کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«نا»یەک بە پانتایی ئێران بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران

01:36 - 2 رێبەندان 2717

هەڵەیە ئەگەر پێمان وا بێ دەسەڵاتەکان بەدەر لە خواستی ڕێژەیی کۆمەڵگە و بەبێ بوونی پشتیوانی لە نێو خەڵکدا، دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.  کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو ڕاستییە بەدەر نیە. دەسەڵاتێک کە خۆی دەرەنجامی شۆڕشی بەرینی خەڵکە. شۆڕشێک کە وەک دەڵێن دەیزانی چی ناوێ و نەیدەزانی چی دەوێ. دەرەنجامی ئەم زانین و نەزانینە دەسەڵاتێکی تۆتالیتەری مەزهەبی بە ناوی کۆماری ئیسلامی بوو. دەسەڵاتێک کە ئەوە ماوەی نیزیک بە چل ساڵە لە مەزهەب بۆ ڕازیکردن، بێدەنگکردن، تاوانبارکردن و سەرەنجام سەرکوتکردنی خواست و ویستە سیاسی و بژییویەکانی خەڵکی ئێران کەلک وەردەگرێ. بە درێژایی نیزیک بە چوار دەیە تەمەنی ئەم ڕێژیمە، زۆر بەرخودان و بەرەنگاربوونەوەی ناوچەیی و هەرێمی بە مەبەستی پاشەکشە بە دیکتاتۆری و دەستەبەرکردنی بەشێک لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەیەکی بندەست یان سەرانسەری ئێران هاتوەتە ئاراوە. کوردستان، بلووچستان و ناوچە عەرەبییەکانی ئێران لەو هەرێمانە بوون کە بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو خەبات بۆ دێموکراسی لە ئێران و بۆ دابینبوونی مافی نەتەوەیی لە هەر کام لەو هەرێمانەدا کەم و زۆر بەردەوام بووە. بەڵام بە هۆی ناوچەیی بوونی خەباتەکەیان، نەیانتوانیوە دەسەڵات لە تاران بە چۆک دابێنن و بە لانیکەمی ماف و خواستەکانیان بگەن. لە پاڵ ئەم خەباتە ناوچەییانەدا، بە درێژایی چوار دەیە تەمەنی دەسەڵاتی ڕێژیمی مەزهەبی لە تاران، چوار سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی لە ناوەندی ئەم وڵاتەشەوە سەریان هەڵداوە یان ناوەندی گرتوەتەوە کە دوایەمین و جیدیترینیان لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بوو. یەکەم ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی گشتی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا بوو. دوای ئەوەی خومەینی و ڕێبەرانی دیکەی نیزام پلانی لادانی بنی سەدر، یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراوی خەڵکی ئێرانیان جێبەجێ کرد، هاوکات پلانی دەرکردنی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە دەسەڵات، گرتنی ڕێبەران و هەڵتەکاندنی تەشکیلاتەکەشیان داڕشت؛ موجاهیدین بە هۆی ئەو تەشکیلاتە بەهێزەی کە هەیبوو، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی لە ناوەند و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران وەڕێ خست. شەڕ بۆ ماوەیەک شەقامەکانی تارانی گرتەوە، بەڵام دەسەڵات، سەرەڕای ئەو زیان و خەساری لە ئاکامی ئەو شەڕ و ناڕەزایەتییانەدا بەری کەوت، پاش ماوەیەک توانی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا کۆنترۆڵ بکا. پیاوانی ئایینیی دەسەڵاتبەدەست، بە کەلکوەرگرتن لە هەستی ئایینی و هەڵخڕاندنی هەستی وەتەن پەرەستیی خەڵک دژ بە دەستدرێژیی عێراق بۆ سەر وڵاتەکەیان، توانیان سەرانسەری دەیەی شەست و تا نێوەڕاستەکانی حەفتای هەتاویش بێ ناڕەزایەتییەکی گشتی و ئاشکرا، حکومەت بەڕێوە بەرن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبوو کە خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە و لە ئاکار و کرداری ڕێبەرانی ڕازی بن. هەژاری و گرانی هەروا لە پەرەگرتن دابوو، بەشێکی بەرچاو لە داهاتی وڵات