کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە گرینگن؟

01:13 - 2 رێبەندان 2717

زنجیرەیەک سەرهەڵدان لە چەند شاری ئێران کە ١٨ی مانگی دێسامبر لە دووهەمین شاری مەزنی ئێران ڕا دەستی پێکرد، ڕێژیمی ئیسلامیی ئەم وڵاتە و باقی جیهانی شۆکە کرد. هەرچەند کە خۆپیشاندەرەکانی مەشهەد لە لایەن کۆنەپارێزەکانی دژی سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانی هاندرابوون تا سیاسەتە ئابوورییەکانی ناوبراو مەحکووم بکەن، بەڵام خۆپیشاندەران لە کۆنتڕۆڵی ڕێکخەرەکان دەرچوون. خۆپیشاندەران دروشمی وەک «سورییە جێهێڵە، بیرێک لە ئێمە بکەوە» و « مردن بۆ حیزبولڵا» یان دەگوتەوە کە ئامانجەکەی تەنیا حەسەن ڕوحانی نەبوو بەڵکوو گشت ڕێژیمی ئیسلامیی بوو. لە ڕۆژەکانی دواتر، ناڕەزایەتییەکان بۆ ٨٠ شاری دیکە تەشەنەی کرد و بووە هۆی کوژرانی ٢٢ کەس و دەستبەسەر کرانی پتر لە ١٠٠٠ کەس. لە ٨ی ژانوییە، ڕووحانی، کە لە مانگی مای ساڵی ڕابردوودا دووهەمین دەوری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی بردەوە، گوتی ئەمە نیشانی دا کە ئێرانییەکان تەنیا داوای ئابووریی بەهێز ناکەن، بەڵکوو ئازادی زۆرتریش دەخوازن. لە کاتێکدا کە دەوڵەت دەڵێ دۆخەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە، ئەمە نابێتە هۆی لەنێوچوونی گرینگیی مەزنترین ناڕەزایەتییەکانی دوای ٢٠٠٩، کاتێک کە میلیۆنان کەس هاتنە دەر و ناڕەزایەتییان لە دژی ئاکامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی دەربڕی. ئەوکات دەوڵەت سەرهەڵدانەکەی سەرکوت کرد و دوو کەس لە کاندیداکان کە دژی ئاکامی هەڵبژاردنەکە بوون ئێستاش لە ماڵەوە دەستبەسەرن. بۆچی دیسان ئەم هەموو ئێرانییانە هاتوونە سەرشەقام و ئاخۆ ئەم ناڕەزایەتییە کاردانەوەی مەزنتر لە هی هەشت ساڵ لەوەپێشی دەبێ؟ وەک چاودێرێکی ئێران، ئەمن لە سەر ئەم بڕوایەم کە چەند جیاوازیی گرینگ لە نێوان ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە لەگەڵ هی ساڵی ٢٠٠٩ هەن کە دەتوانن بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە یارمەتیدەر بن. هۆی سەرهەڵدانەکە چیە؟ هیچ سەیر نیە کە باڵی کۆنەپارێزی ڕێژیمی ئیسلامی خێرا دژبەرانی ئێرانیان تاوانبار کرد، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعودی. بە پێچەوانە ڕێفورمخوازەکان دەڵێن کە هۆی ناڕەزایەتییەکان ڕەخنەی ئابووری وەک بێکاری، نایەکسانی و گەندەڵییە. ئەوان تا ڕادەیەک ڕاست دەکەن. لە کاتێکدا کە ئابووری بە گشتیی لە گەشە کردنە، و زۆر لە نیشانەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەرێنی بوون، دەستکەوتەکان لە نێوان گشت ئێرانییاندا دابەش نەکراون. لە ٢٠١٦، دوای ڕێککەوتننامەی ناوکیی لەگەڵ خۆرئاوا، کە بۆتە هۆی چوونە سەرێی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی وڵات، ئابووری بە ڕێژەی %١٣،٤ وەک ئاکامی بەرزبوونەوەی کەرتی نەوت و دارایی، گەشەی کرد. بەڵام کەرتی غەیری نەوت، تەنیا % ٣،٣ گەشەی کرد، کە نیشانەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەم ڕاستییە کە گەشەکردنی ئابووری ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە ستانداردی ژیانی خەڵک دروست نەکردوە. داهاتی ڕاستەقینەی بەشێکی بەرچاو لە کەرتەکانی ئابووری بە لاوازیی دەمێنێتەوە و بەشی بیناسازیی و ڕێگاوبان لە دۆخی نزمی بازاڕدا ماوەتەوە. ڕێژەی بێکاریی هێشتا %١٢_ە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە. بەڵام لە شارە بچووکەکان و ناوچە سنوورییەکانی وڵات، شوێنێک کە زۆربەی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی نیگەرانی لەبارەی نایەکسانیی و هەژاریی هاتنە ئاراوە، گەلێک بەرزترە. لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ڕیبەری مەزن دەسەڵاتی بەربڵاوی بۆ دیاریی کراوە و تەنانەت ڕووحانیش تواناییەکی سنوورداری بۆ کاریگەریدانان لەسەر بەشە گرینگەکانی سیاسەت و لەنێویاندا بەشێک لە سیاسەتی ئابووریدا هەیە. هەندێک لە سیاسەتە کلیلییەکان لێی قەدە کراون، وەک دەستوەردان لە سورییە، عێراق و لوبنان. ئەم هەڵمەتانە کە هەموو ساڵێک تێچووی چەندین میلیارد دۆڵاریی بۆ ئێران هەیە، وێدەچێ کە بۆتە هۆی بەشێک لە تووڕەیی خۆپیشاندەرەکان. جیاوازییە سەرەکییەکان سێ جیاوازیی سەرەکی لە نێوان سەرهەڵدانی ئەم دواییانە و هی ٢٠٠٩ هەیە. لە ٢٠٠٩، داواکارییەکان سیاسی بوون. بەشی ڕێفورمخوازی ڕێژیم، کە ئاکامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی قبووڵ نەبوو، ئەکتەری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان بوو. ناڕەزایەتیی ئەمجارە هیچ ڕێبەرێکی دیاریکراوی سیاسیی نیە و وێدەچێ تەواوەتیی ڕێژیمی کردبیتە ئامانج، بە ڕێفۆرمخوازەکانیشەوە. ئەمە بە باشترین شێوە لەو دروشمانەی کە زۆر جار لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دەگوترانەوە دەردەکەوێ، کە دەکرێ بەم شێوەیە وەریان گێڕین، « ئەمە کۆتایی گشت ئێوەیە.» جیاوازییەکی دیکە ئەمەیە کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩ لە تاران و شارە سەرەکییەکان بەڕێوەچوون. لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە ئەگەر خۆپیشاندەری کەمتری لەخۆ گرتبوو، بەڵام پانتاییەکی زۆر مەزنتری وڵاتیان گرتەوە، لەنێویاندا زۆر شاری بچووک کە ناپێشکەتوو و کەمداهاتن. ئەم خۆپیشاندەرانە کە زۆرینەیان لاون، لەنێویاندا بێکارانی خاوەن بەڵگەنامەی زانکۆ و کرێکاری کەم داهاتن، لە هەواڵە بەربڵاوەکانی گەندەڵیی و قۆرخکرانی نادادپەروەرانەی سامان لە دەستی بەشێک لە کاربەدەستاندا تووڕەن. تاقمە دەسەڵاتدارەکان کە لەگەڵ یەکتر لە کێبڕکێ دان، پەیتا پەیتا گەندەڵیی یەکتر ئاشکرا دەکەن، ئەم ئاشکرا کردنانە بۆتە هۆی هەست بە بێگانەبوون لە نێو ئەم بەشە لە هاووڵاتییان کە تووشی هەژاریی و بێکاریی بوون. ئابووری بۆ خۆپیشاندەرانی ئێستا گەلێک گرینگترە لە خۆپیشاندەرەکانی چینی مامناوەند لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩. خاڵی کۆتایی، وەڵامی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەرهەڵدانی ئەمجارە زۆر جیاواز بوو. بەڕیوەبەرایەتیی ئۆباما بە پارێزەوە وەڵامی سەرهەڵدانی ٢٠٠٩ی دایەوە و داوای کرد کە خۆپیشاندەران بە ئاشکرا هان نەدرێن، هۆیەکەی ئەو مەترسیییە بوو کە پشتیوانیی ئاشکرا دەبێتە هۆی سەرکوتی بێبەزەییانەتر. بە پێچەوانە، سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ و وەزارەتی کاروباری دەرەوە چالاکانە پشتیوانییان لە خۆپیشاندەران کردوە و ویلایەتە یەکگرتووەکان تێدەکۆشێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کاردانەوەی دەوڵەتی ئێران مەحکووم بکەن. بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە، بەرەوڕووی دژایەتیی تووندی ڕووسیە و چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆتەوە. نیگەرانییەکان لەبارەی پەرچەکرداری بەهێزتر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ڕەنگبێ بتوانێ وڵامی وریا و لەسەرخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرەکان شی بکاتەوە. وەڵامەکە لە ٢٠٠٩ بێبەزەییانەتر و تووندوتیژتر بوو. ئەگەری کام گۆڕان لە ئارادایە؟ جەختکردنەوەی خۆپیشاندەران لەسەر پرسی ئابووری لەجیات سیاسی، توانایی هەندێک لە بەرپرسە میانڕەوەکانی ڕێژیم بۆ ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییەکانی خۆپیشاندەران لە جیات بیدەنگ بوون و مەحکومکردنی ڕاستەوخۆ دەباتە سەر، شتێک کە لە ٢٠٠٩ ئەنجام درا. لە کاتێکدا کە ئاکاری تووندوتیژ لەلایەن هەندێک لە خۆپیشاندەرانەوە مەحکوم کرا، زۆر لە ڕیبەرە سیاسییەکانی ئێران، لە نێویاندا عەلی خامەنەیی، هاوسۆزیی لەگەڵ نیگەرانییە ئابوورییەکانیان دەربڕیوە. ئەوان بە هەمان شێوە بوونە هۆی هەندێک ئاڵوگۆڕ لە بودجە و پێشترێتیدان بە چاکسازییە ئابوورییەکان. بۆ وێنە، بردنەسەرێی بەرنامە بۆداڕێژراوی نرخی سووتەمەنی وەدوا خراوە. لە کاتێکدا کە جێگای دڵخۆشییە کە دەوڵەت کاردانەوەی بەرامبەر بە نیگەرانییەکانی خۆپیشاندەران هەبووە، ڕاگرتنی چاکسازیی ئابووری پێویست، ڕێگای دروستی ئەم کارە نیە. ئەم هەنگاوانە بێگومان بە دڵی ئێرانییە کەمداهاتەکان و بردنە سەرێی خۆشەویستیی سیاسی ئەوان دەبێ، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی گیروگرفتی زۆرتر لە داهاتوودا چونکە دەبێتە هۆی چوونە سەرێی ڕێژەی کەمهێنانی بودجە کە لە کۆتاییدا ئەگەری چوونە سەرێی ڕێژەی هەڵاوسانی نرخەکانی بەدواوەیە. لەجیات ئەوەی کە نرخی کاڵا سەرەکییەکان بە شێوەیەکی دەستکرد لەخوارەوە ڕاگیرێ، کە دەبێتە هۆی بەفیڕۆ چوون و ناکارامەیی بەرچاو لە ئابووریدا، ڕێگای کاریگەرتر ئەمەیە کە جەخت لەسەر سوبسیدی دیاریکراو بۆ چینی هەژار بکرێ و هەوڵی جیددیتر بۆ خەبات دژی گەندەڵیی و واستەکاریی سیاسی، هۆی سەرەکیی جیاوازیی نێوان داهاتەکان لە ئێرانە، بدرێ. کام شت ڕوونادا؟ ئاخۆ ئەم سەرهەڵدانە دەبێتە هۆی وەخەبەر هاتنی ئێلیتی سیاسی بۆ پێویستیی هەنگاوی زۆرتر؟ بەداخەوە لانیکەم تا ئێستا، کاردانەوەیەکی ناکاریگەری پۆپولیستی تەنیا شتێک بوو کە ڕێبەری مەزن ئەنجامی داوە. داواکارییە سیاسییەکانی خۆپیشاندەران، وەک نەهێشتنی گەندەڵیی، سنووردار کردنی دەسەڵاتی خامەنەیی و کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە ناکۆکییە ناوچەییەکان، وێناچێ بەم زووانە وەڵام بدرێنەوە. سیستەمی سیاسیی ئێران بە وردی لەو کاربەدەستانە کە دەبنە بەڕیوەبەریی دامودەزگا دەوڵەتییەکان دەکۆڵێتەوە و لە ئاکامدا ئەم شوێنانە بە ڕووی هاووڵاتییە ئاساییەکاندا داخراون، کە دەبێتە هۆی ئالتێرناتیڤی گەلێک کەم بۆ کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەت جگە لە خۆپیشاندانی سەر شەقام. هیچکام لە تاقمە سیاسییەکان، بە ڕێفورمخواز و کۆنەپارێزەوە، هێچ ڕیگاچارەیەکیان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە پێشنیار نەکردوە. بەڵام بۆ زۆربەی ئێرانییەکان، گەندەڵیی، هەژاریی و نایەکسانیی ئابووری بە بێ چاکسازیی جیددی چارەسەر نابن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەرچی سەرهەڵدانی ئەمجارە خۆی لە کزیی داوە، سەرهەڵدانی لەم چەشنە وێدەچێ لە داهاتوودا دووپات ببنەوە. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)