کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی جووڵانەوە ئیعترازییەکان لە ئێراندا

21:36 - 10 بەفرانبار 2717

خۆپێشاندانەکانی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆ و دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی و لێدان و کوتانیان، کە لەگەڵ بەربەرەکانی توندی خەڵکی بەرەوڕوو بوو، هەر بەردەوام بوون و ڕووی لە پەرەسەندن کردووە و وێناچێ ئەو جارەیان ئەو ڕێژیمە داپڵۆسێنەرە وەک جارانی پێشوو بتوانێ سەرکوتی بکات و ئاو بە ئاگری ڕق‌وتووڕەیی خەڵکی دابکاتەوە. نارەزایەتی خەڵکی فرەڕەهەندە و دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکاریی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و لەڕاستیدا کەڵەکەبووی ڕق ‌و بێزاری چەندین ساڵەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لەو ڕێژیمە دژی گەلییە و نیشاندەدا خەڵکی ئێران بە هەموو چین ‌و توێژەکانییەوە، جگەلە دەستوپێوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەوانەی گوێ‌لەمستی ئەو ڕێژیمەن، کۆماری ئیسلامی هیچ جێگەوپێگە و مەشرووعیەتێکی لەنێو گەلانی ئێراندا نەماوە. کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران لە دۆخێکی لەڕادەبەدەر خراپدا دەژین و حازر نین لەوە زیاتر لەو دۆخە نالەبارەدا درێژە بە ژیان بدەن کە خوڵقێنەرەکەی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیەیە و دەزانن بەردەوامبوونی ئەو دۆخە بەستراوەتەوە بە دەسەڵات و مان‌ومەوجوودیەتی کۆماری ئیسلامی؛ هەربۆیەش دروشمەکانیان کە سەرەتا زۆرتر لە چوارچێوەی ویست‌ و داخوازییە سێنفیی و ئابوورییەکاندا بوون، گۆڕان و ئاوێتەی دروشمە سیاسییەکان بوون. هەر لە چەند مانگی ڕابردوودا دیتمان چۆن کرێکاران لە کارگە و کارخانەکان دەستیان بە گردبوونەوە و دەربرێنی ناڕەزایەتی لە بارودۆخی ئابووری خۆیان کرد و داواکاربوون بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان تەنیا حەقدەستە وەپاشخستوەکانیان بۆ بگەڕێتەوە؛ بەڵام دۆخی ئابووری ئێران ئەوەندە قەیراناوییە کە نەک هەر کرێکاران سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی کاربەدەستان حەقدەستەکانیان دەسنەکەوتەوە، بەڵکوو لەو چەند مانگەدا بە دەیان ‌هەزار کرێکار بێکارکران کە بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە بێکاربوونی ٢٧ هەزار کرێکار لە پارێزگای ئیسفەهان لەماوەی یەک‌‌ مانگی رابردوودا بکەین. جگە لەوەش شک ‌لەوەدانییە ئەو کۆبوونەوەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕێن لە بارودۆخی تەندروستی خراپی چالاکی کرێکاری بەندکراو، ڕەزا شەهابی لە بەردەم وەزاڕەتی کارەوە بەڕێوەچوو و چالاکانی کرێکاری و مەدەنی و خوێندکاران تێیدا بەشداربوون و پاشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە هێرشکرایە سەری، لەڕاستی‌دا دەکرێ بڵێین دەسپێکی پەرەسەندن و ئاشکرابوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خویدابوو. هەروەها خۆپێشاندانی بەردەوامی زیان‌لێکەتوانی بونیاتە ماڵییەکانی ڕێژیم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە تاران و لە بەرانبەر دەزگا ئیدارییەکان کە زۆر جاران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە سەرکوت دەکران، بەستێنێکی لەباری بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و ئەو دۆخەی رێژیم تێوەیگلاوە پێکهێنا؛ بەتایبەت کە دروشمەکان لە یەک مانگی ڕابردوودا بەتەواوی بەسیاسیی بوون‌و دروشمی"مەرگ بۆ خامنەیی و ڕووحانی و ئێران وڵاتی دزانەی"لێکەوتەوە. هەروەها بەڕوونی دیارە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی دیاریکراو و بەهێز کە بتوانێ رێبەری جووڵانەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی بکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رێکخستن‌و دیاریکردنی کات‌وشوێنی خۆپێشاندانەکان‌دا چ دەورێکی سەرەکییان لەو چەند ڕۆژەدا گێڕاوە، هەربۆیەش دەبینین لەلایەن موەحدیی ‌کرمانی، ئیمام‌جومعەی کاتیی تاران و دەمڕاستەکانی ڕێژیم داوا دەکرێ لە شارەگەورەکاندا تۆڕی ئینتێرنێت بەربەستی لەسەردابندرێ و بەم‌چەشنە پێش ‌بە پێوەندیی خەڵکی بگیرێ. لەو چەند ڕۆژەشدا شارەکانی ئێران شاهیدی دەسپێکردنی خەباتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامییە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران باش لەوە گەیشتوون باڵەکانی نێودەسەڵات، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لە پێکهێنانی نەهامەتی‌ و بەشخوراوی و ئەو دۆخە دژوارەی ئەوان تێیدادەژین بەرپرسن، هەربۆیەش لەو  چەند ڕۆژە لە زۆربەی خۆپێشاندانەکاندا هەر دوو باڵی دەسەڵات و سیاسەت و کردەوەکانیان مەحکووم دەکرێ و کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران بەو ئاکامە گەیشتوون کە خامنەیی، سپای پاسداران و توندڕەوەکان و دەوڵەتی ڕووحانی و ڕێفۆرمخوازەکان، مەبەستی سەرەکییان پاراستنی کۆماری ئیسلامیە و دەیانەوێ درێژ بە دەسەڵاتە ڕەشەکەیان بدەن. بێ‌گومان کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بێدەنگ نابێ و ئەزموونی ڕابردوو نیشانی‌داوە، ئەو ڕێژیمە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەست‌ بۆ هەموو پیلان ‌و شێوەکانی سەرکوت دەباو لەهیچ جینایەتێک خۆناپارێزێ؛ بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ڕاستییە، ناتوانێ ئەو جارە بەر بە ڕق‌  و تووڕەیی پەنگ‌خواردووی گەلانی ئازادیخوازی ئێران بگرێ و پاشەکشەیان پێبکات. لەو پێوەندییەو لە ئەگەری پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێراندا بۆ سەرکوتی ئەو جووڵانەوەیە ئەگەری ئەوە بەهێزە لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە هاتوچۆی خەڵکی لە هێندێک لە شارە گەورەکان لە کاتی دیاریکراودا قەدەغە بکرێ و تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان، سپای پاسداران بۆ پاراستنی ئەو ڕێژیمە گەندەڵ و دژی گەلییە بەتەواوی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێ‌و دەوڵەتی ڕووحانی و دامودەزگا بەڕێوەبەرییەکان هەڵوەشاوە ڕابگەیەنێ و ئێرانی ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی بکەوێتە ژێردەستی سپای پاسدارانەوە. دیارە ڕۆژانی داهاتوو ئاوسانی زۆر ڕووداو و ئاڵ‌وگوڕەو پێش‌بینی ئەوەیکە خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ قەیرانی نێوخۆیان کە ئەو نیزامەی هەڵتەکاندووە و سەرکوتی جووڵانەوەی خەڵکی ئێران چ پیلانێک دەگێڕن و چۆن هەڵسوکەوتێک دەنوێنن، دەبێ بۆ ڕۆژانی داهاتوو بێڵینەوە، بەڵام ئەوەی دیار و ئاشکرا، ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە پەرەسەندندان و لەلایەک هەتادێ ڕق‌ و تووڕەیی خەڵکی لەو نیزامەی کە وەک دۆڵپا کەوتۆتەسەر کۆڵیان زۆرتر دەبێ و لەلایەکی دیکەش ترس‌ و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی خامنەیی و باقی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە تۆڵەسەندنەوەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران زۆرتر دەبێ. لە کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی لەو چەند ڕۆژەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و جاش ‌و بەکرێگیراوەکانیان لە شارەکاندا خەریکی جموجۆڵ و مانۆردانن، بەڵام وەک ڕاپۆرتەکان باس‌دەکەن، بەتەواوی شڵەژاون و ترس‌و نیگەرانیی لەداهاتوویان پێوەدیارە. بێ‌گومان کۆمەڵانی خەلکی کوردستانیش کە لە سەرکوت‌ و زەبروزەبگی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامی پشکی شێریان وەبەرکەوتووە ئەگەر جووڵانەوەی جەماوەری لە شارەکانی دیکەی ئێراندا پەرەبگرێ لەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەدا بەشداردەبن و داوای ویست ‌و داخوازییەکانی خۆیان دەکەن. هەربۆیەش باشترین هەلە بۆ ئەو کەسانەی بەهەر هۆیەک پشتیان لە گەلەکەیان کردووە و بوونەتە بەکرێگیراوی  ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە، بێنەوە رێزی گەلەکەیان و واز لە خیانەت بێنن، ئەگینا، دەکەونە بە ڕق ‌و تورەیی خەڵکی و ئەوەی لەو چەندین ساڵە کردوویانە، بەدڵنیاییەوە لەسەریان گران دەکەوی.