کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خرۆشانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

17:04 - 16 بەفرانبار 2717

سەرەنجام کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بۆ ناڕەزایه‌تیدەربڕین له‌‌ بارودۆخی خراپی ژیان و گوزەرانیان و ئەو دۆخ ەنالەبارەی بەهوی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە هەموو بارێکەوە خوڵقاوە، ڕژانە سەرشەقامەکان و بەڕاشکاوی بە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەیان ڕاگەیاند که‌ چیدی ئامادە نین لەژێر سێبەری «ڕەحمەت»ی کۆماری ئیسلامیدا بژین. لەوماوەیەدا لە تاران و دەیان شار و شارۆچکەی گەورە و بچووکی ئێراندا، کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی ئێران هاتوونەته‌ سەرشەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆزەخی ئەو ڕێژیمە دەربڕی و نیشانیان دا ئەوەی ئێستا لە ئێراندا لەگۆڕێ دایە_ کە لەئەەبیاتی سیاسیی ئێستادا پێدەڵێن «باروودۆخی شۆڕش»_ هەربەردەوامە و دەتوانێ گۆڕانکاریی قووڵی لێ بکه‌وێته‌وه‌. لەڕاستیدا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەهەموو چین ‌و توێژەکانەوە باش لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە بەردەوامبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەتەواوییەتی خویدا، هاوتەریبە لەگەڵ هەژاری‌ و چارەڕەشی زیاتری چین‌ و توێژە چەوساوەکان و درێژەکێشانی سیاسەتی هەتا ئێستای سەرکوتی ئازادییەکان ‌و زەبروزەنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە نێوخۆی وڵاتدا و، په‌لکێشکردنی هەرچی زیاتری ئێران بۆ نێو قەیرانە خوێناوییە ناوچەییەکان کە جگە لە بەفیڕۆچوونی داهاتی نەتەوەکانی ئێران و بەهێزبوونی دەستە و تاقمە تێرۆڕیستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە و لەمەترسیی کەوتنی ئاسایش و ئەمنییەتی ئێران هیچ ئاکامێکی دیکەی نیە. هەروەها ئەو ڕاستییەش بەڕوونی دەرکەوتووە کە هیچکام لە باڵەکانی نێودەسەڵات لەگەڵ چارەسەری کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکانی خەڵکی داماوی ئێراندا نین و سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی چواردەیەی ڕابردوو، لەداهاتووشدا هەتا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێ، جگە لە چارەڕەشی و هەژاری و گەندەڵی و خوڵقاندنی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، هیچ بەرهەمێکیان بۆ ئێران و کۆمەڵانی خەڵک نابێ. ئەوە لەحالێکدایە کە بەڕای کارناسە ئابوورییەکانی ڕێژیم داهاتی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە فرۆشی نەوت هەتا کۆتایی دەورەی دووهەمی سەر‌کۆماریی ئەحمەدی‌نەژاد لەساڵی ١٣٩١ دا ٩٧٦ میلیارد دۆڵار بووە. ئەو داهاتە زۆر و زەوەندە کاتێک قەبارەکەی باشتر دەردەکەوێ کە لەگەڵ داهاتی نەوتی ئێران لە سەرەتای دۆزینەوەی نەوت هەتا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بەراورد بکەین کە تەنیا ١٤٠ میلیارد دۆڵار بووە. کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران دەیانەوێ ئازادییەکانیان، بەئازادییە تاکەکەسی و ئازادییە مه‌ده‌نی و کۆمەڵایەتیەکان، کە له‌ سۆنگه‌ی یاساکانی ئەو ڕێژیمە لێیان زەوتکراوە و بەهەمووشێوەکان پێشێل دەکرێ، دەستەبەری بکەنەوە. ئەوان لەو ڕاستییە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی وەک هەموو ڕێژیمە ئیدێئۆلۆژیکە تۆتالیتێرەکانی ئێستا و ڕابردوو نەک هەر ئامادە نییە ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە سیاسەتەکانی لەهەمبەر ده‌سته‌به‌ری ماف‌ و ئازادییەکانیاندا پێک بێنێ، بەڵکوو هەر وەک چۆن لەو ماوەیەدا سووربووە لەسەر سیاسەت و کردەوە دژه‌‌ مرۆییه‌کانی، لەداهاتووشدا هەر بەو ڕێچکەیەدا دەڕوا و ئەگەر خراپتر نەبێ، باشتر نابێ. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لەکارگە و کارخانەکان و ئەو کەسانەی سەرمایەکانیان بەهۆی مایەپوچبوونی بنکە و بنیاتە ماڵییەکانی رێژیم لەدەست داوە_کە لەڕاستیدا هەوێنی ناڕەزایەتییەکانی ئێستایە_ هاتنەسەر ئەوباوەڕە کە بۆ ڕزگاربوون لە جەهەننەمی کۆماری ئیسلامی دەبێ ئەو ڕێژیمە بڕووخێنن، هەربۆیەش دەبینین ئاراستەی دروشمەکان بەرەو خامنەیی و دەسەڵاتی ئەو ڕیژیمەیە، بەبێ جیاوازیی نێوان باڵەکانی رێژیم. دیارە شک ‌لەوەدا نیە کۆماری ئیسلامی پیلانی زۆری بەدەستەوەیە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و، پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان بەهەڕەشەیەکی گه‌وره‌ دەزانێ بۆ مان ‌و مەوجودیەتی خۆی، بەتایبەت کە لەلایەک کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی گەلانی ئێران ئەمجارەیان وەک ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ داوای «دەنگ»ه‌ دزراوه‌کانی خۆیان لە سندووقەکانی دەنگدان ناکەن، لەلایەکی دیکەش هەم دروشمەکان ڕادیکاڵترن و هەم ئەو ناڕەزایەتییانە تەنیا ب ەتاران و چەند شارێکەوە نەبەستراوەتەوە و سەرانسەرییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا دەبیندرێ و دەرکەوتووە ئەوەیە کە سەرەڕای گشتگیربوونی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک، ئەو جووڵانەوەیە بەدەر له‌ خاڵی لاواز و کەموکووڕیش نیە. لەڕاستیدا جوولانەوەیەکی جەماوەری خۆڕسکە بەدژی ڕێژیمێک کە ئەوەندەی گوشار خستۆتە سەر خەڵکی کە هیچ چارەیەکیان نەماوە جگە لە ڕاپەرین بۆ ڕزگاربوون لەو ژیانە تاقەت‌ پڕووکێنە کە بڕستی لێ بڕیون؛ کەوابوو بەداخەوە لەلایەک هەتا ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو لە نێوخۆ و لەدەرەوە نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەکان کاناڵیزە بکا و ڕێبەرییەکەی بەدەستەوەبگرێ، لەلایەکی دیکەش وەک لە قسەکانی خامنەیی لە یەکەم هەڵوێستی لەبەرانبەر خۆپێشاندانەکاندا دەرکەوت و باقی کاربەدەستانی ڕێژیمیش دەیڵێنەوە، بەرپرسیارێتی و هۆکاری ئەو ڕاپەڕینەی دەخەنە ئەستۆی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی و بەو هۆیەشەوە هەر لە ئێستاوە ڕێگە خۆش دەکەن لەئەگەری پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و درێژەکێشانی بەتوندی سەرکوتی بکەن. جگە لەوەش هەرچەشنە کردەوەیەکی نابەرپرسانە وەک سووتاندنی دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەکان باشترین بیانوویە بۆ بە ئاژاوەگێر ناساندن و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و ڕووحانی و دەوڵەتەکەی سەرەڕای ئەوەی باس لە پێکهێنانی مەجالی یاسایی بۆ دەربڕێنی ناڕەزایەتییەکان و ویست ‌و داخوازییەکان دەکەن، نەیانشاردۆتەوە لەوەها حاڵەتێکدا دژکردەوەی توندیان دەبێ. دیارە لە ئەگەری پەرەسەندنی خۆپێشاندنەکان، سپای پاسداران کە وەک فەرماندەکانی دەڵێن هەتا ئێستا لەبەربەرەکانی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکیدا هیچ جووڵەیەکیان نەکردوە لەلایەک شیمانە دەکرێ شێوە کوودەتایەک بکا و هەم خۆی لە بەرپرسیاربوونی ڕواڵەتی لەبەرانبەر دەوڵەتی حەسەنی ڕووحانی و هەروەها بەناو چاکسازیخوازانی دەسەڵات ڕزگار بکا و جڵەوی ڕێژیم ڕاستەوخۆ بەدەستەوەبگرێ و؛ لەلایەکی دیکە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، وێڕای هێزە سەرکوتکەرە نێوخۆییەکان، کەڵک لە هێزەکانی وەک حیزبوللای لوبنان و دەستە و تاقمەکانی حەشدی شەعبی و شێعەکانی ئەفغان و پاکستانی وەرگرێ و بەگژ کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێرانیاندا بکا. شک لەوەدا نیە ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە لە تەواوییەتی خۆیدا بۆ پاراستنی دەسەڵاته‌که‌ و سەرکوتی هەرچەشنە هەڕەشەیەکی نێوخۆیی و دەرەکی بۆسەر مان ‌و بوونی، لەهیچ کردەوەیەک، تەنانەت ئەگەر کوژرانی هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوانیشی لێ بکەوێتەوە، درێغی ناکا، نموونەی هەرە بەرچاو ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانە خوێناوییەکانی وڵاتانی سووریە و یەمەنە کە بە میلیۆنان کوژراو و برینداری لێ کەوتۆتەوە، هەربۆیەشە دەبێ خۆپیشاندانەکان و بزووتنەوەی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەدوور بێ له‌ ئانارشیزم و ئاژاوەگێڕی و سووتاندنی بنکە و ناوەندە گشتییەکان و ڕاووڕووتیی هەلپەرستان. ئەو ڕاپەڕینە بەربەرین و جەماوەرییە کە چەند ڕۆژێکە ئێرانی ژێردەسەلاتی کۆماری ئیسلامیی هەژاندووە، لەگەڵ پێشوازیی بێ‌وێنەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و، لەدەرەوەش لەگەڵ پشتیوانی گەرمیی ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا بەرەوڕوو بووە، هەر بۆیەش دامرکاندنەوەی لەلایەک بۆ دەسەڵاتداران زۆر سەختە و ناتوانن ئەو جارە بەر بە ڕق‌  و تووڕەیی پەنگخواردووی گەلانی ئازادیخوازی ئێران بگرنەوە و پاشەکشەیان پێ بکەن و لەلایەکی دیکەش تەنانەت ئەگەر ئەمجارەش ڕێژیم بتوانێ بەهەموو پیلان وهێزەسەرکوتکەرەکانییەوە بێدەنگی بکا، ناتوانێ مەشرووعییەتی لەکیسچووی خۆی لەنێوخۆ و دونیای دەرەوە بکڕێتەوە. جگە لەوەش کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە نیزامێکی دژی گەڵی و گەندەڵە و ناتوانی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران کە خۆی لە بێبەشبوون لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هەموو ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی باو لە جیهانی پێشکەوتوودا دەبینێتەوە، چارەسەر بکا. ئەوەی تا ئێستا دیارە و چاوەڕوان دەکرێ بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێرانە و کۆماری ئیسلامیش لەهەر ئەگەرێکدا، تەنانەت ئەگەری دامرکاندنی کاتی  ئەو ڕاپەڕینە، بەدڵنیاییەوە هەنگاوێکی دیکە دەنێ بەرەو پاشەکشە لە بەرانبەر ویست و داخوازییەکانی گەلانی خەڵکی ئێران. لە پێوەندی لەگەل گەلی کوردیش لە کوردستانی ئێراندا هەروەک چاوەڕوان دەکرا و  لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەرکەوتووە، سەرەڕای سەرکوت و زەبروزەنگی کوماری ئیسلامی، خەڵکی کوردستان نیشانیان داوە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دژی ئەو ڕێژیمە داپڵۆسێنەرە بوون و کۆماری ئیسلامی هیچکات جێگە و پێگەی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا نەبووە. کوردستان ڕەنگە یەکێک لە هەرە خاڵە لاوازەکانی رێژیم بۆ کۆنترۆلکردنی بێ، بەوحاڵەش نابێ لەبیر گەلەکەمان بەرینەوە کە تێچووی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەت ئەگەر بگاتە ئاستی توندوتیژیی و هێرش بکرێتە سەر بنکە و ئیدارە خزمەتگوزارییەکان، زۆر لەوەی لە شارەکانی دیکە ڕوو دەدا زیاتر دەبێ و ڕێژیم بیانووی کوشتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەکەوێتە دەستی و ڕه‌نگە قوربانی زۆری لێ بکەوێتەوە. هەر بۆیەش بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان بە شێوەی مەدەنییانە و بەدوور لە هێرش بۆ سەر دامودەزگا گشتییەکان گەلێک گرینگە و دەبێ خەڵکی بیانووی سەرکوت و کوشتوبڕ نەدەنە دەست سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی. دۆخی ئێستا پێویستی بە یەکگرتوویی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران و لەونێوەدا هێزەکوردستانییەکان، بەتایبەت دێمۆکراتەکانە، چونکە لە بارودۆخی هەنووکەدا و لەئەگەری پەرەسەندن و  سەرکەوتنی جووڵانەوەی گەلانی ئێراندا و سەرکەوتنی، کە ئەگەرێکی بەهێزە، ئەوەی دەتوانێ زامنی سەرکەوتنی خەباتی گەلی کورد و وەدیهێنانی ماف ‌و داخوازییەکانی بێ، بێگومان یەکگرتوویی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیەتی و بەپێچەوانەش، دەتوانێ ببێتە هۆی کەلێن‌ و کەلەبەری زیاتر و دووربوونەوە لە وەدیهاتنی ئامانجەکانمان. ( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)