کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان لە نەیشابوور، کاشمەر، مەشهەد لە دژی گەندەڵییەکانی ڕێژیم

16:48 - 9 بەفرانبار 2717

ڕۆژی پێنجشەممە (٧ی بەفرانبار) خەڵکی نەیشابوور و کاشمەر و مەشهەد لە دژی گرانیی بژیوی ژیان و حەسەن ڕۆحانی و دەوڵەتەکەی، بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی ''دیکتاتۆر''ەوە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. هەندێک لە ڕاپۆرتەکانیش دەڵێن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە مەشهەد گازی فرمێسکڕێژیان فڕێ داوەتە نێو خۆپێشاندەرانەوە. بەشێک لەو کەناڵە تێلگرامییانەی ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکانیان بڵاو کردووەتەوە، ڕایانگەیاندووە، خۆپێشاندانەکانی مەشەد لە ڕێی بانگهێشتی کەناڵەکانی تێلگرامەوە ڕێک خراون؛ هەڵبەت سەربەخۆیی و خۆڕسکی و بێلایەنیی خۆپێشاندانەکان تا ئێستا ناڕوونە و، بەشێک لە شرۆڤەکاران زەقبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بە هۆکاری خۆپێشاندانەکان لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن، سوپای تیرۆریستی پاسداران دەیەوێت لە ڕێی ورووژاندنی داوا ڕەواکانی خەڵکەوە پاساو بۆ سەرکەوتکردنیان وەدەست بێنێت و لە ڕێی سەرکەوتی خەڵکەوە کۆدەتا بەسەر دەوڵەتی ڕۆحانیدا بکات و بە ڕەسمی دەسەڵاتی سەربازی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، کە پێشتریش هەموو جومگە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەکانی ئێران بە شێوەی ناڕەسمی هەر لە دەستی ئەو سوپا تیرۆریستییەدا بووە. بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن کەناڵە تێلگرامییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، خۆپێشاندەران لە دژی گرانیی بژیوی ژیان چەند دروشمێکیان بەرز کردەوە: ''بمرێ دیکتاتۆر''، ''بمرێ ڕۆحانی''، ''ئیسلامتان کردە پللە / گەلتان پێ کردە کۆیلە''، ''پۆلیس بڕۆ دزان بگرە''، ''نە غەززە نە لوبنان / گیانم بە فیدای ئێران''، ''مەترسن مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین''. خۆپێشاندەرانی نەیشابوور وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی گرانیی بژیوی ژیان و بێکاری، دروشمیان دەدا: ''ئەی لاوانی ئێرانی ڕاپەڕن ڕاپەڕن''، ''دزەکان تاڵان دەکەن، دەوڵەتیش پشتیان دەگرێت'' و ''دەست لە سووریا بکەوە / ئاوڕێک لە مە بدەوە''. بە گوێرەی ڤیدیۆ پەخشکراوەکانی کەناڵەکانی تێلگرام لە شاری کاشمەریش بە شێوەی مەشەد و نەیشابوور خەڵکی ناڕازی لە دژی گرانی و بێکاری هاواریان کردووە. بە گوێرەی هەواڵدەرییەکانی ئیسنا و ئیرنای ڕێژیم، ڕۆژی پێش خۆپێشاندانەکان (چوارشەممە) فەرمانداری مەشەد باسی ئەوەی کردووە، کە دەنگۆی خۆپێشاندان هەیە، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک داوای مۆڵەتی خۆپێشاندانی لەوان نەکردووە و هیچ مۆڵەتێکیش بۆ خۆپێشاندان دەرنەکراوە. ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم هەڕەشەی لە هەرچەشنە خۆپێشاندانێک کردبوو، بە بیانووی پیسبوونی هەواشەوە ڕایگەیاندبوو، کە ڕۆژی پێنجشەممە قوتابخانەکانی سەرلەبەری مەشەد لە پشوودا دەبن. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، گرانی و بێکاری و وێرانیی ئابووریی ئێران بە بۆنەی گەندەڵیی سیستماتیکی ڕێژیمەوە، وای کردووە کە نە تەنیا خەڵک وەزاڵە هاتوون و ڕۆژانە لە شارەکانی ئێراندا خۆپێشاندان بەڕێوە دەبەن، بگرە کاربەدەستانی ڕێژیمیش ئیدی توانای شاردنەوە و حاشاکردن لەو ڕاستییەیان نەماوە. بۆیە خەڵک هیچ هیوایان بە ڕێژیم نەماوە و دروشمەکانیان رادیکاڵ بووەتەوە و بە ئاشکرا داوای لەنێوچوونی ئەو ڕێژیمە مەزهەبییە گەندەڵ و تیرۆریستە دەکەن، کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ئابووریی ئێرانی وێران کردووە و ئایەتوڵڵا کاربەدەستەکانی تاران داهاتی گەلانی ئێرانیان دزیوە و بەشی زۆریشیان لە نانەوەی ئاژاوە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و بەحرێن و زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە ناوی ''هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی''یەوە خەرج کردووە و هیچیان بۆ بژیوی خەڵک نە هێشتووەتەوە و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران بێکارن و لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە کاتێکدا سامانی وڵاتەکەیان لە جەنگی تیرۆریستیی وڵاتانی تائیفیی ناوچەکە خەرج دەکرێت، بۆیە داوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەکەن. بەڵام وەکو شرۆڤەکارانی سیاسی باسی دەکەن، مەترسیی دزرانی ڕاپەڕینی خەڵک لە لایەن سوپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە هەیە، وەکو چۆن خومەینی لە ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩)دا شۆڕشی گەلانی ئێرانی بە زەبری هەمان سوپای تیرۆریست داگیر کرد و ئازادیخوازانی قەڵتوبڕ کرد.