کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یه‌ڵداییترین شه‌یدایانی کازیوه‌

05:42 - 2 بەفرانبار 2717

ساڵێکه‌ برینیكی ساڕیژنه‌بوو وەپەیکەری دێموکرات کەوتوە و پێنج مه‌لی ئه‌و دارستانه‌‌ له شه‌قه‌ی باڵیان داوه‌ و به‌ره‌و پیره‌که‌ی  یه‌لدایان له‌ فڕیون. ‌من خۆم به‌ قه‌رزداریان زانی و داوام له‌ به‌شێک له‌ هاورێ و هاوسه‌نگه‌ره‌کانیان کرد تا به‌ گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌ک یادی هه‌میشه‌ زینوویان به‌رز ڕابگرین.   عومەر باڵەکی، ئاوا باس له بیرەوەرییەکی خۆی و شه‌هید عه‌لی قۆیتاسی ده‌کا ساڵی ١٣٦٩ بوو هێزی پێشەوا و کومێتەی شارستانی مەهاباد به‌ فەرماندەیی من له ناوچه بووین. ئەو ڕۆژه وەک هەموو ڕۆژەکانی دیکە بۆ حه‌سانەوە لە نێو باخێکی نێوان ئاواییەکانی هاچیدەرێ و قۆڵغەتەپه مابووینەوه. دوژمن بەوەی زانیبوو و له نه‌کاو کەوتینه بەر هێرشی تۆپ و خۆمپاره. هیچ دەرتانێکمان نه‌بوو.  بیرێک به مێشکم داهات. شەهید عەلی قۆیتاسی لەگەڵ چه‌ند کەسی دیکه له پێشمەرگەکان له نێو جۆگەیەکدا خۆیان مات دابوو. له مەجالێکدا خۆم گەیاندێ و گوتم: عەلی دەتوانی هەڵێی؟ ئەویش له جوابدا گوتی: بەڵی و هه‌ردووکمان خۆمان توندوتۆڵ کرد و دووبەدوو بەرەو بەرزایی بەینی هاچیدەرێ و قوڵغەتەپە دەستمان بەڕاکردن کرد. هێزی دوژمن که ئێمەیان بینی به خەیاڵی ئەوەی تیمی تەشکیلاتین و تەنیا هەر ئه‌و دوو کەسەین ڕووی چەکه‌کانیان لە ئێمە کرد و بە هەرچی چەکی دوورهاوێژبوو تەقەیان لێ دەکردین، بەڵام بە خۆشییەوە بە سڵامەت خۆمان گەیاندە سەر بەرزاییەکە و لەبەر چاویان ون بووین. دوژمن دوای ماوەیەکی دیکە بێ ئەوەی بە ئامانج بگا خۆی کۆ کردەوە وبەرەو گوردانی نێشتەجێ لە خەلیفان گەڕاوە. عەلی لێی پرسیم ئەرێ خاڵە بۆ وامان کرد؟ ئه‌منیش گوتم: تۆ چاولێکه ئێمه کارێکمان کرد که دوژمن وا بزانێ هێزی ئێمه تەنیا ئەو چەند کەسه‌ین کە ڕامانکردوە.  ئەگەر ئه‌من و تۆ وامان نەکردبایە ئەو تۆپبارانە هەر لەسەر پێشمەرگەکان دەبوو و ڕەنگە تووشی شەهید و برینداری زۆر بایه‌ین.  هەڵاتنی ئیمە بەو شێوەیە  بوو بە هۆی ئەوە ئاوری تۆپبارانەکە لە سەر هێز لابچێ. ڕۆژی دوایی له دۆلی ئەشکەوتانی ئاوایی قزڵجەی سەرێ مابووینه. ئەو ڕۆژه عەلی دیدەبان بوو و له شوێنێکی بڵێندەوه چاوەدێری وڵاتی دەکرد. دەوروبەری سەعاتی ٢ی پاش نیوەرۆیەبوو کە ئاگاداری کردینەوە هێزێکی زۆری دوژمن لە ئاوایی ئەمین‌ ئابادەوە بەرەو ئیرە دێن. بە پەلە خۆمان سازمان دا. چووم بۆ لای قویتاسی و لەوێڕا پێشمەرگەکانم هیدایت کرد کە لە دۆڵی قزڵجەی سەرێ پێشیان بە دوژمن گرت و زەبرێکی باشیان لێدان. دوای ئەوە دوژمن پرشوبڵاو بوو و هێدی هێدی هەوا تاریک دەبوو پێشمەرگەکان