کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردایەتی هەتا گەیشتن بە ئازادی

06:11 - 2 بەفرانبار 2717

(کوردایەتی هەتا گەیشتن بە ئازادی) بە بیستن و خوێندنەوەی هێندێک دەربڕینی سەیروسەمەرەی بەناو ئەمڕۆیی حاڵم دەگیرێ و بێزم هەڵدەستێ. ئەوانەی پەنا بۆ هەر شتێک دەبەن وخۆیان بە ئاووئاگردا دەکەن هەتا بیانووی دژایەتی دەگەڵ کوردایەتی بدۆزنەوە، دەبێ چەندە بێباوەڕ و دوورەپەرێز بن؟ ئەوانەی گاڵتە بە خەباتی کوردایەتی دەکەن و پێیان شتێکی کۆنەپەرستانە و ڕەگەزپەرسانەیە، دەبێ چەندە داخ لەدڵ و کوێرزەین بن؟ ئەوانەی جیاوازیی نێوان خەباتی گەلێکی زوڵملێکراوی ماف پێشێلکراو دەگەڵ ڕۆڵی لایەنێکی زاڵمی چەوسێنەر هەست پێناکەن و نایبینن، دەبێ چەندە بەدبەخت و ماڵوێران بن؟ هەر بەڕاستی قسەی ئەمڕۆیی و پێشکەوتوانە ئەوەیە دژی مافی نەتەوەکەت بوەستی و بۆ کزکردنی خەباتەکەی شێروڕێوی دنیایە بێنییەوە؟ سەت حەیف و هەزار مخابن مەیدانی دەربڕینی «ئازاد» وای لێ هاتوە سەفی چاک و خراپ تێکەڵ کراوە. بازاڕی قسە و دەربڕین و خۆهەڵکێشان وای لێ هاتوە سنوورێک هەست پێ ناکرێ. لەم بازاڕی مەککارەیەدا ئی وا دێتە مەیدان و قسەی وا دەکا سەرت سوڕ دەمێنێ. ئەوانە بە ڕۆژی ڕووناک دژی بەرژەوەندییەکانی خەباتی نەتەوەی کورد قسە دەکەن و گاڵتەیان بەخوێن و قوربانیدانی دەیان ساڵەی ئەم گەلە تێکۆشەرە دێ. ئەوانە بەجۆرێک قسە دەکەن هەروەک ئەننەهوو کورد لەدرێژایی سەدان ساڵ خەباتی خۆیدا فریوی خواردبێ و نەیزانیبێ وەدووی چی کەوتوە. ئەوانە خەریکن لەپەنا هێندێک پاڵپشتی دژە کورد ڕۆژبەڕۆژ هێرشی بەرنامە بۆداڕێژراوی خۆیان توندتر دەکەن و بەخەیاڵی خۆیان وا لەڕیشەی داری کوردایەتی دەدەن قەت شین نەبێتەوە. ئەوانە هەست و بیر و مێشکی بەرەی نوێی ئەم گەلەیان کردۆتە نیشانە و دەیانەوێ زەبرێکی لێ بدەن ئیتر مەجالی هەستانەوەی نەبێ. بەڵێ بازاڕی تەبلیغی دژە کوردایەتی گەرمە و ئەوانەش کە تەندووری ئەم بازاڕە گەرم دەکەن چاک دەزانن چۆنی نێل بدەن. ئەوەندەی دژبەرانی کوردایەتی بۆ کزکردنی ڕەوتی ئەم خەباتە لەهەوڵ و کۆشش دان و بەچەپ و ڕاست لەڕیشەی کوردایەتی دەدەن، خەباتگێڕانی ئەسڵیی مەیدانەکەش بەداخەوە خەریکن تەسلیم دەبن و فریوی هێندێک قسەی بێ بنەما و دروشمی ناساز دەخۆن و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەوانیش کوردایەتی بەنەوعێک خۆچووک کردنەوە دادەنێن. ئەو نەسلەی بەدرێژایی دەیان ساڵ لەژێر ئاگری بێ ئامانی دوژمندا خۆڕاگریی نیشان دا و خەباتی کوردایەتی وەک چیای قەت نەچەماوە پاراست، ئەمڕۆ خەریکە دوودڵ دەبێ و دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی هەمان بازاڕی فریو و ڕیا. پارێزەرانی دوێنێی ڕێگای کوردایەتی یان بە هۆی ماندوویی پەکیان کەوتوە و ئیتر خەریکن واز لە خەونەکانیان دێنن، یان هەر بەڕاستی پێیان وایە هەڵەیان کردوە و ئەو ڕێگایەی بڕیویانە هەڵە بوە؟ ئەگەر ماندوون و تاقەتی بڕینی ئەو ڕێگا سەختەیان نەماوە ماڵیان ئاوەدان و با بە شانازییەوە جڵەوی کاروان بدەنە دەست نەسلێکی بوێر و بەبڕوا و خۆیان ببنە پاڵپشتیان بێ ئەوەی هەوڵی دڵسارد کردنەوەی هیچ خەباتکارێک بدەن. ئەگەریش هەر بەڕاستی پێیان وایە ڕێگایەکی هەڵە ڕۆیشتوون زۆریان بۆ بەداخم کە نەخۆیان ناسیوە و نە گەلەکەیان. کوردایەتی معاش نیە ڕۆژێک هەبێ و ڕۆژێک نەبێ. کوردایەتی دەروازەی گومرک نیە ڕۆژێک قەڵەباغ بێ و ڕۆژێک کەساد. کوردایەتی ئیدارەی حکوومەتی نیە بەیانی ڕووی تێ بکەی و ئێوارێ بەجێی بێڵی. کوردایەتی قسەی زلی سەر تلویزیۆن نیە بەپێی کاناڵ بیگۆڕی و دەسکاریی نێوەرۆکەکەی بکەی. کوردایەتی خەباتە بۆ گەیشتن بەئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیەکی ژێر ستەم. درێژەی ڕێگایەکی پڕ سەروەرییە کە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بەزانینەوە هەڵیان بژاردوە و بەبڕواوە درێژەی دەدەن. کوردایەتی هەمان نەزمی ژیانە. ئەگەر دەمانەوێ ژیانمان نەزمی هەبێ، مانای هەبێ، ئامانجی هەبێ دەبێ کوردایەتی پەرە پێ بدەین. ئەگەر دەمانەوێ وەک مرۆڤ بژین و وەک مرۆڤ ڕووبەڕووی دەوروبەرمان بین، دەبێ کوردایەتی درێژە بدەین. ئەگەر خوازیاری ئەوەین ئازاد بژین و ئازاد بمرین دەبێ وەدوای کوردایەتی بکەوین. کوردایەتی دژی خەڵکی دیکە بوون نیە. کوردایەتی تەنیا خۆ دیتن و بەخۆ هەڵگوتن نیە. کوردایەتی چاوچنۆکی و خۆبەزلزانی نیە. کوردایەتی شوینیستی و نەتەوەپەرستی بەمانای دژی ئەوانی دیکەن بوون نیە. کوردایەتی خەباتە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری. تێکۆشانە بۆ وەدەستهێنانی مافی بەرامبەر. هەوڵدانە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و بەختەوەر. کوردایەتی هەموو کەس خۆشویستنە و هەموو کەس وەک یەک دیتنە. کوردایەتی هەوڵدانە بۆ ڕزگاریی چل میلیۆن ئینسان لەژێردەستی. دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر زوڵم و بێدادی. ئەوانەی ئەم کوردایەتییە بە دواکەوتوویی دەبینن واباشە بیرێک  لە بیرکردنەوەکانیان  بکەنەوە، بێگومان ئیشکال لە جۆری ڕوانینی ئەوندا هەیە. ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)