بۆ ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تەرخان دەکرا، ئاڵقەی ماف و ئازادییەکانی خەڵک بەردەوام تەنگتر دەکرایەوە و حکومەت بە تەواوی دەستی خستبووە نێو ژیان و هەست و نەستی خەڵکەوە. هاوکات لە نێو دەسەڵاتدارانیشدا ململانێی دەسەڵات و ناکۆکی لە سەر چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی وڵات لە ئارا دا بوو. دواجار ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و ململانێکانی نێو دەسەڵات دەستیان بە دەستی یەک دا و بزووتنەوی ئیسلاحخوازی لە دایک بوو. پشتیوانیی خەڵک ئەم بزووتنەوەیەی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٧6 و دوو ساڵ دواتر لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانیشدا سەرخست. باڵی پاوانخواز لە زەینی خەڵکدا نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیی دەکرد. ناڕەزایەتییەکان بەوەندە نەوەستان و لە پووشپەری ١٣٧٨ دا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خوێندکارانی تاران دژ بە داخستنی ڕۆژنامەی «سەلام» و دژ بە بەربەستکردنی ئەو نەختە ئازادییەی کە خەڵک لە ژێر چەتری ئیسلاحخوازیدا دەستەبەریان کردبوو، هاتە ئاراوە. بەڵام ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانە لەلایەن خەڵکەوە بە کردەوە پشتیوانیی لێ نەکرا و تەنیا وەک نارەزایەتییەکی خوێندکاری مایەوە. بەو هۆیەش خواستەکانی گشتگیر نەبوون و پەرەیان نەسەند. دەسەڵات بە توندترین شێوە ئەم ناڕەزایەتییانەی سەرکوت کرد. چەندان خوێندکار کوژران و ژمارەیەکی زۆریان لێ بریندار کرا و زیاتریشیان دەستبەسەر کران.  بەڵام سەرکوتی بێبەزەییانەی ئەم ناڕەزایەتییانە هەتا ئێستاش وەک پەڵەیەکی شەرم بە ناوچەوانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانیەوە ماوەتەوە. دە ساڵ دوای سەرکوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە «کوی دانیشگا»، سێهەم ناڕەزایەتیی گشتی هاتە ئاراوە. لە درێژەی ململانێکانی نێو دەسەڵات و لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨، دوای ئەوەی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد بە پاڵپشتیی عەلی خامنەیی جارێکی دیکە بە براوەی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا، کاندیداکانی بەرەی ئیسلاحات و خەڵکێکی زۆر ئەمەیان نەپەژراند. لە ئەنجامدا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرین شەقامەکانی تاران و بە ڕێژەی کەمتر، چەند شاری گەورەی دیکەی ئێرانی گرتەوە. لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، ئەم خۆپێشاندانانە بەرینترین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بوون. حەشیمەتی زۆر تێیاندا بەشداری کرد و ماوەی نیزیک بە حەوت مانگی خایاند. بەڵام خواستی رێبەرانی خۆپێشاندان کۆماری ئیسلامیی تێنەپەڕاند و لە پێداچوونەوە بە ئاکامی دەنگەکانی خەڵک، واوەتر نەچوو. بەو هۆیەش خۆپێشاندانەکان نەک بۆ شار و ناوچەکانی دیکە پەلوپۆیان نەهاویشت و پەرەیان نەگرت، بەردەوام بەرەو کزی چوون و سەرەنجام کۆتاییان هات. دەسەڵات لە ڕۆژی ٩ی بەفرانباری هەمان ساڵدا، خۆپێشاندانێکی حکومەتی ساز کرد و کۆتایی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی ڕاگەیاند. کۆتایی ئەو خۆپێشاندانانەش ئەوەندە بە لای دەسەڵاتدارانەوە گرینگ بوو کە ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ساڵانی دواتریش شانۆی خۆپێشاندانی بۆ دووپات دەکردەوە. لە هەشتەمین ساڵی خۆئامادەکردن بۆ نیشاندانەوەی ئەم شانۆی خۆپێشاندانانەشدا