گەڕانەوە. دەبووایە ئەو ناوچەیە جێ بەێڵین و زوو لەو شوێنه دوور کەوینەوه. من و عه‌لی که هێندێک لەوان دوورتر بووین دوابه‌دوای ئەوان له بەرزاییەکه هاتینه خوارێ و وه‌شوێنیان کەوتین بەڵام کاتێک گەیشتینه خوارێ ئه‌وان دوور کەوتبونەوه. ڕانەوەستاین و وەرێ که‌وتین تا گەیشتینه کانیاوێک. دانیشتین ده‌ست و دم و چاومان شۆرد و ئاومان خواردەوه. هەستم کرد زۆرم برسیه. گوتم عەلی نانت پێیه؟ گوتی بەڵێ خاڵە پێمه بەڵام پێخۆرم پێ نیه. گوتم هیچ نیه ئەدی قەندت پێیه؟ گوتی بەڵێ. قەندەکەم لێ وەرگرت به دوو بەرد وردم کرد و خاکه‌قه‌نده‌که‌مان کرده نێو نانەکه و کردمانه بابۆڵه و ئەو ژەمەمان به‌وه سەر کرد. شەهید عەلی تا ئەو ساڵانەش کاتێک که بیرەوەرییەکانی له نێو کۆڕی هاوڕێیانی دەگێڕاوه باسی ئەو ڕۆژه و تامی خۆشی بابۆڵەی خاکەقەندیشی دەکرد وده‌یگوت کوردایەتی بە بابۆڵە خاکەقەندەوە خۆشە.   یادێک له شه‌هید وه‌هاب میرخزری له‌ بیرەوه‌رییه‌کی فەتاح لاچینیدا: بەهاری چه‌ند ساڵ له‌وه‌ پێش بوو. بۆ جەولەیەکی یەک ڕۆژه چووبووین بۆ چیای باواجی. چەند پێشمەرگەی تازەمان لەگەڵ بوو که دیار بوو کوردگوتەنی هێشتا له‌شیان له‌ سه‌ختییه‌کانی ژیانی پێشمه‌رگانه‌دا نه‌خارابوو. شەهید وەهاب له پێشەوه دەڕۆیشت و خێرا خێرا له سەفەکه دەچوه دەرێ و بەکامێراکەی وێنەی له‌شاخ و چیا و ڕیزی  پێشمه‌رگه‌کانی دەگرت. لەپڕ ئیزنی له فەرمانده وه‌رگرت و بەپەله چووه خوار چیاکه. پێمان سەیر بوو که داخوا چ ڕووی داوه کاتێک دیتمان لەخوار چیاکه پێنج پێشمەرگەکەی که تازه دەورەیان تواو کردبوو و یەکەم جاریان بوو ده‌هاتنه‌ ئەو شێوه گه‌شتانه‌، زۆر ماندوو ببوون و توانای ڕێبڕین بۆ به‌رزاییان نه‌مابوو. بینیم  چووە لایان و کۆڵەپشتی هەر پێنجیانی وەرگرت و وەپیش خۆی دان و له دواوەشیان به قسەکردن و پێکەنین ورەی دەدانێ و ئەوانیش وردەورده ماندووییان حەساوه و هەنگاوەکانیان باشتر هەڵێناوه تا گەیشتینه شوێنی مەبەست. ئەوکات چووم بۆ لای و لێم پرسی کاکه تۆ چیت بەوانه دابوو خۆ تۆ له ڕیزی پێشێ بووی بۆ ئه‌وه‌ندەت خۆ وەدوادا؟ به هەناسه‌سواری و ماندوویی لەحاڵێکدا خەریک بوو پاڵ وەتاشە بەردێکەوە بدا گوتی: کاکه تۆ چۆن وادەڵێی من تەنیا پیشمەرگه نیم، ئه‌من بابی پێشمەرگەشم و هەموو پێشمەرگەکان بۆ من «محەممەد»ن. ئەگەر محەممەد پەکی کەوتبایه ئه‌من چۆن ده‌متوانی هەنگاوێک هەڵێنمەوه؟ دوایه‌ گوتی: کاک فەتاح لەوانەیه ئەو پێنج تازه‌لاوه‌ی که ئه‌مڕۆ پێشمەرگەن چەند ساڵ یا چەند مانگ زیاتر نه‌مێن و لەوانەشه وه‌ک ئێمه بمێننه‌وه‌ و ببن به چقڵ بۆ چاوی نەیاران. ئەوه ئەگه‌ر مانەوه باشتر فێری ئەوه دەبن که پەروەردەی دێمۆکڕات یانی له‌خۆبوردوویی و خۆنەویستی و هاوکاری هاوڕێیانی پەککەوتوو له مەیداندا. ئەگەر نەشمانەوه ئەوه له یادیان دادەمێنی و له هەموو جێگایەک باس له ئه‌وه دەکەن که پێشمەرگەی دێموکرات هەرگیز و لەهیچ کات و زەمانێکدا پشتی هاوسەنگەری چۆڵ نەکردوه و نایکا.     