کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشخانی ئاڵا و پێشـمەرگەلە میراتی کۆماری کوردستاندا

05:52 - 2 بەفرانبار 2717

ڕووداوەکانی خەزەڵوەری ١٣٢٠ لە ئێران بووە هۆی دروستبوونی بەتاڵایی دەسەڵات لە بەشێکی زۆرلە ئیران بە تایبەتی لە کوردستان کە بەشێکی لەلایەن هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت وبەشێکی لە لایەن بریتانیاوە داگیر کرابوو. لەو بارودۆخەدا دەسەڵاتی ناوەندی هیچ حوکمێکی ئەوتۆی لەو ناوچانەدا نەبوو وزەرورەت وای دەخواست کە ئەو هەلە بقۆزرێتەوە و خەڵک بۆ خۆی دەسەڵاتی خۆی بگرێتە دەست. لەو هەلومەرجەدا کۆمەڵەی ژی – کاف کە ڕێکخراوێکی چالاک و نهێنی بوو و بۆ وەدستهێنانی مافەکانی کورد خەباتی دەکرد، خۆی هەڵوەشاند و لە قالبی ڕێکخراوێکی سەردەمیانەتر و لە شێوەی چالاکیی ئاشکرادا و لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خۆی ڕێک خستەوە. حیزبی دێموکرات لەو هەلومەرجەدا کە هەلێک بۆ وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی کورد هەڵکەوتبوو، دەبوو دوو کاری پێویستی کردبان، یەکەم هێزێکی چەکداری تۆکمە و ڕێکخراو پێکبێنێ و دووهەم ڕەمز و سیمبولێک دروست بکا کە نەتەوەی کورد بە گشتی وگەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە دەوری کۆ ببنەوە وببێتە شوناس وپیناسێک بۆ ناسێنەوەی کورد لە هەر شوێنێکی ئەو دنیا پان وبەرینەدا. لەو سەردەمدا بە هۆی تێکچوونی ڕێکخستنی سپای ئێران چەک وتەقەمەنییەکی زۆر کەوتبووە دەست خەڵک. پادگانەکان چەک کرابوون، بەشێکی زۆر لە خەڵک چەکیان لە سەربازە هەڵاتووەکان کڕیبوو، یان سەربازە کوردەکان بە چەکی خۆیانەوە گەڕابوونەوە ماڵێ و؛ لەو بارودۆخەدا حیزبی دیموکراتی کوردستان وەخۆ کەوت وداوای لە هەموو تاکێکی کوردوهەموو هۆز وعەشیرەکان کردتا خۆیان لە بنکەکانی حیزبی دیموکراتدا ناونووس بکەن. بەم شێوەیە بەردی بناغەی هێزی پێشمەرگە بە شیوەی  هێزێکی ڕێکخراو لە سەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان داندرا کە دواتر لە مێژوی هاوچەرخدا بوو بە ڕەمزی خۆڕاگری وجێگای شانازیی نەتەوەی کورد. دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و لە کۆبوونەوەیەکی ئەفسەرانی کۆماردا(١٥ی رێبەندانی ١٣٢٤) نازناوی پێشمەرگە لە سەر هێزی سەربازیی کورد داندرا و بەم شێوەیە کوردستان بوو بە خاوەنی هێزی پێشمەرگەکە هەموومان دەزانین لەماوەی حەوت دەیەی ڕابردوودا هێزی پێشمەرگە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورددا لە هێچ فیداکارییەک درێغی نەکردووە و هەر ئەو فیداکارییانە بوونەتە هۆکارێکی گرینگ کە نازناوی «پێشمەرگە» سنوورەکانی کوردستان ببرێ و لە قامووسی جیهانی وشە دا خۆی ببینێتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٦٣دا بۆ ڕێزلێنان لە خەبات وقوربانیدانی هێزی پێشمەرگە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی _کە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەستی حیزبی دیموکراتی کوردستانە_ بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کرد. «ئاڵا» وەک سیمبولێکی نەتەوەیی هاوچەرخ پێویستییەکی دیکەی بوو کە بەڕێوەبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان دەبوا هەڵیان دابا. دیارە کورد تا ئەوکات چەند ئاڵای دیکەی بوو کە لە شۆڕشە جیاوازەکاندا وەک پێناسەی ئەو شۆڕشە و بە ناوی ئاڵای کوردەوە هەڵدرابوون؛ وەک: ئاڵای ڕاپەڕینی بدلیس لە ساڵی ١٩١٤کە پارچەیەکی زێڕینی نەخشێندراو بە ئایەتێکی قورئان بوو؛ ئاڵای ڕاپەڕینی شیخ مەحموود لە ساڵی ١٩١٩ کە پارچەیەکی تەختسەوز بوو و مانگێکی سووری لە نێوەڕاستی دابوو؛ ئاڵای ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٩٢٢ کە لەسەری نوسرابوو کوردستانی ئازاد؛ ئاڵای شۆرشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 کە پارچەیەکی تەواو سەوز بوو و خۆرێکی لە نێوەڕاستدا بوو؛ ئاڵای حیزبی ئازادیی کوردستان لە    ١٩٣٨ کە بە وێنەی دوو خەنجەر