کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاک، کۆمەڵگە و ئەرکە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان

17:09 - 16 بەفرانبار 2717

بەرپرسایەتی بە واتای گەرەنتی و دەروەست بوونە. کە دەڵێین بەرپرسی ئەم شتە یان ئەو کەسەی؛ واتە لە ئەستۆتە، لە ملتە، واتە گەرەنتی و بەرپرسایەتیی ئەو ئەرکە لەسەر شانتە. کەواتە هەر کاتێک تاک کارێک دەگرێتە ئەستۆ، لە ڕاستیدا بەرپرسایەتیی جێبەجێ بوونەکەشی خستۆتە سەرشانی خۆی. هەر کەسەو لە هەر پێوەندییەکدا و بەگوێرەی جنسییەت و شوێن و زەمان و توێژی کۆمەڵایەتیی خۆی کۆمەڵێک بەرپرسایەتیی هەیە کە زۆر جار ئاکام یان ئاکامەکانی جێبەجێبوونی دەروەستییەکان لە درێژماوە یان دواتردا خۆ دەنوێنن. هەندێک لە ئەرکەکان کە پێوەندییان بە چوارچێوەی بنەماڵە و کۆمەڵگەوە هەیە، دەبێ لە لایەن باوانەوە یان دامەزراوە و بنیاتە پەروەردەییەکانی وەک قوتابخانەوە فێری تاک بکرێن، هەندێکی دیکەشیان پێوەندییان بە کەسایەتی و ڕەفتارە تاکەکەسییەکانی لەسەر تێگەیشتنی پرسەکانی لە بیاڤی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. هیندێک ئەرک تاکەکەسین و هیندێکیش کۆمەڵایەتی، کە بەرپرسایەتییە تاکەکەسییەکان بەرینایی و بەربڵاوییان لە کەسێکەوە بۆ کەسانی دیکەی کۆمەڵگە جیاوازە و سەبارەت بە بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەتوانین بڵێین تایبەت نییە بە شوێنێک و سنوورێکی دیاریکراوی جوغرافیایی یان نیونەتەوەیی و، دەگەڕێتەوە سەر پان و بەرینی دەوڵەتان و وڵاتانی دیکەش. لە چواچێوەی بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانین ئاماژە بە پاراستنی خاک، زمان، بەپیرۆز سەیرکردنی ئیکۆلۆژی و ساغ و سڵامەتیی ژینگە و پێشێلنەکردنی قانوونەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و ... هتد بکەین. هیندێک بەرپرسایەتی دەچنەوە سەر قانوون و هیندێکیش لە خانەی عورفدا جێ دەگرن. ئەگەر بەرپرسایەتییە قانوونییەکان ئاکامی گرێبەستێک یان دەروەستبوونێک یان جگە لەوانە بن، پشتگوێ خستنیان هەم دەتوانی بە لایەنی کەیفەری و هەمیش قانوونی مەدەنی، بەرپرسایەتیی قانوونی هەڵگرێ. لەڕاستیدا ڕادەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە بە چەشنێک پێوەندیی ڕاستەوخۆی دەگەڵ هەست بە بەرپرسیارییتییەوە هەیە، کە چارەنووس و داهاتووی کۆمەڵگە دە گرەوی هەست بە بەرپرسیارێتی کردن و وڵامدەربوونی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکەوە سەبارەت بە ئەرک و دەروەستییەکانیانەوە هەیە و لەو بازنەیەدا دەسووڕێتەوە. کاتێک بەرپرسیاریەتییەکانی بەرزتر لە سنوورێکی جوغرافی بن و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش بگرنەوە، وەک بەرپرسیارێتی پشتیوانی یا «ئار تو پی» ناویان دەبەن. لە ڕاستیدا ئەگەر وڵاتێک دەست بکا بە کوشت و کوشتاری خەڵکەکەی خۆی، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەرەتا دەتوانێ لە بواری حقووقییەوە بە گوشارخستنە سەر حکومەتەکە لە بواری سیاسی و ئابووری، ناچاری بکا دەست لە ئازار و ئەزیەتی خەڵکەکەی هەڵگرێ. ئەگەر گوشارە حکومەتییەکان لەسەر خەڵک بەردەوام بن، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەتوانێ دەستێوەردانی سەربازیش بکا. ئەو پشتیوانییە نێونەتەوەییانە لە ژێر چەتری بەرپرسیارێتی پشتیوانی دەتوانێ ئەنوایەک بێ بۆ بەرپرسایەتیی پاراستن لە گوندۆکەی جیهانیی ئەمڕۆدا کە بە یەکێک لە ئەرک و بەرپرساریەتییە گرنگ و سەرەکییەکانی ئاشتی رێکخراوی نەتەوەکان دادەنرێ.   