کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی کورد، سەری ڕمی ناسیونالیسمی مەدەنی

05:39 - 2 بەفرانبار 2717

ڕووداوەکانی سەد ڕۆژی رابردوو دەتوانێ تێگەیشتنێکی واقیعیمان لە خواست و چالاکییەکانی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ بدا. وردبوونەوە لە ڕووداوەکانی ئەو سەد ڕۆژە سەلماندی کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێگومان ئەکتیڤترین و ئاگاترین و ناسیۆنالیستترین لاوانی چوارپارچەی کوردستان و ئێران و بگرە ناوچەکەشن.   هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران بەپێچەوانەی دەورەی پێشوو ئەمجارەیان حەسەن ڕوحانی هیچ بەڵێنێکی بە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان نەدا و بۆ یەکجاریش باسی لەبەیاننامە ١٠ مادەییەکەی دەورەی پێشووی خۆی نەکرد. نە ئەوکات و نەئێستاش باس لە نوێنەرێکی حکومەت بۆ کاروباری کەمینەکان نەکراوە و ناکرێ. جگە لەهەمووی ئەوانەش کابینەی حکومەتی حەسەن ڕو‌حانی لەهەموو لایەکەوە لەئێران بەگشتی و لەکوردستان بەتایبەت زۆر ناسەرکەوتوو بوو. ڕێژەی بێکاری و کوشتنی کۆڵبەران و لەسێدارەدانەکان زیادی کردو ئازادی قسەکردنیش شتێکی ئەوتۆ زیادی نەکرد. بەڵام لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ستادەکانی ڕۆ‌حانیدا زۆرترین قسە دەکرا و زۆرترین موسیقای ڕیتمیکی کوردی لێ دەدرا. لاوان لەبانگەشەکاندا ویستیان لە دۆخەکە کەڵک وەربگرن و زۆرترین بەشدارییان کرد. ئەوان لە میتینگەکاندا بەشداربوون و خواستە نەتەوەیی و ڕێکخراوەیی و ئابوورییەکانی خۆیان هێنایە بەرباس. بەڵام لەو ڕێژەیەی کە دەنگیان دا و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، رێژەی کەمیان لاو بوون، بەدواداچوونە مەیدانییەکانیش (لەرێگەی پرسیار لەدەنگدەرە لاو و خوێندکارەکان) ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەوانەی تەمەنیان لە ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵ سەرووترە زۆرترین دەنگ دەدەن، چونکە موحافیزەکارترن و بانگەشە و هەڕەشەکانی دەسەڵاتداران زیاتر کاریان تێ دەکا و، بەستنەوەی ژیانی ڕۆژانەش بەو مۆرەی کە لە شوناسنامە دەکەوێ هاندەرێکە بۆ دەنگدان. هۆکارێکی دیکەش ئەو وێنەیەی خودی دەسەڵات لە ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕکەبەری ڕۆ‌حانی دروستی کردبوو، وایکرد لەترسی ڕەئیسی و گەڕانەوە بۆ دواوە، بڕیار بدرێ جارێکیتر تەحەمەموڵی ڕۆحانی بکەن.  بەگشتی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمجارەدا لاوان زیاتر لە بانگەشەکان و لەستادەکان دەبینران و، کەمتر چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.   خۆپێشاندانەکانی بانە هەر لەو سەد ڕۆژەی ڕابردوودا لە بانە خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بۆ مەحکومکردنی کوشتنی کۆڵبەران کرا، ڤیدیۆ و وێنەکان بەڕوونی پێمان دەڵێن کە لاوان ڕۆڵی سەرەکییان لەو خۆپێشاندانانەدا دەگێڕا. لە بانە لەسەر داوای ژمارەیەک چالاک و هەڵسووڕی مەدەنی کە بە شوناس و ناوی ئاشکرا داوایان لە خەڵک کردبوو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا خۆپێشاندان بکەن، خۆپێشاندانەکە سەری گرت و دەنگدانەوەی زۆریشی هەبوو. لەو خۆپیشاندانەدا خەڵک و بەتایبەت لاوان بە بیر داوای ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە چوون و دواجار بینیمان کە دەزگا سەرکوتکەرەکان ژمارەیەک لەو چالاکانەیان دەستبەسەرکرد. بەڵام کە ویسترا ئەو خواستە لە سنە و لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە کۆپی بکرێ سەری نەگرت، ئەو ئێوارەیەی کە داواکرابوو لەسنە خۆپێشاندان بکرێ، لەڕاستیدا بەدەیان بەڵگەی دیار دەرکەوت کە خەڵک بەپیل ئەو داوایە نەچوون. