کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاک و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بن تیغی تاوانە ئەمنیەتییەکاندا

17:27 - 16 بەفرانبار 2717

دوای٤ دەیە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێستاش «تاوانی سیاسی» لەو وڵاتە پێناسە نەکراوە و ئەوەش دەستی ئاوەڵا کردوە بۆ ئەوەی چی نەیار و دژبەر و رەخنەگر و ئۆپۆزیسیۆن هەیە لەو وڵاتەدا، تاوان دژی ڕووخاندنی ڕێژیمیان بخرێتە پاڵ و خوێنیان حەڵاڵ بکرێ. لە نیزامی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەر بەو هۆیە کە «تاوانی سیاسی» پێناسە نەکراوە، زیندانیانی سیاسی بە تۆمەتگەلی وەک «محاربە» و «هەوڵدان بە دژی ئەمنیەتی وڵات» دەدردادگایی دەکرێن و سزای قورسیان لەو سۆنگەیەدا بەسەردا دەسەپێ، بەمجۆرە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم دژبەران و ڕەخنەگرانی خۆی دەمکوت دەکا و ڕاپێچی سووچی زیندانیان دەکا، هەم بەو پەڕی ڕووهەڵماڵراوی دێ و دەڵێ وڵاتەکەی تاقە یەک زیندانیی سیاسیی نییە! لە کوردستان ئەو دۆخە بۆ چالاکانی سیاسیی کورد و رەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێکی دیکەیە، واتە تێچووی چالاکیی سیاسی و بەرهەڵستکاری لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ قورسترە. واتە بۆ کاری وەک یەک، سزای وەک یەک نییە و چالاکی سیاسی هەیە لە کوردستان بە تاوانی! ڕوماڵکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سزای ١١ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاوە، بەڵام هەر هەمان کار لە تاران سزاکەی ٦ مانگ بووە. ئەوە جیا لەوەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کوردستان لە ڕووی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بە سەر زیندانیانی سیاسیدا پشکی شێری بەرکەوتوە، هەروەها لە ڕووی سەپاندنی سزای زیندانیی درێژماوەی ٢٥ ساڵ زیندان تا زیندانی هەتاهەتایی. با چاوێک بە ئامارەکاندا بخشێنین: لە ئێستادا لانیکەم ١٤٠ زیندانیی سیاسیی کورد هەن کە بە تۆمەتەکانی وەک «ئەندامەتی و هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی»، «هەوڵدان دژی ئەمنیەتی وڵات» و « بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی» لە دادگاییکردنێکی ناعادڵانەدا حوکمی زیندانی درێژخایەنی ٥ ساڵ تا ٣٥ ساڵ و لە چەند حاڵەتیشدا زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها لانیکەم ٢٢ زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندیخانەدان کە بە تۆمەتی «محاربە» لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردی سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە، بەشێکی زۆر کەسانە مافی ئەوەشیان پێ نەدراوە بۆ خۆیان پارێزەر بگرن و دادوەری پەروەندەکانیان بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان وەک حوکم و سزا بە سەریاندا سەپاندوون. ئاماژە بە بارودۆخی چەند زیندانیی سیاسیی کورد باشتر دەتوانێ تەعبیر لەو هەلومەرجە بکا کە بەندکراوانی سیاسیی کوردی تێدا دەژین: محەممەد نەزەری، ساڵی ١٣٧٣ لە شاری بۆکان بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا و لە دادگای ورمێ بە بڕیاری قازی جەلیلزادە، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە ساڵی ٧٨ ی هەتاوی بۆ زیندانی ئەبەد گۆڕدرا. بارودۆخی خراپی سڵامەتیی محەممەد نەزەری دوای ٢٤ ساڵ مانەوە لە زیندان لە حاڵێک دایە کە ئەو لەو ماوەیەدا لە هەرچەشنە مافی مەرەخەسییەکیش بێبەش بووە، ناوبراو دواجار بۆ پێڕاگەیشتن بە پەروەندەکەی مانی لە خواردن گرت و پاش ٩٩ ڕۆژ بێ ئەوەی مەرجەکانی وەدی بێن، لەسەر داوای چالاکانی مافی مرۆڤ مانگرتنەکەی شکاند. عوسمان مستەفاپوور کە بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیراوە، ٢٣23 ساڵ لە زیندان دایە و هێشتا مەرەخەسی نەدراوەتێ. ئەو