کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ و پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا

05:02 - 2 بەفرانبار 2717

لە ڕۆژژمێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا زۆر ڕۆژی مێژوویی بەبۆنەی جۆراوجۆر و بۆ مەبەستی تایبەت دیاری کراون و بوونەتە هێمای پشتیوانی یان ڕێزگرتن و دوورکەوتنەوە لە دیاردەیەکی سرووشتی، کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەوە. ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لەو ڕۆژە مێژووییانەیە کە لەلایەن ٤٨ وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ١٠ی دێسامبری ١٩٤٨ بەرانبەر بە ١٩ سەرماوەزی ١٣٢٧ ئیمزا کراوە و پاشان زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان ئەو ڕێککەوتنە مرۆییەیان، سەرەڕای ئەوەی چەندە پابەندی بەندوبرگەکانی بوون و تا چ ڕادەیەک مافی مرۆڤیان پاراستووە مۆر کراوە. ڕێژیمی پاشایەتیی ئەوکاتی ئێران لەگەڵ ئەو کۆمەڵە وڵاتە بوو کە لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەم جار ئەو گەڵاڵەیان مورکرد. ئەوە لەحاڵێکدابوو کە ڕێژیمی سەرەڕۆ و سەرکوتکەری پاشایەتی نەک هەر مافی مرۆڤی نەدەپاراست و ڕێزی لێ ندەگرت، بەڵکوو تەنیا سێ ساڵ لە سەرکوتی خوێناوی جووڵانەوە نەتەوایەتییەکانی حکومەتی میللی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان تێدەپەڕی و بەهەزاران کەس لە چالاکانانی تورک و کورد کوژران و لە بەندیخانە کران و لەسێدارەدران کە چڵەپۆپەی ئەو کردەوە دژیی ئینسانییە لەسێدارەدرانی پێشەوای کوردان پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی بوو. جگە لەوەش لە زیاتر لە نیو سەدە دەسەڵاتداری بنەماڵەی پهلەوی بە هەزاران زیندانیی سیاسی لە بەندیخانەکاندا ئەشکەنجە کران و بە هەموو شێوەیەک لە شێوەکان مافی مرۆڤ بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ چالاکە سیاسییەکان وەک هەموو سیستیمە توتالیتێرەکان لە ئێراندا پێشێل دەکرا. لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورددا دەتوانین ئاماژە بە کەسانێک بکەین کە لەپاش ئاشکرابوونی تەشکیلاتی نەهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٣٨ لە شار و گوندەکانی کوردستان بە تاوانی ئەندام بوون لەو حیزبەدا گیران و ڕاپێچی زیندانەکان کران، هەروەها دەیان کەس لە پێشمەرگە و ئەندامانی  حیزب  لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ گیران و لە بەندیخانەکان ئەشکەنجە دران. ئەوانە نموونەیەکی زۆر کەم لە سیاسیەتی سەرکوت و لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی پاشایەتی بوون؛ بەوحاڵەش گومان لەوەدا نییە ناکرێ ڕێژەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ  لە سەردەمی پاشایەتی لەگەڵ لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ماوی چوار دەیەی ڕابردوو وەک یەک سەیر بکەین. چونکە هەم یاساکانی سەردەمی ڕێژیمی پێشوو، بەتایبەت لە باری ئازادیی ژنان و لە بواری ئازادییە تاکە کەسییەکان زۆرتر بوو و هەم بەو ڕێژەیە مافی مرۆڤ لە هەمو بوارەکاندا پێشێل‌ نەکراوە و بایه‌خە مرۆییەکان بێڕێزیان پێ نەکراوە. ئەو ڕێژیمە لە ماوەی تەمەنی ڕەشی خۆی بە سەدان جار سەبارەت بە پێشێلکردنی زەق و درندانەی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراویی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ محکووم کراوە و کردەوەکانی لەقاو دراوە، بەوحاڵەش ئەو محکوومکردنانە نەیانتوانیوە ڕێگر بن لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتی سیستماتیک و بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان و به‌ردباران کردن و پەڕاندنی دەست و کوێرکردن و بە گشتی ئەوەی پێی دەڵێن «قەساسی ئیسلامی» بە پێی یاساکانی ئەو ڕێژیمە هەروا بەردەوامە. هەرلەو ماوەیەدا ڕاپۆرتنێری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان «عاسمە جەهانگیر» ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە پێشێلکارییەکانی ئەو ڕێژیمە لەهەموو بوارەکاندا بڵاو کردەوە و بە بەڵگە سەلماندی کە کۆماری ئیسلامی چۆن ئازادییەکان، تەنانەت ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان بەرتەسک دەکاتەوە و نەتەوەکانی ئێران بەدین و ئایینزای جیاوازەوە لە مافە سروشتییەکانیان بێبەش دەکا. ڕه‌وتی به‌رده‌وام و سیستماتیکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەحالێکدایە کە هەر ئەو ماوەیە سپای پاسدارانی ڕێژیم بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە کە گەشتەکانی خۆی بۆ بەناو بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان لە تاران و پاشان لە شارەگەورەکاندا دەست پێ دەکاتەوە.  شک لەوەدا نییە زیادکردنی کەشی ئەمنیەتی لە تاران و لە شارە گەورەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە تەنیا بە بەناو بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان نییە و لەلایەک دەگەڕێتەوە بۆ کێبەرکێی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بۆ بەدەستەوە گرتنی هەرچی زیاتری دەسەڵات و لەلایەکی دیکەش توندوتۆڵ کردنی کەشی ئەمنییەتیە لە شارەگەورەکان لە ترسی ئەگەری سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. بەتایبەت کە لەو ماوەیەدا باڵەکانی دەسەڵات و ئەو کەس و لایەنانەی وەک تاقمی ئەحمدی‌نەژاد لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە بەتوندی خەریکی هەڵدانەوەی پەروه‌نده‌ی گەندەڵییەکانی یەکترین و خەڵکیش باش تێگەیشتوون کە ئەو بەناو «نیزامە موقەدەسە» چەندە نوقمی گەندەڵی بووە و چۆن تێوەی گلاوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگمەن لەو ڕێژیمانەیە کە تەنیا مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی خۆی پێشێل ناکا و تەنیا سیاسەتی کوشتوبڕ و زەبروزەنگ دەرحەق بە گەلانی ئێران بەڕێوە نابا، بەڵکوو ئەو ڕێژیمە لە وڵاتە شەڕلێدراوەکانی ناوچەشدا دەستی باڵای هەیە لە کوشتوبڕ و سەرکوتی خەڵکی ئەو وڵاتانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە بۆ چەند ساڵ دەچێ لە ولاتانی سووریە و عێراق و یەمەندا خەریکی تەراتێنە و بوونی دەیان هەزار پاسدار و بەسیج و بەشداریی چالاکانە لەو شەڕ و ئاژاوانەدا کە بوونەتە هۆی کوژرانی برینداربونی سه‌دان هه‌زار کەس لەخەڵکی ئەو وڵاتانە، لەو کاروکردەوانەن کە دەچنه‌ خانەی ڕەشەکوژی و بێگومان کۆماری ئیسلامیش یەکێک لە تاوانبارانی ئەو جینایەتانەیە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نیزیک بە چل ساڵ دەسەڵاتداره‌تی خۆی بە سیاسەت و کردەوەکانی و تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی یاساکانیشی، نیشانی داوە ڕێژیمێکی تۆتالیتێر و سەرکوتکەری هەموو ماف و ئازادییەکی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە و وەک چۆن محکومکرانی لەلایەن ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ ناتوانیوە ئاڵوگۆڕ لە هەڵسووکەوتیدا پێکبێنێ، لەداهاتووشدا نابێ چاوەڕوان بین ئەو چەشنە مەحکوم کردن و لەقاودانانە، کاریگەری بنەڕەتی لەو ڕێژیمەدا بکا. هەربۆیەش بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و بنبڕکردنی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە کە هەتا دێ بەربڵاوتر و زەقتر دەبێتەوە، وێڕای گوشاری وڵاتانی دەسڕۆیشتووی جیهان و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، دەبێ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێنە سەر شەقامەکان و کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن ڕێز لەماف و ئازادییەکانیان بگرێ و زیاتر لەوە و بەوشێوە درندانەیە ئازادی و بەها مرۆییەکانی سەردەم پاش ٦٩ ساڵ لە مورکرانی جارنامەی مافی مرۆڤ، پێشێل نەکا. ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)