کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەسەرێکی نه‌زۆک

15:49 - 5 بەفرانبار 2717

دوای کوشتنی سه‌دان و بریندار و نقوستانکردنی هەزاران کەس لە کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە چه‌کداره‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتاییدا دەوڵەت بۆ "چارەسەرکردن"! ی پرسی کۆڵبەران و بە قەولی خۆیان "مبارەزە با قاچاخ" بڕیاری‌ داوە کە پێش بە کۆڵبەریکردنی کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان بگرێ! سەرەکیترین هۆکارێک کە وا لە خەڵکی ئەم ناوچە سنوورییانە دەکات کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان دەست بدەنە کۆڵبەری و هەموو تێچوویەکی گیانی و ماڵی قبووڵ بکەن، بێ‌کاری و هەژارییە. ئەوان ئامادەن تەنیا بۆ پەیداکردنی بژیوی خۆیان و بنەماڵەکانیان گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و کۆڵبەری بکەن. بە دەیان هەزار کەسی خەڵکی ئەم ناوچە سنوورییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگه‌ی کۆڵبەرییەوە بژیوی ڕۆژانەی ژیانی ماڵ و منداڵیان دابین دەکەن. دەسەڵاتی سیاسی ئێران کە کۆڵبەریی کۆڵبەرانی کورد لە خانەی کاری قاچاخ و نایاسایی‌دا پێناسە دەکا و دەیبینی، بەردەوام لە رێگای هێزە ئەمنیەتییەکانی خۆیەوە ڕاوەدوونانی کۆڵبەران دەکا. رۆژ نیە هەواڵی کوشتن یان برینداری بوونی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو نەکرێتەوە. بەڵام خەڵک بە هۆی بێ‌کاری و تەنگدەستییەوە دیسانیش بە ناچاری درێژە بەم کارە تاقەتپڕووکێنە دەدات. پرسی کۆڵبەران و تەقەلێکردنیان لە لایەن هێزە چه‌کداره‌کانی رێژیمەوە بۆ چەند جارێک لە سەر ئاستی کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمپەینی ناڕەزایەتی و داکۆکیکردنیانی بۆ وەڕێخرا، تەنانەت چەند نوێنەرێکی کوردی پارلمانی ئێران ڕاستەوخۆ پرسەکەیان لە سەحنی پارلمان هێنایە گۆڕێ و تەنانەت دەوڵەت و سەرکۆماریشیان لێ ئاگادار کرد. کەچی نەتەنیا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەم پرسە هەڵنەگیرا، بەڵکوو وەک باسمان کرد لە کۆتاییدا بڕیاری قەدەغەکردنی کۆڵبەریش لە لایەن دەوڵەتەوە دراوه‌! دوای ڕووداوەکانی باشووری کوردستان و بە شوێن گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان‌دا، زۆربەی خاڵە سنوورییەکانی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بڕیاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران داخران. لەو ماوەیەدا خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کە ژیان و گوزەرانیان لە رووی بژیو و ماڵییەوە تووشی گەلێک کێشە بۆتەوە. هەر لەم پێوەندییەشدا چەند نوێنەرێکی کوردی پارلمانی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە. لە حاڵێکدا لە زۆربەی وڵاتان، ناوچە سنوورییەکان بە هۆی ئاڵوێری بازرگانییەوە خەڵکەکەی هەلی کاریان بۆ ڕەخساوەو لە کارو خۆشگوزەرانی‌دا دەژین، کەچی لە نیزامی ئیسلامی ئێران‌دا ناوچە سنوورییەکان کە دەبێ دەرفەتی کارییان لە هەموو شوێنێک زیاتر بێت، خەڵکەکە لە بێکاری و هەژاری و بێ‌دەرەتانی‌دا دەژین. ئێستا کە هەلی کۆڵبەریش لەم خەڵکی هەژار و بێ‌دەرەتانە دەستێندرێتەوە، خەڵک بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان دەبێ چ بکەن؟! ئەوەی لەم پێوەندییەدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران مەبەستیەتی و دەیهەوێ کەڵکی لێ وەربگرێت، منەتبارکردنی ئەم خەڵکەیە بە دام و دەزگا سەرکوتکەر و ئەمنیەتییەکانی خۆی و ڕاکێشانیان بۆ لای خۆیان بە مەبەستی خۆشخزمەتی و خیانەتکردن لە خاک و خەڵکی خۆیان. شتێک کە خەڵکی ئەم ناوچە سنوورییانە تا ئێستا ئامادەبوون تاقەتپڕۆکێنترین کار کە کۆڵبەری و هەزینە گیانی و ماڵییەکانیەتی هەڵبژێرن، بەڵام روو لە رێژیم نەنێن بۆ پارەوە نانێک. ئەوەی رێژیم بە نیسبەت کۆڵبەرانیەوە دەکات جیا لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دژەگەلیی ناتوانێ شتێکی دیکەی ناو لێ بنێین. بۆیە خەڵکی بەشەرەف و کاسبی ناوچە سنوورییەکان بە تێگەیشتن لە پیلانەکانی رێژیم هەر وەک چۆن تا ئێستا بە شەرەفەوە ژیاون، لەمەوبەولایش بە بێ‌ملدانەواندن بۆ سیاسەتەکانی رێژیم، بەشەرەفەوە دەژین.