کە ئێستا  تەمەن ٤٩ ساڵە،  لە ٢٣ی پوشپەڕی ساڵی ٧٣ی هەتاوی هەتاوی دەسبەسەر و لە  لقی یەکی دادگای ورمێدا، بە بڕیاری قازی جەواهیری سەرەتا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا و دوای ٦ ساڵ بەندکرانی سزاکەی بۆ ٣٥ ساڵ زیندان داشکا. ئەو بەهۆی ئەو کێشانەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆی دروست دەکەن، لە ماوەی ئەو ٢٣ ساڵەدا  تا ئێستا ئیزنی تاقە رۆژێک مەرەخەسی نەدراوەتێ. کەماڵ شەریفی، زیندانیی سیاسیی کوردی دوورخراوە بۆ زیندانی میناب ساڵی ٨٧ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات دەسبەر و سەرەتا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا و لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ زیندان داشکا. ئەو ئێستا لە زیندانی میناب وێڕای چەند زیندانییەکی سیاسیی دیکە لە نێو تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکاندا بەندکراوە و خەریکی کێشانی ماوە زیندانییەکەی خۆیەتی لە دوورخراوەییدا. حه‌بیبوڵا له‌تیفی خوێندكاری‌ کۆتا ساڵی بەشی‌ «ئه‌ندازیاریی سه‌نایه‌ع» له‌ زانكۆی‌ ئیلام بوو، كه‌ ڕۆژی‌ ١ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری‌ ساڵی‌ ٨٦ ده‌سبه‌سه‌ر و به‌ تۆمه‌تی‌ هه‌وڵدانی‌ دژی‌ ئه‌منیه‌تی‌ میللی و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا، حوكمی‌ ئێعدامی‌ به‌سه‌ردا سه‌پا. ئه‌م به‌ندكراوه‌ كورده‌ له‌وەتی گیراوە نەک پێدانی‌ مه‌ره‌خه‌سییان لێ قه‌ده‌غه‌ كردوه‌، بگرە هەتا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ نه‌یتوانیوه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاوی‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری بكه‌وێ. عومەر فەقێپوور، زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کوردە لە  ساڵی ١٣٧٨ دەستبەسەر كراو بە تۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی میللی‌ و شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، لە لایەن دادگای ئینقلاب لە شاری مەهاباد حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر ئەم حوكمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ زیندانی تاهەتایی داشكا. ناوبراو لە كاتی دەستبەسەركرانیدا كچێكی ٣ ساڵانەی بووە، بەڵام ئێستا پاش تێپەڕینی ١٨ ساڵ بۆ تاقە ڕۆژێكیش نەیتوانیوە لە نزیكەوە لەنێو بنەماڵەكەی خۆیدا بێ. ڕەوتی گرتن و زیندانیکردنی چالاکان و هەڵسوڕاوانی کورد لە کوردستان تەواو سیستماتیکە، بە جۆرێک کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی وەک ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و هەروەها بەشی ئیتلاعاتی هێزە ئینتیزامییەکان بەبەردەوامی لە سایەی کەشی ئەمنیەتیی زاڵکراو بە سەر کوردستاندا هەڵسوراوانی کورد دەگرن و سزای زیندان و دوورخستنەوەیان بۆ ناوچەکانی زۆر دوو لە کوردستان، یان بارمتەی قورسی مادییان بەسەردا دەسەپێنن. هەر لەو ماوەیەدا و لە ڕۆژانی پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستاندا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە خەڵکی کوردستان بە تاوانی خۆشیدەربڕین و پشتیوانی لە مافخوازیی کوردی باشوور گیران و ئێستاش دەیان کەس لەوان لە زینداندا ماونەتەوە. کوردستان له‌ ڕوانگه‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی سه‌ری ماره‌که‌یه ‌و ده‌بێ پان بکرێته‌وه‌، بۆیه‌ش ده‌بینین تێچووی چالاکیی سیاسی، مه‌ده‌نی‌ و هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستان له‌ چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ زۆر له‌سه‌رێیه‌، به‌ڵام لە هەمانکاتدا دەبینین کە ئه‌وانه‌ هیچیان نەیانتوانیوە بەرهەڵستی ڕوحی به‌ربه‌ره‌کانی‌ و تێکۆشان له‌ کوردستان ببنەوە. ( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)