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕاوە لاوان کە ئامادەی هەموو چاڵاکییەکن لەپێناو مافە ڕەواکانیان، بەڵام  پرسیار کەرن و هەڵسەنگاندن بۆ داوای داوالێکەرەکان دەکەن و ئەوەش ڕوونە کە تەنانەت ئەو کۆڵبەرەی کە لەپێناو کۆڵبەرەکەی دیکەدا خۆپێشاندان دەکا زانکۆی تەواو کردوە و مۆبایلەکەی ئەنتێرنێتی هەیە و ئاگاداری دەورووبەری خۆیەتی.   ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان بەپێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێ لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە پارتین و نە یەکیەتین و تەنانەت زۆر کەمیان لایەنگری پەکەکەن. بەڵام کاردانەوەیان بۆ هەموو ڕووداوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان میراتگری ناسیۆنالیزمی دەوڵەت نەتەوەیە، ئەوان لە شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و هەمزە ئاغای مەنگورو سمایڵ ئاغای سمکۆوە خواستی دەوڵەت نەتەوەیان هەبووە و لە کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد و حیزبی دیموکراتی کوردستان هێنایانە سەر واقیع، کەواتە ئاساییە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لاوەکانی پشتیوانی لە ڕێفراندۆم وەکوو مافی سەرەتایی لە دیموکراسی و سەربەخۆیی و وەکوو مافێکی بنەڕەتی بۆ گەلی کوردستان لەهەر پارچەیەکدا بکەن، کە هەوڵی بۆ دەدا. ئەوان لەدەرەوەی پارتی و یەکیەتی لەگەڵ سەربەخۆیی بوون و دوایەش دژی ئەو تڕاژیدییە بوون کە بەسەر کوردستانیان هێنا. ئەوان نە لەگەڵ ئەو پاساوانەن کە بۆ کەموکوڕی و نوقسانییەکانی دەسەڵاتدارەتیی پارتی و یەکیەتی دەهێندرێنەوە و نە پشتیوانیی ڕەهاش لە ئاڵترناتیڤەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن. لە ڕاستیدا پرسە ئاساییەکانی باشووری کوردستان هیچ کونجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەخۆیەوە سەرقاڵ نەکردووە، بەڵام ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆییان وەکوو پرسێکی نەتەوەیی و کوردستانی سەیرکرد و بە نەفرەتەوە باسی سەبەبکارانی ئەو ڕەوشە کارەساتبارە دەکەن کە بەسەر کەرکووک و بە گشتی باشووری کوردستانیان هێنا.   تراژیدیاکەی کرماشان ڕووداوی بومەلەرزەکەی سەرپێلی زەهاو و و دەورووبەری تراژیدیا و ڕوداوێکی ناخۆش و دڵتەزێن بوو، بەڵام لە لایەک یەکگرتووییەکی گەورەی لەکوردستان دروست کرد و لەلایەکی دیکەش جارێکیتر بەهێزی و ئاگاداربوونی کۆمەڵگەی مەدەنی_کوردی کوردستانی سەڵماندەوە. خۆ بە وردبوونەوەیەکی خێراش بۆمان دەردەکەوێ کە لاوان پێشەنگی بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی سەرپێل و گوندەکانی دەورووبەری بوون. کوردەکان لەدەرەوەی مەزهەب و ئایین و دووریی جوغرافیا بەشێوەیەک خاوەندارەتییان لە کرماشان کرد کە گەورەترین شۆکی لە پەیکەری سپای پاسداران دا. تاران لە ٤ ڕۆژی یەکەمدا لەشۆکی ئەو هەڵمەتە کوردستانییە بۆ کرماشاندا