کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان"، وڵامدانەوە بە کۆمەڵێک زەروورەتی سیاسی

17:04 - 1 رێبەندان 2717

لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ٥ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا کە رۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی‌دا لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، بڕیار لە سەر پێکهێنانی "ژوور" یان "ناوەند"ێکی هاوکاری و کاری هاوبەش درا. لەو کۆبوونەوە هاوبەشەدا کە هەریەک لە: حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران تێیدا بەشدار بوون، هاوکات لە گەڵ لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێران و قسەکردن لە سەر ئاڵوگۆڕەکان و ئاماژەدان بە ئەگەر و پێشهاتەکان، ڕاشکاوانە باس لە چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ جۆری پێوەندی و هاوکاریی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ئەو کەمایەسییانە کرا کە پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گرینگییەوە لێی بڕوانن و بەدوای چارەسەرکردنیان‌دا بگەڕێن. هەر لەم پێوەندییەدا حیزبەکانی بەشداری ئەم کۆبوونەوە بە ئاماژەدان بە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە لایەک و، پرش و بڵاوی حیزبەکان و نەبوونی هاوهەڵوێستی و هاوگوتاری وەک کەمایەسییەکی بەرچاوی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئاڵۆگۆڕی بیروڕاو تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پێشنیار و رێکار بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێست و گوتاریان، گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە ژوور یان ناوەندێکی هاوبەش بۆ ئەم پێویستییە پێک بهێنن. هەر لەو کۆبوونەوەدا ئەم ٥ لایەنە ساغ بوونەوە کە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی نێوانیان و پێکهێنانی ئەم ناوەندە هەرکامەو هەیئەتێک دیاری بکات کە پێکەوە کۆ ببنەوە. ئەوە بوو کە ڕۆژی شەمە ٣٠ی بەفرانبار(٢٠ی ژانویەی ٢٠١٨)یەکەم دانیشتنی ئەم هەیئەتانە لە بنکەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێک هات و دامەزراوەیەکی هاوبەشیان بە ناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان" پێک هێنا. هەر وەک لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا ڕایانگەیاند؛ ئەم ٥ لایەنە وێڕای پێکهێنانی ئەم ناوەندە لە سەر چەند خاڵێکی بنەڕەتی رێک کەوتوون کە چاوەڕوان دەکرێ بە کردەوە ئەم ناوەندە ببێتە پێگەیەک بۆ درووستکردنی هاوهەڵوێستی و هاوگوتاریی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێکهێنانی ئەم ناوەندە لە نەوعی خۆی‌دا هەنگاوێکی باش و پێویست بوو. ١٠ ساڵی ڕابردوو بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان قۆناغێک بوو پڕ لە لێکترازان و ناکۆکی کە تا ئێستایشی لە گەڵ بێت ئەم لێکترازان و لێکدابڕانانە هەر لە جێی خۆیان‌دان و شوێنەوار و کاریگەریی نەرێنییان لە سەر پێوەندیی نێوان حیزبەکان و بزووتنەوەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. لە ماوەی ئەم زیاتر لە ١٠ ساڵەدا لە گەڵ ئەوەیکە کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گرتنەپێشی رەهەندی جۆراوجۆری خەبات و تێکۆشان توانیویانە ئازایانەو هۆشیارانە لە زۆر شوێن‌دا پاشەکشە بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و زۆر قۆناغی جۆراوجۆرێش ببڕن، بەڵام دیسانیش رووی گلەیی و ڕەخنەیان هەر لە حیزبەکان بووە کە پێکەوە هاوهەڵوێست و هاوڕەفتار نین و وەک پێویست گوێیان لە دەنگی خەڵک نیە. ئەمە گلەییەکی بەجێ و بەحەقی خەڵک بووە کا تا ئێستایشی لە گەڵ بێت لە جێی خۆی‌ دایەو حیزبەکان دەبێ و پێویستە بە گرینگی و بایخەوە گوێی بدەنێ و چاوەڕوانییەکانی خەڵک ببینن و وەدی بهێنن. بەشێک لە چاوەڕوانییەکان هەر ئەم جۆرە پێکەوەبوونەیە کە لە گەڵ ئەوەیکە حیزبەکان درەنگیان دەست پێ کردوە، بەڵام کاری باشە و، دەبێ لەگەڵ درێژەپێدان و بەرفراوانکردنی هەنگاوی دیکەی عەمەلی و جیدیی بەدوادا بێت کە وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن، "هاوپەیمانەتی" یەکی لێ دروست بێت. ئەوەی لەم هەنگاوە هاوبەشانەدا پێویستە بێتە دی، سەرەتا بینینی بەرژەوەندییە باڵا و گشتییەکانی گەل و، لە کۆتایی‌دا هەوڵدانی هاوبەشە بۆ دابینکردنی ئەم بەرژەوەندییە باڵایانە. ئەم ناوەندەی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە ژوورێکی بەرفراوانی نیشتمانی بێت کە دەرگای بە ڕووی هێز و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵات‌دا ئاوەڵا بێت. لە درێژەی ئەوەیکە پێی دەوترێ دروستبوونی هاوپەیمانی، پێویستە ژووری جیاجیا بۆ زۆرێک لە بوارەکانی دیکەی وەک خەباتی میدیایی، گرینگدان بە ڕەهەندەکانی مەدەنی، پێشمەرگانە و دیپلۆماسی، گرووپی جۆراوجۆری هاوبەش ساز بێت. پێکهێنانی ئەم ناوەندە لە بارودۆخی ئێستای نێوان هێزە سیاسییەکان‌دا کە ڕەوتەکان( دێموکراتەکان پێکەوە و کۆمەڵەكان لە گەڵ یەکتری) نایەکگرتوو و لێکترازاون، هەم دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێت کە هەرکام لە لایەنەکانی ئەم ڕەوتانە، پرسی یەکگرتنەوەیان لە گەڵ یەکتری زیاتر لەوەی تا ئێستا هەیە ببەنە پێش و هەوڵی بە ئاکامگەیاندنی یەکجاریی بدەن و هەمیش دەتوانێ پەیامێکی دڵخۆشکەر بە خەڵک لە ناوخۆی وڵات بدات کە هەمیشە چاوەڕوانییان لە حیزبەکان هەیە کە یەکگرتوو و پێکەوە بن. جیددی بوون و بەردەوامبوونی ئەم ناوەندە کە بتوانێ هەر دەم پەیام و ڕاسپاردە بە حیزبەکان بگەیەنێ و وەک دامەزراوەیەکی چاودێر خۆی بەسەر هەڵوێستی هاوبەشی حیزبەکان‌دا نیشان بدات، بێگومان دەتوانێ لە گەڵ گەیاندنی پەیامی درووست بە کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندنەوەیەکی دیکە لە کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی بە تاران بگەیەنێ. لە سەر ئاستی وڵاتیانی دۆستی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لە کوڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەییش دەکرێ هەر لە رێگای ئەم ناوەندەوە دەنگی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پڕماناتر و جیدیتر لە هەمیشە وەربگیردرێ و ئاوڕێ لێ بدرێتەوە. هەمووی ئەم ئەگەر و ئەممایانە دیسان پێوەندی ڕاستەوخۆی بە جۆری تێڕوانین و دەرکی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بارودۆخەکە، پێشهاتەکان، چاوەڕوانییەکانی خەڵک و بینینی بەرژەوەندییە باڵاکانەوە هەیە کە چەندە پێکهێنانی ئەم ناوەندە هاوبەشەیان بۆ گرینگ و جیدییە و چەندە پێوەن بیکەنە دامەزراوەیەکی کارا و وڵامدەر بە جۆرێک کە سەرئەنجام ئیئتیلافێکی سیاسیی بەرین و پایەداری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ بکەوێتەوە.