کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرەی باکوور و ئێران پەرەسەندنی هاوکاریی سەربازیی نیوانیان

04:57 - 2 بەفرانبار 2717

پیونگ یانگ بۆتە هاوبەشێکی مەترسیدار لە «تەوەری بەرخۆدانی» تاران و کاربەدەستان هۆشیاریی دەدەن کە هەوڵە هاوبەشەکانیان لەوانەیە چەکی کۆمەڵکوژیش بگرێتەوە.

دیداری ئاستی بەرز لە نێوان کاربەدەستانی کۆرەی باکوور و ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا نیگەرانییەکانی لەنێو دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبارەی بەربڵاویی پەیوەندییە سەربازییەکانی دوو دوژمنی ئامریکا زیاد کردوە. لە مانگی سیپتامبردا سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ داوای لە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد تا پێداچوونەوەیکی تازە لەبارەی هەر چەشنە هاوکاریی ناوکیی دوولایەنە بکەن. لە ئێستادا کاربەدەستانی واشینگتۆن، ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوین کە چاودێریی پەیوەندییەکەیان دەکەن بۆیان دەرکەوتوە کە پیونگ یانگ و تاران دەمێکە هوگریی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی هاوبەشی سیستەمی مووشەکی بالیستیکی و بەرنامەی دیکەی سەربازیی_زانستیی نیشان داوە.

کۆرەی باکوور لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا توانایی ناوکی و مووشەکی دوورهاوێژیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێگای گەشەپێدانی مووشەکی بالیستیکی ویشکاڕۆبڕ کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ناوەکیی هەبێ و بتوانێ خۆرئاوای ئامریکا بکاتە ئامانج، پەرە پێداوە. لەهەمان ماوەدا، ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کاربەدەستانی بەرگریی ئێرانیان لە پیونگ یانگ دیتووە، کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی دڵەڕاوکێ لەبارەی ئەگەری ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەبارەی تەکنەلۆژیای مەترسیدار لە نێوانیان دا. کاربەدەستێکی پایەبەرزی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە سەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کار دەکا گوتی: «دەبێ تێگەیشتنی خۆمان لەبارەی گشت ئەو پەیوەندییانە باشتر بکەین، ئەوە یەکێک لە ئەولەوییەتە هەرە بەرزەکانمان دەبێ.»

 

چاوپێکەوتنە گوماناوییەکان

لە سەرەتای ئاگوست، کیم یونگنام، دووهەم کەس لە ڕیبەرایەتیی پیونگ یانگ و سەرۆکی پارلمان، بۆ سەردانێکی فەرمیی پیونگ یانگی بەرەوە تاران جێهێشت. هۆی فەرمیی ئەوە بوو کە ناوبراو لە ڕیوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار حەسەن ڕوحانیدا بەشدار بێ، بەڵام ماوەی دیدارەکە بووە هۆی دەنگدانەوەی زەنگی مەترسی لە واشینگتۆن و پایتەختی هاوپەیمانەکان. میدیای دەوڵەتیی کۆرەی باکوور گوتی سەفەرەکە چوار ڕۆژی پێچووە بەڵام میدیای دەوڵەتیی ئێران گوتی کە دیدارەکە دە ڕۆژی خایاندوە و کۆڕێکی مەزن لە کاربەدەستانی پایەبەرز هاوسەفەری کیم بوون.