بوو، دواییش بۆ گۆرینی وێنە واقیعیەکە کەڵکی لە هەموو تواناکانی خۆی وەگرت و تەنانەت سازمانی دەنگوڕەنگ و  سەرجەم سێلبریتییەکانی خۆی لە وەرزشکار و ئەکتەرەوە هێنایە سەرخەت بۆ ئەوەی یارمەتییەکە وەکوو هەڵمەتێکی ئێرانی نیشان بدا، بەڵام بەئێستاشەوە سەرکەوتوو نەبوو. لە بوومەلەرزەکەی کرماشاندا دەرکەوت کە خەڵک متمانەی بە ڕێکخراو و کەسایەتییە مەدەنییە کوردییەکان هەیە و، وەکوو خۆپێشاندانەکەی بانە چالاکانی مەدەنی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو، یارمەتییەکان نە بە هیلالی ئە‌حمەری ئێران و نە بە سوپای پاسداران دەدران، بەڵکو سەرجەمیان بە پووڵی کاش و یارمەتیی دیکەوە ڕادەستی کەسایەتی و رێکخراوە مەدەنییە کوردییەکان دەکران و، لەسەرجەمیشیاندا ڕۆڵی سەرەکی بە لاوان بوو.   ئەنجام: بەپێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێ کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاک نین و بە پاسیڤ باسیان دەکەن، بەڵام ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت سەد ڕۆژی ڕابردوو سەڵماندییەوە کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسیار دەکەن، گومانیان بۆ دروست دەبێ و هەر بۆیە ئاساییە کە نەخشەڕێگەی خۆیان بۆ بڕەودان بە خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی هەبێ و هەیانبووە. زێدەرۆیی نیە کە بڵێین لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکترین لاوی هەر چوارپارچەی کوردستانن، چونکە یەکەم لەهەمبەر هیچ ڕووداوێکی پەیوەندیدار بە پرسە نەتەوەییەکان بێدەنگ نابن و بەشێوازی جیاواز هەڵوێست وەردەگرن، هەمیش لە بۆشایی نەبوونی ڕاگەیاندن و زەمینەیەکی دیموکراتیک خۆیان قۆڵیان لەپاراستنی زمانی کوردی و ژینگەی کوردستان هەڵماڵیوە و تەنانەت خاوەندارەتیی گەورەیان لە زیاندیتووانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان کرد. ئەوەی کە ئێستا دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر پارچەکانی دیکەی کوردستان خاوییەکی پێوەدیارە، هۆکارەکەی لاوازی و بێ ئیرادەیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکوو ئەو ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییانەی کاریگەرییان لەسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان داناوە، لە ڕۆژهەڵات ڕووی نەداوە. لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جوغرافیای ئێراندا ڕێک ئەو گرفتانەیان هەیە کە لە تاران و لە ناوچەکانی دیکەی ئێران هەیە، بێکاری، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، تەڵاق و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە کوردستانیش هەن و زیاتریشن و ئەوەش دەرەنجامی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ئیمتیاز و خولیا و پرۆژەیان هەیە کە لە هیچ یەک لە بەشەکانی دیکەی ئێران بە تارانیشەوە نابینرێ. لاوانی ڕۆژهەڵات بەپێچەوانەی لاوانی دیکەی ئێران نائۆمێد نین، لەکاری ڕێکخراوەیدا پێشەنگن، ژینگە پارێزن، زمان پارێزن، پاراستنی خاک و تاکی کوردستانیان کردووەتە ئەرکی لە پێشەوەی خۆیان و ئەوەش دەری دەخا کە ئەوان خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ ناسیۆنالیزم کردوە. ئەوان ئێستا سەری ڕمی ناسیۆنالیزمی مەدەنین. ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)