کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش تیرێک و دوو نیشانە

17:36 - 16 بەفرانبار 2717

شەڕ بە تێکهەڵچوونێکی ڕێک خراو، چەکدارانە و زۆربەی کات درێژماوە دەگوترێ کە لە نێوان دەوڵەتەکان، نەتەوەکان یان ڕێکخراو و گرووپەکانی دیکەدا سەرهەڵ دەدا و توندوتیژی، لێکترازانی کۆمەڵایەتی و خەساری گیانی و ماڵیی زۆری بەدواوەیە. لەوەڕا کە شەڕ تێکهەڵچوونێکی ڕاستەقینە، خۆویستانە و بەربڵاوی نێوان کۆمەڵگە سیاسییەکانە، دەکرێ وەک جۆرێک لە توندوتیژیی سیاسی دابنرێ. بەم پێیە هیچ کات ناتوانین گۆشەیەک لە مێژوو ببینینەوە کە ئینسانەکان لێی ژیابێتن ‌و شەڕ و هەڵڵای لێ نەبووبێ، بۆیە ئەوەی هەمیشە لە مێژوو دانەبڕاوە شەڕە. شەڕ لە پێناو پاراستن و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و هەتا دوایی. شەڕ بە دژی ڕێژیمە زۆردارەكان لە كۆنەوە هەبووە ‌و تا ئێستاش هەر جاری بە شێوەیەك و لە شوێنێکی سەر ئەم گۆی زەوییە سەری هەڵداوە ‌و درێژەی کێشاوە و ڕوون نیە ‌و پێشبینی ناکرێ تا كەی درێژەی دەبێ. خوڵقێنەری سەرەکیی شەڕ ئینسانەكانن كە وەك دیاردەیەك بۆ چارەسەری كێشەكان یا داسەپاندنی ئیرادەی خۆیان بە سەر كەسانی دیكەدا پەنای بۆ دەبەن. نەتەوەی كورد هەمیشە دژی شەڕ بووە‌ و بە درێژایی مێژوو نیشتمانەكەی كەوتۆتە بەر پەلاماری دوژمنانی‌ و ئەمەش نیشانەی ئەو ڕاستییەیە كە نەتەوەكەمان شەڕهەڵایسێن و داگیرکەر نەبووە‌ و بە کورتی لاشەڕ بووە. شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەوە بە سەر گەلی كورددا سەپێنرا و مەخابن تا ئێستاش درێژەی هەیە. هۆكاری درێژبوونەوەشی لە ئەستۆی ڕێژیمی زۆرداری كۆماری ئیسلامییە، چونكی ئەوان شەڕیان هەڵایساند و داخوازییەکانی نەتەوەی كوردیان پشتگوێ خست. هەر لەو سۆنگەیەوە و بە ئاراستەی پێشیلکردنی مافەکانی گەلی کورد بە بەردەوامی هەر ڕۆژێ لە شوێنێک جینایەتێکیان خوڵقاندوە و وەڵامی سەرەتاییترین داخوازەکانی ئەم نەتەوەیان بە ئاور و ئاسن داوەتەوە. ئەم بابەتەش بەڵگەنەویست و ڕوونە کە کاتێک سەرکوت ‌و ڕەشەکوژی‌ و زەبروزەنگ جێگای ئازادی و پێکەوەژیان دەگرێتەوە، ئەو نەتەوەیەش ناچار دەبێ بۆ بەرگری لە ماف‌ و ئازادییەکانی دەست بۆ چەک بەرێ ‌و بۆ وەدەستهێنان‌ و پاراستنی ئازادی و مافە ڕەواکانی چەک لە شان بکا. کۆماری ئیسلامی هەر کە دەسەڵاتی بەسەر ئێراندا سەپاند بێبەزییانە شەڕی بە دژی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگیرساند و هەر بۆیەش حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ‌و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ شانازیی بەوە دەکەن کە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی دەیان ساڵەی بەربەرەکانی ‌و شۆڕشگێڕانە‌ و بێ‌پسانەوەی ڕۆڵەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان، بە قارەمانەتیی تێکۆشەرە بەئەمەگەکانی نووسراوەتەوە. ڕابردووی خەباتی چەندین ساڵەی ئەم حیزبە پڕاوپڕە لە قارەمانەتی ‌و فیداکاریی کادر و پێشمەرگەکانی کە لە پێناو دەستەبەرکردنی ویست ‌و داخوازە ڕەوا و لەمێژینەکانی کورد تێ کۆشاوە و لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتکەرانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بە چۆک دانەهاتوە و گیانی پاکی رۆڵە تێکۆشەرەکانی فیدای سەربەستی‌و ئامانجە بەرزەکانی کردوە. ئەگەر ئاوڕ لە لەخۆبوردوویی ‌و بەرخۆدانی قارەمانانی بدەینەوە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ لێواولێوە لە فیداکاری، کە یەکێک لەو ڕۆژانە ١٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوییە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر گوندی نستان لە ناوچەی ڕەبەت. دەزگای سیخوڕی رێژیم هەواڵیان دابوو کە بریندارەکانی نەخۆشخانەی زاواکێو لە ئاوایی نستان گیریان کردوە،  هەربۆیە لەلای گوندی سارتکێ لە کاتژمێری یەکی بەرەبەیاندا هێرشی خۆی هێنابوو و شوێنی دیاریکراوی گرتبوو تا ڕووناکی بەیانی. لەولاش هێزی پیشمەرگە چەند شوێنی شاخی چاڵی، شاخی پەپوولی و گردی خاڵەبۆری و هەروەها گردی گاڕانە‌ڕێی گرتبوو کە بەسەر ئاواییدا زاڵ بوو، ئەگەرچی شەو دەستەیەک پێشمەرگە بەنێو هێزی دوژمندا هاتبوون بەڵام تەقەیان لێ نەکردبوو و خۆیان ئاشکرا نەکردبوو تاکوو بە خەیاڵی خۆیان بەیانی بتوانن زەبری توند لە هێزی پێشمەرگە بدەن ‌و خەڵكی نستانیش قەتڵوعام بکەن. سەعاتی ٦ی بەیانی تازە دەنگی زەنگوڵەی مەڕ و فیتەفیتی شوانان و قاسپەی کەو بێدەنگیی ڕۆژیان شکاندبوو کە گرمەی ئارپیجی ‌و قرمژنی چەکی جۆراوجۆر بەسەر ئاواییدا بارین. پێشمەرگەکان کاتێک زانییان دوژمن لە لایەکی دیکەوە هێرشی هێناوە لە سێ لاوە دەست بەکار بوون‌ و بە ئازایەتیی لە گێڕانەوەنەهاتوو بێ ئەوەی بێڵن دوژمن هەنگاوێک لە ئاوایی نزیک بێتەوە لە هێزی داگیرکەر ڕاسان ‌و دەستەیەکی دیکە وێڕای خەڵک لە ئاوایی لە دوژمن وەدەست هاتن؛ بەجۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە ڕاوڕاوێنی هێزی دوژمن کرا و زۆری نەبرد کەلاکی زیاتر لە ٧٠ کەس لە هێزی دوژمن لە شەڕگەدا بەجێما و ٤٦ کەسیش بە دیل گیران. ئەوانەی توانیبووشیان بە ژێر بنچکەدار و دەوەندا ڕایان کرد و تا ئاوایی مێونە گیر نەبوون. کاتێک فەرماندەکانی هێزی داگیرکەر زانییان هێزە شکست‌خواردووکەیان هێڵی پیوەندییان نەماوە کوێرکوێرانە دەستیان بە ئاوربارانی ناوچەکە کرد، بەڵام بە ئاگری تۆپخانەش نەیانتوانی قەرەبووی شکستەکەیان بکەنەوە. ڕێژیم بەتەما بوو بە تیرێک دوو مەبەست بپێکێ، یەکەم ئەو ناوچەیە داگیر بکا و، دووهەم نەخۆشخانەی حیزب لەو ناوچەیە کە پیشمەرگەی لێ دەرمان دەکرا وێران بکا. بەڵام ئەوەی بە کردەوە ڕووی دا شتێکی دیکە بوو. بە جۆرێک کە زەبرێکی وەها کاریگەر لە سپای پاسداران کەوت کە تا ئێستاش تامی تاڵی ئەو شکستە گەروویان رێک دەگوشێ ‌و سەرکەوتنێکی کەم‌وێنە نسیبی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بوو. ئەوان وایانزانی کە خوێنی کوری کورد خەزایە و بە سانایی دەتوانن بیرێژن. داگیرکەران بیریان لەوە نەکردبۆوە کە کورد شەڕخواز نیە بەڵام هیچ زوڵمێک ئەگەر بەدانی سەریشی بێ قەبووڵ ناکا. ئه‌وان ویستیان خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ لێک داببڕن، به‌ڵام دیتیان که‌ پێشمه‌رگه‌ کوڕ و کچی خه‌ڵک و هیوای هه‌ره‌ گه‌وره‌ی دواڕۆژی ئه‌وانه‌. ئه‌وان دواتریش بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ خه‌ڵکی نستان و ئه‌و گونده‌یان له‌ هه‌موو ئیمکاناتێک و پێڕاگه‌یشتنێک بێبه‌ش کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م تۆڵه‌یان له‌ خه‌ڵک کردبێته‌وه‌ و هه‌م به‌جۆره‌ له‌ پێشمه‌رگه‌یان بکه‌نه‌وه‌؛ به‌ڵام خه‌ڵکی نستان نه‌ کۆڵیان دا و نه‌ چۆکیان له‌به‌رده‌م ئه‌و ویسته‌ چه‌وته‌ی دوژمن دادا. نستان وه‌ک هه‌میشه‌ قه‌ڵای خۆڕاگری و ئازایه‌تی و پێشمه‌رگه‌ویستی و دێموکرات خۆشه‌ویست مایه‌وه‌. ( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)