کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ بیرۆکەی سەرەکیی لیبڕاڵەکان

00:55 - 2 رێبەندان 2717

دژوازیی بیری ئازادی لیبڕاڵی پێویستە لێرەدا ئاماژە بە دژوازییەکی حاشاهەڵنەگر لە بیری لیبڕاڵیستی بکرێ کە کەمتر باسی کراوە. زۆربەی فیلۆسۆفە لیبڕاڵەکان یەک لەوان جان لاک کاتێک باسی ئازادی و مافی تاکیان کردوە، زۆرتر مەبەستیان سپی‌ پێستەکان بووە و لایەنگرییان لە کۆیلەداری کردوە. لاک بۆخۆی یەکێک بوو لە خاوەنبەشەکانی شێرکەتی پاشایی ئەفریقایی کە ڕێکخەری بازرگانی و کرین و فرۆشی کۆیلەکان بوو. لاک خاوەندارێتی کۆیلە و ئەسپی وەرزێرانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە پێی ئەو مافەی کە لە ڕەوتی کڕین و فرۆشی ڕێکوپێک وەدەستیان هێنابوو وەکوو شتێکی سروشتی و ئاسایی پێناسە دەکا، تەنانەت لە مێژووی دەریاوانیدا سەبارەت بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتە ژێردەسەڵاتەکانی ئەفریقایی دەنووسێ «ئەو شتومەکانەی کە لەم وڵاتانە وەدەست دەکەون بریتین لە زێر، ئاجی فیل و کۆیلەکان». ئەگەر ده‌بینین لاک کۆیلەی ڕەش‌پێست لە چوارچێوەی چەمکی «شتومەک» ڕادەبەندی دەکا، سەدەیەک دواتر ئیدمۆند بێرک (نووسەری خۆشەویستی هایک) کرێکاری کشتوکاڵ یان کرێکاری مزبەر لە چوارچێوەی چەمکی ئەمرازی وێژەر ڕادەبەندی دەکا، و بە پێی ڕادەبەندییەکی کلاسیک، ئەوان لەگەڵ گا- ئەمرازی نیوەوێژەر و کێڵ- ئەمرازی بێدەنگ بەراوەرد دەکا. پەرەسەندنی کۆیلەداری هاوکاتە لەگەڵ بزووتنەوەی بە‌هێزی بیر و هەنگاوگەلێک، کە لەسەدەی شازدە هەتا هەژدە لە ڕێگەی سێ شۆڕشی مەزن لە هۆڵەند، بریتانیا و ئەمریکادا پێکهێنەری مێژووی ئەمرۆیی واتە مۆدێرن بوون. ئەمریکا لە ساڵی ١٧٠٠ی زایینی ٣٣٠ هەزار کۆیلەی بوو، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٨٠٠ی زایینی بە ٣ میلیۆن گەیشت و لە سەدەی نۆزدەدا هەتا دووقات زۆری کرد. هەڵوەشاندنی کۆیلەداری لە وڵاتە بندەستەکانی هۆڵەند لە ساڵی ١٨٦٣ زایینی سەری‌ گرت. بریتانیا لە نێوەڕاستی سەدەی هەژدە ٩٠٠ هەزار کۆیلەی بوو. دوکترینی لیبڕاڵ بە چەشنێکی دوولایەنە لە‌دایک بووە و قەت ئەم دوولایەنەبوونەی وەڵانەناوە. پەیامی ئاورینی لیبڕاڵەکان کە لە ژێرکاریگەریی ئایدۆلۆژی ئاڵمانی تەنیا بۆ ئازادیی خۆیی شارومەندەکانی سپی‌پێست، دەرەبەگ و خاوەندار و ئاغاکان، بێ هەرچەشنە گریمانەیەک بە زمانی ئینگلیزی هەمبەر کرابوو، هەروەها حاشاکردن لە زوڵم و زۆرێک کە نە‌تەنیا بە ڕەنگ‌پێستەکانی وڵاتە ژێردەستەکان، بەڵکوو سەبارەت بە خەڵکی «وەحشی» ئیرلەند یا سوورپێستەکانی ئەمریکیش دەکرا، لە مێژوونووسیی لیبڕاڵەکاندا بە تەواویەتی شاراوە ماوەتەوە، هەروەها لە بیربردراتەوە کە چۆن بەگزادەکانی دێموکرات ‌و بە نێوبانگی لیبڕاڵ یەک لەوان «توکویکل»ی فەرەنسی بە