیە کە بکرێ ئیدیعای پێوە بکەین کە ئەم ڕێژیمە هەر وەک بە درێژایی تەمەنی خۆی نیشانی ‌داوە، نیزامێکی تێرۆریستە. پەیامێکی دیکەی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە بۆنەیەکی تایبەت بە شەهید دوکتور قاسملووی رێبەردا بەڕێوەیان برد، دەتوانێ ئەوە بێ کە دوژمنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان چەندە لە بیر و ئەندێشەکانی ئەم ڕێبەرە دەترسن. ئەوان زۆر باش دەزانن کە دوای نزیک بە ٣٠ ساڵ لە شەهیدبوونی ئەم ڕێبەرە خاوەن ئەندێشە و ڕێبازە کە هەر خۆیان لە سەر مێزی وتووێژ تێرۆریان کرد، دیسانیش ئەوە هەر حیزبەکەی شەهید قاسملوو و ئەندێشە سیاسییەکانی ئەوە کە پۆل‌پۆل لاوانی ئەم نیشتمانە لەدەوری کۆدەبنەوە و لە قەڵافەت و بیرکردنەوەکانی ئەوەوە بۆ ڕزگاری لە نیشتمانە سەرکوتکراوەکەیان دەڕوانن. ئەوان ویستیان بەم کارە ترس و تۆقاندن بخەنە دڵی تێکۆشەرانی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێگا و ڕێبازی شەهید قاسملوەوە، تا خۆشییەکانمان لێ بکەن بە شین و ماتەم. بەڵام نەیانزانی کە "شەهیدانی یەلدای خوێناوی، لە یەلدای لەدایکبوونی قاسملوودا بۆ هەتاهەتایە بە زیندوویی دەمێننەوە"، ئەوان نەیانزانی کە هەر کەمتر لە ساڵێک دوای ئەم کردەوە تێرۆریستییە، لە خرۆشانی خەڵکیڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، بە سەدان کچ و کوڕی ئەم نیشتمانە هاوار دەکەن: "قاسملوو، قاسملوو، رێگات درێژەی هەیە". ئەوان بێ‌خەبەر لەوەن کە بۆ هەر تێکۆشەرێکی کورد و دێموکرات دەتوانێ چی لەوە پڕشانازیتر بێ کە ناو و یادی، بە ناو و یادی شەهید قاسملووی ڕێبەرەوە گرێ  بدرێ. شەهیدانی یەلدای خوێناویی دێموکرات بۆ هەتاهەتایە ناو و یادیان لە گەڵ ناو و یادی شەوی یەلدا و ڕێبەرە شەهیدەکەیان، قاسملو دا بەرز ڕادەگیردرێ. چ شانازییەک دەتوانێ بۆ تێکۆشەرێکی ڕێگای ڕزگاریی نیشمان، جیا لە شەهید بوون، لەوە گەورەتر بێ. کەوابوو دەستووردەرانی تێرۆریست دەبێ زۆر باش ئەوە بزانن کە کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا، نەتەنیا ترس و دڵەڕاوکێ ناخاتە دڵی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە، بەڵکوو بە دڵنیاییەوە جێژنی درێژترین شەوی ساڵ و یادی لەدایکبوونی شەهید قاسملووی ڕێبەر و بەرزراگرتنی یادی شەهیدانی یەلدای خوێناویمان، ساڵ بە ساڵ بەشکۆیەکی زیاترەوە دەکەنەوە. پەیامێکی دیکەی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پەرەئەستاندنی ڕۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتری نفوز و ئێعتباری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو کۆمەڵگه‌ی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا کە دۆخی ‌هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقینەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان و لە کۆتاییدا لێکدابڕان و لێکترازانەکانی نێو ئەم حیزبانە بە حیزبی دێموکراتیشەوە پێناسە دەکرا و، وا چاوەڕوان دەکرا خەڵک بە تەواوەتی بێ‌هیوا بێ و ڕێژیم بە بەشێک لە ئامانجەکانی بگا، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خوێندنەوەیەکی نوێ و گرتنەپێشی ڕێکار و گوتاری گونجاو، توانی گوڕ و تینێکی دیکە بە تێکۆشان و ڕووبەرووبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵاتی سیاسیی لە ئێران ببەخشێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە بۆ هەموو ڕەهەندەکانی خەبات، هاوکات لەگەڵ پێداگری لەسەر حزووری پێشمەرگانەی تێکۆشەرانی دێموکرات لە نێو خەڵک و خاکی خۆیان، بە قسەکردن لە سەر کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان، ڕێزگرتن لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی وڵات و بە ئەرزش و بەهادانان بۆ کار و تێکۆشانی سەرجەم چالاکان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، مەدەنی، ژینگەپارێزی، فەرهەنگی و هەتا دوایی، ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاوی لە گەورەکردنەوەی گۆڕەپانی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕووبەرووبونەوە خەڵک بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران