کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، هۆکار و دەرەنجام

01:42 - 2 رێبەندان 2717

(پوختەی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە کۆمیتەی ناوەندی)* خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران کە بە زنجیرە نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار ناو دەبرێن، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌‌، 7ی به‌فرانبار له‌ گەورە شاری مه‌شهه‌د ده‌ستی پێکرد و زۆر زوو پەلی هاویشت بۆ شارەکانی دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی وڵات. وەک چاوەڕوان دەکرا حکومه‌ت بۆ پێشگرتن و به‌ربه‌ست دروستکردن لەبەردەم تەقینەوەی خۆپیشاندانەکان، زۆر ڕێکاری ئەمنیەتی و غەیرەئەمنیەتیی گرتە بەر، هێزێکی زۆری بە پانتایی وڵات له‌ هه‌موو شاره‌کاندا خستە ئامادەباش و لە هەموو ئەو شوێنانەش کە خۆپیشاندانیان تێدا کرا، دیسانەکە و هەروەک هەمیشە سیاسەتی سەرکوتی گرتە بەر. وەک بینیمان لە هەموو ئەو شوێنانە لە خەڵک درا، دەیان کەس کوژران، سەدان کەس بریندار بوون و سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری دەڵێن لە ڕەشبیگرەکاندا هەزاران کەسیان گرتوە؛ بەڵام ئەو ڕێکارانە وەک لە پێشووشدا ئەزموون کراون دیارە کە چارەساز نین و ناڕەزایەتییەکان ئەگەر بە شێوەی کاتیش لە شەقام دامرکابن، بەڵام ئاگری بن خۆڵەمێشن.   لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان چەند خاڵ گرینگ و جێی سەرنجن: بەر لە هەموو شتێک خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە شوێن و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران بەردەوامیی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێرانە دژ بە حاکمییەتی دیکتاتۆری و هەر جۆرە ئیدیعایەکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەستنەوەی ئەم حەرەکەتانە بە هۆکاری دەرەکی و دەستی وڵاتانی دژبەر هەم خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە و هەم ڕواڵەتسازییە بۆ میدیاکان، وەک چۆن زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنیەتی باڵای حکومەتدا گوتراوە کە بنەمای خۆپیشاندانەکان کەڵەکەبوونی فشار و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دۆخی ئارایی بووە و هێزی دەرەکیی لە پشت نەبووە. خۆپێشاندانەکان چ لە ڕووی پانتایی جوغرافیایی و چ لە ڕووی نێوەرۆکی درووشم و داخوازیی خۆپیشاندەران جیاوازییەکی زۆر و بنەڕەتیی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا هەبوو کە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوەتیی خۆیدا بەرچاوترینی ئەو تایبەتمەندییە بوو. داینەمۆی ئەو ناڕەزایەتییانە نەمانی تاقەت و توانای بەرگریی خەڵک لەبەرامبەر دۆخی نالەباریی ئابووریی وڵاتە کە خەڵکی بە تەواوی وەزاڵە هێناوە. بارودۆخی شپڕێوی ئابووریی وڵات، پەرەسەندنی بێکاریی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بەردەوامی و زۆربوونی گرانیی هەوسارپچڕاو، هەژاریی لەتاقەت بەدەر و نەمانی هیچ هیوایەک بە گۆڕانکاریی سیاسی و ئیداریی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بە قازانجی چاککردنی ئەو دۆخە بووە هەڵچوونی خەڵک و هاتنە سەر شەقامی جەماوەر. بە تایبەت کە خەڵک دەیاندی کە بەبەرچاوی ئەوان مەجلیس خەریکی تاوتوێی بودجەی ساڵی داهاتوویە، بودجەیەک کە ئەگەر سەروبنی بکەی چیی بە قازانجی خەڵک تێدا نیە و هەمووی لەپێناو بەرژەوەندیی هەستەی ئیستبداد و سەرەڕۆیی ڕێژیمدا داڕێژراوە. بودجەیەک