هاسانی لە نوسراوەیەکی خۆیدا پاکانە بۆ کۆمەڵکوژی سوورپێستەکان دەکا و دەبێژێ «ئاوا دێتە بەرچاو کە ویستی خودایی بۆ نیشتەجێکردنی سوورپێستەکان لە ناوچەیەکی پڕبەرەکەتی جێهانی نوێدا، تەنیا بۆ کەڵکوەرگرتنیان بۆ ماوەیەکی کورتەخایەن بووە، واتە ئەوان تەنیا بۆماوەیەکی کاتیی لێرە ژیاون. ئەم زرێبارانەی ئامادە بۆ بازرگانی و سەنعەت، بەم چۆمە قووڵانەوە، ئەم دۆڵە هەتاهەتاییەی می‌سی‌سی‌پی، ئەم پارزەوینە(قاڕڕە)گەورەیە وەکوو بێشکەیەکی خاڵی بۆ نەتەوەیەکی گەورە پێک هاتووە». هەروەها «گروسیوس» یەکێک لە باوکەکانی دوکترینی لیبڕاڵ لە سەدەی ١٧ی زایینی، کۆیلەتی بە شتێکی شەرعی پێناسە دەکا و بە‌پێی ڕێنوێنییەکانی ئەرەستوو دەنووسێ «خەڵکێک هەن کە بۆ خزمەتگوزاری لە دایک دەبن». ئەو دانیشتوانی وڵاتانی ژێردەسەڵاتی هۆڵەند وەکوو «حەیوانی وەحشی» ناودەبا و ئایینەکەیان وەکو»شۆرشێکی دژ بە خودا» پێناسە دەکا و شیاوی بێ‌بەزەییانەترین «سزای تاوانبارانیان» دەزانێ. ئەمە نیشاندەری ئەم ڕاستیەیە کە ئەمە لە هیچ حاڵەتێکدا بە مانای لادان یان هەڵەی کاتی لیبڕاڵەکان نیە، بەڵکوو ئەمە پیشاندەری بیرو هزری ڕەگەزپەرەستانەی ئەو لیبڕاڵانەیە و سەرچاوە‌ی لە بۆچوون و هەڵسەنگاندنی ئەوان لە چەمکی مرۆڤ‌ و ئازادی و بەرامبەری مرۆڤ گرتوە. بێ‌ هۆ نیە کە هایک ئابووریناس ‌و لیبڕاڵی ئینگلیزیی بە ڕەچەڵەک ئوتریشی ڕەخنە لە گونجاندنی» مانای «ئازادی لە پێوەندیی لەگەڵ پێداویستی» لە ڕیزی «مافی کۆمەڵایەتی ‌و ئابووری» ڕاگەیەنراوی جیهانی مافی مرۆڤ، پەسەندکراوی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی دەگرێ کە لەلایەن ئانا «ئەلینۆر ڕۆزوێلت»ەوە گەڵاڵە و تیۆریزە کرابوو.   سێ بیرۆکەی سەرەکی لیبڕاڵەکان 1) بازاڕ وەکوو نوێنەری عەقڵانییەتی ئابووری لە دەرەوەی هەر چەشنە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی دیاری‌ کراوە(بە واتایه‌کی دی بێ بازاڕ، تەنیا بێسەرەوبەرەیی دەبیندرێ). بە پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیە، ئەوە بازاڕ نیە کە دەبێتە هۆی عەقڵانیکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو ئەمە چوارچێوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە کە چۆنیەتی کاری بازاڕ دیاری دەکا. سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ئەگەر نەتوانێ پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین بکا، ناتوانێ عەقڵانی بێ. بێکاری، جەمسەریکردنی ڕەوتی پەرەسەندنی جیهانی و لە نێوبردنی ژینگە، هێمای ناعەقڵانیبوونی دامودەزگایەکە کە دەکرێ وەکوو «سەرمایەداری بە ڕاستی ئارایی» پیناسە بکردرێ. ئەم دیاردە نەرێنییانە، بە چەشنێکی پەتی ‌و سادە، بەرهەمی پێویستی (حاشالێنەکراوی) بازاڕن. عەقڵانییەتی بازاڕ، دەبێتە هۆی بەرهمهێنانەوەی ناعەقڵانییەتی دامودەزگه‌ی کۆمەڵایەتی. 