کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران و ونبوون لە نێو بێ‌ئاڵترناتیڤی دا

19:19 - 9 بەفرانبار 2717

لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بڵاو و لە ناکاو لە چەند شارێکی ئێران، کۆمەڵێک حەرەکەتی نارەزایەتی لە لایەن کۆمەڵێک بەناو توێژی تایبەتی وەک کرێکاران و مامۆستایانی قوتابخانەکانەوە بەڕێوەچوون، کە جێی سەرنج و لە هەمان کات‌دا گوماناوی بوون. لەم خۆپێشاندانانەدا کە هەر لە سەرەتاوە دەرکەوت کە دەستی باڵی بناژۆخوازی نیزامی لە پشتە، زۆربەی درووشمەکان رووی لە دەوڵەت و خودی حەسەن رووحانی، سەرکۆماری رێژیم بوو. خۆپێشاندەران بە ئاشکراو نزیک و بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بە بێ ئەوەی هیچیان پێ بوترێ، درووشی "مەرگ بۆ رووحانی"یان دەگووتەوە. سایتی جەوانی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیم، وێڕای گواستنەوەی پەیتاپەیتای هەواڵی ئەم خۆپێشاندانانە، بە تیتری گەورە رووشمی خۆپێشاندەران (مەرگ بۆ رووحانی) بڵاوکردەوە. لە بەرانبەردا رێفۆرمخوازان و لایەنگرانی دەوڵەت دەستبەجێ کەوتنە دژکردەوە نیشاندان و باسی ئەوەیان کرد کە "دووکەڵی ئەم ئاورە لە کۆتایی‌دا دەچێتە چاوی ئەو کەسانەی کە ئاورەکەیان کردۆتەوە". لەم پێوەندییەدا ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئیران ڕایگەیاند کە "ئەوەی دژ بە دەوڵەت رێک خراوە، لە کۆتایی‌دا لە دەستیان دەچێتە دەر و هەر خۆیان زەرەری تێدا دەکەن." ئەم قسەیەی جەهانگیری لە لایەک دەریخست کە ئەم خۆپێشاندانانەی تا رۆژی هەینی، بە هەدەفەوە بە دژی رووحانی و دەوڵەتەکەی و، لە لایەن باڵێکی دیکەی رێژیمەوە رێک خراوەو، لە لایەکی دیکەوە ئاماژە بوو بە هەڕەشەیەک کە ڕاست رۆژی هەینی رێفۆرمخوازان بە وەرێخستنی لایەنگرانی خۆیان بۆ سەر شەقامەکان لە چەند شارێک‌دا بە ئەنجامیان گەیاند. کەوایە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانی ئەم رۆژانەی خەڵک لە شارەکانی ئێران دەکرێ بە تەعبیرێک بە درێژکراوەی شەڕی نێوباڵەکانی رێژیمی بزانین. بەڵام ئەم حەرەکەتانە لە درێژبوونەوەیان‌دا مانا و ناوەڕۆکێكی دیکەی پەیدا کرد کە جێی سەرنج و قسە لە سەر کردنە. هەر وەک زۆر کەس لەوانەی پێیان وابوو ئەم خۆپێشاندانانە لە کۆتایی‌دا لە دەستی سپا و باڵی توندڕەو دەچێتە دەر و بە گشتیی رووبە نیزام و کۆی سیستم خۆی دەردەخات، خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی‌دا، بە دانی کۆمەڵێک درووشمی تایبەت، پەیامێکی روون و ئاشکرایان بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و رێبەرانی ئەم نیزامە گەیاند کە ئەویش، نەمانی ئەم نیزامە و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی "ئیسلامی و ئاخوندی" بوو. خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی‌دا کە زۆرێک لە شارەگەورەکانی ئێرانی گرتەوە، بە دانی درووشمەکانی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران"، "سەید عەلی حەیات هەبێ و واز لە دەسەڵات بێنە" و "ئێمە دەسەڵاتی ئیسلامیمان ناوێ و دەبێ ئاخوند نەمێنێ"، ئاشکرا خوازیاری نەمانی ئەم رێژیمە بوون. بۆیە هەر وەک چاوەڕوان دەکرا بەڕاستی خەڵک نیشانیان‌دا کە لە گەڵ ئەوەیکە بە پێی لێکدانەوەی خۆیان لەو دەرفەت و مەجالانەی کە بە هۆی ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ئەم