گێڕا. ئاکامی ئەم ڕوویکەردە نوێیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەوڵی پڕ لە ماندووبوون و هەزینەی تێکڕای تێکۆشەرانی سەرجەم بوارەکانی تێکۆشان لە نێوخۆی وڵات، وەک دەبینین کۆمەڵگایەکی زیندوو، لەسەر هەست و بە هەڵوێست و سازماندراوی لێ درووست بووە کە بە هەموو شێوەیەک و بە کەلکوەرگرتن لە هەر دەرفەتێکی گونجاو بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتە دژی ئینسانی و دژی گەلییەکانی ئەم رێژیمە ئامادەیە. لەم پێوەندییەدا رێژیم زۆر باش دەیزانی کە ئادرەسی ئەم جووڵە و حەرەکەتانە کوێیە. ئەو کە پێی وابوو دەتوانێ بە کەمین دانانەوە و ڕەوانەکردنی هێزی زۆر و پۆشتەی بەکرێگیراوانی  بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتدا حزووریان هەبوو، پێش بە پێوندیی پێشمەرگە و خەڵک بگرێ، هەر بەو لێکدانەوەیش پێی وابوو بۆ دامرکانەوەی ئەم جموجۆڵە سیاسی و مەدەنیانەی کە لە نێوخۆ لە پەرەسەندن دان، دەبێ لە نزیکەوە ڕاستەوخۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بارەگاکانیەوە بکاتە ئامانج و، بە کوردییەکەی تۆڵە لە حیزبی دێموکرات بکاتەوە. بۆ ئەوەی بزانین کە ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیم نەیتوانیوە چووکەترین شوێنەوار لە سەر لاوازکردنی هەست و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو خەباتە فرەچەشنییەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کورستان لە ئارادایە، دابنێ، تەنیا ئاماژە بە هەڵوێستی خەڵک بەرانبەر بە ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و، کارەساتە سرووشتییەکەی پارێزگای کرماشان دەکەین کە دەکرێ بڵێین لە نەوعی خۆیدا ڕێفراندۆمێک بوو بە دوو ئاکامی جیاوازەوە. خەڵک لە پشتیوانییان بۆ ڕێفراندۆمەکەی باشوور کە بە "خرۆشانی جەماوەری" ناوی دەرکرد بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "سڵاو بۆ پێشمەرگە"، "سڵاو بۆ دێموکرات"، "قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" و "قازی موبارەکت بێ" سەلماندیان کە چییان دەوێ و کێیان دەوێ! هەر لە کارەساتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشانیشدا هەڵوێستی خەڵک لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستانەوە بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، دەریخست کە بزووتنەوەی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەتەنیا دانەمرکاوە، بەڵکوو لە پەرەئەستاندن و گەشەسەندن دایە. تێرۆرەکەی ساڵی پاری شەوی یەلدا لە گەڵ ئەوەیکە زیانی گیانی و شەهیدبوونی حەوت پێشمەرگەی کورد و دێموکراتی لێ کەوتەوە و بۆ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە برینێکی زۆر به‌ژان بوو، بەڵام جیا لە درووستکردنی هەمگەراییەک لە نێو حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شەپۆلێک لە هاودەردی و هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکراتی بەدواوە بوو کە بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە مێژوویی و سیاسییە دەریخست کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هەمیشە پێگەیەکی بەرزی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە نێومیللەتەکەی خۆی، لە نێو هێز و لایەنە کوردستانییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و  کۆمەڵگای جیهانیدا هەیە. لە گەڵ ئەوەیکە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زیان پێگەیاندندا پشکی شێری بەر حیزبی دێموکراتی کوردستان کەوتووە، دوو رێبەری لێ ئەستاندووە، بە دەیان کادر و پێشمەرگەی لێ تێرۆر کردوە و زامی قورس و گرانی لە جەستەی داوە، بەڵام وەک "یەلدا" بە درێژایی مێژوویەک لە ڕەوایی هەر بە پێوەیە و هیوابەخشانە لە ئاسۆی سەربەستی و رۆژبوونەوە دەڕوانێ. لە کۆتاییدا هاوکات لەگەڵ بەرز و پیرۆز راگرتنی یاد و بیرەوریی شەهیدانی یەلدای خوێناویی دێموکرات، وەک هەمیشە شەوی یەلدا دەکەینەوە بە جێژن و بەردەوام بۆ لەدایکبوونەوەی ئەندێشەکانی قاسملووی رێبەرمان، لە سەنگەری حیزبی دێموکراتدا درێژەی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانمان دەدەن.