2) درگایەکی تەواو کراوە بۆ دامودەزگای جێهانی، مەرجی هەرچەشنە پەرەسەندنێکە (بە واته‌یه‌کی دی، یان بازرگانی ئازاد یاخود چاولێقووچاندن لە هەر چەشنە پەرەسەندنێک). ئەم بیرۆکەیە کە «پەرەسەندن» بەستراوە بە بارودۆخی نیوخۆیی، تایبەتمەند بە هەر کۆمەڵگەیەکە ‌و تێکەڵاوبوون لە ئابووری جیهانی فاکتەرێکی ئەرێنییە، بەو مەرجەی کە بزانین چۆن لەو دەرفەتانەی کە پێکی ‌دەهێنێ کەڵک وەربگرین، بنەمای ئەم گریمانەیە. ئەم بیرۆکەیە نە تەنیا لەگەڵ مێژووی ٥ سەدە پەرەسەندنی سەرمایەداری یانی جەمسەریکردنێکی بێوچان دژایەتی هەیە، بەڵکوو لە ڕوانگەی زانستیشەوە دروست نیە. ئەم «بازاڕە جیهانییە» کە باسی لێ ‌دەکرێ، وەکو گیانێکی بێسەر، بەستراوە بە شتومەک و سەرمایەوەیە. سەرەڕای کۆچکردنی نێونەتەوەیی هیچ کاتێک باسێک لە بازاڕی کاری جیهانی نەکراوە‌ و بۆ داهاتووش جارێ هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهاتنی ئەم بازاڕە نابیندرێ. بیرۆکەی ئابووری لیبڕاڵی بۆخۆی دەیسەلمێنێ کە جووڵەی فاکتەرێکی بژاردە، کاتێک جوغرافیای سیاسی ‌و سروشتی دوو هۆکاری دیکەی (واتە کار و سەرچاوە سروشتییەکانی) قەتیس کردۆتەوە، ناتوانێ بێتە هۆی پێکهاتنی توانایی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی جێهانی یەکسان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی هاوتا. لە بارودۆخێکی وەهادا، یاسای جیهانی نرخ تەنیا دەتوانێ ببێتە هۆی بەدیهاتن و سەرلەنوێ بەدیهێنانەوەی جەمسەریبوون. لەم ڕوانگەیەوە، تێکەڵبوون لە دامودەزگای جیهانیدا لەباری سروشتییەوە نەشیاوە و ڕۆژبەڕۆژیش نەشیاوتر دەبێ. بە‌ڕاستی ئەگەر لەسەدەی نۆزدەدا چەن دەیەیەک پێویست بوو تا ئەڵمان بە ئاستی بریتانیا بگا، ئێستا وڵاتێک وەکوو بەرازیل بۆ گەیشتن بە ئاستی ئەمریکا پێویستی بە چ ماوەیەکی زەمەنی هەیە؟ بێگومان شکڵ و نێوەرۆکی جەمسەریبوون لە درێژایی زەمەندا تووشی گۆڕانکاری بووە. لە شۆڕشی پیشەیی تا شەڕی دووهەمی جیهانیی لە نێوان وڵاتە سەنعەتییەکان و ناسەنعەتییەکان جیاوازی دەبیندرا. سەنعەتیبوونی جێهانی سێهەم نابێتە هۆی گومانکردن لە سروشتی جەمسەریبوون، بەڵکوو دەبێتە هۆی دانانی نیشانەی پرسیار لەبەرامبەر چەشنە جۆراوجۆرەکانی ئەم جەمسەرییە. مکانیزمی جەمسەریکردنی نوێ لەسەر شکڵە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتداریی دامەزراوە: ماڵی (شکڵە تازەکانی سەرمایەی ماڵی جیهانی)، تێکنۆڵۆژیک (لە پێوەندیی لەگەڵ شۆڕشی زانستی و فەننی نوێ)، فەرهەنگی (لە ژێر کاریگەری و ڕەخنەی پەرەگرتووی ئامرازی پێوەندییە گشتییەکان)، و سپایی. لەم بوارەدا «ئەو وڵاتانەی کە بە تازەیی سەنعەتی بوون»(ئێن ئی سی‌یەکان) نیوە‌پەراوێزیی نین تا لە ڕەوتی بوون بە ناوەندە تازەکان بن، بەڵکوو