لە نیو بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەتوانێن ئاماژە بە پرسە هەستیارە نیشتمانییەکان بکەین. ئەو بابەتانەی کە کار دەکەنە سەر هەموو پرسە ژیانەکی و پەراوێزەکانی داهاتوو و گشت سیاسەتە نێوخۆیی و پێوەندییە دەرەکییەکان لە هەموو بوارە ورد و درشتەکان و، لەو سۆنگەیەشەوە دەتوانین سەرنج بدەینە پۆزیسیۆنی باشووری کوردستان کە هەوڵی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە لە عێراق دەدا. ڕوون و ئاشکرایە هەستی نیشتمانپەروەری لای هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش بەو ڕادەیە لە کڵپەیە، هەروەک دەبینین شین و خۆشیی بەشەکانی دیکە بە هی خۆی دەزانێ. هەستی هاودەردی یەکێکە لە بەرپرسیارێتی و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان کە بەڕاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنەخی تێدا نەکردوە. بەڵام چوارچێوەی ئەرکە تاکەکەسییەکان چۆنێتی خزمایەتی و پێوەندیی نێوان تاکەکان دەگرێتەوە. نزیکترین پێوەندییە تاکەکەسییەکان، پێوەندییە خێزانییەکانن. ئاشکرایە، ڕادەی بەرپرسایەتییەکان دەگەڵ پێوەندییەکان، تێکسمڕاویی چڕوپڕیان هەیە، بە چەشنێک هەرچەندە پێوەندییەکان نزیکتر و قووڵتر بن، ڕادەی بەرپرسایەتییەکانیش گرانتر دەبن. وەک پێوەندی خێزانیی نێوان ژن و مێرد، پێوەندیی نێوان باوان و منداڵ و پێوەندیی نێوان ئەندامانی دیکەی بنەماڵە. دەتوانین رێزگرتنی دوولایەنە، خۆشەویستیی سەرچاوەگرتوو لە پێوەندییەکان، ڕەوشتبەرزی و پابەند بوون بە ئەخلاق، بەرپرسایەتیی ئابووری و سەرپەرستیی منداڵان لە هەموو بوارەکاندا وەک بەرچاوترین ئەرکەکانی پێوەندییەکی خێزانداری دابنێین. ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵات دەور و نەخشی پیاوان لە ئەرک و بەرپرسایەتییە ئابوورییەکاندا تۆخترە، بەڵام ئەوە ئافرەتان و ژنانن کە بەرپرسایەتییە ڕوحی و خۆشەویستییەکان دەگرنە ئەستۆ. لەبەرچاونەگرتن یان کاڵبوونی ئەرکە سۆزدارییەکانی پیاوان، یا هەڵکردنی ئافرەتان دەگەڵ ئەم پرسە، بەڵنیاییەوە هەست و خوستی ناسک و هەستیاری ژنان خەوشدار دەکا و جاری واشە کاریگەریی لەسەر قایم و قۆڵی پێوەندییەکان هەیە. لە قانوونەکانی تایبەت بە بنەماڵەشدا زیاتر پێداگری لەسەر ئەرکی ئابووریی پیاوان کراوەتەوە، بە چەشنێک ئاشکرا باس لە بژاردنی نەفەقە و مارەیی و .. کراوە، کە ئەگەر نەشدری، جەریمەی بۆ دیاری کراوە. ڕەنگە پشتگوێخرانی بەڵێنییە ڕوحییەکان لە لایەن قانووندانەرانەوە و چاوپۆشی لە تاوانەکان، نیشاندەری ئەوە بن کە پیاوان قانوونیان نووسیوە. هەڵبەت سووربوون لەسەر بەرپرسایەتییە سۆزدارییەکان بەتەواوەتی دوولایەنەیە و بە یەکێک لەو ئەرکانە دەژمێردرێ کە دوو لایەنەن. لە پێوەندیی باوان و منداڵاندا دەتوانین باس لە ئاگالێبوون و پەروردە و سۆز و خۆشەویستی باوان بۆ منداڵان، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان لەهەمبەر کۆمەڵگە و سووربوون لەسەر ئەوان، بکەین. لە ڕۆژهەڵات کاتێک باوان پیر دەبن ئەرکە ناوبراوەکان پێچەوانە دەبنەوە و پاراستنی هەموو ئەو پێوەندییە ئیحساسی و ڕوحی و قبووڵی بەرپرسایەتییەکان دەکەوێتە سەر ئەستۆی منداڵان، بەتایبەت منداڵی گەورە و بەتایبەتیش کوڕ. سەبارەت بە پێوەندیی خۆشک و برایانە، پەروەدەی بنەماڵەیی و شێوەی هەڵکردن دەگەڵیان کاریگەریی لەسەر پێوەندییەکانیان دەبێ. هەروەها دەتوانین باس لە پێوەندیی دۆستایەتی و هەڤاڵانە، ئالیکاری، دراوسێیەتی، نەخۆش و پزیشک، پارێزەر و خاوەن پرس و کڕیار و فرۆشیار ... بکەین. بەدڵنیاییەوە دروستبوونی ئەو ڕایەڵە پێوەندییانە و دوایەش بەردەوامییان پێوەندیی بە جێبەجێبوونی ئەو ویستانەیە کە بوونەتە هۆی بیچمگرتنی پێوەندییەکان. قەبارە و ئاستی پێخۆشبوون و ڕازیبوون لەو بەها و دژەبایەخانەش دەرەنجامی نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بنەمای عورفەکانی کۆمەڵە. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە هەست بە بەرپرسایەتی کردن بەتایبەتی لە ڕوانگەی ئەخلاقی و قانوونییەوە هەلدەسەنگێندرێ کە سەهوکردن و گوێ پێنەبزووتنی تاک لە چوارچێوەی بەرپرسایەتییە کەیفەری و مەدەنییەکان، سزا و خەسار و قەرەبووی بۆ لەبەر چاو دەگیرێ. *** * تەها ڕەحیمی کردوویەتی بە کوردی