کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د.ئاسۆ حه‌سه‌نزاده‌: کۆماری ئیسلامی ناتوانێ وه‌ڵامده‌ری داوای خه‌ڵکی ناڕازی بێ

01:18 - 2 رێبەندان 2717

ده‌نگی کوردیی ئه‌مریکا بۆ تاوتوێی خۆپیشاندانه‌کانی مانگی به‌فرانباری ئێران وتووێژێکی له‌گه‌ڵ دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌نزاده‌، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کردوه‌. ده‌نگی کوردیی ئه‌مریکا به‌ ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وتی خۆپیشاندانه‌کان له‌ ئێران، دروشمی خۆپیشانده‌ران و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک له‌ بارودۆخی ئابووریی وڵات و سیاسه‌تی قه‌یرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی له‌ ناوچه‌ له‌ سه‌ر حسێبی سه‌روه‌ت و سامانی گشتیی خه‌ڵکی ئێران ده‌کرێ؛ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌نزاده‌ دێنێته‌ به‌رباس که‌ ئایا کۆماری ئیسلامی توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ داوای شه‌قامی ئێرانی هه‌یه‌؟ «کوردستان» به‌باشی زانیوه‌ ده‌قی ئه‌و وتووێژه‌ بۆ خوێنه‌رانی بڵاو بکاته‌وه‌: دوکتور ئاسۆ له ڕۆژانی ڕابردوودا ئێران خۆپیشاندانێکی زۆری تێدا بیندراوە که لە مەشهەد دەستی پێکرد و دوایی تەشەنەی کردە شارەکانی دیکە و بەپێی ئامارەکان لانیکهم له ٩٥ شاری ئێران خۆپیشاندان بووه. خۆپیشاندانهکان به درووشمی ئابووریی دهستیان پێکرد بەڵام دواتر درووشمەکان تهواوهتیی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کردە ئامانج و وەلانانی ئەو سیستمە. بەڕای بەڕێزتان بە چ هۆیەک ئەو خەڵکە ئێستا لەسەر شەقامن و بۆ چی درووشمە ئابوورییەکان ئاوا زوو ڕەنگ و بۆی سیاسی و ڕادیکاڵی بەخۆیەوە گرت؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ئەگەر حکوومەتێک لە وڵاتێکدا ئەگەر کاره‌که‌ی بەڕێوەبردنی وڵات و چارەسەری کێشەکانی وڵاتە لە ڕووی ئابووری یا لە ڕووەکانی دیکەوە، ئەوە پرسێکی سیاسییە. یانی ناکارامەیی سیاسیی بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاڕیشەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و بەتایبەتی ئابووریی لێ بکەوێتەوە. هەر وەکوو باست کرد بزووتنەوەی ئێستا زۆر بەربڵاوترە و ئەوە خه‌سڵەتە تازانەشی تێدان، یانی هۆکارەکانی ئه‌گه‌ر ئابوورین بەڵام مەعنای سیاسیی پێ بەخشراوە و پاشانیش خەڵک بە شێوەیەکی گشتی زۆر نەترسانەتر لە ڕابردوو دەیانەوێ تەواوی حاکمییەت بکەنە ئامانجی ئێعترازی خۆیان و نایانهەوێ لە گەمە سیاسییه‌ نێوخۆییه‌کانی باڵەکانی ڕێژیمدا قەتیسی بکەنەوە و بەتەواوی نائومید بوون لەوەی کە ئەوە سیستمە دەتوانێ بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات شتیکی ئەوتۆ بکا. بێگومان کێشه‌ی ئابووری هەیە، بەڵام مەسەلەی پرسی ئازادییەکانیش گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێین بە سروشتی سیکولارەوە ئەم خەڵکە لە مەیدان دایە. بۆیە مەعنای سیاسیی یەکجار زۆرە، بەڵام حاشای لێ ناکرێ کە پاڵنەرە هەرە گەورەکە و دەتوانم بڵیم ئەوەشە کە زۆر هیوابەخشە پاڵنەرێکی ئابووری بووە و ئەو پاڵنەرە دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێ لە به‌رده‌وامیی هاتنە مەیدانی خەڵک لە حەرەکەتێکی لەم چەشنەدا. بە ڕای ئێوە کۆماری ئیسلامی دەتوانێ داواکارییە ئابوورییەکانی خەلک کە دەبێتە هۆی بەرهنگارییەکی سیاسی و ئاوا ڕادیکاڵ چارهسهر بکا؟ واته کۆماری ئیسلامی ئیمکانی ئەوەی هەیە کە له بواری داراییەوە، یان لهڕووی ماهییهتی خۆی ههنگاو بۆ چارهسهری کێشهکان بنێ یان ئهوهی خۆپیشاندانهکان بە زوویی یان بە درەنگی تێکشکانی کۆماری ئیسلامیی لێ دهکهوێتهوه؟ ئەمن باوەڕ ناکەم شتێکی لەم چەشنە بتوانێ ڕوو بدا دیارە ئێستا دەبینین که‌ لەسەریەک خەریکە یەکدەست بوونەوەیەک لە نێو حاکمیەتدا ڕوو دەدا بۆ پاراستنی ته‌واوه‌تیی نیزام و ڕەنگە هێندێک سووڕەتبەندییەکی تازە له‌ نێو حاکمیەتدا ڕوو بدا. له‌وانه‌یه‌ لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هێندێک شتی نوێ لە موناسباتی جمهووری ئیسلامیدا بێته‌ کایەوە، ته‌نانه‌ت ڕەنگە کۆماری ئیسلامی بیەوێ هێندیک هەنگاو هەڵێنێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وەزعە، بەڵام لە نیهایەتدا بە باوەڕی من لەبەر ئەوەی ئەوانەی کە لە کۆماری ئیسلامیدا باڵادەستن _هەستەی ئیستبداد_ یان ناوکی سەرەڕۆیی لەو باوەڕەدایە کە هەرمان و بەقای ئەو ڕێژیمە بەستراوەتەوە بە گەمە نێودەوڵەتی و ناوچەییە تێکدەرەکانی ئەو ڕێژیمە و، بۆ ئیدامەدانی ئەو گەمانەش بیگومان بە تاڵانبردن و سەرفکردنی سه‌روەت و سامانی وڵات پێویستە. یانی ناتوانن لەوە بکشێنەوە، پاشان توانای چارەسەرکردنی پرسە ئابوورییەکانیشیان نیە. ئەوە بەدەر لەوە کە لە بەستێنە سیاسییەکەشدا کە وەک گوتمان ئەوەش داوای خەڵکە و کۆماری ئیسلامی لە میژە بەسەر ئەو خەتە و ئه‌م جۆره‌ قەناعەتەدا ڕۆیشتووە و ئەگەر پاشەکشە بکا، وردەوردە نەمانی خۆی لێ دەکەوێتەوە. کەوابوو نیهایەتی ئەو حەرەکەتە هەر شتێک بێ بە درەنگ یان زوو هەر دەبی بە لانیکەم پاشەکشەیەکی ئەوتۆی ڕێژیمی لێ بکەوێتەوە کە لە واقیعدا نەمانی ئەو ڕێژیمە لە ئاخری داستانەکەدا بنووسرێ. دوکتور ئاسۆ کورد لە کوێی ئهو هاوکێشهیهدا جێ دهگرێ؟ هەر لە سەرەتاوە کرماشان لەگەڵی بوو و دواتر ئیلام و سنە و بۆکان و ورمێ. بەڵام ئێستا لە زۆر ناوچەی دیکهی کوردستان ئێمە حزووری کوردمان نەبینیوە. ئایا ئهوه دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانیی گەلی کورد لەوەی کە خۆپیشاندانەکان بە چ ئاقارێکدا دەڕۆن یان نا شێوازێک ئیستراتژیی تازەیە کورد هەڵی بژاردووە بۆ ئەوە کە تەنیا کاتێک بە بەربڵاوی بێتە نێو کایەکە کە لە بردنەوەکەی دڵنیا بێ؟ هەموو ئەو هۆکارانەی کە خەڵه‌کی لە شارەکانی دیکەی ئێران هێناوەتەوە سەر شەقام چەند قات لە کوردستان ئەو هۆکارانە خەڵک بە ڕەگ و پێسته‌وه‌ هەستیان پێ دەکا و خه‌ڵکی کوردیان وەزاڵەی هێناون. بەڕاستی ئەگەر لە ئاستی ئێراندا و له‌ ده‌یه‌کانی ڕابردوودا تەنیا چەند جارێک بزووتنەوە یا حەرەکەت و خۆپیشاندانی لەو چەشنە بیندراوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ساڵێ چەند شتی لەو چەشنە ڕوو دەدا و کوردستان غایب نیە لەو شتەی کە ئێستا لە ئیراندا ڕوو دەدا. ڕاستە زەمینەی ئەو جۆرە حەڕەکەت و خۆپیشاندانانە لە هەموو شارەکانی کوردستان وەک یەک نیە بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە شارە هەرە گەورە و ئیستراتژیکەکان و بە تایبەتی کرماشان زۆر بە گەرموگوڕی لە ئیعترازەکاندا دەرکەوتبوون، ئیمە دەتوانین بڵێین کوردستانیشی لەگەڵە. بەڵام جێی خۆیەتی