بیرەوەرییەکی شەهید ئەرسەلان عەباس‌نیا له زمانی عەزیز حاجی ڕەحیمی: هاوینی ساڵی 1395 بۆ مه‌ئمورییەتێک چووبووینە هەڵگورد. هەتا ئەوکات ئه‌من له نیزیکەوه ئەرسەلانم نەدەناسی که له‌ خۆشەویستییان پێیان دەگوت «کاکە گیان». ماوەی چەند ڕۆژیک بوو له هه‌لگورد بووین. هەموو ئێواران لەگەڵ ئەرسه‌لان و چه‌ند پێشمەرگەی دیکه دەچوینه سەرێ و لای ئێوارێ بەرەو بنکەکانی حیزب لەو چیایه دەگەڕاینەوه. بەڵام ئەو ڕۆژه کاتی ڕۆیشتن سەرقاڵی قسه بووین و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست پێ بکه‌ین له بنکەکانمان دوور کەوتبووینەوه. باشمان به ڕێگاکه نه‌ده‌زانی و به هەر لایەکدا ده‌رۆیشتین ئەو ڕیگایه نەبوو که پێیدا هاتبووین. له نەکاو تووشی چەند گریلای (پ.ک.ک) بووین که بۆ لامان دەهاتن. له‌پڕ چەکیان لێ کێشاین. ئەوان پێیان وابوو ئێمه به نیەتی خراپ له بنکەکانیان نزیک ده‌بینەوه. ئه‌من و پێشمه‌رگه‌کانی دیکه‌ کاتێک ئەو دیمەنەمان دی بێ یەک و دوو چەکەکانمان خسته‌ سه‌ر پێ و خۆمان بۆ ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراو دانا. له‌ پڕ کاکەگیان گوتی: کاکه ئەوه چ دەکەن. خۆ ئەوانه‌ که چه‌کیان له ئێمه کێشاوه‌ نازانن  ئێمه ڕێگامان لێ تێکچووه و ڕێمان کەوتۆته ئێره، بەڵام خۆ ئێمه دەزانین نابێ ڕووی چەکمان لەوان بێ. کاکه ئەوانه کوردن و چەکی پیشمەرگەی دێموکرات قەت ڕووی له کورد نەبووه. دواتر ئه‌وانیش که زانییان ئێمه پێشمه‌رگه‌ی دێمۆکڕاتین به ڕێزەوه وەریانگرتین و گرژی و ئاڵۆزییه‌که‌ بڕایه‌وه‌. بەڵام  لەوکاتەدا که دەگەڕاینەوه بیرم لەوه دەکردوه که پێشمەرگەی دێمۆکڕات هەمووکات ئاشق و سه‌وداسەری ئازادی بووه. لەبەر ئەوەشه که کاتێک ماف و ئازادییان لێ زەوت کردوه دەستی داوەتە چەک. ئه‌من بۆ چەند چرکه ئەوەم له یاد چووبوو و ئەوه ئەرسەلانی بێدەنگ و ئارام بوو که وەبیری هێنامەوه پێشمەرگەم و پێشمەرگه هەرگیز شەڕی نه‌ویستوه.   بیرەوەریەکی شەهید سالار باقری، له زمانی شۆڕش ئەڵاوەیسی: سه‌رمای کۆتاییه‌کانی سه‌رماوه‌ز هه‌ڵی کردبوو. لە کوردکاناڵ کاتی چایی خواردنەوە باسی ساردیی هەوا و نەبوونی نەوت کرا. هەموو گلەییمان لەو بارودۆخه‌ بوو. سالار بێدەنگ دانیشتبوو. ماوەیەک بوو هەستم کردبوو که عەشقێکی بەتین له دڵیدا هێلانەی کردوه. باسی نەوت و ساردیی هەوا به خواردنی چایی له نێو کۆڕی گه‌رمی هاوڕێیانی کوردکاناڵ تەواو بوو و هەموومان چووینەوه سه‌ر کارەکانمان. کاتێک چووینه ژووره بچکۆلەکەی خۆمان گوتم: سالار تۆ که ئاوا عاشقی بووی بۆ پێی ناڵێی؟ بۆ نایدرکێنێ؟ گوتی: ئەخه من به هیوام بەهارێ بچمەوه ناوچه. لێم کرده شۆخی و گوتم: دەی بۆ مەگه ئەوکات بیانووت پێ دەگرێ که لەگەڵ خۆت بیبەی؟ سەری داخست و گوتی: نا، به‌ڵام له‌ دڵم چه‌قیوه‌ که‌ شه‌هید ده‌بم. دەترسێم پێوەندیمان بێ و دوایه ئەگه نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ ئەو خەمبار بێ. گوتم: دەی مەچۆوه... گوتی: ناتوانم، ئه‌من پێش ئەوەی عاشقی ئەو بم، هه‌موو ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ بچمەوه ناوچه و له‌ نێو خه‌ڵکدا خۆم ببینمه‌وه‌ و وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ خزمەت ئه‌رکه‌ حیزبییه‌کانمدا بم. دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژه له ماڵێ دانیشتبووم که‌ له دەرگایان دا.  چووم کردمەوه. دیتم سالاره‌ و به بیست لیترییه‌ک نەوتەوه له نێو شیپانه‌ی درگاکەدا ڕاوه‌ستابوو. گوتم ئەوه چییه داداش؟ پێکەنی و گوتی تۆ ئەوەندەت ئەو داداشه له زار خۆشه که پێم خۆشه هەمیشه لێتی ببیستم. ها بگره‌ که‌مێک نه‌وتم بۆ هێناوی. بیست لیترییەکەی دانا و به‌په‌له‌ که‌وته‌ ماڵاوایی کردن. گوتم: بۆ کوێ؟ ئەو نەوته چییه و به چی تا ئێره هاتووی بەو بیست لیترییه قورسەوه؟ لەو کاتەدا که دوور دەکەوتەوه گوتی: هی ژووری خۆمانه، ئێمه لێمان زیاد بوو گوتم با سرووش سه‌رمای نەبێ بۆم هێنان. گوتم: باشه‌ وه‌ره‌ ژوورێ چایەک بخۆوه‌. گوتی: نا دره‌نگه‌. به ماشێنی فڵانکه‌س هاتووم و ئه‌ویش به‌په‌له‌ و ده‌بێ بڕۆین. چاخواردنه‌وه‌که‌ با بۆ کاتێکی دیکه بێ. بەیانی کاتێک چوومه قەڵا بیستم که ئەو خۆی نه‌وتی نەبوه و دۆینێ به‌شه‌ نەوتەکەی خۆی بۆ ئێمه هێناوه و تەنانەت ماشێنیش نەبوه پێی بێنێ و  ڕێگای نێوان قه‌ڵا و بنکه‌ی ئازادیی به پێیان بڕێبوو...   بیره‌وه‌رییه‌کی شه‌هید ناسر که‌ریمی لە زمان سمکۆ ئەمین سەردەشتییه‌وه‌: ١٧ به‌هاری ژین ئی ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ خه‌زان و وه‌یشوومه‌ یه‌کجێ بێ و له‌گه‌ڵ خۆی بیبا، خۆ ئه‌و هێشتا به‌ تامی دڵ به‌ دنیا پێ نه‌که‌نیبوو. لەو کاتەوە ئێمە وەک تەشکیلاتەکانی نێو شار لە بانە کاری ڕێکخراوه‌ییمان لەگەڵ کاک محەممەدئەمین، باوکی شەهید ناسر کەریمی ده‌کرد، ناسرمان ده‌ناسی. بۆ کاره‌کان ئه‌من، کاک محەممەدئەمین و شاهۆی برام بووین و کوڕێکی چکۆلەی زیت و وریا کە هەردەم پێ بەپێمان دەهات و یارمەتیی دەداین. یەکەم ڕۆژەکان بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو منداڵە و، لەوانەیە لە ڕووی نەزانی باسی ئەو کارانەی ئێمە لای هاوڕێکانی بکا. تا ڕۆژێک شتێکم بینی و ئیمانم بەوە هێنا کە ناسر زیاتر لە جەستە و تەمەنی گەورەیە. چەند ڕۆژێکی مابوو بۆ دووی ڕێبەندان. ناسر