وڵاتە پەراوێزییەکانی داهاتوون. لە بەرامبەردا، ئەو وڵاتانەی کە وەکوو جیهانی چوارەم باسیان لێدەکرێ، وڵاتگەلێکی بە ڕاستی پەراوێزیی نین، بەڵکوو وڵاتگەلێکن، کە پەرەسەندنی شکڵە سەرەتاییەکانی سەرمایەداری بۆتە هۆی وێرانبوونیان. بارودۆخی مەترسیداری جیهانی چوارم ئاکامی «خۆپارێزیی» ئەوان لە تێکەڵبوون لە ڕەوتی دابەشکردنی نێونەتەوەیی کار و هەنگاوگەلێکی «هەرەسهێناو» بۆ پساندنی پێوەندییەکان نەبووە. لەڕاستیدا، جێهانی چوارەم کە وەکو شتێکی تازە باسی لێدەکرێ، دیاردەیەکی نوێ نیە، بە‌پێچەوانە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەتاهەتایی و پێویستی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە. ناوچەی کاری کۆیلەکان لە قاڕڕەی ئەمریکا لە سەردامی سەوداکاری (مێرکانتیلیسم) وەکو باکوری ڕۆژهەڵاتی بەرازیل و دووڕگەکانی هێندی ڕۆژئاوایی (یەک لەوان هائیتی) نموونەیەکی ڕوونی ئەم دیاردە تەشەنە کراوەیەیە. ڕۆژگارێک ئەم ناوچانە وەکوو ناوچەگەلێکی بەختەوەر و ئاوەدان بە ئەژمار دەهاتن ‌و دڵی جێهانی پەراوێزیی ئەو کاتە بوون، بەڵام دواتر پێکهاتە تازەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری ئەوانی خستە پەراوێزەوە و ئەمرۆکە ئەوان لە ڕیزی خەم‌بزوێنترین بەشە نەعلەتکراوەکانی جێهانی سێهەمن. وڵاتەکانی جێهانی چوارەم کە ئەم دامودەزگایە ئەوانی وەڵا ناوە، ناتوانن بە پێی ئەم پێناسەیە کێشەکانی خۆیان لە ڕێگەی سیاسەتی دەرگای کراوە چارەسەر بکەن. سیاسەتەکانی ئاریکاری یەکیه‌تیی ئورووپاش بۆ وێنە لەگەڵ ئەفریقای باشووری چۆڵگە هیچ کاتێک شتێکی جیا لە  سیاسەتی داگیرکاری نوێ نەبووە و زیندا‌نیبوونی ئەم پارزەوینەی لە بارودۆخی «پێش سەنعەتیدا» هەتاهەتایی کردوە، هەروەها ڕێکخستنی لیبڕاڵی یەکیه‌تیی ئورووپاش کە داخوازی ڕێکەوتنامەکانی کۆنتۆنۆ (Contonou 2000)و شەریکە ئابوورییەکانی ناوچەییە(APER)، ئەم گۆڕانکارییە ناشیاوەی بە گوژمتر کردوە. لە ڕوانگەی گەڵە جۆراوجۆرەکانی گوێ زەوییەوە یەکبوونی سەرتاسەری دامودەزگای جێهانی لە ژێر دەسەڵاتی بازاڕدا کارێکی شیاو نیە و قازانجی بۆ ئەو وڵاتانە نەبووە و نابێ. 3) دێمۆکراسی بەرامبەر لەگەڵ سەرمایەدارییە.(بە واتایه‌کی دی، بێ سەرمایەداری هیچ چەشنە دێمۆکراسییەک بوونی نیە.) لە ڕاستیدا، دێمۆکراسی بە مانای حکوومەتی خەڵکی، واتە جەماوەری خەڵکی ئاسایی پێناسە کرابوو. لەم ڕوانگەیەوە تا ڕادەیەکی زۆر مانایەکی چینایەتی هەبوو: یانی دەستەڵاتی نزمترین و هاوکات گەورەترین چینی، هەر بەم هۆیەش خوێندەوار و دەوڵەمەندەکان، هەروەها ئەوانەی کە بایەخیان بە ژیانی شارنشینی دەدا، هەراسیان لە دێمۆکراسی بوو و وەلایان دەنا. دیموکراسیی وەکوو  بۆچوونێکی یەکسانیخواز لە سەدەی ٥ی پێش زایین لە لایەن ئەفلاتوونەوە هەروەها هەر بەو ڕاشکاوییەش