رێژیمەوە دێنە گۆڕێ کەڵک وەردەگرن و جارجار بەشداری لە پرسێکی سیاسیی وەک هەڵبژاردنەکان‌دا دەکەن، بەڵام لە ئەگەری بێ‌وەفایی هەرکام لەم باڵانە بە وادەو بەڵێنییەکانیان، ڕاشکاوانە بە دژیان ڕادەوەستن و تەواویەتی نیزام دەکەنە ئامانج. ئەگەر بمانهەوێ هەر لەم خۆپێشاندانانەوە قسە لە لایەنێکی دیکەی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بکەین، بەداخەوە دەبێ ئاماژە بە کۆمەڵێک کەمایەسی و خەساری قوڵ بکەین کە لە کۆتایی‌دا دەبینین بارودۆخەکە نەتەنیا دڵخۆشکەر نیە، بەڵکوو ناڕوون و پڕ مەترسیشە. ئێستا هەر بە پێی ئەم درووشمانەی کە خەڵک لە خۆپێشاندانەکان‌دا بەرزیان کردۆتەوە دەردەکەوێ کە خەڵکی مافخوازی ئێران نە نیزامی کۆماری ئیسلامییان دەوێ و نە پێیان خۆشە ئەم کەسانەی کە نزیک بە ٤٠ ساڵە خۆیان بە سەر ئەم خەڵک و وڵاتەدا سەپاندوو، دەسەڵاتدار بن. کە ئەمە لە تەواویەتی خۆی‌دا دڵخۆشکەرە. بەڵام بەداخەوە هەر ئەم خەڵکە ڕاست وەک پێش لە هاتنە سەر کاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕاپەڕیبوون، لە گەڵ ئەوەی دەزانن چیان ناوێ، بەداخەوە نازانن چییان دەوێ. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە نازانن کێیان دەوێ!!! لە گەڵ ئەوەیکە ناوەناوە درووشمێک بەناوی "جمهوریی ئێرانی" بەرز دەکرێتەوە کە مەقولەیەکی ناروون و لێڵە، بەڵام بە گشتی خەڵکی ئێران ساغ نین لە سەر ئەوەیکە چیان دەوێ و هەر وەک باس کرا لەوە ناخۆشتر نازانن کێیان دەوێ. نازانن کێیان دەوێ لە بەر ئەوەی تا ئێستا بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی سەرانسەری ئێران‌دا ئاڵترناتیڤێک وجوودی نیە. هەر ئەوەیکە ئاڵترناتیڤێک وجوودی نیە، جۆرێک لە پرش و بڵاوی و بێ‌سەرەوبەرەیی بە خۆپێشاندانەکان و درووشمەکانیشەوە دیارە. لە هێندێک شوێن درووشمی "جمهوری ایرانی" بەرز دەکرێتەوە، لە شوێنێکی دیکە "دروود بۆ ڕەزاشا" دەنێردرێ و لە هێندێک شوێنی دیکەیش بە درووشمی "اللە‌اکبر"ەوە دژایەتیی "حکوومەتی ئیسلامی" دەکرێ!!. بە مانایەکی دیکە ئەگەر خەڵک بە گشتی کۆکن لە سەر ئەوەیکە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ناوێ، بە هەمان ڕادەیش لە سەر ئاستی گشتی نازانن کە چیان دەوێ. نەبوونی ئالترناتیڤ و روون نەبوونی داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ جۆری نیزامی سیاسیی داهاتووی ئەم وڵاتە، لایەنی هەرە پڕمەترسیداری ئەم خۆێشاندانانەیە کە ئەگەر هەر بەم شێوە بڕواتە پێش، وەک لە ساڵانی ڕابردوویشدا هەر وا بووە، هاوکات لە گەڵ ئەوەیکە قۆناغێکی دیکەی لە سەرخوردەیی و بێ‌هیوایی سیاسیی لە نێو کۆمەڵگای ئێران‌دا لێ دەکەوێتەوە، دەتوانێ بە قازانجی رێژیمیش بێت.!! حەتمەن لەم پێوەندییەدا وەک هەمیشە دەبێ قسە لە یەکگرتوویی هێزە ئێرانییەکان و ئاڵترناتیڤێکی پێشکەوتنخواز و دێموکرات بکەین. بەداخەوە بارودۆخێک کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تێ‌کەوتووە، لە ئێستادا نەتەنیا جێی متمانەو پشتیوانیی خەڵکی ئێران نین، بەڵکوو لە ئاستی خوێندنەوە و جیهابینی سیاسیش‌دا، توانا و وزەی بوون بە ئاڵترناتیڤیان نیە. هەموو ئەم واقعیەتانە، دەتوانێ ئەو قەناعەتە لای خەڵکی ئێران درووست بکاتەوە کە بۆ دەهەیەکی دیکەیش لە ئاستی ناوخۆی وڵات‌دا بەدوای گۆڕان و ئاڵترناتیڤ ‌دا بگەڕێ و وەک هەمیشە چارەنووسی خۆی بداتە دەست ئاڵوگۆڕەکان.