سه‌رباری که‌میی ته‌مه‌نی له زۆربەی کاره ڕێکخراوه‌ییه‌کانی نێو شاردا لەگه‌ڵمان بوو. ئەو ڕۆژه لای ئێوارێ بوو کە لە مەدرەسە هاتەوە. کاتێک بینی کە ئێمە سەرقاڵی ئامادەکردنی سیدی و تڕاکت بۆ ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانین کەمێک لەلامان دانیشت و یارمەتیی داین و لەو کاتەدا وەک ئەوەی بیرۆکەیەکی بە مێشکیدا هاتبێ لە جێی خۆی دەرپەڕی و گوتی: ڕاوەستن دەست لەو شتانە مەدەن ئێوە دەبێ یەکی سەروو جووتێک دەستەوانەی پلاستیکی و کڵاوێک بە کار بێنن. هەموو سەرمان لەوە سوڕمابوو که ناسر بۆچی وا دەڵێ و دەستەوانە و کڵاومان بۆ چییە؟ گوتی: کاک سمکۆ ئەو سیدی و تراکتانه که ده‌یخه‌ینه‌ نێو ئەو پاکه‌تانه ئەگه جێ پەنجەمانی پێوه‌ بمێنی له‌وانه‌یه‌ هه‌ر به‌وه‌ پێمان بزانن و بمانبینه‌وه‌. بەڵام ئەو کڵاو و دەستەوانانه لەو مەترسییەمان دەپارێزن. هەموومان سەرمان له وشیارییەکەی سوڕمابوو. ڕاستی دەگوت بۆیه دەستمان لە کارەکەمان هەڵگرت و بە قسەی ئەومان کرد و چووین دەستەوانە و کڵاومان کڕی تا سەعاتی دەی شەو لەلامان دانیشت و هەموو تراکت و زیدی وکەلوپەلەکانی دیکەی لەگەڵ جێبەجێ کردین. ئەو کات کە هەموو شتەکانمان پێچاوە باوکی گوتی:  ئیتر ناسر گیان بچۆ بخەوە تا ئێمە دەچین ئەوانە بڵاو دەکەینەیە، لەگەڵ ئەوەی زۆری پیخۆش بوو لەو کارەشدا هاوکاریمان بکا بە گوێی بابی کرد و دوای ئەوەی کە شەوخۆشی لێ کردین چوو نوست.  ئەوەی لای من لەو کاتەدا سەیر و لە عەینی حاڵیشدا کارێکی گەورە بوو ئەوەبوو ئەو منداڵە کە تەنیا تەمەنی دە یان یازدە ساڵ دەبوو ئەو هەموو بیرۆکە باشەی بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکانمان بوو تەنانەت ئەو شەوە تا کاتی هاتنەوەمان بۆ ماڵی خەوی لێنەکەوتبوو و بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانمان بوو تا بچینەوە. ئەوە یەکەم هاوکاری ناسر نەبوو و دوایین هاوکاریشی نەبوو و دوای چەند ساڵیش که هاتبووینه نێو ڕیزەکانی ئاشکرای حیزب، ئه‌و وێڕای خوێندن هه‌موو کاته‌ به‌تاڵه‌کانی بۆ کار و چالاکی له‌ ڕێکخراوی لاوان و هه‌روه‌ها هاوکاریی کوردکاناڵدا ته‌رخان ده‌کرد. ئه‌و خۆبەخشانه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان ده‌چووه‌ و هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی بۆ کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی هان ده‌دا و به‌و کارانه‌ی به‌ ئێمه‌ی ده‌گوت که‌ «ناسر گەوره پیشمه‌گه‌یەکی بچکۆله بوو...»   ئەوانە شەیدایان و ئەویندارانی کازیوە بوون و لە درێژترین شەوی ساڵدا بۆ هەمیشە ناویان کەوتە پاڵ ناوی لەدایکبووی کازیوەی یەڵدا و هەتاهەتایی بوون. ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)