لە سەدەی حەڤدەی پاش زایین لە لایەن «کرامۆڵەوە» وەلانرا، تەنانەت هاوپەیمانە چەپخوازەکانی کرامۆڵ لەشەری نێوخۆیی ئینگلیس، واتە ئەو یەکسانیخوازانەی کە لەسەر کێشەی مافی دەنگدان لێی جیاببونەوە، دێمۆکراسیان قەبووڵ نەکرد و وەلایان نا. ئەوان تەنانەت بیریان لەمەش نەکردەوە کە مافی دەنگدان بە دوو لە سێی خەڵکی وڵاتێک بدەن کە مزبەر یان مووچە‌وەڕگر بوون. بە باوەڕی یەکسانیخوازەکان ئەم کەسانە بە هۆی بەستراوە بوونیان بە کەسانێکی دی مافی بەشدارییان لە کار و باری سیاسیدا نەبوو. تەنانەت جان ستوارت میل بانگەشەکاری بە نێوبانگی لیبڕاڵیزمی سەدەی نۆزدە کە بایەخێکی تایبەتی بە ڕۆڵی جەماوەر و خەلکی ئاسایی دەدا، چوارچێوە و سیستەمێکی بۆ مافی دەنگدان پێشنیار کرد کە چینی زەحمەتکێش نەتوانێ بببێتە زۆرینەیەکی پڕکاریگەر. دێمۆکراسیی بورژوایی لە ئورووپا، لە چەشنی سەرەتایی خۆیدا، لە شارە ئازادەکان(کە دامودەزگای هاوپیشەیی و شورای شاردارییەکان تا ڕادەیەک دەستەڵاتی فیۆدالەکانیان بەرتەسک‌ کردبووە و تەنانەت لە بەرامبەر پاپیشدا ڕادەوەستان و سنگی خۆیان وەپێش دەنا)، سەرچاوەی گرتووە. بۆرژوازی لەم بوارەدا توانی پێوەندیی خۆی لەگەڵ خەڵکی بە هێز بکات و پاشان ئەوان بە شوێن خۆیدا ڕابکێشێ تا لە ئاکامدا بتوانێ دەستەڵات لە دەستی فئۆداڵەکان دەربێنێ. دێمۆکراسی بۆرژوای دەستکەوتێکی گەورە بوو کە توانی «مافی بەرامبەر» و ئازادی خۆیی دابین بکات، بەڵام نەیتوانی بەرامبەری پێک‌بێنێ بە واتەیەک «مافی بەرامبەر» بێ بەرامبەری. لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا، بزووتنەوەی کرێکاری توانی دێمۆکراسی سیاسی بەسەر بۆرژوازیدا داسەپێنێ و مافی کۆمەڵایەتی وەدست بهێنێ، بەڵام ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی سازان و قەبووڵی بەرێوەبردنی ئابووری کۆمەڵگە لە چوارچێوەی دامودەزگای سەرمایەداری‌دا بوو، شتێک کە بۆخۆشی بەهۆی جەمسەریبوونی جێهان‌ و بە قازانجی ناوەندە سەنعتییەکان سەری گرت. بەم پێیە، دێمۆکراسی ڕۆژئاوایی بەسراوە بە دەسەڵاتداری سیاسییە، لە حالێکدا بەرێوەبردنی ژیانی ئابووری هێشتا لەسەر بنەمای بنەواشەی نادیموکراتیکی خاوەندارێتی خۆیی و کێبەرکێی ‌دا‌یە. شێوەی بەرهه‌مهێنانی سەرمایەداری لە خۆیدا پێویستی بە دێمۆکراسی نیە، بەڵکوو سروشتی سەرکوتکەرانەی ئەو لە ئابووری شاراوە و لە خۆبێگانەبوونی ئابووری دایە. ڕاستییەکانی ژیان پیشانیان داوە کە بەرتەسککردنی دێمۆکراسی لە چوارچێوەی بەشێک لە ئازادییەکاندا، بێ لە‌نێو بردنی ڕەوتی چەوسانەوەی ئینسانەکان و داگیرکەری وڵاتەکان، ناتوانێ بە چەشنێکی بنچێنەیی ئەم کێشەیە چارەسەر بکا، بە واتەیەکی دیکە دێمۆکراسی سیاسی بێ دێمۆکراسی ئابوریی وتەیەکی بێمانایە. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)