دوایین جار کیم لە ٢٠١٢ سەفەری بۆتاران کردبوو تا بەشداریی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی بێلایەن، ڕێکخراوێکی سەردەمی شەڕی سارد پێکهاتوو لە وڵاتانی جیهانی سێهەم کە هەوڵیان دەدا لە نێوان واشینگتۆن و کرێملیندا بێلایەن بن، بکا. ئەوکات ئەو خۆی لە زۆربەی ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بەو کۆنفرانسە بواردبوو، لە جیاتیان ئەو کاتی خۆی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاریی زانستیی دوولایەنە لەگەڵ سەرکۆمار مەحمود ئەحمەدینەژاد تەرخان کردبوو. بە گوێرەی قسەی کاربەدەستانی هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر وەک ئەوەی لە نێوان پیونگ یانگ و سورییە لە ٢٠٠٢ واژۆ کرا دەچوو، پێنج ساڵ دواتر، فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل بینایەکیان لە خۆرهەڵاتی سووریە وێران کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان وایە رێئاکتۆرێکی ناوکیی کۆرەی باکوور بوو کە نیزیکی وەگەڕکەوتن بوو. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەکێک لەو کاربەدەستە ئێرانییەی کە بەشداری چاوپێکەتنەکە لەگەڵ کیم بوو، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی فەرەیدون عەبباسدەوانی بوو، کە واشینگتۆن و نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی دەوری ناوبراو لە گەشەپێدانی چەکی ناوکی ئابلۆقەیان بەسەر دا سەپاندوە.

بەهەمان شێوە، بە گوێرەی میدیای کۆرەی باکوور و ئێران دوایین سەفەری کیم جەختی لەسەر شتی زیاتر لە پشتیوانیی لە ڕوحانی کردوە. کیم و جیگری وەزیری کاروباری دەرەوە چو هویچول، باڵوێزخانەی نوێی کۆرەی باکووریشیان لە تاران، سەمبولی قووڵتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، کردەوە. ئەوان هەروەها بەشدارییان لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ ڕێبەرانی بیانیی کرد کە زۆربەیان وڵاتانێکن کە کڕیاری مەزنی چەکوچۆڵی کۆرەی باکوور لە دەیەکانی ڕابردوو بوون (بۆ وێنە زیمبابوێ، کوبا، کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆ و نامیبیا). بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ زەختی سیاسی لەسەر ئەو وڵاتانە زیاد کردوە تا پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانیان لەگەڵ پیونگ یانگ، وەک وەڵامێک بۆ زنجیرە تاقیکردنەوە مووشەکی و ناوەکییەکانی ئەو ڕێژیمە، بپچڕێنن.

لە ماوەی سەردانەکەی «کیم»دا لە پەیوەندیی لەگەڵ گەشەپێدانی مووشەکیی، ئێران و کۆرەی باکوور بەرەی هاوبەشیان لە دژی واشینگتۆن پێکهێنا. هەر وەک پیونگ یانگ، تاران لە چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی، سەرەڕای بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و مەحکومکرانی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، ئەنجام داون. دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی پارلمانی ئێران عەلی لاریجانی لە ٤ی ئاگوست، کیم ڕایگەیاند، «ئێران و کۆرەی باکوور دوژمنی هاوبەشیان هەیە.»

 

پەیوەندیی نهێنی

ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لە میدیا دەوڵەتییەکاندا ڕانەگەیەندراون وڵاتانی هاوپەیمانی زۆرتر نیگەران کردوە. لەو ساڵانەی دواییدا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆرەی باشوور شوێن پێی ڕێژەیەکی زۆر لە کاربەدەستانی ئێرانی و کۆرەی باکوورییان هەڵگرتوە کە لە هەوڵ بۆ گەشەپێدانی سیستەمی بەرگرییان، چاویان بە یەکتر کەوتوە. بەشێکی بەرچاو لە کاربەدەستانی کۆرەی باکوور سەر بە ناوەندە پێشەسازییە سەربازییەکان یا دامەزراوە ئابوورییە نهێنییەکانن کە ڕاستەخۆ لە ژێر چاودێریی دیکتاتۆر کیم یونگ_ئونن، لە ناویاندا بەڕیوەبەرایەتیی ٣٩ و ٩٩ ی سەر بە حیزبی کرێکاری کۆرە.