بڵێین که‌ تێچووی ئەو جۆرە حەرەکەتانە لە کوردستان لەسەرترە. بۆیه‌ کورد پێویستە بە کارکردن لەسەر خۆی و بە نیشاندانی هاوپێوەندی لەگەڵ ئەوە جۆرە بزووتنەوانە، لە ته‌نیشت ئەوەشدا دەبی چاوی لەوه‌ بی کە ئاکامی ئەم ئاڵوگۆڕانه‌ لە ئیراندا دەتوانی چی بۆ کورد بەدوادا بێ و بە تێبینییەوە بجووڵیتەوە. دیاره‌ لە هەر حاڵدا کورد لەگەڵ ئەوە فەزا ئێعترازییە هەیە و ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانیی لێ دەکەین بەڵام ئایا میتۆدەکە، بەستێنەکە، تیکنیکی کارەکە، کات و شوێنەکان بە چ جۆرێک دەبێ تەنزیم بکرێن لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی کە وەزنی ئیعترازی کوردیش یارمەتی بدا بە یەکلابوونەوەی ئەو ئیعترازانە لە سەراسەری ئێران ،ئەوە شتێکە کە لە ڕۆژەکان و حەفتەکانی داهاتوودا بە پێی زەمینە و زەرفیەتەکان ئێمە دەبێ قسەی لەسه‌ر بکەین.   چەند پێتوایە لایەنگری و پشتیوانیی دەرەکی لەو کاتەدا بۆ گەلی ئێران گرینگە. هێندێک بۆچوون هەیە کە هەر چەشنە لایەنگرییەکی دەرەکی و لەوانە پشتیوانیی ئەمریکا دەتوانێ ببێتە هۆی سەرکوتکردنی ئاسانتری خەڵک و ناتوانێ قازانجی بێ، یان دەتوانێ بێتە هۆی هێرشی سەربازی وەک پلانێک بۆ داهاتوو و ئەوەش هیندێک له خەڵک بە دڵیان نیە و هێندێک لایەنیش دەڵێن ئیستا ئەرکی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە داوای دێموکراسی و ئازادی دەکەن پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەن. جهنابت پێت باشه ئهو لایهنگری کردنه؟ تەنانەت ئەوە کاتانەش کە هیچ چەشنە وەدەنگهاتنێکی نێودەوڵەتی نەبووە لە حەرەکەتی ئیعترازی و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران و یان خەڵکی کوردستان، هەمیشە ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی ئەو جۆرە حەرەکەتانەیان نیسبەت داوە بە بێگانە و ده‌ستی ده‌ره‌کی. کەوابوو ئەوەی کە ئێمە بڵێن دەبێ پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەبێ جیا لەوە کە ئەوە شتێکی ڕەوایە و وەدەنگهاتنە لە مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ کە شتێکی نێونەتەوەییە. بە پیچەوانەی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی شووڕای ئەمنییەتدا ڕووسیە یان هێندێک وڵاتی دیکە گوتویانه‌ ئەوە پرسێکی نێوخۆییه‌ که‌ وانیه‌. کەوابوو جیا لەوە کە ئەوە شتیکی ڕەوایە، ئەوە وەدەنگ هاتنە پێویستیشە و دەتوانێ یارمەتیدەر بێ. بەڵام ئەوەی کە ئایا سروشتی ئەو یارمەتیدانە دەبێ چ بێ، بەڵێ ئەوە دەتوانی کاریگەری و کارتێکه‌ریی جیاوازی ببێ. بەڵام بە باوەڕی من ئەگەر هێزی خەڵک لە مەیداندا بێ و بەڕاستی خەڵک بتوانێ خۆی ڕێک بخا، بەبێ یارمەتیدان و به‌هاناوه‌هاتنی نێودەوڵەتی و عەمەلیش ئەو حەرەکەتە دەتوانێ سەربکەوێ، بەڵام لە هەر حاڵدا ڕاستە کە وەدەنگهاتن و دەنگدانەوە بەخشین بە دەنگی خەڵک و دروستکردنی ڕایه‌ڵەیەکی هاوپێوەندی لەگەڵ ئازادیخوازانی ئێران بە تایبەتی گەلانی ئێران بە تایبەتی گەلی کوردیشی ئەگەر تێدا بێ و  ئەکتیوتر بێ؛ ئەوە دەتوانی کاریگەریی هەبێ و هیوادارم شتێکی لەو چەشنە ڕووبدا کە کۆمەڵگه‌ی نێونەتەوەیی ئەو جارە ئیدی بێدەنگ نەبێ.   سپاس دوکتور ئاسۆ بۆ بەشداریتان لەو وتووێژەدا سپاس بۆ ئێوەش و هەر بژین. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)