کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی لە کوێوە و، بۆ کێ قسە دەکا؟!

18:54 - 25 بەفرانبار 2717

لە تازەترین دەربڕیندا سەرکۆماری ئیران، بۆ جارێکی دیکە خۆی وەک پشتیوان و داکۆکیکاری خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ دەرخست. ناوبراو بە ئاماژەدان بە قسە و لێدوانی بەرپرسانی رێژیم لە باڵی حاکمییەت، بەتایبەت پێشنوێژی کاتیی تاران کە خۆپیشاندەرانیان بە کۆمەڵێک ئاشغاڵ، مانگا و گوێرەکە وەسف کردبوو، بە توندی ڕەخنەی گرت و گوتی؛ چۆن دەکرێ بێ‌ڕێزی بە خەڵک بکرێ و، بەم شێوە بۆ جارێکی دیکە خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری خۆپێشاندانەکان نیشان دایەوە! بە نێوەڕۆکی دەربڕین و لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیمەوە دیارە کە ئەم خۆپێشاندانانەیش کە تا ڕادەیەک هەر دوو باڵی بناژۆخواز و ڕێفۆرمیستی کردە ئامانج، ناتوانێ ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بشارێتەوە و یەکگرتوویان بکا. بەتایبەت لایەنگرانی دەوڵەت ناتوانن لە بیری بکەن کە سەرەتای ئەم خۆپێشاندانانە وەک خۆیان باسی دەکەن، لە لایەن توندڕەوەکانەوە بە دژی دەوڵەت ڕێک خرابوو. لەو لایشەوە توندڕەوان خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ خۆپێشاندانەکان هەیە و هاوکات لەگەڵ بەتاوانبارزانینی دەوڵەت، پێیان وایە دەستی دوژمنانی دەرەکی! بێ‌ئەملاوئەولا ئاراستەی خۆپێشاندانەکانی کردوە و لەو باوەڕەدا کە وەک تا ئێستا نیشانیان داوە و لەم پێوەندییەدا چەند کەسێکیان لە زیندانەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتوە و بە هەزاران کەسیان دەستبەسەر کردوە، دەبێ بە توندی هەڵسوکەوت لە گەڵ خەڵک و خۆپێشاندەراندا بکرێ. لەگەڵ ئەوەیکە خۆپێشاندانەکان سەرکوت کراون و شەقامەکان بە زەبری هێزەسەرکوتکەرەکان ئارام بوونەتەوە، وادیارە  لایەنی دەوڵەت و سەرکۆمار دەیانهەوێ نرخی ئەم ڕووداوانە لە گیرفانی خۆیانەوە دیاری بکن و نانی لێ بخۆن. هەموو کەس و ئەوان باشتر لە هەمووان دەزانن کە ئەم حەرەکەت و ناڕەزایەتیانەی بێ‌دەنگبوونیان کاتی دەبێ و بۆ جارێکی دیکە و لە مەجالێکی دیکە‌دا سەر هەڵدەدەنەوە، بۆیە هاوکات لە گەڵ سیاسەت پێکردنیەوە لە سەر ئاستی کێشە نةوخۆییەکانیان، لەم دەربڕینانەدا ڕووحانی بە گشتی لایەنگرانی دەوڵەت بە دوای دوو ئامانجەوەن: یەکەمیان ئەوەیە کە تا ڕادەیەک دڵی خەڵک کە لەلایەن باڵێکی ڕێژیمەوە بە توندی بێ‌رێزی پێکراوە، بدەنەوە و بەشێک لە ڕق و تووڕەییەکانی بەم قسە نەرم و بە ڕواڵەت پەسەندانە دامرکێننەوە. دووهەمیشیان بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلمان و دواتر سەرکۆماری، سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و خۆیان وەک داکۆکیکار و پشتیوانی ئەوان نیشان بدەن کە دەنگیان پێ بدەن. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم قسانەی ڕووحانی ئەوەندەی پێوەندی بە سیاسەتکردنەوە هەیە، هیچ باوەڕێکی بەم ئیدیعایانە تێدا ناخوێندرێتەوە. ئەو بۆیە ئەو قسانە دەکا چونکی دەزانێ کە وادە و بەڵێنییەکانی خۆی و دەوڵەتەکەی چیدیکە بۆ خەڵک جێی باوەڕ و متمانە نین. ئەو باش دەزانێ کە خەڵک چەندە لە دەنگدانی بە وادە و بەڵێنییەکانی رووحانی پەشیمانن و چیدیکە فریوی ئەم قسە بێ‌کردارانە ناخۆن. بۆیە دەیهەوێ بە جۆرێک بەم قسانە قەرەبووی هەموو ئەو هەڵە و کەمتەرخەمیانە بکاتەوە کە تووڕەیی و بیزاری خەڵکی لە خۆی و دەوڵەتەکەی لێ کەوتۆتەوە. بەڵام لانیکەم خۆپێشاندەران لە دوایین هەڵوێستیا‌دا وڵامی خۆیان بەم جۆرە لە ڕوانین و سیاسەتانە دایەوە کاتێک کە درووشمی تێپەڕین لە دەوڵەتی ڕووحانیان هێنایە گۆڕێ و داوای گۆڕینی ئەم نیزامەیان لە تەواویەتی خۆیدا کرد. کەوابوو سەرکۆمار دەبێ قسە بۆ کەسانێکی دیکە بکا و شەڕی خۆی لەگەڵ کەسانی دیکە یەکلایی بکاتەوە کە وەک تا ئێستا دەرکەوتووە، لەوە ناچێ ئەم شەڕەی پێ بکرێ. بەڵام وەک دەڵێن "فەڕزی مەحاڵ، مەحاڵ نیە"، ئەگەر ڕووحانی و لایەنگرانی دەوڵەت و رەوتی رێفۆرمیستی بە هەموو تەیفەکانیەوە، توانیان ئەم شەڕە لە حاکمییەت ببەنەوە، ئەو کات دەکرێ چاوەڕوانی لاکردنەوەیەکی خەڵک بن.