بوو کە چوارمین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە. خۆپێشاندانێک کە هاوپێوەندیی لەگەڵ هیچکام لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێشوودا نەبوو. گەرچی لە ساڵەوەختی سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوزدا بوو، بەڵام کەمترین ئاماژە بەو بزووتنەوەیە و ئامانجەکانی لە دروشم و هێمای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ دا نەبوو. گەرچی خوێندکاران هەر زوو کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن، بەڵام زانستگا و زانکۆکان ڕۆڵ و دەوری بەرچاویان لەو خۆپێشاندانانەدا نەبوو. گەرچی وەک ڕێکخەرانی خۆپێشاندانی جۆزەردانی ١٣٦٠ خوازیاری نەمان و ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون بەڵام خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەک نەبوو کە حیزب و لایەنێکی تایبەت ڕێکی خستبێ یان لە پێناو حیزب، ڕێکخراو یا ئیدئۆلۆژیەکی تایبەتدا سەری هەڵدابێ. خۆپێشاندانێک بوو کە هەڵگری نەخشەی سیاسیی ئێرانی داهاتوو بوو. ئێرانێک کە بیر و بۆچوونە سیاسییە جیاوازەکان بتوانن لە پاڵ یەکتردا درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن. ئێرانێک کە هی یەک نەتەوە و یەک ئایین نییە، سامانی وڵات بێ جیاوازی و هەڵاواردن دابەش دەکرێ و هەژاران و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بەشی خۆیان لە سامانی زۆر و زەبەندی ئەو وڵاتە پێ دەبڕێ. ئاماژەکان وایان نیشان دا کە باڵی ئوسولگەرا دژ بە دەوڵەت چەخماخەی ئەم خۆپێشاندانانەی لێدا، بەڵام خۆپێشاندەران زۆر زوو عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و هێمای نیزام و ئەو جەناحەی دەسەڵاتیان کردە ئامانج. لەو لاوە ئیسلاح تەڵەبانیش سەرەڕای هەڵوێستی هاوشێوەیان دژ بە خۆپێشاندەران، لە ڕۆژانی دواتردا هەوڵیان دا بە جۆرێک خۆ لەو خۆپێشاندانانەدا بدۆزنەوە و دژ بە باڵەکەی دیکە کەلکی لی وەرگرن. بەڵام کەمترین دروشمی لاگری لە دەوڵەت یان لە ڕێفۆرمخوازان لە خۆپێشاندانەکاندا نەبوو. بەوەش خۆپێشاندەران ئەو پەیامەیان گەیاند کە ئەگەر لە هەڵبژاردندا دەنگ بە کاندیدی ئیسلاحخواز دراوە، بەو ئامانجە بووە کە لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی دیکتاتۆر پاشەکشەی پێ بکرێ نەک هەڵبژێردراو دوای دەنگوەرگرتن ئاوا ببێتەوە بە بەشێک لە دەسەڵات دیکتاتۆر. سەرهەڵدانی بەفرانباری ٩٦ لە زۆر بواردا ڕچەشکێن بوو. لە باری جوغرافیاییەوە زۆر زوو سەرانسەری ئێرانی تەنیەوە. ئیدیعای حکومەتی خودایی دایە بەر گەپ. لە زۆر شار و ناوچەدا نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان شانبەشانی یەکتر دروشمی نا دژ بە باڵەکەی دیکە کەلکی لێ وەرگرن. بەڵام کەمترین دروشمی لاگری لە دەوڵەت یان لە ڕێفۆرمخوازان لە خۆپێشاندانەکاندا نەبوو. بەوەش خۆپێشاندەران ئەو پەیامەیان گەیاند کە ئەگەر لە هەڵبژاردندا دەنگ بە کاندیدی ئیسلاحخواز دراوە، بەو ئامانجە بووە کە لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی دیکتاتۆر پاشەکشەی پێ بکرێ نەک هەڵبژێردراو دوای دەنگوەرگرتن ئاوا ببێتەوە بە بەشێک لە دەسەڵات دیکتاتۆر. سەرهەڵدانی بەفرانباری ٩٦ لە زۆر بواردا ڕچەشکێن بوو. لە باری جوغرافیاییەوە زۆر زوو سەرانسەری ئێرانی تەنیەوە. ئیدیعای حکومەتی خودایی دایە بەر گەپ. لە زۆر شار و ناوچەدا نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان شانبەشانی یەکتر دروشمینا بۆ دیکتاتۆرییان گوتەوە. دروشمەکان زۆر زوو باری خۆپارێزییان تێپەڕ کرد و لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج. بە پێچەوانەی ئیدیعای چل ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە نوێنەری هەژاران و موستەزعەفان لە قەڵەم دەدا، هەژاران و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بەشدارانی هەرە سەرەکیی ئەو خۆپێشاندانانە بوون. ئەو چین و توێژانەی کە ئامادەیی زیاتریان هەیە تا لە پێناو ئامانجەکانیاندا خەسار و تێچووی خەباتەکەیان بدەن. بەڵام سەرهەڵدانەکە بێ کەمایەسیش نەبوو. وەک چۆن بزووتنەوەی سەوز بە چینی مامناوەند و بە بێ بەشداریی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە نەیتوانی ئامانج بپێکێ، لەم خۆپێشاندانانەشدا چینی مامناوەندی کەمتر تێکەڵ بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بوو. سەرەڕای ئەمە، کەمایەسیی هەرە گەورەی ئەم بزووتنەوە گۆڕانخوازە، نەبوونی ڕێبەر و ڕێبەرییە. ئەم بزووتنەوەیە هەرچەندی ئامادە بێ تێچووی خەبات بدا بەڵام ئاستەمە لە ژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی سەرکوتکەردا بتوانێ ڕێبەریی شۆرشەکەی خۆی بگرێتە دەست و بە سەختی دەتوانێ لە نێو خۆیدا ڕێبەر و ئاڵترناتیڤ بۆ دوای روووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ساز بکا. هەر بۆیەش لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا درووشمی بێ واتای سەڵتەنەتخوازی یان رەحمەت ناردن بۆ رەزا شا و شتی لەو بابەتە دەبیسترا. ئەمە ئەگەر بەشێکی بۆ قەڵسەگێڕان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو، ئەو پەیامەشی گەیاند کە ئەم ناڕەزایەتییە لە ڕێبەر دەگەڕێ و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیش نەیانتوانیوە لە زەینی خەڵکدا ببن بە جێگرەوە و ئاڵترناتیڤێکی جیدی. ئەمە یەک لەو فاکتەرانە بوو کە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە نەیانتوانی زیاتر درێژە بکێشن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە کۆتاییان هاتووە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە ماوەی یەک حەتووی ئەو خۆپێشاندانانەدا ڕاگەیەندرا، «نا»یەکی گەورە و سەراسەری بە کۆماری ئیسلامی بوو. بۆ یەکەمجار خەڵکی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران، بە چین و توێژی جیاواز، بە ئایین و ئایینزای جیاواز و بە نەتەوەی جۆراوجۆر، مەترسیی گرتن، زیندان و کوشتنیان بە گیان کڕی تا درووشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر بڵێنەوە و «نا» بە کۆماری ئیسلامی بڵێن. ئەوان هاتن تا بەو ڕێژیمە و بە دژبەرانی ئەم ڕێژیمە رابگەیەنن کە کۆماری ئیسلامییان ناوێ. سروشتییە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان زۆر درەنگ دەنگی خەڵک دەبیسن یان تا لێواری مەرگ نایبیسن بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا دەبێ پەیامی ئەو خۆپێشاندانانە ببیسێ، ئۆپۆزیسیۆن و ڕێبەرانی دژبەری کۆماری ئیسلامین. ئەوان ئەگەر دەیانهەوێ ئەم ڕێژیمە بڕوا، ئێستا کاتی ئەوەیە وەخۆ بێنەوە و یەکتر بدۆزنەوە. دڵنیاکردنی کۆمەڵانی ناڕازیی خەڵکی ئێران لە ئاڵترناتیڤێکی جیدی و لە هەمان کاتدا دێموکراتیک و گشتگیر، ئیستا لە هەموو کات زیاتر ئازادیخوازانی ئێران لە ئامانجەکانیان نیزیک دەکاتەوە. ئاڵترناتیڤێکی دێموکرات کە بەرنامەی بۆ دابینکردنی مافی هەژاران، نەتەوە بندەستەکان، ژنان، ئایین و ئایینزاکان و سەرجەم جیاوازییەکانی کۆمەڵگا هەبێ، باشترین یارمەتیدەر و پەرەپێدەری ئەو نا گوتن و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)