ساڵی ڕابردوو، کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند کە پسپۆڕی مووشەکیی یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیاکانی بەرگریی، گروپی پیشەسازیی شەهید هیممەت، سەفەری بۆ کۆرەی باکوور کردبوو و لە گەشەپێدانی مۆتۆڕێکی مووشەکی بالیستیکی یارمەتیی کردبوون.دەڵێن یەکێک لە کاربەدەستە پایەبەرزەکانی ئەو کۆمپانیایە، سەید جەواد موسەوی، هاوکاریی کۆمپانیای گەشەپێدانی کانیی کۆرە (KOMID)ی کردووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەر ئەوەی کە دەوری سەرەکیی لە کڕینی کەرەستە بۆ بەرنامەکانی ناوکیی و مووشەکی بالیستیکی پیونگ یانگ دەگێڕێ، ئابلۆقەیان خستۆتە سەر. بۆ وێنە، شەهید هیممەت بە شێوەیەکی نایاسایی هەواکێش، ئێلێکترۆنیک و کەرەستەی ئەندازە گرتنی بۆ(KOMID) بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئوتۆمبێلی مووشەک هەڵگر و مووشەکی بالیستیکی کە کەڵک لە سوتەمەنی ئاوەکیی وەردەگرن بەڕێ کردوە.

 

كاردانەوەی سیاسی

کۆرەی باکوور وەک هاوبەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانیی نێوان ئەو دەوڵەت، میلیشیا و جووڵانەوە سیاسییانەی کە بە «تەوەری بەرخۆدان» ناسیاون دەرکەوتووە، کە تاران بۆ بە چالشکێشانی دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دروستی کردوە. پیونگ یانگ یەکێک لە گرینگترین دابینکەرانی چەکوچۆڵ و کەرەستە بۆ گرینگترین هاوپەیمانی عەڕەبی ئێران، رێژیمی ئەسەد لە سورییە، لە ماوەی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە بووە. بە گوێرەی کاربەدەستانی ئێستا و پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان، یاخییبووانی حوسییش، کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکا، لە هەوڵەکانیان بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی یەمەن کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئیعترافی پێکردووە، چەکوچۆڵیان لە کۆرەی باکوور کڕیوە.

جگە لەوە، سەفەری ئاگوستی کیم یونگنام وێدەچێ پشتیوانیی فەرمیی چین و ڕووسیەشی لە پشت بێ. لە سەر ڕێگای خۆی بەرەو ئێران، ئەو لە پێشدا بە فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی کۆریۆ، هەمان هێڵی ئاسمانیی کە وەزارەتی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دێسامبری ٢٠١٦ بە هۆی یارمەتی دارایی ڕێژیمی کیم و بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی، ئابلۆقەی خستبوو سەر، بۆ ڤلادیڤۆستۆک فڕی. پاشان ئەو بە فڕۆکەیەکی ئایرۆفلۆتی ڕووسیە، بە سەر ئاسمانی چیندا بەرەو تاران فڕی.

ئێستا گرینگترین پرسیار ئەویە کە ئاخۆ لوولە تفەنگی دووکەڵاوی کە بتوانێ هاوکاریی ناوکیی نێوان ئێران و کۆرەی باکوور نیشان بدا دەر دەکەوێ؟ دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی دەڵێن جارێ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەی ئەوتۆیان نیە. بەڵام گروپە نەیارەکانی ئێرانی دەڵێن کە کاربەدەستانی ڕێژیم سەردانی کۆرەی باکووریان کردوە تا لە تاقیکردنەوەی ٦ بۆمبی ناوکیدا بەشدار بن. ئەوان ئەوەش زیاد دەکەن کە سەرۆکی ئەو کاربەدەستانە موحسین فەخریزادە، ژەنڕاڵی ئێرانی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەوە تۆمەتباری کردوە کە هاوکاری نزیکی فەرەیدون عەبباسیدەوانی بۆ توێژینەوە لە بەرنامەی نهێنی ناوکییە. کاربەدەستانی هەواڵگری ئێستا و پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێن ناتوانن ئەو هەواڵە ڕەت بکەنەوە، کەوابوو گشت پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو ڕێژیمە دەبێ لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێ.

***

* ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی خۆرئاوای نیزیک

( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)