کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ستراتێژیی نوێی ئەمریکادا

22:48 - 2 بەفرانبار 2717

نزیک بە ساڵێک لە دەسەڵاتداره‌‌تیی دۆناڵد تڕامپ لە کۆشکی سپی، وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا تێ دەپەڕێ. لەو یەک ساڵەدا زۆر کێشەی نێوخۆیی کە بوو بە هۆی  ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتیانی ئەمریکایی و چەندەها کێشەی دەرەکی ڕووبەڕووی بوونەوە. لە نێوخۆ بابەتگەلی وەک ماڵیات، کار، بیمەی دەرمانی و.... لە زۆر شوێنی ئەمریکا هاووڵاتیانی هێنایە سەر شەقام. لە دەرەوەش بەهۆی ناڕوونیی ئاشکرای سیاسەتی کۆشکی سپی لەگەڵ قەیرانە سیاسییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی دنیا، تڕامپ چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە ڕەخنەی توندی لێ گیرا. لە تەواوی ئەو ماوەدا ئەو پێداگریی لەسەر قسەکانی خۆی کردوە و بەردەوام باسی لە ئەمریکایەکی خاوەن پووڵ و بەهێز کردوە. بەڵام لەو یەک ساڵەدا زۆرجار بێمەیلیی کۆشکی سپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیددی لەگەڵ کێشە ناوچەییەکانی جیهان دیتراوە.   ئەمریکا لە دەورەی سەرۆکایەتیی ئۆبامادا توانیبووی ئۆتۆریتەی سیاسی و فکری خۆی لە چوارچێوەی ستراتێژییە هاوبەشەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانیدا بەرزبکاتەوە. بەڵام لەو ناوچانەی کێشەی گەورەیان تێدابوو وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم ئێعتبارە و پشتبەستن بە ئەمریکا ڕوو لە کزی بوو. داخۆ ئه‌مریکای  ئێستا دەتوانێ خۆی لەو ئاستەدا ببینێتەوە یا هەر نەبێ، لەپاڵ ئەو ئاستە لە ئێعتباری نێودەوڵەتی، سەرنجی هاوپەیمانە ناوچەییەکانیشی وەک پێویست بۆ لای خۆی ڕابکێشێتەوە ؟ سەرەنجام ڕۆژی ١٨ی دیسامبر تڕامپ ستراتێژیی نوێی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕاگەیاند. لەوێدا دیسان هێز و سەرمایە دوو کۆڵەکەی بنەڕەتی ئەو ستراتێژییە بوون. لەو ستراتێژییە نوێیەدا ئەمریکا دەبێ سەرۆکایەتیی هەموو دنیا بکا و لەم ڕێگەوە ئەوەی ناوبراو پێی لەسەر دادەگرێ گەڕانەوەی غرووری لە دەستچووی ئەمریکاییەکانە. بەهێزبوونی ئەمریکا، دەوڵەمەندبوون و پارێزگاری لە سنوورەکانیان لە خزمەت بە ئەمریکایەک ناو دەبا، کە پێویستە لە ئاستی جیهاندا ڕۆڵی کاریگەری هەبێ و کەس نەتوانێ لەجێی ئەمریکا یا بەبێ ئەوان بڕیار بدا. لەکاتێکدا کە لەلایەن هاوپەیمانە ناوچەییەکانیەوە زۆرترین گلەیی لە هەڵوێستەکانی دەگیرێ، تڕامپ ڕۆڵی ئەمریکا لە سیاسەتی جیهانی و هاوکاری هاوپەیمانەکانی زۆر بەرزتر لەوەی کە لەم یەک ساڵەدا بیندراوە دەنرخێنێ. بێگومان ئەگەر ئەمریکا بیەوێ ستراتێژییەکی داڕێژراوی لەو چەشنە لە جیهاندا بەرەوپێش ببا پێش هەموو شتێک پێویستی بە پێداچوونەوە بە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە دەرەکییەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا دەبێ. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕەخنەیەکی زۆر هاتووەتە سەر سیاسەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا کە، لەبەر پشتگیری نەکردن لە ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی سووریە کە خوازیاری گۆڕانکاریی دێموکراتی بوون لەوڵاتەکەیاندا، بەرامبەر ڕێژیمی سووریە کە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی و ناردنی هیزەکانی سپای پاسداران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی بوونە هۆکاری گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبونی ملێۆنان هاووڵاتی و وێرانیی لە نیوە زیاتری شا رو ناوچەکانی ئەو وڵاتە. یا کاتێ لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن که‌ لە ڕێگەی حووسییەکانەوە درێژەی کێشا، هاوپەیمانیی عەرەبی دروست بوو، ئەمریکا سیاسەتی بێتەفاوەتی گرتەبەر و لە ئاستی پێویستدا هاوکاری هاوپەیمانەکانی لە ناوچەدا نەکرد. هەروەها لە عێراقدا کە ئەمریکا دەوڵەتەکەی بە هاوپەیمانی خۆی دەناسێنێ چۆنە بەبەر چاوی ئەوانەوە دامودەزگاکانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و بە مەبەستی تایبەتیی خۆیان میلیشیایان لێ دروست دەکەن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هانیان دەدەن؟ تەنانەت لەسەر هێرشی هاوئاهەنگی ئێران_ عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمان و هاوکارێکی باشی ئەوان لە شەڕی دژ بە داعشدا بوون، بێدەنگییان هەڵبژارد و بە سیاسەتی پاراستنی یەکگرتوویی عێراق پاساویان بۆ دەهێنایەوە. تا ئێرە ئەم جۆرە هەڵویستانەی ئەمریکا درێژەی هەمان ستراتێژییەکەی باڕاک ئۆباما بوو کە پێی وابوو نابێ بۆ چارەسەری کێشە ناوچەییەکان ئەمریکاییەکان بە گیان و پووڵی خۆیان هەزینەی بۆ بدەن و ئەرکەکەی بە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەسپارد کە بە هۆی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی ئەوانەوە خراپترین سیستمی دەسەڵاتداری ئیستبدادی حوکمیان بەسەردا دەکەن. داڕێژەرانی ئەم ستراتێژییە لە کاتێکدا دەیانزانی کە خەڵکی ئەو وڵاتانە بە دەستی بەتاڵ ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی پڕ چەک و بێ بەزەیی دەبنەوە، تەنانەت نەیانویست لە ڕێگەی شۆڕای ئەمنییەت و بە شێوەی یاسایی پێش بەو گرتن و کوشتنانە لەو وڵاتانەدا بگرن کە ئەوان چاوەڕوانی گۆڕانی شێوەی سیاسەتیان دەکەن. ئیستا بە پێی ستراتێژییە نوێکەی دۆناڵد تڕامپ، دەبێ گۆڕانێکی جیددی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەو کێشانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن بێتە ئاراوە. لەگەڵ بوونی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو شوێنانەی ناوچە کە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کێشە خۆڵقێنن و ڕەنگە چیتر نەتوانن سیاسەتی چاوەڕوانی بگرنە پێش، ترامپ تا ئێرەش دانی بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا نەهێناوە و ڕێگەی هێشتوەتەوە جارێکی دیکەش بیکاتە بەرگێکی فشار بۆ سەریان. لەو لاشەوە مەسەلەی پەرەپێدانی دامەزراوە مووشەکییەکانی ئێران کە بەردەوام خەریکی پەرەپێدانیانن و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی ئەمریکاش لەپاڵ جیاوازی بۆچوونیان لەگەڵ کۆشکی سپی لەسەر بەرجام بە کێشەیەکی نوێ دەزانن لەوانەیە ببێتە هۆکارێکی نوێ بۆ فشارهێنانی زیاتر بۆسەر ئێران. هەرچەند نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیسان باس لە سیاسەتی فشار بۆ سەر ئێران بە مەبەستی گۆڕینی ئاکاری کۆماری ئیسلامی دەکا، بەڵام وێدەچێ ئەمجار فشارەکان زیاتر و بەرینتر بکرێنەوە و دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێ هەستیان بە مەترسییەکانی وەها سیاسەتێک کردبێ بۆیە هاواریان لێ بەرز بووەتەوە. بەڵام ئەگەر ئەم سیاسەتانەش بتوانێ کۆماری ئیسلامی بەرەو لاوازی ببا، هەرگیز ناتوانێ بنە فکرییەکانی «ولایت فقیه»ی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ. مەگەر بە ئیرادەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران کە ئیستا زیاتر لەهەر کاتێک بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە دەردەبڕن و لە پێناو گۆڕانێکی یەکجاری و ڕزگارییان لە چنگ ئیستبدادی ئایینی، بە شیوازی جۆراوجۆر بەرهەڵستی ڕێژیم دەبنەوە. بێگومان بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ فشارە دەرەکییەکان، یارمەتی و پشتیوانیی ئەو وڵاتانەی بیر لە ئازادی و دێموکراسی بۆ خەڵکی ئێران دەکەنەوە، دەتوانێ شوێندانەربێ و دەتوانن ببنە پاڵپشتێک بۆ گۆڕانکارییەک کە نیازەکانی دنیای پێشکەوتوو دابین بکا. ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)