کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەک بۆ ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا

01:23 - 2 رێبەندان 2717

هەڵوێستی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ئەمساڵ دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، خوێندنەوەیەکی یەکدەستی بۆ ناکرێ. لە گەڵ ئەوەیکە بەشێکی زۆر و بەرچاوی شار و ناوچەکانی کوردستان بێدەنگی و بەشدارینەکردنیان لەم خۆپێشاندانانە بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام چەند گەورە شارێکی وەک کرماشان، سنە و ئیلام بەشدارییان تێدا کرد و ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە ڕێژیم دەربڕی و بە دەیان کەس لە خۆپێشاندەرانی چالاک و پێشەنگی ئەم نارەزایەتییانە لەم چەند شارە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران و تەنانەت دوو لەوان لە بەندیخانە‌ و لە ژێر ئەشکەنجە‌دا گیانیان لێ ئەستێندرا. خوێندنەوەی ئەم دوو ڕەفتارە جیاوازەی خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان بەرانبەر بە خۆپێشاندانانەکانی مانگی بەفرانبار و بەشداریکردن و نەکردنیان، باسێکی فرەڕەهەندە کە بەشی زۆری پێوەندی ڕاستەخۆی بە باگڕاوەندی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەمنیەتی و رەفتارییەوە هەیە کە هەرکام لە جێدا بایەخ و گرینگیی خۆیان هەیە و قسە لەسەر کردنیان لە تاقەتی ئەم وتارەدا نیە. بەڵام دیسانیش پێویستە بە قسەکردن لە هێندێک وردە تایبەتمەندیی دیکەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەمنیەتی و ڕەفتاری خەباتکارانەوە، باس لەم ڕەفتارە جیاوازانە بکەین. پێش هەموو شتێک کە باس لە سێ شاری وەک ئیلام، کرماشان و سنە دەکەین لە سەر ئاستی کوردستان و تەنانەت ئێرانیشدا قسە لە سێ گەورەشارە کە بێگومان ڕەفتارەکانی بە نیسبەت شارە چووکەکانی دیکەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی ناتوانێ هەروا بە ئاسانی بێ، لە ژێر کارتێکەریی ئەم گەورەبوونەدا هەیە. بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نیە بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ڕەفتارەکان لە کوردستان جارجار و لە هێندێک دەرفەت و پرسدا بە جیاواز دەنوێندرێن. لانیکەم لە ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانەوە کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی تایبەتەوە، چ لە ڕووی نفووز و پەیامی ناسیونالیستی و شوناسخوازانەی نەتەوەییەوە و، چ لە ڕووی بەشداریی خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە هۆکاری سیاسی و ئاڵۆگۆڕەکانی قۆناغە جۆراوجۆرەکان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جۆری دەرفەت و مەجالی سیاسیدا هاوخوێندنەوە، هاوڕەفتار و هاوهەڵوێست نەبووە. هەر وەک چۆن دەبێ دان بەو ڕاستییە تاڵەشدا بنێین کە نفووزی خەباتکارانە و پەیامی شوناسخوازانەی نەتەوەیی بە شێوەی یەکسان تەواو کەلەبەر و قوژبنەکانی ئەم نیشتمانەی دانەگرتوە و بڵاو نەبۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی شۆڕنەبوونەوەی گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی جۆراوجۆری هێزە سیاسییەکان بە بەشێک لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەگەیشتینی پەیامی شوناسخوازانەی نەتەوەیی بەم ناوچانە و قەتیسمانەوەیان لە هەرێمێکی بەرتەسکی کوردستان کە زۆرجار بە «موکریان»ی ناودەهێنن کە جێی خۆیەتی لەم دەڤەرە گەورەتریشی سەریر بکەین، ئەم ڕەفتارە جیاوازانە بیچمیان گرتوە و تا ئێستایش تا ڕادەیەک وەک خۆیان ماونەتەوە. لە پرۆسەی خەباتی چەکداریی هێزە سیاسییەکانیدا دژ بە دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە ئەم شێوازە لە خەباتیش زیاتر لە دەڤەڕێکی دیاریکراودا بە پێی نفووزی پێشمەرگانەی هێزە سیاسییەکان زیاتر بەرچاو دەکەوت، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ شوێنەواری لە سەر درووستبوونی جیاوازیی ڕەفتاری خەڵکی کوردستان داناوە کە دەکرێ بە ڕەفتاری «ڕه‌ق» و «نەرم»یان ناو بهێنین. ئەو ناوچانەی کە خەباتی چەکداریی تێیاندا بەرچاو بووە بێ‌‌گومان لێبڕاوانەتر لە کۆمەڵە ڕەفتارێکی نەرم و ناتوندوتیژانە، هەڵوێست دەگرن و ڕەفتارەکانیان لە خانەی «ڕه‌ق» و «ڕژد»دا خۆی دەبینێتەوە. کەچی  ئەو شوێنانەی کە پێشینە و باگڕاوەندێکی جەماوەری _مەدەنییان لە جۆری تێکۆشاندا هەیە، دیسانیش ڕەفتارەکانیان بەرانبەر بە دەسڵات، یان هەر پرسێکی دیکە ڕەنگدانەوەی ئەم شێوازە «نەرم» و هەنگاو بە هەنگاوەیە. بە تەبەعییەت لەم جیاوازییانە لە ڕەفتار و هەڵسووکەتی خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان، ڕوانین و ڕەفتاری سیاسی و ئەمنیەتیی دەسەڵاتی سیاسیی لە تارانیش هەر لە ڕووی ئارایشی هێزە ئەمنیەتییەکانی خۆی لەم ناوچانەوە بگرە کە مەبەست زیاتر لە خوجێیبوون و ناخۆجێیی‌بوونیانە، تا دەگاتە ڕادەی هەستیاربوونی دەسەڵات بە نیسبەت جیاوازیی ڕەفتارەکانەوە، جیاوازیی پێوە دیارە. ئەوە بەهێچ شێوەیەکە بە مانای بە «ئەرزشی» چاو لێکردنی ڕەفتارە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستانەوە نیە کە ئەو پەیامەی لێ هەڵبهێنجێندرێ کە کامیان دەتوانێ باش یان خراپ بێ. هەموو ئەم جیاوازییانەی کە پێوەندی بە نفووزی هێزە سیاسییەکان، پەیامی شوناسخوازانەی نەتەوەیی و شێوازەکانی خەبات و، لە لایەکی دیکەوە خوێندنەوەکانی دەسەڵاتی سیاسی بە هەموو باڵ و تەیفەکانییەوە هەیە، بە ڕوویەکی دیکەدا تا ئێستایش کاریگەریی لە سەر جیاوازیی ڕوانینی خەڵکی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نیسبەت تاران، وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات، ئاڵۆگۆڕ لە بەشەکانی دیکەی ئێران، حەرەکەتە سەرانسەرییەکان کە چەند لە ڕووی نێوەڕۆکی درووشم و داخوازییەکانەوە‌ دەتوانن سەرنجی خەڵکی کوردستان رابکێشن، هەیە. نێوەڕۆکی ئەو درووشم و داخوازییانەی کە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکاندا دێنە گۆڕێ و لە شەر شەقام بڵاودەبنەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان هەیە کە ڕەفتارەکانیان هەڵگری شوناسێکی نەتەوایەتییە. جۆری ئەم کاریگەرییە کە دەتوانێ ڕەفتاری خەڵکی کوردستان بە دژکردوە بەرانبەر بە بەشداری کردن یان نەکردنیان لە پرسێکی سەرانسەریدا دیاری بکا. ئەوەی لە درووشم و پەیامی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا دیتمان، سەڕەڕای بەربەرینبوونی، بەڵام وەک دەرکەوت نەیتوانی سەرنجی زۆربەی خەڵکی کوردستان بۆلای خۆی ڕابکێشی و بەشداری ئەو مەیدانەی بکا. بەشداریی ئەم چەند شارەی دیکەی کوردستانیش هەر وەک باسمان کرد پەیوەست بە کۆمەڵێک هۆکار بوو کە دیسان لە یەکیاندا بەردەوامبوونی و لە یەکی دیکەیاندا کۆتایی پێهاتنی خێرای لێ کەوتەوە کە هەر ئەم دوو رەفتارەیش دەکرێ لە چوارچێوەیەکی دیکەدا خوێندنەوەی خۆی بۆ بکرێ. داخوازە تایبەت و شوناسخوازانەکانی خەڵکی کوردستان لە جۆری ڕەفتاری خەڵکی ئەم نیشتمانەدا بەرانبەر بەو پرس و ئاڵۆگۆڕانەی لە سەر ئاستی سەرانسەری ئێراندا دێنە گۆڕێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە. خەڵکێک کە نزیک بە چل ساڵە بەربەرەکانیی سیاسەتەکانی ئەم رێژیمە‌ دەکا و هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی ئە دەسەڵاتەوە لە نێوەرۆکی ئەم رێژیمە گەیشتووە و بە هەموو جۆر و شێوازی خاباتکارانەی «ڕه‌ق» و «نەرم» داکۆکیی لە ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی کردبێ، هەروا ئاسان نیە لە گەڵ حەرەکەتێک بکەوێ کە لە نێوەرۆک و ئامانجەکانی دڵنیا نەبێ. لە کۆتاییدا و سەرەڕای پێداگری لە سەر هەموو ئەو هۆکارانەی کە لە سەر شکلگرتنی ڕەفتاری خەڵکی کوردستان بە جیاوازیشەوە کاریگەریی هەیە، نابێ لە بیرمان بچێ کە حەساسییەتی رێژیم بە نیسبەت کوردستان و بەڕێوەبردنی سیاسەتی میلیتاریستیی ئەم نیزامە لە کوردستان هۆکارێکی دیکەیە بۆ جۆری ڕەفتارنواندنی خەڵکی ئەم نیشتمانە بەرانبەر بە کۆمەڵێک پرس کە زۆر جار چاوەڕوان دەکرێ کوردستان دەبێ پێشەنگایەتیی بکا. بە سەرنجدان بە بێ‌ ڕێبەربوونی ئەم حەرەکەتە ناڕەزایەتییە، لە  بۆسەدابوونی کۆمەڵێک لایەنی تاقیکراوەی نامەسئووڵی بەنێوەرۆک نادێموکراتیک بۆ خۆبەخاوەنکردنی ناڕەزایەتییەکان و لە هەمووی گرینگتر فەزای قورس و زاڵی میلیتاریستی لە کوردستان، دەکرێ ڕەفتاری خەڵکی کوردستان چ ئەو چەند شارەی کە بەشداریی پرۆسەکەیان کردو چ ئەو شار و ناوچانەی کە بێدەنگییان هەڵبژارد، بە هەڵوێستێکی ئاگاهانە لە قەڵەم بدەین کە خودی هەڵوێسیتەکردنی حیزبە سیاسییەکانیش لەم پێوەندییەدا کە وێڕای پشتیوانییان لە خۆپێشاندانەکان و داخوازیی خۆپێشاندەران، بەڵام ڕاشکاوانە داوایان لە خەڵک نەکرد کە بەشداریی ئەم خۆپێشاندانانە بکەن، مەسئولانە بوو کە بە دڵنیاییەوە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە لە پشت ئەم هەڵوێستانەوە هەبوو. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)