وسێ ئەستیرە نەخشێندرابوو. لە حکومەتی کۆماری کوردستاندا لە ساڵی ١٩٤٥ ئاڵایەک هەڵدرا کە لە سێڕەنگی سوور وسپی وسەوزپێکدەهات و ئارم ونیشانەی حیزبی دیموکرات لە نێوەڕاستی ئاڵاکەدا نەخشێندرابوو. دوای پێنج دەیە لە باشووری کوردستان، پاڕلمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١بڕیاری دا کە هەمان ئاڵای کۆماری کوردستان هەڵبدری بەو جیاوازییەکە لە نێوەڕاستی ئەو ئاڵایەداخۆرێک بە٢١تێشکەوە بدرەوشێتەوە، دواجار لە سالی ١٩٩٩دا پارلمانی هەرێمی کوردستانبریاری دا کە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز بە ڕەسمی بکرێتە ڕۆژی ئاڵا. هەڵبەت لە ساڵی١٩٢٠دا جەمعیەتی تەعالی وتەرەقی ئاڵایەک دروست دەکەن کە ئەو سێ ڕەنگەی ئیستای ئالای کوردستانی تێدا بەکار هاتووە و خۆرێک لە نێوەڕاستی ئاڵاکەدا بووە و زەمینەی کارتی پێناسی ئەندامەکانیان بەو ئاڵایە نەخشێندراوە. هەر ئەو ئاڵایە لە شۆڕشی ئاراراتدا لە تەنێشت ئاڵای شۆرشەکە هەڵدراوە. مێژووی هەڵکردنی ئاڵا لە کوردستان لەوەش بەولاوەتر دەچێ. زۆربەی دەسەڵاتدارەتی و میرنشینەکان لە مێژووی کورددا خاوەنی ئاڵا و تەنانەت سکە و دراوی خۆیان بوون، بەڵام ئەو هێما و سیمبولانە تەنیا لە چوارچێوەی میرایەتی و میرنشینیی خۆیاندا ماوەتەوە وئاڵاکەیان نەبۆتە ئاڵای نەتەوە تا لە پانتایی هەموو کوردستاندا بشەکێتەوە. هەر بۆیە هەڵکردنی ئاڵا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٩٤٥ کە مانگێک دواتر کۆماری کوردستانیش ڕاگەیەندرا، گرینگیی مێژوویی هەیە. لە گوڤاری «کوردستان، ژمارە ٢»دا هاتووە: لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤(١٩٤٥)بە بەشداریی ١٠هەزار کەس و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا ئاڵای کوردستان لەسەر سەربانی دەفتەری ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵدرا وهەڵکردنی ئەوجارەی ئاڵای کوردستان جیاوازی زۆری هەبووە لە گەل جارەکانی دیکە کە ئاڵایان تێدا هەڵکراوە. ئەو کاتەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستان بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی دا، حیزبێک بوو لە نێوخۆی خەڵکدا و لە شار و گوندەکانی کوردستاندا بە ئازادی تیکۆشانی هەبوو و بەرەو پێکهێنانی حکومەتیک دەچوو کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانی دەکرد، بەو مانایە لە حاڵی شۆڕشێکی چەکداری ولە شاخ نەبوو؛ بەڵکوو ماوەی چوار ساڵ بوو ڕێبەرانی پێکهێنەری حیزبی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد کۆمەڵگەیان بەرێوە دەبرد. پاشان هەڵکردنی ئاڵا دەستپێکی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بوو. ئاڵا نوینەرایەتیی ڕێبازی سیاسی، ئابووری،کۆمەڵایەتی و کلتووری نەتەوەی کورد وهەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەکا. هەر لە پێوەندی لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کۆماری کوردستاندا چەند خاڵی دیکە گرینگن کە باسیان بکەین: هەڵکردنی ئاڵا بە جۆرێک پەیامێکی ڕاستەوخۆی نەتەوەیی بوو هەم بۆ دەسەڵاتدارانی ئیران و هەم بۆ هێزەکانی ڕووس وئینگلیس کە لە ناوچەکەدا بوون کە کوردیش نەتەوەیە و خاوەنی خاک و زمان و کلتوور و مێژووی خۆیەتی، هەربۆیە مافی خۆیەتی کە چارەنووسی خۆی بۆ خۆی دیاری بکا. لەلایەکی دیکەوە لە تەورێز فیرقەی ئازەربایجان ئاڵای خۆیان هەڵدابوو وهەڵدانی ئاڵای کوردستانیش نیشانەی ئەوە بوو کە کۆماری کوردستان و جمهوریی ئازەربایجان  دوو سیستمی سیاسی _ نەتەوەیی لێک جیاوازن. ئەوەش دەبێ بگوترێ کە هێنانەخواریی ئاڵای ئێران وهەڵکردنی ئاڵای کوردستان کارێک و بڕیارێکی هەروا سادە و کتوپڕ نەبوو، بەڵکوو ڕیشەی لە خەباتێکی دوورودرێژ دابوو، هەربۆیە ئیستاشی لەگەڵ بێ ئەو ئاڵایە هەمان ڕۆڵ دەبینی کە دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان کاریان بۆ دەکرد و لەو پێناوەشدا گیانی خۆیان بەخشی. ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)