کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند پەیامێکی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران

18:03 - 21 بەفرانبار 2717

بە سەرنجدان بە سێ فاکتەری "ناوەرۆکی درووشمەکان، پێکهاتەی خۆپێشاندەران و بەربڵاوی لە رووی جوغرافیایی"یەوە دەکرێ، قسە لە پەیامی دوایین خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ‌دا بکەین. بردنە ژێر پرسیاری سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆرش: رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە "بیرۆکەی هەنارددکردنی شۆرشی ئیسلامی" بۆ دەرەوەی وڵاتی وک ئیستراتێژیی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبیی خۆی دانابوو لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا بە پشتیوانیکردن لە کۆمەڵێک تاقم و گرووپی توندڕەوی مەزهەبیی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس، شیعەکانی عێراق، سووریە و لوبنان، بەشێکی بەرچاو لە سەروەت و سامانی ئەم خەڵک و وڵاتەی بۆ بردنە پێشی ئەم سیاسەتە تەرخان کرد. ئاکامی ئەم سیاسەتە جیا لە تەبەعاتی سیاسی و ئابووری بۆ سەر ئەم وڵاتە، خەڵکی ئێرانی تووشی هەژار و بێکاری و پشت گوێخستن کردوە. بۆیە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمجاری خەڵک‌دا لە درووشمە بەرچاوەکان بریتی بوون لە: "نە غەزە لە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران" و "واز لە سووریە بێنە، بیرێک لە ئێمە بکەرەوە". بۆیە ئەم سیاسەتە بە جێی ئەوە شانازی نەتەوەیی لێ بکەوێتەوە، کۆمەڵێک دەستێوەردانی نابەجێی رێژیمی لە وڵاتان و هەژاریی خەڵکی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە کە خەڵک بە گشتی دژایەتیی خۆی بەرانبەری دەردەبڕی و لێی بێزارە. وتن بە دەسەڵاتی مەزهەبی لە ئێران: دەسەڵاتی نزیک بە چل ساڵی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەناوی شۆرشی ئیسلامی و حاکمییەتی ئیسلامییەوە، هەر جۆرە سەرکوت و داپڵۆساندنێکی لە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە تاقی کردۆتەوەو بە ناوی مەزهەبی و دینەوە کەسایەتیی ئەم خەڵک و خاکەیان تێک شکاند. بۆیە خەڵک دوای چل ساڵ بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی: "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران"، "مەرگ بۆ ولایەتت موتڵەقەی فەقیه"، "مەرگ بۆ خامنەیی"، "ئیستقلال، ئازادی، جمهووریی ئێرانی" و" لە ژێرناوی دینەوە، ئێمەت تووشی وێرانی کرد"، بێزاریی خۆیان لەم دەسەڵاتە دیینیە دەردەبڕن و خوازیاری کۆتایی پێهێنانی ئەم دەسەڵات و رێژیمەن. تێپەڕین لە باڵەکانی رێژیم و خوازیاری نەمانی رێژیم: بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران هەمیشە خوازیاری خۆبواردن لە توندوتیژی بوون. ئەوان بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دا جۆر جار پشتگیری لە رەوتە بە ناو رێفۆرمخوازان کردوەو بە بەشداریی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی لە کاندیدەکانی ئەم ڕەوتە ویستوویانە بە شێوازێکی هێمن و دوور لە توندوتیژی گۆڕانی دڵخوازانە پێک بهێنن. بەڵام بە پێچەوانەی تێفکرینی خەڵک، رەوتی رێفۆرمخواز و سەرکۆمارانی سەر بەم بەرەیەش نەتەنیا نەیانتوانی وادە و بەڵێنییەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵکوو زیاتر هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم رێژیمەیان لە تەواویەتی خۆی‌دا دەدا. بۆیە خەڵک بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی: "مەرگ بۆ رووحانی"، "مەرگ بۆ خامنەیی" و "ئوسوولگەرا، رێفۆرمخواز، ئیدی هەموو شتێک تەواو بوو"، بەگشتی تەواویەتی ئەم رێژیمەیان بە هەموو قۆڵ و باڵەکانییەوە هێنایە ژێر پرسیار و داوای نەمانی ئەم رێژیمەیان لە تەواویەتی خۆی‌‌دا کرد. هەر وەک لە سەرەتادا باسمان کرد بە تێفکرینی ناوەرکۆ درووشمەکانی ئەم خۆپێشاندانانە و پێکهاتەی خۆپێشاندەران و بەرینایی ئەم حەرەکەتانە دەکری، خوێدنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ ئەم قۆناغە لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بکرێ دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. بەڵام ئەوە لێرەدا دەتوانین بە دڵنیاییەوە ئیدیعای بکرێ ئەوەیکە، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی مافخوازانەی ئێران کەوتۆتە قۆناخێک لە خودئاگایی بەرزی کۆمەڵایەتییەوە کە لانیکەم چیدیکە رێژیمی سیاسی لە ئێران ناتوانێ  وەک ڕابردوو بمێنێتەوە.