کە بەشی ئاوەدانی و پڕۆژە ئابوورییەکانی وڵات کەم کراوەتەوە، بەشی پەروردە و فێرکردن لێی دراوە و بەشی دەرمان و ساخلەمەیی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کەمی داوە؛ بەڵام تا خوا حەز بکا بەشی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکان زیاد کراوە و بەشی شوێنە مەزهەبی و دامودەزگا بەناو ئایینی و پەروەردەییەکانی ڕێژیم چەند بەرامبەری هەموو بەشە بودجەی پێڕاگەیشتن بە خەڵک و کۆمەڵگە دیاری کراوە. سروشتییە کاتێک کێرد دەگاتە ئێسکان، خەڵک دێن و دەڕژێنە سەرشەقام هەتا بەرهەڵستی هەموو ئەو بێمافی و چەوساندنەوەیە ببنەوە. خاڵێکی دیکە لە هۆکارەکانی تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک تەمابڕاوی لە سیاسەت و بەرنامەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی بوو کە خەڵک دەرفەتێکی چوار ساڵەیان دایە و بە زۆر هۆکار جارێکی دیکەش هەڵیان بژاردەوە بۆ ئەوەی مەیدانی بەکردەوەکردنی دروشمەکانی بۆ بڕەخسێنن. بەڵام دەرکەوت کە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ڕوحانی لەسەر بنەمای بردنەوەی ئێران بۆ نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە «بەرجام» و ئازادبوونی بە میلیارد دۆلار لە دۆلارە دەسبەسەرداگیراوەکانی لێ کەوتەوە؛ خێر و بێرەکەی نەک بۆ کۆمەڵانی خەڵک بەڵکوو چووە گیرفانی سپای پاسداران و ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە. لە نێوخۆی وڵاتیشدا ئەوەی خەڵک بە ئێسک و پێستەوە هەستی پێ دەکا سیاسەتی ناکارامەی ئابووریی دەوڵەت بەهۆی گەندەڵیی ئابووری و ئیداری و، هەروەها لێنەهاتوویی دامودەزگا بەڕێوەبەری و حکومەتییەکان بۆ چارەسەری کێشە و ئارێشەکانی خەڵک و کۆمەڵگەن. بۆیە کۆبوونەوە و لەسەر یەک کەڵەکەبوونی ئەو هەمووە بێمافی و ناڕەزایەتییانە و نەک نەگۆڕبوون بەڵکوو خراپتر بوونی ئەو دۆخەش_ چ دەوڵەتی بەناو ڕێفۆرمخواز، ئێعتداڵگەرا یان ئوسولگەرا دەسەڵاتی لە دەست دابێ_ خەڵکی گەیاندۆتە ئەو قەناعەتە کە تاک چارەسەر تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی و ئەو مۆدێلە لە دەسەڵات و حاکمییەتە.   حیزبی دێموکراتی کوردستان و دۆخی ناڕەزایەتییەکان حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرهەڵدانەکاندا لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند. لەو بەیاننامەیەدا وێڕای باس لە هۆکارەکانی خوڵقانی ئەو دۆخە لە ئێران کە سەرهەڵدانی سەراسەری و جەماوەری لێ کەوتۆتەوە و وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دژی ڕێژیمی زۆردار، بێزراو و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی؛ سیاسەتی سەرکوت و توند و تیژی نواندنی حکومەت بەرامبەر خەڵک و خۆپێشاندەران بە توندی مەحکووم کراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاماژە بە مێژووی دوورودرێژ و پڕ دەسکەوت و شانازیی کورد لە بزووتنەوەی ئێعترازی لە دژی کۆماری ئیسلامی پێی وایە کە پاشەکشە و شکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو لە گرەوەی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان، پشتیوانی و بەشداریی هەر چی زیاتری چین و توێژەکانی خەڵک لە خۆپێشاندانانەکان و فراوانکردنی پانتایی و هاتنە مەیدانی  خەڵکی سەرجەم  شار و ناوچەکانی ئێران دایە. بۆیە پێداگریی لەسه‌ر یه‌کگرتن و پشتیوانیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌کانیان و به‌رده‌وامبوونیان له‌سه‌ر خۆپێشاندان و ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینەکان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەبەر ڕۆشنایی ئەو خوێندنەوەیەدا حیزبی دێموکرات خۆی بە ئەرکدار زانیوە لە پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا و پڕۆژەی کار و تێکۆشان بۆ سەرخستنی ئەو جووڵانەوەیە تێ بکۆشێ. حیزبی دێموکرات خوێندەوەی ئەوەیە کە کەمایسیی سەرەکیی ئەو ڕاپەڕینە نەبوونی ڕێبەڕییەکی تۆکمە و دیارە کە دروشم و داوای خەڵکی ڕاپەڕیو کانالیزە بکا و خەڵک لە شەقام و مەیدانی ململانێ لەگەڵ دەزگای سەرکوتدا بێڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌ربه‌رینه‌ له‌ نێوخۆدا بێ ئادره‌س و ڕێبه‌ری نامێنێتەوە، بۆیه‌ پێویسته‌ حیزبی دێموکرات له‌ ڕێگەی جۆراوجۆرەوە کار بکا بۆ پێوه‌ندیی زیندوو، ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن له‌ نێوخۆی ئێراندا.  له‌ ده‌ره‌وه‌ش جیا له‌وه‌ی خه‌ڵکی ناڕازیی زۆر له‌ حکومه‌تی ئێران په‌ریوه‌ی هه‌نده‌ران بوون، که‌م و زۆر ڕێکخراو و سازمانی سیاسیی جۆراوجۆر و به‌ ڕوانگه‌ی جۆراوجۆر هەن. لەم ڕووەوە حیزبی دێموکرات دەبێ زۆرتر له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن کار بکا بۆ لێکتێگه‌یشتنی زیاتر و دروستکردنی ئەدرەسێک کە بتوانێ مودیرییەتی گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا بکا و شوێندانەر بێ لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ئاراستەکردنی پێشهاتەکان. بە واتایەکی دی؛ بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دڵخواز و وڵامدەری بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان پێوستە حیزبی دێموکرات لە دوو بەرەی ئێرانی و کوردستانیدا هەوڵی لەدەوری یەک کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان بدا و لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لێک تێبگەن و ڕێک بکەون. لەم پێوەندییەدا ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک گرینگ و بەبایەخە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستانە کە دەبێ هەنگاوی بەپەلە و کارامەی بۆ هەڵبگرین و ئەزموونەکانی پێشوومان لە کاری هاوبەشی کورتماوە و مەوریدی بگوازینەوە بۆ پانتاییەکی بەرین لە کاری مەیدانیی بەردەوام کە وەڵامدەری ئەرکی خۆمان و چاوەڕوانیی گشتیی کۆمەڵانی خەڵک بێ. ئەمڕۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش چیدیکە ناتوانێ ڕێژیمەکەی پێش مانگی بەفرانبار بێ، ئەوەش ئەرکدارمان دەکا کار بکەین بۆ پێکهێنانی هاوکارییەکی جیددیتر لە نیوان هێز و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو کاریگەریی پێویستی ئەو هێزانە لە ڕەوتی جووڵانەوەکان لە داهاتوودا. هەروەها دەبێ وێڕای گریدانی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەراسەری، کار بۆ ڕاکێشانی هەرچی زیاتری پشتیوانیی بیروڕای گشتی و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان بکەین بۆ لای پرسی کورد و خەباتی ڕەوای گەلانی ئێران کە بە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایە و چووەتە قۆناغێکی نوێ و چارەنوسسازەوە.   * ئەم ڕاپۆرتە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە، 16ی بەفرانباری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بۆ هەڵسەنگاندنی خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان، لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکێش بە کۆبوونەوەکە کراوە. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)